چەند ڕۆژێکە کوردستانییبوون بوویتە شانازییەکی دیکە، بەتایبەتی لە دەرەوەی وڵاتدا. هەموو تاکێک لە دنیایە لەوانەیە ئارەزوو بکات کە کوردستانیی بێت لە ئێستادا. شانەدەر زۆر شانازییە بۆ هەموو تاکێکی دنیا بەتایبەتی لە ئەمریکا و کەنەدا دوای ئەو دیکۆمێنتارییەی لە نێتفلیکس بەناوی “نهێنییەکانی نیاندرتاڵەکان” (Secrets of the Neanderthals)، کە لە بۆکس ئۆفیسی ئەمەریکا و کەنەدا سێ ڕۆژە ژمارە یەکەمە و ژمارەی پێوانەیی شکاندووە. ژمارەی سەبسکرایبەکانی نێتفلێکس، واتە کڕیارەکانی لە جیهان، لە ٢٦٠ ملیۆن زیاترە. ژمارەی بینەرەکانی ئەم دۆکیۆمێنتەرییە تا ئێستا واتا دوای سێ ڕۆژ ٥٦٠ ملیۆن کەس بووە. لەوانە کەسێک بڵێت خۆی ٢٦٠ ملیۆن سەبسکرایبەری هەیە چۆن ٥٦٠ ملیۆن کەس سەیری کردووە؟ لەبەر دوو هۆکار، یەکەم، هەر ئەکاونتێکی “نێتفلێکس” تا چوار کەس دەتوانێت بەکاری بێنێت و هەر ئەکاونتێکیش چەندین کەس دەتوانێت بیبینێت. دووەم زۆر کەس چەند جارێک سەیری کردیتەوە. بەهەمان شێوە، لە کۆمپانیایIMDb، نزیکەی ١٢٣ ملیۆن کەس تا ئێستا سەیریان کردووە. بێجگە لە ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیا و تەلەفزیۆن و هەموو ئەو ڕاپۆرت و بابەتە نووسراوانەی لەسەر ئەم دۆکیومێنتەرییە ئەنجامدراون. ئەمانە هەمووی بەسەریەکەوە ژمارەیەکی خەیاڵین.
کەواتە شانەدەر و کوردستان، وەک دوو تێرم و شوێن و جوگرافیا، بۆ یەکەمجارە لە چەند ڕۆژێکدا چەندین جار بەرگوێی نیو ملیار کەس دەکەوێت. ئەوە گەورەترین هەڵمەت بوو بۆ کوردستان لە مێژووی خۆی تا ئێستا. ئەگەر کورد بۆ ناسینی خۆی بیکردایە بەدەیان ملیار دۆلار و توانای مرۆیی پێویست بوو.
ئێمە ئەوەش دەزانین کە دەیان ساڵە، لۆبی و تورکی و ئێرانی و عەرەبی و عێراقی و سووری، هەموو توانایەکی ماددی و مرۆییان خەرج کردووە کە ناوی “کوردستان” لە هەموو شوێنێک بلۆک بکرێت! یان کەمترین بینینی هەبێت لەسەر سۆشیاڵ میدیاکان. بە هەڵەدا نەچووین، ئەگەر بڵێین لۆبی تورکی و ئێرانی و عێراقی تا ئێستا نەیانهێشتووە هۆڵیوود هیچ فیلمێک لەسەر کورد و کوردستان دەربهێنن، بە دەگمەنیش ناوی کوردستانت بەرگوێ دەکەوێت لە فیلمەکانی هۆڵیوود. کەواتە ئەم دۆکیومێنتەرییە گەورەترین ناساندنی کوردستان بوو لە مێژووی نوێی ئێمەدا.
لە ئاکامی ئەم دۆکیومێنتەرییە، لە گووگڵ ماپ (Google Map) لەماوەی سێ ڕۆژی یەکەم لە نیشاندانی دۆکیومێنتارییەکە، ناوی شانەدەر و کوردستان و نیاندەرتاڵ ١١ ملیۆن جار گەڕانی بەدوادا بۆ کراوە. بەمەش خەڵک زیاتر ئاشنای جوگرافیای کوردستان و کلتور و شوناسی نەتەوەکەی دەبێت.
بۆچی شانەدەر شۆڕشێکە بۆ کوردستان لە جیهان دا؟
هیچ وڵات و نەتەوەیەک نییە لە ئێستادا ئارەزووی ئەوە نەکات کە ئەو دۆزێنەوەیە لەسەر خاک و نیشتیمانی ئەوان بوایە! ئەو دۆزینەوەیە ئەوەندە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی گرنگە بەڵام بۆ کوردستان بە چەندین شێوە گرنگیی خۆی هەیە.
یەکەم، ناوی کوردستانی باشتر و چاکتر بە جیهان ناساندەوە و مێژووە کۆنەکەی جارێکی دیکە خستەڕوو. ئەمە لۆبی کردنێکی بەخۆڕایی بوو بۆ کوردستان. لەمەودوا، لەوانەیە چەندان بەڵگەفیلم و دۆکیۆمێنتی دیکە لەسەر شانەدەر و نیاندرتاڵ و شوێنەوارەکانی دیکەی کوردستان دەربهێنن، نەک لەبەر چاوی ڕەشی کوردستانیان بەڵکو وەک سەرچاوەیەکی زۆر باشی پارە پەیداکردن بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان. دوور مەبینن لەمەودوا کوردستان ببێتە گۆڕەپانی کێبەرکێ بۆ کۆمپانیا گەورەکانی دنیا.
دووەم، شانەدەر یەکێکە لە کۆنترین ئەو شوێنانەی کە مرۆڤی نیاندرتاڵ تێیدا ژیاوە و پەیکەرەکانیان لەوێدا ماون. کەواتە شانەدەر لەمەودوا دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ پێشوازی لە گەشتیاران. ئەگەر کوردستانیان بتوانین سوودی لێ ببینین دەتوانرێت شان لە شانی گرنگی نەفت و کانزاکان بدات.
گرنگە لە ئێستادا چیبکەین؟
من گلەیی ناکەم لەوانەی تا ئێستا لە گەورەیی ئەو دۆزینەوە تێنەگەیشتوون. ئێمە دەبینین ڕۆژانە بە تانە و سوکایەتی دەستکاری وێنەکەی “شانەدەر زێد” دەکەن و بابەت بڵاو دەکەنەوە، یان دێن سووکایەتی بە دین دەکەن، هەندێک لە دیندارەکانیش ئارگیومێنتی دژ بە بێدینەکان دەردەبڕن، بەکورتی ئەم شانازییە دەکەن بە شەڕی کوردی-کوردی. بە هیوام ئەو بابەتە وەک سەروەتێکی نیشتیمانی سەیربکرێت نەک وەک دژەدین لێکدانەوەی بۆ بکرێت بەڵكو وەک ئاسەوارێکی کوردستانی بیبینین.
لەلایەکی دیکەوە دەمەوێت بڵێم ئەو دۆزینەوەیە ئەوەندە گرنگە بۆ کوردستان، تاکی کوردستانی لە تاکێکی لۆکاڵی و ناوخۆیی دەکاتە تاکێکی جیهانی. ئەو دۆزینەوەیە هیچی کەمتر نییە لە دۆزینەوەی نەفت و کانە زێڕەکان و سەرچاوە سروشتییەکان.
زۆر گرنگە هونەرمەندانی کوردستان بیر لە فیلم و دراما بکەنەوە لەسەر شانەدەر، تا ببێتە دەرفەتێک لەڕێگەی شانەدەر و نیاندرتاڵ کوردستان بە جیهان بناسێنن.
حکومەتی هەرێم دەتوانێت گوندێکی کوردستانی لە نزیک شانەدەر دروست و ئاوەدان بکاتەوە لەسەر شێوازی گوندە کۆنەکانی کوردستان بە دیزاینێکی سەردەمیانە، کە خەڵک ڕووی لێ بکەن و ببێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی ناوچەکە و دروستکردنی هەلی کار بۆ سەدان کەس.
بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا دەسەڵاتە گشتیەکان و یەکە ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی لە گەورەیی ئەو دۆزینەوە تێدەگەن؟ بێگومان نەخێر هەر نازانن چییە؟ ئەگەر شانەدەر لە هەر وڵاتێکی تر بوایە ئێستا چیان دەکرد؟
یەکەم، کۆنفرانسێکی نیشتیمانیان بۆ پسپۆران و ئەکادیمیان و هونەرمەندان گرێدەدا و بیریان لەوە دەکردەوە لە کوێ سوود لە شانەدەر وەربگرن لایەنە باشەکانی چین؟
دووەم، ڕێکخراوێک دروست دەکرا تایبەت بە شانەدەر بۆ کۆکردنەوەی هەموو کار و توێژینەوەیەک لەسەر شانەدەر و مرۆڤی نیاندرتاڵ وەک بانکێکی زانیاری.
سێیەم، هۆڵ و سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆکانیان بەناوی شانەدەر و نیاندرتاڵ دەکران.
چوارەم، ژوورە بازرگانییەکان و کۆمپانیاکانی گەشتیاری بیریان لە وەبەرهێنان دەکردەوە و هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی دەدرا و نەخشە و پلان دادەڕێژران بۆ سوود وەرگرتن بۆ کۆمپانیاکان و بۆ نیشتیمان.
پێنجەم، میدیاکانیان یەک هەفتە هەڵمەتێکی چڕییان بۆ وەگەڕدەخست تا ئەو هەواڵە بگاتە هەموو جیهان بەشێوازی جیاجیا.
شەشەم، پرۆگرامێکی تایبەت لە قوتابخانەکان دروست دەکرا بۆ قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان لە وڵاتەکەیان.
هەفتەم، بەشی سینەما و دۆکیۆمێنتارییەکان، هەر زوو بەخۆ دەکەوتن، چەندان کورتەفیلم و زنجیرە و دۆکیۆمێنتی دیکەی جیاوازییان دروست دەکرد لەسەر شانەدەر.
تێبینی، دۆکیومێنتەرییەکە بە هاوکاری بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری کوردستان ئەنجامدراوە. لە کۆتایی دۆکیۆمێنتەکە نێتفلێکس سوپاسی بەڕێوەبەری گشتی “کەیفی مستەفا عەلی” و ستافەکەی دەکات. ئەوەش ئەزموون و هەوڵێکی ناوەخۆی گرنکە بۆ کنەوپشکنینی ئاسەوارەکانی کوردستان.