سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

“شانەدەر زێد” و نیشتیمانسازیی کوردستانیی

زۆر بەسەر بڵاوبوونەوەی فیلمە بەڵگەنامەییەکەی “نێتفلێکس”دا نەچووە، هەموومان ئاگادارین چەندە باسەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردیی تەنیوە. زۆری لەسەر نووسرا و زۆریش گفتوگۆی بەرهەمهێنا. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بڕی ئەو زانیارییانەی بڵاوکرانەوە زۆرن و کەم یان زۆر سوودیان بۆ کۆمەڵگەی ئێمەی کوردستانی زۆرە. لە هەموویان گرنگتر ئاشناکردن و ناساندنی شانەدەرە بە خۆمانی کوردستانی، پێش ئەوانی دیکە. نەک لەبەرئەوەی باپیرانمان لەوێ ژیاون، بەڵکو لەبەرئەوەی شوێنەوارەکە لە کوردستانە. لێرەدا نە مێژووی شانەدەر و نە دۆزینەوەکانی “ڕالف سۆلیکی” باس ناکەین، بەڵکو هەوڵ دەدەین بایەخی شانەدەر لە کۆی ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی زانستی شوێنەوارناسیی و مرۆڤناسیی، دەربخەین. بایەخی ئەوانیش لە کۆی پرۆسەی نیشتیمانسازیی-کوردستانیی دا بخەینەڕوو. زیاتر تیشک دەخەینە سەر ئەو شوێنەوارانەی نیاندرتاڵ و مرۆڤی نوێی تێدا بووە و هەوڵ دەدەین بایەخیان بۆ کورد و کوردستان نیشان بدەین.

باسەکە، نە لە دوور و نە لە نزیک پێوەندی بە نەتەوایەتیی و کوردبوون و هەست و سۆزی کوردایەتییەوە نییە. بابەتێکی شۆڕشگێڕانە و سەلماندنی کوردبوونمان نییە. پێویستیشمان بەوە نییە خۆمان بە خاوەنی بزانین. ئەگەرچی سنوورەکانی سەپێندراو لە ئاوازێکی دیکەش بخوێنێت، ترشیی بێت یان تاڵیی، خاوەنی زەویەکە ئێمەی کوردستانین و خاوەنێکی دیکەی نییە. ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی ناو تورکیا و ئێران نییە و خوتبەی هەینی مەلاکانیشیان نییە بە ئارەزووی خۆیان ڕاست و چەپ درۆ بهۆننەوە و خەڵکی خۆیانی پێ جۆش دەن. بابەتێکی تەواو زانستییە و هەر لە ڕوانگەی زانستەوە دەتوانین باسی بکەین و شرۆڤەی گونجاوی بۆ بکەین و بەرئەنجامی ڕاستی لێوە هەڵهێنجین. لە لایەکی دیکەوە، ئەو ڕەوتانەی دەیانەوێت شانەدەر و دۆزراوەکانی بە سەرەتای ژیان و شارستانییەت لەگەڵ ئایین و پەیامهێن ئیبراهیم ببەستنەوە و لە ڕوانگەی لەنگەرگرتنی کەشتییەکەی نوح، لە دۆزراوەکانی شانەدەر بڕوانن، جێی باس و شرۆڤەی زانستیی نین. ئەوانیش دەچنە پاڵ هەستی سۆزداریی و لایەنگیریی بیری ئایینی. هەردوو ڕەوتەکە، دۆزینەوە و پێناسەکردنی کوردبوونە. ئێمە لێرەدا خۆمانی لێ دەپارێزین.

بە زمانێکی بێ خەوشی زانستییانە بدوێین، ئەوا بۆ زانست ئاشکرابووە کە لانکەی مرۆڤەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە، (هۆمۆ سایپیان [مرۆڤی ژیر، دایکان و باوکانی ئێمە]، هۆمۆ نیاندرتاڵ، هۆمۆ دینۆسۆڤان، هۆمۆ نالیدی، هۆمۆ ئیرەکتەس، هۆمۆ لۆنگی، هۆمۆ ڕەملە، هۆمۆ هایدڵبێرێنسس، هۆمۆ هابیلیس، هۆمۆ ڕۆدیسینیسیسیش، هۆمۆ لوزۆنێسیس و هۆمۆ فلۆرۆسێنسیس)، هەر هەموویان لە ئەفریقاوە سەرچاوەیان گرتووە. هەموو ئەوانە ئەو جۆرە بوونەوەرانەن پشت قیت بوون و لەسەر دوو قاچ ڕۆیشتوون و لە زانستدا ناویان بە ئۆسترالۆپیثیسینز(australopithecines) دەبرێت. ئەوان داپیرە و باپیرە هەرە گەورەی دووری مرۆڤن. لە خێزانی شیردەرەکانن و لەسەر لق و پۆپەکانی دار و دارستان هاتنە خوارێ (بێگومان بە چەند سەد هەزار ساڵێک ئەو کردارە ئەنجامی هەبووە)، لەشیان قیت بوو و دەیانتوانی لە دەشتاییەکان بەشی سەرەوەی لەش بەرزبکەنەوە. بەو جۆرە  لە دڕەندەکانی دەورووبەر ئاگاداربوون و بووە هۆکاری باشتر خۆپاراستن و خۆشاردنەوە لە دڕندەکان.

گەڕاندنەوەی ڕەچەڵەکی مرۆڤی نوێ بۆ ئەفریقا لە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو دەرکەوت، چونکە بڕێکی زۆر لە پاشماوەکانی شوێنەواری مرۆڤی دێرین لەوێ دۆزرابوونەوە. بیردۆزی هاتنەدەرەوە لە ئەفریقا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تەوژمی ستاند و بەرەبەرە لە ناوندە زانستییەکاندا باس دەکرا. لە سەرەتاکانی نەوەدەکاندا، تەواو ئامادەبوو و بۆ خەڵکی ئاسایی لە میدیای بینراو و نووسراو دەرکەوت. ئەو تەوژمە بە بڵاوکردنەوەی شییکارییەکانی دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا (mtDNA) بوو لە ١٩٨٧ لە لایەن کان و ستۆنکینگ و ویڵسۆن بڵاوکرایەوە. مایتۆکۆندریا بەشێکی پێکهاتەی خانەکانی لەشە و لە کرداری وەچە خستنەوەدا تەنیا لە دایکەوە بۆ وەچە دەگوازرێتەوە، واتا کەس نییە لە جیهاندا mtDNA دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریای باوکی پێبگات، ئەوەیان تەنیا لە دایکەوە بۆ نەوە دێت.

نزیکەی ٦٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤ بوو بە دوو بەش. بەشێکیان لە ئەفریقا مانەوە و دوایی بوونە هۆمۆسایپیان، ئێمە. بەشەکەی دیکە بەرەو ئاسیا ئینجا ئەوروپا کۆچیان کرد. ئەوانیش بوونە نیاندرتاڵ. نیاندرتاڵ باپیرەی ئێمە، هۆمۆسایپیان، نین، بەڵکو هەردوو لقمان هەر مرۆڤن بەڵام وەکوو دوو هێڵی تەریب لەگەڵ یەک، گەشە و پێشکەوتنیان لە خۆیاندا دەکرد. ئێمە بە تەماشاکردنی نیاندرتاڵ وەک بڵێی چاومان ئەبڵەق و دەممان بەش دەبێتەوە، چونکە بەشێکی چێرۆکی خۆمانمان بۆ دەگێڕنەوە. ئێمە کێ بووین و بووین بە کێ! هەردوو زانستی زیندەوەرزانیی (بایۆلۆجی) و پاشماوەزانیی (پالیۆنتۆلۆجی) تابلۆیەکی ڕەش وێنا دەکەن. نیاندرتاڵ هەرگیز ئاشتییانە نەژیاوە، بەڵکو جەنگاوەری بەهێز و شارەزا بوون. سامناک و پڕ مەترسیی بوون. جگە لە ئێمەی هۆمۆسایپیان، هیچ بوونەوەرێکی دیکە شانی لە شانیان نەداوە.

ئەگەر بە دوای تەمەنی نیاندرتاڵدا بگەڕێین، دەبینین کۆنترین نموونەی دی ئێن ئەی مایتۆکۆندریا (mtDNA) لە پەیکەرێکی ئێسقانی نیاندرتاڵ لە ئیسپانیا دەرهێندراوە و تەمەنی بۆ ٤٣٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. مەزەندە وایە بەر لە ٢٧٠ هەزار ساڵ، هەر نەبێ یەک ئافرەتی کۆچێکی مرۆڤی نوێ لە ناوچەی ئۆرۆئاسیادا (ئەندامانی ئەو کۆچە نەوەیان نەماوە و بە تەواوی قڕ بوون) لەگەڵ مرۆڤێکی نیاندرتاڵ دا جووت بووبێت و نەوەی لێوە بەرهەم هاتبێت، دوای ئەوە هەموو نەوەکانیان هەر کرۆمۆسۆمی هەمان دایکی مرۆڤی نوێیان بۆ منداڵانیان گواستەوە.

نیاندرتاڵ تەواو وەک ئێمە وابووە. تا ڕێژەی ٩٩.٧٪ لەگەڵ دی ئێن ئەی (DNA) نیاندرتاڵ لەیەک دەچین. کۆئەندامی ئێسقان و کەللـە سەریشمان وەک یەکە. ئەوانیش وەکو ئێمە ئاگریان بەکارهێناوە، مردووەکانیان ناشتووە، ملوانکەیان لە ددانی ئاژەڵەکان دروست کردووە، کاری هونەرییان بەجێهێشتووە و بەردیان تاشیوە. ڕمیان بۆ ڕاوی ئاسک، گا، مامووس، کەرکەدەن و زۆری دیکە بەکارهێناوە. ناتوانین ئەو ئەگەرە لە بەرچاو نەگرین، کە ئەو ڕمانەیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، خێزانیان و خاکەکەیان بەکارنەهێنابێت. شوێنەوارەکان دەیسەلمێنن ئەو جۆرە پێکدادانانە هەبوون.

زۆر مرۆڤی کۆنی هۆمۆ سایپیان بە لێدانی مەترەق (تێڵا) لەسەریان مردوون، بە هەمان شێوە زۆر نیاندرتاڵیش هەر وا مردوون. هەرنەبێ یەکێک لەو مرۆڤە نیاندرتاڵانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە، لە ٥٧ هەزار ساڵ کۆنە، بە مەترەق لەسەری دراوە و مردووە. هەشیانە دەست و مەچەکیان بە لێدانی ڕم، شکاوە. ئەو نیشانانەی مردن و شکانی ئێسک، لە هەردوو مرۆڤی نیاندرتاڵ و هۆمۆ سایپیان هەن. کەللـەسەری نیاندرتاڵ لە سەینت سیزار لە فەرەنسا بەر لە ٣٦ هەزار ساڵ لەسەری دراوە. کەللـەی سەری کردووە بە دوو بەش. ئەوانە نیشانەی نا تەبایین لەگەڵ کۆمەڵی بچووکی دیکەی نیاندرتاڵ لەو ناوەدا ژیاون و پێکەوە ناتەبا بوون.

بگەڕێینەوە باسە سەرەکییەکەمان و بۆ ئەوەی لە “شانەدەر زێد” (Z) و کۆمەڵگەکەی تێبگەین دەبێت بەشێکی هەرە زۆری ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە وەلا نێین. زۆر کەمیان زانستییانە و بابەتییانە لەو دۆزینەوەیان ڕوانیوە. کێشە ئەوەیە مامۆستای زانکۆ لە کەناڵێکی تەلەفزیۆن بدوێت لەوەدەچێت لە بەشی شوێنەواریش بێت، “شانەدەرزێد” بە داپیرەی کوردی هەرێمی کوردستان دابنێت. ئێمە نیاندرتاڵ نین و نابێت خۆمان بە نەوەی شانەدەرییەکانی پێش ٧٥ هەزار ساڵ دابنێین. وەکوو لەسەرەوە زانستییانە نیشانماندا، نیاندرتاڵ لەگەڵ هۆمۆ سایپیان دوو جۆر مرۆڤی جیاوازن. ئێمە تەنیا ٣٪ جینەکانی نیاندرتاڵمان هەیە بەڵام نەوەی ئەوان نین. نەخوێندنەوە بۆ دکتۆرێکی زانکۆ ئەوپەڕی کۆڵەوارییە.

ئەو ڕووخسارەی “داپیرە زێد” وەک چۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی هاتووە، لەسەر بنەمای ڕاست و دروستی جینەکان و شیکاری دی ئێن ئەی نەکراوە. دوو برا لە هۆڵەندا کاریان ئەوەیە ڕووخسارەکان دروستبکەنەوە، ڕووخساری ئەویشیان دروست کردووەتەوە کە پشت ئەستوور بووە بە ئاکاری ئێسقانەکانی دەم و چاو و کەللـەسەرەکەی و بە نیشاندانی کەمێک خەمۆکی لەسەر ئاکاری ئەو نیاندرتاڵە ئەو شێوەیەیان دروست کردەوە. ئەگەرچی کارێکی قورس و سەنگینە، بەڵام بە هیچ پێوەرێک نابێت ئەوە ١٠٠٪ شێوەی ئەو پەیکەرە دۆزراوە بێت.

هەرچی جۆشدان و بەرزکردنەوەی دروشمە نەتەوەییەکانە لە لایەکی دیکە هیچ لە ئەنجام و کاریگەریی ئەو دۆزینەوانەی شانەدەر زۆر و کەم ناکات چونکە ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر هیچ نەتەوەیەک نەبووە. هەر پێناسەی نەتەوە و میللەت بوونی نەبووە. بۆیە ئەو شانەدەرییە و ئەوانەی لەگەڵیدا ژیاون نە کورد بوون و نە هیچ نەتەوەیەکی دیکە. ئێمە و ئەوان تۆپەڵ تۆپەڵ لێرە و لەوێ لە حەشارگە و ئەشکەوتەکاندا خۆمان دەشاردەوە. بە کۆمەڵ بۆ ڕاو دەچووین و خواردنمان دابین دەکرد. جارێ هیچ ئاماژەیەکی شارستانیبوونی هیچ مرۆڤێک و کۆمەڵێک دەرنەکەوتبوو. نە نیاندرتاڵ خاوەنی شارستانییەتە و نە کوردستان لانکەی ئەو جۆرە شارستانییەتەیە. ئەوانە سۆزی نەتەوایەتیی و گەڕان بەدوای شوناس و خۆ سەلماندنە، پێم وانییە نەتەوەی کورد پێویستی بەوەیە بە دۆزینەوەیەکی نیاندرتاڵ و ناوهێنانی کوردستان لە نێتفلێکس، ببێتە خاوەنی خۆی یان شوێنەوارەکانی.

لە سەدەی ڕابردوودا تێڕوانینی زانست و مرۆڤناسیی بۆ نیاندرتاڵ زۆر سەرەتایی بوو، جارێ ئاماژەکانی کۆمەڵگە بچووکەکانی نیاندرتاڵ و ژیانی کۆمەڵایەتیی دەرنەکەوتبوون، بۆیە مرۆڤ وەکوو هەموو کاتێکی دیکەی، لووت بەرزانە لە هەموو بوونەوەرەکانی دیکەی دەڕوانی. بەو شێوەیە وێنەیەکی ناشیرینی دڕندەی هیچ نەزانی بۆ نیاندرتاڵ وێنا کردبوو. هەیە ئێستا هەر هەمان قەوان دەڵێتەوە، ئەوە دروست نییە. نیاندرتاڵ شمشاڵێکی لە ئێسقان دروستکراوی ٦٠ هەزار ساڵ کۆنی بۆ بەجێهێشتووین. کۆنترین ئامێری میوزیکە لە جیهاندا و گەنجینەیەکی گرنگی جیهانە. ئەو ئامێرە نەک تەنیا لە ئەوروپا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا بێ وێنەیە. شوێنەوارناسان شمشاڵەکەیان لە ئەشکەوتی دیڤجی بیب لە نزیک سێرکنۆی سلۆڤینیا دۆزییەوە و بە دڵنیاییەوە، مرۆڤی نیاندرتاڵ ئەو ئامێرەی لە ئێسقانی ڕانی چەپی بەچکە ورچێکی ئەشکەوتنشین، دروستکردووە. درێژییەکەی ١١.٤ سانتیمەتر و چوار کونی تێدایە،. کونەکان بە مەبەستی دروستکردنی دەنگی تایبەت، لێدراون. هەر بە ئێسقانی بچووک و تیژ کراون، دواتر گەورە کراون.

دوای تەواوکردنی پڕۆژەی نەخشەی جینەکانی نیاندرتاڵ و بڵاوکردنەوەی لە ٢٠١٠ دا، دەرکەوت نزیکەی ٣٪ ی جینەکانی ئەوان لە ئێمەدا هەیە. بە دیاریکراوی دیار نییە کەی ئەو جینانە بۆ ئێمە هاتوون، دەکرێت هەندێکیان زۆر کۆن بن و بگەڕێنەوە ئەو کاتەی باوانی هەردووکمان جارێ لە ئەفریقا بووبن. هەر هەمان نەخشەی جینەکان نیشانیدا نیاندرتاڵەکان هەموویان وەکو یەک نەبوون، بۆیە بۆ سێ بەش پۆلێن کران. ئەوانەی لە بەشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ژیاون، ئەوانەی لە باشووری ئەوروپا ژیاون لە بوڵگاریا و کرواتیا تا سنووری ئیسپانیای ئێستا، لەگەڵ ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست ژیاون. هەروەک لە فیلمەکەی نێتفلێکس دا هاتووە ئەوانەی لە باشووری ئەوروپا بوون گۆشتی هاوەڵی خۆیان خواردووە، هیچ بەڵگەیەکی لەو جۆرە لە شانەدەر دەست نەکەوتووە.

ئەوانەی لە کرواتیا ژیاون گۆشتی نیاندرتاڵی دیکەیان خواردووە و ئەوە وەکوو هێما بۆ دڕندەیی نیاندرتاڵ نیشان دەدرێت. بە بۆچوونی من مەرج نییە ئەو کارەیان لە دڕندەییەوە بووبێت. لە جەنگی جیهانی دووەمدا و لە کاتی دەورەدانی نازییەکان بۆ شاری لینینگرادی ئەوکاتە (سان پیتەرسبێرگ)، دوای ئەوەی سوپای سوور شەڕی بەردەوام پێدا و ٨٧٢ ڕۆژی خایاند، زۆر کەس گۆشتی مرۆڤی لە برسان مردووی هاووڵاتی خۆی خواردبوو، ئەوانەی گیران لەسەر ئەوە زیندانیی کران. لە ڕووداوێکی دیکەی مێژووی هاوچەرخدا لە ١٩٧٢، لە بەربوونەوەی فڕۆکەی تیمی ڕەکبی ئۆرۆگوای لەسەر بەرزاییەکانی ئەندیزی نێوان ئەرجەنتین و چیلی، گەشتیاران بۆ ٧٢ ڕۆژ لە بەرزترین زنجیرە چیاکانی ئەمەریکای باشووردا، لە ناو بەفر و بەستەڵەکدا گیریان خوارد، لە کۆی ٤٨ کەس تەنیا ١٤ کەس ڕزگاریان بوو، ئەوانیش گۆشتی هاوەڵە مردووەکانیان خوارد. ئەگەر هەمان ئەگەری نەبوونی خوارن بۆ نیاندرتاڵی ١٠٠ هەزار ساڵ کۆن دابنێین، ڕێی تێدەچێت گۆشتی هاوەڵەکەی بخوات.

جینی FOXP2 لە مرۆڤی نیاندرتاڵی ئیسپانیا، دۆزراوەتەوە. هەمان جین لە ئێمەی مرۆڤی نوێدا هەیە و کاری فێربوونی زمان و گونجاندنی قورگ و جووڵەی ماسوولکەکانی قسەکردن ڕێک دەخات. کارێکی دیکەی ئەو جینە ئەوەیە کۆنترۆڵی کارکردنی چەندین جینی دیکە دەکات. هەر ئەو جینە کاری درککردنیش دەکات. هەمان جین لە “چامپانزی”شدا هەیە، بەڵام ئەو کارانە ناکات. لە نیاندرتاڵ دا، بە پێی ئەو ئێسقانانەی گوێچکەی ناوەڕاست و قورگ دۆزراونەتەوە و بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی ئێمە، گریمانەی ئەوە لە ئارادایە توانای دەربڕین و شیوازێک لە قسەکردنی هەبووبێت. ئەو ئەگەرە بە ئاڵۆزی سیستەمی کۆمەڵایەتیی، هێڵێ بەرەو پێشچوون و پێشکەوتنی نیاندرتاڵ وەکو جۆرێکی مرۆڤی سەر دوو قاچ و پێکهاتەی مێشکییەوە، بەندە.

لە شانەدەر دۆزینەوەی پەیکەرە ئێسقانی شانەدەر ١ زۆر پرسیاری ورووژاند. لە کاتی مردنیدا هەردوو پەلی ڕاستی شانەدەر١ کاریان نەکردووە و لایەکی سەریشی برینێکی گەورەی هەبووە. لەوانەیە چاوێکیشی نەیدیوە، کەچی بۆ ماوەیەکی زۆر دوای ئەو برینانەی ژیاوە، کەواتە ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ئاگایان لێی بووە و یارمەتییان داوە ، ئەوە بەڵگەی یەکلاکەرەوەیە نیشانمان دەدات نیاندرتاڵ هەست و سۆزی خێزان و کۆمەڵگەی هەبووە و دڕندە و هیچ نەزان نەبووە. بەڵکو دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی نیاندرتاڵ تا ڕاددەیەک ئاڵۆز و تۆڕبەند بووە. هەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وەکو ئەوەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەگوترێت نیاندرتاڵ ئاگری نەناسیوە و بەر لە ٧٠ هەزار ساڵ ئاگری دۆزیوەتەوە. ئەو زانیارییە هەرگیز ڕاست نییە. باپیرە هەرە گەورەی نیاندرتاڵ لە ئەفریقا بەر لە نزیکەی ٢ ملیۆن ساڵ ئاگری ناسیوە و بۆ ژیانی ڕۆژانەی بەکاری هێناوە.

شانەدەرییەکانی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ بەردەوام هەڕەشەی مردنیان لەسەر بووە. هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و گەورە و بچووکیان لە منداڵەوە تا تەمەن ٥٠ ساڵەکانیان، کەللـەی سەریان جێگەی لێدان/پێدادان/پێکەوتنیان پێوەیە. دەکرێت ئەو جۆرە برینانە لە ئەنجامی چالاکیی ژیانی ڕۆژانەیانەوە بووبێت و گەڕان بە بەردەڵانی چیاکانی زاگرۆس دا بەشێک لەو برینانەی دروست کردبێت. هەمان جۆر نیشانە لەسەر پارچەی دیکەی ئێسقانەکانیان هەیە. لەبەرئەوەی لە دوای چاخی بەستەڵەک سەردەمێکی وشک بەسەر ناوچەکەدا دێ و دۆڵی برادۆست ژینگەیەکی لەباری ڕووەک و ئاژەڵ بووە، ئەوانیش هۆی هاتنی مرۆڤن بۆ ئەو شوێنە، دەکرێت پێکدادان لەگەڵ مرۆڤی دیکە بۆ دەستکەوتنی خواردن و سەرچاوەی دیکەی ژیان بووبێت. هەڵمەت و هێرش، بۆ بردنی خواردن یان تەنانەت فڕاندنی ئافرەتیش ئەگەری بەهێزن بۆ ڕوودانی ئەو جۆرە برینداریی و لێدانانە.

شوێنەواری دیکەی نیاندرتاڵ لە جیهاندا وێنەی سەر دیوار، هەڵکۆڵینی بەرد، دار بۆ سەرە ڕم، بابەتی جوانکاریی لە نینۆکی داڵ و باز داتاشراو لەگەڵ بابەتی دیکەی جوانکاریی لە قۆچی ئاژەڵان دروستکراون، دۆزراونەتەوە. نیاندرتاڵ قاوغی ئاژەڵی ناو دەریای لە کەنارەکان هێناوەتەوە ئەشکەوتەکانی، ئێسقانی ئاژەڵی گەورەی لە دەوری ئاگردانەکانیدا داناوە، ئامرازەکانی ئاگر کردنەوەی هەبووە، قیڕی تێکەڵ بە شتی دیکە کردووە و وەکوو کەتیرە بەکاری هێناوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەشی ئەوەندە ئێسک سووک بووە لەگەڵ باپیرە و داپیرەی مرۆڤی ئێستا وەچەی ناوەتەوە. ئەوانە دەیسەلمێنن نیاندرتاڵ ئاستی هونەریی و دروستکردنی ئامرازی بەرد بۆ ژیانی ڕۆژانەی، بۆ خۆی تەواو پێشکەوتوو و سەرکەوتوو بووە.

هەرچی دۆزینەوەی تۆوی گوڵەکانە لەگەڵ مردووە نێژراوەکەی شانەدەر٤، دوای توێژینەوەیەکی دیکەی لە ٢٠١٧ دا هەر لە شانەدەر، ئەنجامێکی تا ئاستێکی بەرز باوەڕپێکراو کەوتەدەست، دەیگوت مێشەنگوین بە درێژایی هەزاران ساڵ لە ناو ئەشکەوتی شانەدەردا ژیاوە و ئەو سەرچاوەی ئەو تۆوانەی گوڵەکانی ناوچەی شانەدەرە. لەبەرئەوەی بڕێکی زۆر لە مێشەنگوین لە ناو گڵە پەستراوەکەی شانەدەردا دۆزرانەوە، ئەو بۆچوونە هاتە ئاستی یەکلاکردنەوەی ئەوەی بڵێت بەڵێ نیاندرتاڵ دەسکەگوڵی لەگەڵ مردووەکانی دانەناوە. لیرۆی گۆرهانی، تیمی فەرەنسا، ئاماژە بۆ تۆوی گوڵی پێنەگەیشتوو دەکات، مێشەنگوین ئەو جۆرە کۆناکاتەوە. بۆیە نەتواندرا دانانی دەسکەگوڵ لەگەڵ مردوو ڕەت بکرێتەوە. بەڵام بە هەمان شێوە، جارێ هەر نەسەلمێندراوە وەکو سۆز بۆ مردوو داندراوە.

بایەخی داپیرە زێد و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون تەنیا لەوەدا نییە لەسەر خاکی کوردستان بوون، بەڵکو ڕێگەکانی بڵاوبوونەوەی مرۆڤمان لە ئەفریقاوە بەرەو ئاسیا و دواییش ئەوروپا نیشان دەدات. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کوێی دیکە لە کوردستان نیاندرتاڵی تێدا ژیاوە و جارێ نەدۆزراوەتەوە. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چەندان توێژینەوەی زانستیمان کردە کوردی و بڵاومان کردنەوە. هەرنەبێت لە کوردستان لە شوێنەوارەکانی ئەشکەوتی دوو دەری لە ڕۆژئاوا، ئەشکەوتی کاڵدار، بنەبەردی باوەیاوان، ئەشکەوتی بەستوون و ئەشکەوتی وێزمە لە ڕۆژهەڵات، هەن نیاندرتاڵیان تێدا ژیاوە. لە سەرسیان، ئەشکەوتێک لە چیای ماکۆکدا هەیە، تیمی شوێنەوارناسانی فەرەنسا لە ٢٠١١ بەدواوە تا شەش چینی گڵیان هەڵکۆڵی. کۆی دۆزراوەکان ١٧٨ ئامرازی بەردە، لەوانە ٧٧ لە چینی شەشەمدا بوون. ئامرازە بەردەکان بۆ مرۆڤی نیاندرتاڵ دەگەڕێنەوە. بەڵام تا ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەیان لە ٢٠١٩ تەواو تەمەنی ئەو ئامرازانە دەرنەکەوتبوون. هەڵکۆڵینیشیان لەوێ ڕادەوەستێ. گومان لەوەدا نییە، ئەو ئەشکەوتە کاری زیاتری دەوێت.

ئەی پێتان چۆنە هەر لەسەر شانەدەر ڕاستییەکی دیکە بدرکێنین هیچ کەس لەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیاننووسی باسیان نەکردووە؟ دۆزراوەکانی شانەدەر زۆر لە “شانەدەر زێد” دەوڵەمەندتر و پڕ بایەخترن. ئەوەی تا ئێستا سەبارەت بە شانەدەر و مرۆڤی دێرینی ئەوێ دیتوومە و خوێندوومەتەوە لە پایەیەکی سەرسووڕمانەوە دەمباتە پایەیەکی لەویش بەرزتر. لەو نێژراوانەی ناو ئەشکەوتی شانەدەر دوو پەیکەری ئێسقان دۆزرانەوە ناویان لێنراوە شانەدەر ١ و شانەدەر ٥، تەمەنیان بۆ ٤٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هەردوو کەللـەسەری ئەو دوو پەیکەرە ئاسایی نین، بۆ مەبەستی جوانکاریی کەللـەی سەریان لە تەپڵی سەرەوە، درێژکراوە. هەرچەندە دەستکاریی لەوجۆرەی کەللـەسەر پێشتر لە زۆر شوێنی جیهان دۆزراوەتەوە، بەڵام نەدەزاندرا تەنانەت نیاندرتاڵیش ئەو کارەی کردووە. ئێریک ترینکاوس لە بڵاوکراوەی زانکۆی شیکاگۆ دا لە ١٩٨١ باسی ئەو دیاردەیەی هەردوو پەیکەرە ئێسقانەکە دەکات. بەڵام لە زاگرۆس دا تەنیا لە شانەدەر ئەوە نەکراوە، دۆزراوەکانی گەنج دارە کە ئەویشیان شوێنەوارێکی بەر لە دەرکەوتنی شۆڕشی کشتوکاڵە لە دیوی ڕۆژهەڵات، هەمان درێژکردنەوەی کەللـەسەری تێدا سەرنج دراوە.

دۆزراوەکانی شانەدەر نیشانی دەدەن کلتور و ژیانی شانەدەرییەکان لەو سەردەمە کلتورییەی لە شوێنەوارناسییدا ناوی زارزیانە، تەواو جیایە. داهێنان لە کارەکانی دروستکردنی ئامرازەکانی لە دار، ئێسقان، شاخی ئاسک و عاج دروستکراون، هەیە. ئەو بابەتانە پێشتر تەنیا لە بەرد دروستکراون. نێژراوەکانی شانەدەر لە ئاڵۆزترین ڕێوڕەسمی ناشتنەکانی ئەو سەردەمەن. هەریەک لەوانە هەنگاوێکی دیاری گۆڕانی کۆمەڵگە و بیروباوەڕی شانەدەرییەکان لە چاخی بەردین و کلتوری زارزیان بەرەو سەرەتای دەرکەوتنی سەردەمی کشتوکاڵ لە زاگرۆس، نیشان دەدات. ئەوانەن بایەخی ڕاستەقینەی دۆزینەوەکانی شانەدەر، نەوەک تاکە پەیکەرێکی دەرهێندراوی نیاندرتاڵ و دروستکردنەوەی ئاکاری دەموچاوی. هەنگاو بەرەو شارستانییەت ئەوانەن و تۆمارکردنی ئەو گۆڕانە سەرنجڕاکێشانە لەسەر زەوی کوردستان بووە.

توێژینەوەکانی بیست ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا دێن ئەنجامی ئەوانەی پێش خۆیان دەوڵەمەندتر و جێگیرتر دەکەن. لەو بابەتەدا زانستی مرۆڤناسیی و شوێنەوارناسی ناوچەی کوردستان بە ڕێڕەوێکی کۆنی پەڕینەوەی مرۆڤی نوێ لە ئەفریقاوە هاتوو بۆ ئاسیای ناوەڕاست و لەوێوە بۆ ئەوروپا، دادەنێن. تەنانەت ڕێڕەوی کۆچی ئاژەڵانیشە. بە درێژایی زاگرۆس، کەم ناوچەی تەختایی هەیە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە ببەستێتەوە. بۆ هەردوو مرۆڤ و ئاژەڵیش ئەو ناوچەیە شوێنی پەڕینەوەیان بووە. لەبەر هەبوونی سەرچاوەی زۆری ئاو و دار و دارستان و ئەوشکەوتی زۆر، ناوچەیەکی لەباری ژیانی مرۆڤی دێرین بووە. لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە بایەخی ئەو ناوچەیە بۆ شوێنەوار و پاشماوەی مرۆڤی کۆن، زیادی کردووە. لەبەر هەمان هۆ، نیاندرتاڵیش بێرەدا تێپەڕیوە و ئێرە شوێنگە و شوێنی حەوانەوەی خۆی دۆزیوەتەوە.

کەواتە پرسی شانەدەر و بەستنەوەی چیرۆکی ژیانی ٧٥ هەزار ساڵەی مرۆڤی نیاندرتاڵ و دواتریش مرۆڤی نوێ (هۆمۆ سایپیان) لە دۆزینەوەی پەیکەرە ئێسقانی “شانەدەر زێد” و دووبارە دروستکردنەوەی ئاکاری، لەچاو کۆی بایەخی هەموو شوێنەوارەکە و ئەو هەموو کلتورە دەوڵەمەندەی لەوێ هەبووە، کارێکی نابەرپرسانە و ناشارەزاییانەیە. ئێمە دەبێت خۆمان لە بچووککردنەوەی کلتور و هەبوونی شانەدەر بپارێزین. شانەدەریش تەنیا ناو ئەشکەوتەکە و دۆزراوەکانی ئەوێ نییە.

لەدامێنی ئەوێدا، گوندی زاوی چەمی شانەدەر هەیە. لە گەڕانەکانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە هەردوو شوێنەواری ئەشکەوتی شانەدەر و گوندی زاوی چەمی شانەدەر، باوەڕێکی تەواو بڵاو هەبوو بەوەی ماڵییکردنی مەڕ و هێشتنەوەی بەرخ بۆ ماوەیەکی درێژ لە زاوی چەمی شانەدەر هەرنەبێ ٢٠٠٠ ساڵ لە چاو هەموو شوێنەوارەکانی دیکەی ناوچەکە کۆنترە و بۆ ١١٧٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. توێژینەوەکانی دوای ئەوە و ئەوەی “میلاندا زێدەر” جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە و بەڵگە زانستیی و شوێنەوارناسییەکان دووپاتی دەکەنەوە، زاوی چەمی شانەدەر لە هەموو ناوچەکەدا کۆنترین بەڵگەی ماڵییکردنی مەڕی لێیە. زۆرترین ئەو ئێسقانانەی لە زاوی چەمی شانەدەر دۆزراونەتەوە ، ئێسقانی بەرانن. واتا مەڕ لەبەر شیر و بەروبوومەکەی زوو نەکوشتراوەتەوە. بەوە دەگووترێ بەڕێوەبردنی مەڕوماڵات و نیشانەیەکی ماڵییکردنی مەڕە.

بەبەڵگەی زانستی شوێنەوارناسیی و ئاژەڵناسی شوێنەوار، ئەنجامی تەواو دیار و بەبەڵگە هەیە دەڵێت کە هەر سێ ئاژەڵ (بەراز و مەڕ و بزن) لەسەر خاکی کوردستان بۆ یەکەمین جار ماڵییکراون و بەڕێوەبراون. کۆمەڵگەکانی نیشتەجێی زاگرۆس و دامێنی، نەک هەر خاوەنی شۆڕشی کشتوکاڵ بوون، بەڵکو هەر خۆیان یەکەمین مێگەلە ئاژەڵی ماڵییکراو و یەکەمین شوانکارەشیان دایە مرۆڤایەتیی. ئەوانە مێژووی خاکی ئێمە، کوردستانن، نەک مێژووی کورد. باسەکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی شوێنەوارناسیی و زانستدا هێندە گەورەیە، قۆڵبەستی زانایانی دیکە دەکات توێژینەوەی زۆرتر لە ناوچەی ئێمە (کورستان) دا بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپوور ڕۆژی ٨ ی ئایار ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە دۆزینەوەی ئێسكە پەیكەری “شانەدەر زێد” لە ئەشكەوتی شانەدەر لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و شوێنەواری سۆران و تیمی زانكۆی كامبرێجی بەریتانی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ساز دەکات و بەشێوەیەكی زانستی، زانیاریی دروست سەبارەت بەم دۆزینەوەیە دەخەنەڕوو. ئەوانە با هەنگاوی یەکەمی کردنەوەی مۆزەخانەی شانەدەر بن. ئەویشیان هەنگاوێکی بچووکی کۆی پرۆسەی نیشتیمانسازییە و هەرجارەو پارچەیەکی بچووکی ئاوا وڵات ئاوەدان دەکاتەوە. دۆزینەوەی لەو جۆرە سەرمایەی میللەتن و تەنانەت داهاتی گەورەیان دەبێت.

سەرچاوەکان

Cann, R. L., Stoneking, M. and Wilson, A. C. (1987) Mitochondrial DNA and human evolution. Nature, 325, 31–6.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO