دامەزراندنەوەی عێراقی فیدرالی نوێ، بە ڕێکەوتنی هەموو گرووپەنەتەوەیی و مەزهەبییەکان، لە سەر بنەمای دەستورێکی مەدەنی وشەراکەتی ڕاستەقینە بوو. کورد وەکوو نەتەوەیەکی سەرەکی و ستەملێکراو لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی عێراق دا، چاوەڕوانی هاتنەدی ئامانجە نەتەوەییەکانی بوو لە ڕێگای دەستور و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانییەوە. چاوەڕوانی ناوبژیوانی دادپەروەرانەی دادگای فیدرالی بوو. پابەندبوون بە دەستور یەکێک بوو لەو خەون و ئامانجانەی کورد کە هەموو مافە مرۆیی و مێژوویی و نەتەوەییەکانی خستە سەبەتەی ئەو ڕێکەوتنەوە کە لەسەر دەستور کرا. بەو ئومێدەی گۆڕانکاری جەوهەری لە ڕوانگە و تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی نوێی عێراق دا دروست بووبێت و دەستورەکە جێبەجێ بکرێت. بەکارهێنانی هێزو توندوتیژی لە یەکلایی کردنەوەی کێشەکاندا کۆتایی بێت و ئیتر ڕیزبەندی هاوڵاتیبوون پلە یەک و دوو نەمێنێ و تەواوی پێکهاتەکانی عێراق هەست بە پەراوێزخستن و نزمی نەکەن.
جەوهەری پرسی کورد لە عێراق دا خاکە. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا شەڕی کورد بۆ دیاریکردنی سنوور بووە و لەبەرامبەریشدا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەوڵی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانیانداوە، تا نیوەی ئەم خاکەیان لە کوردستان دابڕیوە. بۆیە کلیلی چارەسەری کێشەی کورد لە عێراق دا گێڕانەوەی خاکی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانە، تاوەکوو لەگەڵ هەرێم یەکەیەکی کارگێری یەکگرتوو پێکبێنن. ئیتر ئەو هەرێمە لەژێر هەر ناوێکدا بێت، بەو مانایەی ناکرێت و نابێت گۆڕانی دیمۆگرافی کاریگەری لەسەر ناسنامە و خاوەنداریەتی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان هەبێت، کە بە ئاشکرا کورد و تورکمانیان تێدا دەرکراوە و عەرەبیان تێدا نیشتەجێکراوە. ئەویش بە ئامادەکردنی سەدان بەڵگە و دۆکیومێنتی تەعریب بۆ هەر دادگایەکی دادپەروەرانە تاوەکوو بڕیار لەسەر چارەنووسی خاکی زەوتکراوی کوردستان بدات، بە ویژدانەوە ناسنامەی مێژوویی ئەم خاکە دیاری بکات.
زیاتر لە سەد ساڵە کورد بەرگری لە خاکەکەی دەکات، لە ناوەرۆکدا ئامانجی سەرەکی خەباتی گەلی کوردستان بۆ سەندنەوەی خاک و خۆسەری بەڕێوەبردنی ئەو خاکەیە، نەک بە پێچەوانەوە. واتە بۆ وەرگرتنی لامەرگەزی یان حوکمی زاتی یان فیدرالی نییە لە چوارچێوەی سنوورێکدا یان بۆ دامەزراندنی جۆرێک لە دەسەڵات نییە لە پنتێکی جوگرافی دیاریکراودا، کە نیوەی ئەو خاکە نەگرێتەوە کە بە نیشتیمانی مێژوویی و جوگرافیی گەلی کورد ناسراوە .
زۆر هەڵەیە ئەگەر وا بزانین کوردستانیان بۆ لامەرکەزی یان حوکمی زاتی یان فیدرالی خەباتی کردووە بێ ئەوەی دەستنیشانی ئەو سنوورە بکەین کە ئەم فۆرمەی خۆبەڕێوەبەری تێدا پیادە و پراکتیزە دەکات.
ئەو فۆرمەی دەسەڵات کە کوردستانیان وەری دەگرن هیچ گرنگی و بایەخێکی نییە ئەگەر سنووری قەڵەمڕەوی تەواوی خاکی کوردستان نەگرێتەوە، یان ئەگەر کورد لەو پنتی دەسەڵاتەوە کار بۆ وەرگرتنەوەی ناوچەکانی دیکە نەکات کە لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەن بە هەر پاساو و بیانویەک بێت.
ئەگەر بزانین یان نەزانین، بەدرێژایی مێژووی هۆشیاربوونەوەی سیاسی و خۆڕێکخستن و جوڵانەوە و بزووتنەوەی مەدەنی و خەباتی چەکداری کورد بۆ بە ئازادی بەڕێوەبردنی تەواوی خاکی کوردستان بووە. شەهید و قوربانییەکانی بۆ یەکخستنی ئەو خاکە بووە لە چوارچێوەی کارگێریەکی کوردی دیاریکراودا ئیتر لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، بە دڵنیاییەوە تا ئەو سنوورەش وەرنەگرێتەوە کە نیشتمانی مژوویی و شوێنی نیشتەجێبوونی دێرینی گەلی کوردە هەرگیز گرفتە نەتەوەییەکانی کورد چارەسەر نا بن .
بەڵام لەم ڕۆژگارەدا ڕێک بە پێچەوانەیە، لە جیاتی سنووری دەسەڵاتی هەرێم لە ڕێگای یاسایی و دەستوری و دادگای فیدراڵی و خەباتی مەدەنیەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر ببێت و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان وردە وردە سیما و ڕوخساری کلتوری نەتەوەیی کوردیان تێدا زیندوو بێتەوە و گەشەبکات. بە داخەوە، ماوەی چەند ساڵێکەسنووری دەسەڵاتی هەرێم بەرتەسکتر و کورد لاوازتر و شاڵاوی تەعریب فروانتر دەبێت، چەوساندنەوەی کورد زیاتر دەبێت.
کێشەی جەوهەری کورد کە خاکە زەقتر دەبێتەوە و بە ئاشکرا هەوڵی داگیرکردن و تەعریبی خاکی کوردستان دەدرێت، بە بیانوی نەبوونی گرێبەستی کشتوکاڵی و دروستکردنی سەربازگە نزیک لە کۆمپانیای نەوت و دەیان پاساوی دیکەوە. ئێستا ٨٠ هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکووک لە لێواری زەوتکردن و تەعریبە. زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دۆنمی دیکەش لە بەرنامەیە و چاوەڕوانی یەکلایی کردنەوەی ئەو ٨٠ دۆنمەیە. بە دڵنیاییەوە دوای کۆتاییهاتن و دەستبەسەردا گرتنی ئەوانەی یەکەم لە هەنگاوێکی دیکەدا پرسی ئەوانەی دووەم دێتە ئاراوە کە بە بڕیاری بە ناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش لە حەفتاکان و هەشتاکاندا لە جووتیارانی کورد و تورکمان سەندراوەتەوە و بە ناوی وەزارەتەکانی بەرگری و دارایی و ئەوقاف و ناوخۆ تۆمار کراون.
ئەمە تەعریبی بە بەرنامەیە، جگە لەم ٨٠٠ هەزار دۆنم زەویەی پارێزگای کەرکووک کە لە ماوەیەکی نزیکدا دوای بڕیاری دادگای فیدرالی بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی ٤٠ هەزار دۆنم زەوی لە قەزای دوبز و نزیکەی ٤٠ هەزار دۆنمی دیکە لە گوندی تۆپزاوە، ئەگەری هەیە هەنگاوەکانی داگیرکردن دەست پێ بکات. ئەوکات بە دڵنیاییەوە هەڵمەتی تەعریبی کوردستان لەو سنوورە ناوەستێت، بەڵکو لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو سنوورەش دەگرێتەوە کە بە سنووری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ناسراوە. کورد دەڵێ “تاریکی شەو سەر لە ئێوارە دیارە”، نیشانەکانی بەردەوامی تەعریبیش بە تەواوی بەم دەسەڵاتەوە دیارە، بە بەڵگەی ئەوەی هێشتا دادگای فیدرالی بڕیاری یەکلایی کەرەوەی نەداوە، کە بڕیار بوو لە ٢٤ ی نیسان بڕیارەکە بدات، بەڵام بە هۆی نادیار دوواخرا، لەگەڵ چاوەڕوانی بڕیارەکەدا ئێستا سەرەتاکانی ڕێگا خۆشکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جووتیارانی شوان و ساڵەیی و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کەرکووک دەستی پێکردووە. سوپا ڕێگری لە جووتیاران دەکات بۆ دروێنەی دەغڵ و دانەکانیان تا بە لایەنی کەمەوە ساڵێکی دیکە بە ئاسانی نەتوانن زەوییەکانیان تۆ بکەن. بەمشێوەیە، دوای ٨٠ هەزار دۆنمەکەی تۆپزاوە و دوبز نۆرەی ٨٠٠ هەزار دۆنمەکەی دیکە دێت. ئەمەش فراوانکردنی سنووری تەعریبە لە پارێزگای کەرکووک.
دوای گۆڕانکارییەکانی ٢٠٠٣ و پێکهێنانی حکومەتی شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراق و ڕێکەوتن لەسەر سڕینەوەی ئاسەوارەکانی تەعریب و قەرەبوکردنەوەی زیان و مەینەتیەکانی ئەو چین و توێژ و نەتەوە و مەزهەب و گرووپانەی بەر شاڵاوی جینۆساید و دەرکردن و قڕکردن و سرینەوە هاتبوون لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوودا، هەموو نەتەوە و مەزهەبەکانی عێراق، بە تایبەتی کورد چاوەڕوانی قەرەبوو و ئاوەدانکردنەوە و بەرنامەی پەرەپێدان و گەشەپێدانی ناوچەکانیان بوون. کورد چاوەڕوانی هەڵگرتنی ئەو ستەم و ماڵوێرانیە بوو لە دەسەڵاتدارانی عێراقیی نوێی کە زیاتر لە هەشتا ساڵ بوو بە دەستیەوە دەیناڵاند، لە پەراوێزخستن و دەرکردن و ڕاگواستن و داگیرکردنی زەویوزارو ڕەز و باغ . چاوەڕوانی لادێنشینانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی زۆر لەوە زیاتربوو کە ئەمرۆ بڕیاری وەرگرتنەوەی زەوی جووتیاران دوا بخرێت.
سەرەڕای لە بەردەستدابوونی دەیان بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا لەسەر داگیرکردنی زەویوزاری جووتیارانی کورد و دابەشکردنی بەسەر خێلە مەڕدارەکانی عەرەب، کە لە بیابانی ڕۆژئاوا و سنووری عێراق و سووریاوە بۆ تەعریبی ناوچەکە هێنرابوون!
جووتیارانی کورد هەقی خۆیانە بزانن ئایا دادگای فیدرالی لە بڕیارەکانیدا پشت بە چ بەڵگەنامە و دیکۆمێنتێک دەبەستێت؟ ئایا هیچ دادوەرێکی بەویژدان گومانی لەوە هەیە پەڵکانە و گابەرەکە و تۆپزاوە و گوندەکانی دیکە بەشێک نین لە دەڤەرە کوردنشینە دێرینەکانی پارێزگای کەرکووک؟ بۆ سەیری لیستی تاپۆی زەویە کشتوکاڵیەکانی سەردەمی پادشایەتی ١٩٣٢ ناکەن؟ ئایا گومانتان لەوە هەیە کە زۆر کۆنتر لەو مێژووە، سەدان ساڵە جووتیارانی کورد لەم گوندانە بە کاری کشتوکاڵیەوە خەریکن و لە هەشتاکان لە پرۆسەی تەعریبی کوردستان دا خەڵکەکەی ڕاگوێزراون و زەویەکانیان بەمەبەستی گۆڕینی دێموگرافی ناوچەکە بەکارهاتووە؟ ئایا لە بڕیاری پێدانەوەی زەویەکانیان پێویست بە دواخستن و پێداچوونەوە و تێهەڵچوونەوە دەکات؟