هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە پەرە ناسەنێت و گەشە ناكات ئەگەر لە ژینگەیەكی سیاسی و دیموكراتیکدا نەبێت کە باوەڕی بە فرەیی و یەكسانی و قەبووڵكردنی بەرانبەر و مافی هەمووان هەبێت لە پێكەوەژیانی ئاشتیی دوور لە ڕۆحی ململانێ و ناكۆكی گرووپەكان، ڕێک وەك ئەوەی لە جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە ١٩٩٢ دا سەبارەت بە مافی ئەو كەسانەی ئینتیمایان بۆ نەتەوە یان گرووپ یان پێكهاتەی ئایینی و زمانی هەیە. ئەم جاڕدانە بە یەکێک لە بەناوبانگترین بەڵگەنامەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەو بوارەدا دەژمێردرێت.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە: “قووڵكردنەوە و پاراستنی مافی ئەو كەسانەی كە ئینتیمایان هەیە بۆ نەتەوە، یان گرووپ، یان پێكهاتەی ئایینی و زمانی، هاوكار دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتانەی تێیاندا دەژین.” ئێمەی مرۆڤ دەبێت ئەوەی بۆ خۆمان پێمان خۆش بێت بۆ بەرامبەرەکەشمان بەهەمان شێوە پێمان باش بێت. کاتێ کە ئایینەکان و پێکهاتەکان لە هەموو شتێ یەکسان بن بۆ دەبێت لە پێدانی ماف یەکسان نەبن. لەم بارەوە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە پێشێلی مافی بەرامبەرەکەی بکات و سنوور ببەزێنێت.
هەمووان دەزانین چەمکی پەروەردە و قۆناغەکانی خوێندن گرنگترین ئامرازن بۆ فێربوون و پەروەردەکردنی تاک لە کۆمەڵگادا. شارەزایی و لێهاتووی منداڵەکانمان بەئاگابوون لە مێژوو و کلتور و فەرهەنگ و ئایین و ئایینزاکان ئەرکی هەموولایەکمانە. خوێندنی ئایینەکانی کوردستان بە هەموو جیاوازیەکانییەوە هۆکارێک نییە بۆ سڕینەوەی هیچ ئاینێکی دیکە.
گۆڕینی وانەی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ وانەی “ئایینناسی” ئاماژەیەک نییە بۆ لابردنی پەروەردەی ئیسلامی ئەوەی پێکهاتە ئاینیەکان هیوای پێ دەخوازن جوگرافیا و گۆڕانکاری ناوچەکە بەخۆیەوە بینیوە. خوێندن و شارەزا بوون لە ئایینەکانی کوردستان تەنها بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و زانیاری تەندروستە لەسەر ئایینەکان کە بخوێنرێت نەک دەماودەم ببیسترێت. هەروەها بەشێوەیەک نییە ببێتە ئەرک و بارگرانی لەسەر قۆناغەکانی خوێندن یان ئەوەی لە چەند کەناڵێکی نابەرپرس و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ مەرامی شەخسی و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگا دەیوروژێنن. گۆڕانکاری لە وانەی ئایین سڕینەوی هیچ ئاینێک نییە.
بەداخەوە ئەو هێرشە ناڕەوایەی لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیالمیدیا، کە بەبێ بیرکردنەوە کرایە سەر وەزارەتی پەروەردە و بەتایبەتی خودی وەزیر، ئالان حەمە سعید، بەکارێکی نەشیاو و دوور لە بەها جوانەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان دەخەمڵێنین. چەندین کەسی شارەزا و کەناڵی ڕاگەیاندن کەوتوونەتە هەڵەیەکی کوشندەی گەورەوە کە بێ گوێدانە ڕاستی و دروستی بابەتەکان خەریکی خۆسەرقاڵکردنن بە ڕەدووکەوتنی چەند پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوای لێشاوی کۆمێنت و لایکی پەیجە ساختەکان کەوتوون، کە شیرازە و بەها جوانەکانی کۆمەڵگا و کلتور و فەرهەنگی ئەم کوردستانە بەرەو هەڵدێر دەبەن.
لە ڕاستیدا، گۆڕانکارییەکان لە وانەی ئایین تەنها بۆ ناسینی ئایینەکانە لەلایەن قوتابیانی قۆناغەکانی خوێندن، بەوەی کە منداڵانی ئێزیدی و زەردەشتی و مەسیحی و کاکەیی، هەموویان، وانەی ئاینی ئیسلام بخوێنن، ئەویش بە دانانی زانیاری و زانیین لەسەرهەموو ئایینەکان. منداڵانی موسوڵمانیش دەبێت ئەو مافەیان هەبێت و ئاگادار بن و زانیاری لەسەر ئایینەکانی دیکە بخوێنن و بناسن. ئەمەش بەدانانی پڕۆگرامێکی خوێندن دەبێت کە لیژنەیەکی پەروەردەیی شارەزا بڕیاری لەسەر بدات و لە ئاستی قۆناغەکانی خوێندن پۆڵێن بکرێت.
یاسا نێونەتەوەییەکان بایەخ بە مافی پێكهاتەكان دەدەن، بوونی چەندین ڕێكکەوتننامە و بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی تایبەت بە ڕێكخستنی ئەم بوارە ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت. لێرەدا ڕۆڵی یاسادانەری نیشتیمانی (پەرلەمانی كوردستان) بەدەر دەكەوێت لە گواستنەوەی دەقە نێونەتەوەییەکان، ئەوانەی تایبەتن بە مافی پێكهاتەكان، بۆ سیستەمی یاساییی هەرێمی كوردستان. ئەگەر واقعی پێكهاتە ئایینیەكان لەژێر ڕۆشناییی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دا هەڵبسەنگێنین ویژدانی دادپەروەرانە وامان پێ دەڵێت كە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فیعلی دانی ناوە بە مافەكانی پێكهاتەكان لە ڕێگای دەركردنی کۆمەڵێك یاساوە بۆ زامنكردنی مافەکانیان لە یاسایی ژمارە (٥) ساڵی (٢٠١٥)، یاسای مافی پێکهاتەکان لە کوردستان و عێراق کە پەرلەمانی کوردستان دەنگی پێداوە.
خۆگێلکردن و دوورکەوتنەوە لە ڕاستییەکان چارەسەری کێشەکان ناکات. ئێستا هەشت ئایین لە کوردستان پەیڕە دەکرێن و بوونیان هەیە، لەوانە: ئیسلام (سوننە و شیعە و سۆفیگەری)؛ کرستیان، یارسان، ئێزدی، زەردەشتی، بەهایی، مانی، سائیبەی مەنداویی، جوو. ئەم پێکهاتە ئایینییانە بەیەکەوە بەدرێژایی ڕۆژگار لە سەر ئەم خاکە ژیاون. ئەمیش ھەرجار بەھاوسەنگییەکی ناسک و بەروەخت کە بەردەوام بەھۆی کۆمەڵێ ڕووداوی جەرگبڕ کە ڕەنگدانەوەی ناسکی لە ڕادەربەدەری ئەم بەشەی جیھانە لەناوچووە. سەرەڕای ئەمە، لە حالی حازردا، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەرێمی کوردستان پێگەیەیەکی دیاری هەیە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان. پێکەوەژیانی ئایینەکان یەکێکە لە جوانییەکانی هەرێمی کوردستان.