پێشەکی
ئێستا زیرەکیی دەستکرد (Artificial Intelligence)، ناسراو بە ئەی ئای (AI)، بەردەستە لە چەند ئاپێکداو لەڕێگای گەڕانی گووگڵ و سەرچاوەکانی دیکەی گەڕان لە ئینتەرنێت. لە١٨ ی نیسانی ٢٠٢٤ دا، مێتا لە پلاتفۆرمی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئەپ گەڕانی (AI) زیادکرد. هەروەها لە ڕ٢٧ شوباتی ٢٠٢٣ ـەوەلە سناپچات AI بەردەست بووە تا ئێستا.
یەکەمین ئەی ئای کە بەردەست بوو بۆ خزمەتگوزارییەکان ChatGPT بوو کە لە ٣٠ ی تشرینی دووەمی 2022 ـەوە بەردەستە، کە مۆدێلێکی گفتوگۆییە و بەشێوەی گفتوگۆ کارلێک دەکات. وەڵامی پرسیارە کراوەکان لە بەدواداچوونەکاندا دەداتەوە، دان بە هەڵەکاندا دەنێت و داواکارییە نەشیاوەکان و هەڵەكان ڕەتدەکاتەوە و چاكیان دەكات و ڕێكیان دەخات. هەموو كەسێك بەخۆڕایی دەتوانێت لە کاتی پێویست بۆ وەڵام و زانیاری و توێژینەوەکان بەكاری بهێنێت.
ChatGPT پێی دەگوترێت generative AI چونکە ئەم وەڵامانە لەسەر خۆی دروست دەکات. بەڵام دەتوانێت دەرەنجامی داهێنەرانەتر وەک سیناریۆ، شیعر، نوکتە و وتارەکانی خوێندکاران بە شێوەیەکی ڕونتر و سەرنجڕاكێشتر خزمەتگوزارییەکانی بگەیەنێت. ئەوە یەکێکە لەو توانایانەی کە بەڕاستی سەرنجی خەڵکی ڕاکێشا. زۆربەی ئەپەکانی ئەی ئای لەسەر ئەرکە تایبەتەکان چڕ بووەتەوە، بەڵام ChatGPT ئامرازێکی گشتییە، بەشێکی بچووکە لە زیرەکیی دەستکرد. ئەو خزمەتگوزاریانە هەمووی بەخۆڕایی بەردەستە.
هەروەها لەو شوێنانەش کە ئەی ئای بەردەستە لە ئێستادا بۆ گەڕان بەڵام هەر شوێنێک بەکۆمەڵێک تایبەتمەندی دەناسرێنەوە و ئێستا لەناو مۆبایلی زیرەکی هەموو کەسێک کە بخوازێت بەردەستە.
زیرەکیی دەستکرد ئاماژەیە بۆ سیستەمی کۆمپیوتەر، کە توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی هەیە کە لە مێژوودا پێویستی بە زیرەکی مرۆڤ هەبووە. ئێستا ئەو ئامێرانە بە شێوەیەکی خێراتر و لێکدانەوەیەکی خێرا لەجیاتی مرۆڤ کارە ئەلیکترۆنییەکان ئەنجام دەدەن.
کارەکانی ئەی ئای خۆی لە زیادکردنی خێرایی و وردبینی و لێکدانەوە و شیکاری و ئەنجام و نوێکارییدا دەبینێتەوە. بەکورتی خێراییئەی ئای زۆر شت دەگۆڕێت، وەک لەو نموونانەدا دەردەکەون:
نموونە یەکەم
پێش ئەوەی فڕۆکە دروست بکرێت گەشتەکان سەخت بوون، ئێستا فڕۆکە گەشتەکانی ئاسانکردوە. ئەی ئای بە هەمان شێوە ڕێگاکان بۆ کورت دەکاتەوە بۆ کاری ڕۆژانەمان. ئەی ئای لێکدانەوە و شیکاریی دەکات بۆ سەرچاوەکان و لە کەمتر لە چرکەیەک کارەکانت بۆ لێک دەداتەوە ئەنجامت پێدەدات.
بە گشتی، ئەی ئای نوێنەرایەتی تیۆریی و پەرەپێدانی سیستەمی کۆمپیوتەر دەکات کە زیرەکی مرۆڤ کۆپی دەکەن، کە توانای ئەنجامدانی ئەرکی ئاڵۆزیان پێدەدات. بەڵام لەو شوێنە لەپێش مرۆڤ دەبێت لە خێرایی وەڵام و شیکارییەکان و سەرچاوەکان. هەندێک دەڵێن تەکنۆلۆجیای ئێستا فێربوونی ئامێری پێشکەوتووە، نەک ئەی ئای ڕاستەقینە. چونکە ئامانجی کۆتایی «ژیریی دەستکردی گشتی
(GAI) »ئەو ئامێرانەی کە توانای هاوشێوەی مرۆڤ و زیاتریان هەیە. ئەی ئای کۆمەڵێک تەکنۆلۆجیای بەرفراوان لەخۆ دەگرێت، لەوانە فێربوونی ئامێر، فێربوونی قووڵ و پرۆسێسی زمانی سروشتی .ئامێرەکان دەتوانن ئەرکەکانی، وەک ناسینەوەی قسەکردن، بڕیاردان و ناسینەوەی نەخشەکان شیکاریەکان ئەنجامبدەن بە شێوەیەکی خێراتر کە بە چەندان جار لە مرۆڤ زیاتر بێت.
بە پشتبەستن بە ئارەزووەکانی تۆ و لە وەڵامی پرسیارەکانت، ئەی ئای خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە تۆ دەکات. وەک پێشنیازی کتێب و سەرچاوە؛ گەڕان بە دوای گۆرانی؛ هەر لینکێک تۆ بتەوێت بۆ باشترکردنی ڕێڕەوی گەشتکردن، یان وەرگێڕان و فەرهەنگەکان. واتە هەر شتێک کە مرۆڤ پێویستی بوو وەک سەرچاوە دەتوانێت داوای لێبکات بەشێوەی ئەلیکترۆنی.
یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئەی ئای بەکارهێنانی عەقڵە، بە تایبەتی و دەرهێنانی دەرەنجام لە ڕێگەی بەکارهێنانی عەقڵەوە، لێکدانەوە شیکردنەوە، تەکنۆلۆجیا ئەی ئای ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوە پێشدەچێت، ئەی ئای داهێنەر نییە لە عەقڵ، چی تێبکرێت ئەوە پێشکەش دەکاتەوە بەڵام بەهۆی خێرایی لە زیرەکی ئەی ئای ئێستا شیکاری بۆ شتەکان دەکات، واتە سەرچاوەکان لەیەکدەدات زۆر بەخێرایی.
نموونەی دووەم
کەسێک چەند نیشانەیەکی نەخۆشی هەیە، ڕەنگی زەردبووە، تایی لێیە، بێتاقەت بووە، هەناسەی تەنگ بووە، ئەی ئای دەتوانێت بە خێرایی شیکاری بۆ نیشانەکان بکات ئەنجامەکەشت پێدەدات.
لە کاتێکدا ڕۆبۆتە مرۆڤدۆستەکان هێشتا خەیاڵین بەڵام پێدەچێت زۆربەمان کارلێکمان لەگەڵ خزمەتگوزاری یان ئامێرە بەهێزەکانی ئەی ئای کردبێت. بەیانی دەکرێت پارچەی مرۆڤ و ڕۆبۆت تێکەڵ بکرێت لێکبدرێت تا هەردوو لا سوود لە خێرایی و زانیاری یەکدی وەربگرن. لە ئێستادا “ئیلۆن ماسک” خەریکی ئەو کارەیە بەناوی نیورالینک (Neuralink) کە میمۆری بۆ خانەکانی مێشکی مرۆڤ دابنێت. پرۆژەی نیورالینک دەتوانێت لە داهاتوو ئەو کارە مەحاڵانە بکات بە تێکەڵکردنی ئەی ئای و مرۆڤ.
لەوانەیە بەیانی لەڕێگەی ئەی ئای هەرچی خانە لە بیرکراوەکانی مێشکت هەیە زۆربەی زیندوو بکرێنەوە، واتە هەرچی شتێک لە منداڵیتدا بینیوتە بیستووتە بەڵام بیرت نەماوە هەموویت بەبیربێتەوە.
لەمەووا ئەگەر بتەوێت فێری زمانی ئینگلیزی بیت، ئاپێک وەک وەرگێڕانی گووگڵ جێگیر دەکەن تۆ فێری ئینگلیزیی دەبیت، یان لە شێوەی پارچە حەبێک یان خواردنەوەیەک یان جێگیرکردنی ئامێرێکی وەک ئامێری دڵ و مێشک، فێری هەر زمانێک بیت کە تۆ مەبەستە.
لەمەودوا ئەگەر بتەوێت گەشتێک ئامەد یان مەهاباد بکەیت یان بتەوێت بچیتە سەر چیایی هەڵگورد و هندرێن ، لەڕێگەی ئەی ئای دەرزیێک یان ئامێرێک جێگیردەکەی لە لەشت کە نەخشەی هەموو ئەو شوێنانە جێگیر بێت لە خەیاڵت وەک ماڵی خۆت شارەزایی ئەو شوێنانە بیت.
لەمەودوا چیتر پێویستیت بە دیزاینیی جلوبەرگ نامێنێت، ئەی ئای دەتوانێت ئەو ڕەنگ و قەبارانەت بۆ پێشنیاز بکات کە لە تۆ و لە بەژن و باڵا و ڕەنگت بێت.
لەمەودوا لەڕێگەی تاکە وێنەیەکی تۆ و دەنگی تۆ، دەکرێت لەڕێگەی ئەی ئای یەک زنجیرە فیلم بەرهەمبێت بەبێ ئەوەی تۆ هیچ ڕۆڵێکت هەبێت تێیدا. یان تەنیا لەرێگای دەنگی تۆ ببیە ئەو گۆرانی بێژەی کە خۆت دەتەوێت، ئێستا ئەو خزمەتگوزارییە بەردەستە.
لەمەودوا ئەی ئای دەتوانێت هەموو ئەو دەنگە لەدەستچوانەی کە قسەی پێکراوە لە ڕابردوو لەرێگای کۆدی دەنگی هەموو بگەڕێنیتەوە، بەجۆرێکی دیکە، تۆ دەتوانیت دەنگی باپیری باپیرت گوێ لێبێت کە لەژیان نەماوە، یان دەنگی ئەرستۆ یان دەنگی پێغەمبەرەکان هەرچی تۆ بتەوێت.ئەوەش مێژوو سەراوبن دەکات زۆر لە ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن.
لەداهاتوو ئەی ئای دەتوانێت لەماوەیەکی کەم تەنیا لەڕێگەی DNA ی تۆ، وێنەی باپیرت و بابی باپیرت دروست بکاتەوە لەسەر شاشە بیبینیت.
لەڕێگەی ئەی ئای ئیدی چیتر پێویستیمان بە دکتۆر نابێت، چونکە ئەی ئای لە یەک ئاپدا پێتدەڵێت نەخۆشیەکەت چییە چ کێشەیەک لە لەشتدا هەیە، چارەسەرییەکەشت بۆ دادەنێت بەپێی پێویستی خۆت. هەروەها پێت دەڵێت کە چ ڤیتامینێک لە لەشت کەمە و چ نەخۆشییەک لەو نزیکانە توشت دەبێت، کە دەکرێت خۆتی بۆ ئامادە بکەیت.
نموونەی سێیەم
زۆرجار کتێبخانەکەت بەدەیان کتێبی تێدایە، تۆش خەمی ئەوەتە چۆن ئەو هەموو کاتە تەرخان بکەیت بۆ خوێندنەوە؟ ئەی ئای هەموو کتێبەکانت دەکاتە داتاو بە یەک کلیک (داگرتن) هەرچی زانیاری هەیە دەچێتە ناو کۆمپیوتەرەکەت. کاتێکیش دەتەوێت لەناو کتێبەکانتدا چەند سەرچاوەیەک بدۆزیەوە بۆ توێژینەوە، لە ئێستادا ئەمە چەند هەفتە و مانگێکی دەوێت تا بەدەستم دەگات و دەیخوێنمەوە بەڵام ئەی ئای بە یەک چرکە هەموو کتێبەکان کە داتا کراون دەیدۆزێتەوە و شیکاری بۆ دەکات و لێکی دەدات ڕای خۆشی دەڵێت. کەواتە مرۆڤ وەک ماراسۆن زۆر زۆر لەدواوەی ئەی ئای دەبێت.
نموونەی چوارەم
بیست ساڵ پێش ئێستا بە کەسێکت گوتبایە کتێبەکەت لە ماوەی پێنج چرکە وەردەگێڕمە سەر هەر زمانێک کە تۆ ئارەزووی دەکەیت دەحەپەسا و لەجادووگەریی دەچوو و جێگای باوەڕ نەبوو، بەڵام ئێستاگووگڵ بە پێنج چرکە کتێبێکی هەزار لاپەڕەییت بۆ وەردەگێڕێتە سەر هەر زمانێک بتەوێت.
ئایا ئەو خاڵانەی سەرەوە هەر خەونە یان ڕاستییەکە لەداهاتویەکی نزیک؟ گومانی تێدا نییە ئێستا زۆربەی ئەو شتانە بەکار دەهێندرێت و بەردەستە بەڵام تا ئێستا هەمووی نەبووەتە گشتی و دەستی هەموو کەسێکی پێناگات.
دواڕۆژی ئەی ئای
ئەی ئای جەنگی جیهانی سێیەمە، دوای گەشەسەندنی ئەی ئای دووبارە کۆمەڵێک وڵاتی تازە لەدایکدەبن و کۆمەڵێک وڵاتیش بچووک دەبنەوە یان هەر نامێنین و دەتاوێنەوە لەناو وڵاتانی دیکە.
ئێستا ئەم داهاتووەی ئەی ئای وەک جەنگیی جیهانی سێیەم بەڕێوەیە، کە دووبارە نەخشەی دنیا دەگوڕێت. ئەگەری هەیە ئێمە بتوانین لە سەردەمی ئەی ئای دەوڵەتی خۆمان هەبێت، چونکە ئەی ئای دەتوانێت مافەکانیش بۆ بگەڕێنێتەوە. ئەگەر داوای لێبکەیت داتای ڕاستت پێدەدات.
ئەی ئای لە داهاتوودا ژیان سەراو بن دەکات، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو پیشەسازییەک و هەموو مرۆڤێک لە قاڵب دەدات. ئێستا توێژەران سەرنجیان لەسەر زیرەکی گشتی دەستکرد (AGI) و زیرەکی سەرووی دەستکرد (ASI) ـە، کە لە دەرەوەی ئاستی تێگەیشتنەکانی مرۆڤە سادەکانە! کەواتە مرۆڤ لە داهاتوو کاری تەنیا زیادکردنی داتا دەبێت وەک هاوکارێک. مرۆڤ دەبێتە بەندەیەکی تەکنۆلۆجیا. بەڵام پاشاکە ئەی ئای دەبێت و بەندەکانیش مرۆڤ. بۆیە لە ئێستاوە دەبێت خۆتی بۆ ئامادە بکەیت.
ئەی ئای و کورد و کوردستان
وەک کوردستانیان چۆن خۆمان بگونجێنن و پارێزگاری لە کلتوری خۆمان بکەین لە سەردەمی ئەی ئای؟ ئایا ئەو خاڵانەی سەرەوە هەر خەونە یان ڕاستییەکە لەداهاتوویەکی نزیکدا؟ سەرەتا ئەرکی ئێمە ئەوەیە هاوتەریب بڕوێن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دنیادا، ئەگەرنا بەجێدەمێنین. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە هەموو شتێکی خۆمان لەبیر بکەین. ئێمە کۆمەڵگایەکی جیاوازیین، زمانمان مێژوومان کلتور و جلوبەرگمان و خواردن و خواردنەوەکانمان جیاوازە لە وڵات و کۆمەڵگاکانی دیکە. پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ هاوتەریب لەگەڵ ئەی ئای دەبێت چی بکەین و ئەرکی نیشتیمانسازی دەبێت چی بێت؟
ئەی ئای لەو ڵاتانە گەشەدەکات کە پێیان دەگوترێن نەتەوەی نوێ (new nation), وەک ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا. ئەو وڵاتانە زۆر گوێ بەوە نادەن کە کلتور و دابونەریتت چی بەسەر دێت، ئەوان لەپێشبڕکێدان بۆ بیزنس و پارە پەیداکردن، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە، ئەگەر بەخۆنەکەون لەناو دەچن دەتوێنەوە. هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەگەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ ئەو جەنگە ئامادە نەکەن بە دڵنیایەوە جارێکی تریش لەناودەچین و بچوکتر لەوەی کە هەیشین دەبینەوە و بەژێر لافاوی ئەی ئای دەکەوین و بزردەبین! بۆیە لە سەردەمی شۆڕشی ئەی ئای دەبێت هەموو کەرستەکانت ئامادە بێت بۆ خۆگونجاندن و پاراستنی ڕەسەنایەتیت. ئەی ئای مرۆڤی لەیەکچووی دەوێت، ئێمەش چونکە خاوەنی وڵات نین، هەر یەکەم نەتەوەین کە ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبینەوە. بۆیە زۆر گرنگە لەئێستادا، زمانی کوردی، جلوبەرگی کوردی، کلتوری کوردی، خواردنی کوردی، میوزیک و هونەری کوردی، وێنەکێشان و کاری دەستی کوردی، لە ڕاستیدا نەک هەر کوردی بەڵکو کوردستانیان، بە دنیا بناسێنین لەڕێگای ئەی ئای. ئەوە گەورەترین مانەوەمان دەبێت و پارێزگاری لە کلتور و دابونەریتی خۆمان دەکەین بە جیهانیان دەکەین. ئێمە ئەو بەرهەمانەی کە بەرهەمی ناوەخۆن لەڕێگای بازاڕەکانی ئەی ئای بە جیهانی بکەین، وەک:
یەکەم: ئەی ئای ناتوانێت بەرهەمی خۆراکی و خواردنەوە دروست بکات، ئێمە دەکرێت لەو ڕێگەیەوە بەرهەمهێن بین، کار لەسەر بەروبومی ناوەخۆ بکەین، پێداویستییە ناوەخۆییەکان پڕ بکەینەوە.
دووەم: ڕۆژانە زانیاری لەسەر مێژووی کوردستان و زمان و شوناسی کوردستانیان بەشێوازی ئەلکترۆنی تۆمار و یاداشت بکەین لە ئەی ئای بەجۆرێک هەرکەسێک بە پێیی پسپۆڕی خۆی داتا و زانیاری بنێرێت بۆ ئەی ئای لەڕێگەی GOOGLE یان داتاکانی دیکە بێت لە سۆشیال میدیاکان. باشترین ئەوەیە بە زمانی ئینگلیزی داتا بکرێت، ئەگەر نا بەکوردیش بێت ئاسایییە.
سێیەم: لە ئێستاوە دەبێت پسپۆڕانی بواری تەکنۆلۆجیا هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن خۆیان ڕابهێنن بەشداری نوێترین خول بکەن کە کوردستانیان دانەبڕێن لە پێشکەوتنەکانی ئێستادا.
چوارەم: کۆمەڵێک ڕێکخراوی تایبەت بە ئەی ئای خۆبەخشی دروست بکرێت و کاریان کارکردن بێت لەسەر ئەی ئای و نیشتیمانسازی و درەفەتی کار.
پێنجەم: دەزگاکانی ڕاگەیاندن گرنگی زۆر بە ئەی ئای بدەن لەبواری نەتەوەیی و نیشتیمانسازی، هەموو ئەو داتایانەی تایبەتن بە کورد و نەتەوەکانی کوردستان ڕۆژانە ئەبدەیت بکرێنەوە لەناو ئەی ئای.
شەشەم: ئەرکی حکومەت ئەوە دەبێت کە فەرمانبەری پسپۆڕ لەو بوارە ساز بکات و ڕاهێنانیان پێبکات بیان نێرتە دەرەوەی وڵات یان پسپۆڕی تایبەت و ڕاهێنەری تایبەت بهێنێت بە ئەی ئای.ئێمە دەکرێت لەڕێگەی پلانی ساڵانەی ئەی ئای ئاگاداری گۆڕانکارییە خێراکانبین و لە جیهان دانەبڕێین. بەئاگاییەوە خۆمان دروست بکەین هاوتەریب بڕۆین، بۆیە من لێرە پلانی ساڵی 2025 ئەی ئای ئاماژە پێدەدەم:
یەکەم، لەجیاتی مرۆڤ بە شێوەیەکی خێراتر ئەی ئای کارە بازرگانییەکانی مرۆڤ بەڕێوە دەبات.
دووەم، ئەزموونی پزیشک و شیکارییەکانی نەخۆش لەگەڵ وردبینی ئەی ئای تێکەڵ دەکرێت!
سێیەم، مامەڵەی دارایی بەشێوەی سەرسوڕهێنەر زیادەکات، ئەی ئای وەبەرهێنانەکان دەکات و ئەمەشکاتت و توانای مرۆییت بۆ دەگەڕێنیتەوە.
چوارەم، زمان گرنگییەکی ئەوتۆی نامێنێت هەر کەسێک بە زمانی خۆی قسە دەکات و دەرفەتی فێربوونی زمانی تریشت بۆ دروست دەبێت. هەر کەسێک دەرفەتی ئەوەی دەبێت بە زمانی خۆی پێشبڕکێ بکات.
پێنجەم، گەڕان و سەرچاوە و لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی ڕاپۆرت و سیڤی، تەنانەت ئامادەکردنی کتێب و نووسینی و ڕێکخستنی، هەمووی دەبنە کاری ئەی ئای.
ئەی ئای دنیایەک کاریگەریی نەرێنیی دروست دەکات کە لێرە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:
یەکەم، تەنیا ئەو داتایانە وەردەگرێت کە مرۆڤ زیادی دەکات.
دووەم: وڵاتە زلهێزەکان ئەی ئای بۆ بەرژەوەندەی خۆیان بەکاردەهێنن.
سێیەم: دەکرێت داتای هەڵەی تێدا بەکاربهێندرێت.
چوارەم: نەبوونی شەفافیەت لە ئەی ئای.
پێنجەم: لەدەستدانی کار و دەرفەتی کار بەهۆی ئەی ئای.
شەشەم، دەستکاریکردنی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانی ئەی ئای.
حەفتەم، چاودێریی کۆمەڵایەتیی بە تەکنۆلۆجیای ئەی ئای.
هەشتەم، نەبوونی نهێنی داتا بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی ئەی ئای.
نۆیەم، نایەکسانی ئابووری کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی ئەی ئای.
دەیەم، لاوازبوونی ئەخلاق و نیازپاکی بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەی ئای.
دەیەم، مەترسییە ئەمنییەکانی هاککردن لە ڕێگەی ئەی ئای.
یازدەم، نەبوونی داهێنان و هاوسۆزی هاوشێوەی مرۆڤ واتا بە هەست و سۆز کارناکات، ستاندەرد کاردەکات، لەدەرەوەی هەست و سۆز و بەزەیی.
دوازدەم، مەترسییەکی دیکە کە ئەی ئای پێچەوانە بکرێتەوە بۆ چەکی کۆمەڵکوژ و لەناوبردنی بێهێزەکان لە لایەن بەهێزەکانەوە.
لەگەڵ هەموو تێبینییەکان ئەی ئای کارئاسانی بۆ مرۆڤ و تەندروستی مرۆڤ دەکات ئەگەر بمانەوێت باش بەکاری بهێنین، پێویستە مرۆڤ تەکنۆلۆجیا لەگەڵ بەهاو عورفی لایەنی کۆمەڵایەتیدا بگونجێنێت و خۆی بەدوور بگرێت لە هەموو پێکدادانێکی کۆمەڵایەتی تەنیا بیر لە بیزنس و قازانج نەکاتەوە، بەڵکو مرۆڤایەتی لەپێش هەموو شێتک دابنێت و هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بە پێی کلتور و داب و نەریت خۆی بگونجێنێت.