گەرمیان سەلاحەدین
ململانێی نێوان ئیسرائیل وئێران گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، لە شەڕی ڕاگەیاندنەوە کە تەمەنی ٤٥ ساڵە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. ئەمەش دوایی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەی لە دیمەشق ئیسرائیل کردیە سەر باڵوێزخانەی ئێران، کە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە بۆ ناوچەکە بەگشتی و گۆڕینی هاوکێشەکانە تیادا لەڕووی ئابووری و سیاسی و بەرگری سەربازیەوە.
ڕاستە ئۆپراسیۆنی مووشەک و درۆنەکانی سوپای پاسداران وەکو ستراتیجیەتی بووە کارتێکی سووتاو بە هۆی هاوکێشەی بەرگریکارانەی بەرەی ڕانەگەیاندراوی بەرامبەر بە ئێران لە وڵاتانی عەرەبی. مەلیکی ئوردن، عەبدوڵا بن حوسین، بەئاشکرا ڕایگەیاند کە ڕێ بە تێپەڕینی مووشەک و درۆن نادات بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا. ئەمەش بۆ هاوسۆزی نییە بە تەنها بۆ پاراستنی ئیسرائیل یان پارێزەری ئارامی ناوچەکە، بەڵکو ئوردن تەواو هاتە ناو شەڕەکەوە، چونکە زانیاری تەواوی هەیە وەک لە بەیاننامەیەکی حزبوڵای عێراقی دا هاتووە کە کەلوپەل و چەکی دوازدە هەزار لە برایانیان لە ئوردن ئامادە کردووە بە ئامانجی بەکارهێنانی خاکی ئوردن بۆ گواستنەوەی هێز بەرەو ئیسرائیل. لێرەدا شای ئوردن بۆ بەرگری لەمانەوەی خاکی خۆیان و تاوەکو نەبێتە مەیدانێکی نوێی شەڕەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بە هاوکاری فەڕەنسا و ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل، زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک و درۆنی ئێرانی ڕێگریان لێ کرا. ئەوە گۆڕانکاری یەکەم بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کە هێز و هەڕەشەی مووشەکی و درۆنەکانی ئێرانی شۆێنرا چونکە هیچ زیانی ستراتیجی و مرۆیی نەبوو. ئەمەش شکستێکی سەربازیی و تەکنۆلۆجیی ئێران بوو.
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی هەنوکەیی و پێش وەڵامدانەوەی ئیسرائیل پێویستە لە سنووری ئێران و سنووری دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا تێبگەیەن کە لە ڕووی هزرییەوە ئێران ئەو وڵاتەی سەر نەخشە نییە کە سنووردار بێت بەڵکو وەکو خۆیان دەڵێن شۆڕشێکی عەقیدین کە سنوور ناناسێت. واتە لە ڕووی واقعییەوە تواناکانی ئێران بەرفراوانترە لەوەی کە هەیە. ئەمەش هاوکێشەی ستراتیجیەتی ئێران دەگۆڕێت بۆ بژاردەی دیکە بە هۆی باڵادەستیی و دەستڕۆیشتویی لە ناوچەکەدا. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر ئێران لەسەر نەخشە لە ڕۆژهەڵاتەوە دراوسێی هەریەک لە پاکستان و ئەفغانستان و تورکومانستانە؛ لە باکوریش ئازەربایجان و ئەرمینیا و دەریای قەزوینە؛ لە ڕۆژئاواشدا تورکیا و عێراق و کەنداوی فارسە؛ لە باشووریش دەریای عومان و عەرەبە. بەڵام لەڕووی کردارییەوە، ئێران دراوسێکانی زیاترە لەبەر بەرفراوانی دەستڕۆشتووی لە ناوچەکەدا تا دەگاتە سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل و عومان و کوێت و میسر، کە سنووری سێبەری دەستڕۆیشتوویی ئێرانن.
تواناکانی ئێران بۆ هەژموون لە ناوەڕاستی ئاسیاوە دەگاتە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و لە دەریای قەزوین دەگاتە دەریای عەرەبی و دەریای سوور، کە سێ چوار جار بەرفراوانترە لە سنووری ناسراو و خاکی ئێران بە هۆکاری بوونی باڵەکانی لە دەرەوەی خۆی بە تیۆری عەقیدی بێت یان بنەمایی هاوپەیمانی لەوەی کە ناسراوە بە بەرەی مقاوەمەت. ئێران لە هەر کێلێکی سنووری ئەو سێبەرەی هێزی میلیشیا و جبەخانە و مووشەک و درۆنی هەڵڕشتووە و سەربازگەی نافەرمی بۆ دروستکردون.
ئەمە تابلۆ گەورەکەی بینینی توانستی سەربازی و هەواڵگری و ئابووری ئێرانە. با بە داتا بزانین کە قەبارەی هێزی ئێران و باڵەکانی چەندە و چۆنە؟
پێوانەی خاکی ئێران ملیۆنێک کیلۆمەتر دووجایە، کە پلەی حەڤدەمین وڵات دێت لە جیهان. درێژیی کەنارە ئاوییەکانی ئێران ٢٥٠٠ کیلۆمەترە و سنووری وشکانی ٥٩٠٠ کیلۆمەترە. کۆنترۆڵی لەسەر پانتاییە ئاوییەکان (مسطح مائی) ٨٥٠ کیلۆمەتر دووجایە. ژمارەی دانیشتوانی ئێران زیاتر لە ٨٧ ملیۆن کەسە و بەمەش لە ڕیزبەندی حەڤدەمین وڵاتی جیهان دێت. لەم ژمارەیەش ٤٩ ملیۆنی دەستی کار و بەرهەم هێنن. بەگشتی ٤١ ملیۆن کەس لە ئێران دەتوانن چەک هەڵگرن، واتە ببن بە سەرباز یان یەدەگ لە سوپا. ژمارەی هێزە چەکدارەکانی ئێران نزیک بە ملیۆنێک و دوو سەد هەزار مەزندە دەکرێت، کە ٦٥٠ هەزاریان لە سوپان ٣٥٠ هەزاریش یەدەگن. دووسەد هەزارێکیش هێزی نیمچە سەربازی و ئەمنین. لە ناو سوپا، ٣٥٠ هەزاری هێزی پیادەیە و ٤٢ هەزاریش هێزی ئاسمانیی و ١٨ هەزار هێزی دەریاوانییە.
سوپای ئێران دوو هەزار تانکی جۆرە و جۆریان هەیە کە لە ڕیزبەندی دوازدەمین وڵاتی جیهانە. هاوکات، ٦٦ هەزار زرێپۆشی هەیە و و تۆپخانەکەی لە سێ هەزار و سێ سەد تۆپ پێک دێت. هێزی ئاسمانی ئێران ٥٥٠ فڕۆکەی شەڕکەر و هێرشبەر و فێرکاری و گواستنەوە و هەلیکۆپتەری هەیە، کە دەیخاتە ڕیزبەندی بیست و دووەمین وڵات لە جیهان .
هێز دەریایی ئێران ١٠٠ پارچەی هەیە. لەوانە ١٩ ژێردەریایی قەبارە جیاواز و حەفت کەشتی تێکشکێنەر (فریقاتە) و یەک هەڵگرەوەی مینی دەریایی، بەمەش سی حەفتەمین وڵاتی جیهانە.
لە ڕووی چەکی وێرانکەر و ستراتیجی تاکو ئەم ساتە ئێران خاوەن هیچ کڵاوەیەکی ئەتۆمی و چەکی کۆمەڵکوژ و هایدرۆجینی نییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی و هەواڵگرییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئێران نزیکە لە بەرهەمهێنانی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی، کە دەست گەیشتنی بەم چەکە بەهێزتری دەکات.
سەرڕای ئەمانە، بەهێزی وڵاتان بە چەندایەتی ژمارە و و ڕێژە و زۆری چەک و سەرباز نییە بەڵکو بەهێزیی ئابووری و بوونی ژێرخانێکی تۆکمە یەکلاییکەرەوەیە. بەپێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی ئێران لە ڕیزبەندی سی وحەفتەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ئابووریەوە، ئەمەش نەگونجاوە لەگەڵ خاک و ڕێژەی دانیشتوانی و توانای وەبەرهێنانی بەهۆی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی لەسەریەتی. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەو دۆخە سیاسەتی نەگونجاوی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە کە پاشوەچوون بەخۆوە دەبینێت بەبەردەوامی. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێران بە یەکێک لە زەنگینتـرین وڵاتانی جیهانە لە پیشەسازی نەوت و گاز. ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن و پێنج سەد هەزار بەرمیل، لە ڕیزبەندی نۆیەمین وڵاتی جیهانە، سێیەمین وڵاتی جیهانیشە لە نەوتی یەدەگدا بە ڕێژەی ٢٠٠ ملیار بەرمیل.
ئێران توانای بەرهەمهێنانی ٢٤٠ ملیار مەتر سێ جا گازی سروشتییە، لە ڕیزبەندیدا سێیەمین وڵاتی جیهانە بە بوونی ٣٤ ترلیۆن مەتری سێ جا یەدەگ. ئێران بەمە دەتوانێت ببێتە بەهێزترین وڵاتی جیهان لە ڕووی ئابووری و پێشکەوتنی زانستی بەڵام سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتدارانی بەردەوام لە داڕووخانی ئابووری ئەو وڵاتە و نزمبوونەوەی بەهای دراویانە، سەد دۆلار دەکاتە حەفت ملیۆن تمەن، ئەمەش وای کردووە کە حاڵ و بژێویی هاووڵاتییانی ئێران لە نزمترین ئاستی بژێوییدا بن.
بۆ پارسەنگکردنەوەی باری لار و شکستی ئابووری، تاران پەنای بۆ سیاسەتی سەربازی بردووە ئەویش بە هەوڵدان بۆ هەژموونگەرایی لە دەرەوەی سنوورەکانی لەڕێگای یارمەتیدان و خاوەندارێتی چەندین باڵ و گرووپ لە وڵاتانی ناوچەکە کە زۆربەیان هێزی عەقیدین و بەخوێن و گیان لەخزمەت سیاسەتی تاران دان و بەرگری لێدەکەن.
عێراق کراوە بە سەنگەری یەکەمی بەرگریکاریی لە سیاسەتی ولایەتی فەقیهـ، هاوکات عێراق کراوە بە پێگەی گواستنەوە و تەمویلی میلیشیاکانی دیکەی ئێران لە وڵاتانی دیکە.
لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ دا، بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لە ٢٠١١ دا، ئێران هەوڵی دەستوەردانی لە عێراق دا چڕکردەوە بە مەبەستی هەژموونکردنە سەر حکومەت و وڵاتەکە لەرێگای حیزبە سیاسییە شیعەکان. بەهاتنی داعشیش دوو هێندە هەوڵەکانی خەستر و قووڵتر کردنەوە. دواتریش میلیشیاکانی بەیاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران دا بەشەرعی کرد. لەپاڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئێران ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خاوەنی ١٨٠ ڕێکخراوی مەدەنی و خێرخوازی و فێرکاری و کۆمپانیای بازرگانییە کە بوونەتە بنەمایی گەشەسەندنی ئابووری و هەواڵگری ئەو هێزانە و گواستنەوەی دراوی بیانی و شوشتنەوەی دراو بۆ ئێران.
حیزبوڵای عێراقی وعەسائیبی ئەهلی حەق و حەرەکەی نوجەبا و ڕێکخراوی بەدر باڵی عەسکەری و مەدەنی و گرووپی حاجــــز سووفڕە و سەرایا خۆراسانی هەندێک لەو میلیشیا و گرووپانەن. ئەمەی کۆتاییان ڕاستەوخۆ بەستراوە بە مەرجەعی دینی لە تاران.
ژمارەی ئەندامانی ئەم گرووپانە بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام بە ٨٠ هەزار مەزەندە دەکرێن. بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان مووچەی زیاتر لە ١٢٠ هەزار چەکدار خراوەتە سەر بودجەی دەوڵەت. ژمارەی ڕاوێژکار و ڕاهێنەرە ئێرانییەکان لە عێراق دا بە ٣٠٠٠ مەزەندە دەکرێن و مووچەشیان لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ خەرج دەکرێت بە بودجەی تایبەت بە خێزانەکانیشیانەوە. لەهەمان کات چەند هاوپەیمان و حیزبی دیکەی عێراقی و کوردستانیش هەن کە بەفەرمی ڕایان نەگەیاندوە بەڵام بەپێی سیاسەتی ڕۆژانە و کردارەکانیان لە خولگەی ولایەتی فەقیهدا دەسوڕێنەوە.
سووریا سەنگەری دووەمی بەرگرییە بۆ ئێران. لە دەسپێکی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ و بەدواوە تاوەکو پەیدا بوونی داعش ١٣ هەزار ڕاوێژکار و ئەفسەری ئێرانی لەسەر خاکی سووریا دا بەقۆناغ جێگیر کران. لەنێویاندا، هێزەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە ماوەیەکە بوون بە یەکەمین نێچیری درۆنەکانی ئیسرائیل. ئێران بەدرێژایی سنووری سووریا لەگەڵ عێراق چەکدارەکانی حەرەکەی نوجەبای عێراقی لە قونەیتڕەی نزیک جۆلان جێگیر کراون. هێزی دیکەش وەک، چەکدارانی پاکستانی و ئەفغانی و لوبنانی هەن بێجگە لە میلیشیا سوورییەکان کە دابەش دەبن بەسەر گرووپەکانی کەتیبەی زەهرا و کەتیبەی سەیدل شوهەدا و حیزبوڵای سووری و قواتی ئەلنمر. ئەمە و ئەو ئەفسەرانەی پەیوەندی لەناو ڕیزەکانی سوپای سووریا دا بەهەمان شێوە ڕۆچوونەتە ناو سوپای عێراق و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانی هەردوو وڵات.
بەپشتبەستن بە ڕاگەیاندراوی ئەفسەری باڵا و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لیوا محمد عەلی جەعفەری دەڵێت ئێران کۆنترۆڵ و سەرکردایەتی زیاتر لە سەد هەزار چەکدار دەکات لە سووریادا.
لوبنان قورسایی گەورەی میلیشیا ئێرانییەکانە. بەپێی داتا و زانیارییەکان زیاتر لە ١٢٠ هەزار چەکداری حیزبوڵا هەیە لە لوبنان کە دەستیان بەسەر جومگەی سیاسی و ئابووری و سەربازی وڵاتەدا گرتووە.
حیزبوڵای لوبنانی بە ژمارە و جبەخانە و ئابووریەوە بەهێزترین میلیشیاکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا چەندین ساڵە خاوەنی مووشەکی کورت و مامناوەند مەودا و دوو هەزار درۆنێکی هەیە و ئەزموونی چەندین ساڵەی شەڕی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل هەیە. چەندین زریپۆش و سیستەمی بەرگری ئاسمانیشی هەیە کە لەئێرانەوە بەدەستی هێناوە.
یەمەن دواین باڵ و پێگەی دەستڕۆشتویی و هەژموونی ئێرانە. هێزی حوسییەکان کە ژمارەیان ناجێگر و داتایی فەرمی نییە لەبارەیانەوە. بەڵام لە ٢٠١٤ وە لەڕێگای تەجنیدکردنی هەزاران چەکداری نافەرمی لە ڕیزەکانیاندا لەگەڵ بەکارهێنانی بارەگا و جبەخانە و چەکی سوپای یەمەن، ئێستا هێزێکی زۆریان کۆ کردۆتەوە. سەربازگەی مەشقی مێرمنداڵانیان هەیە. بەگشتی ژمارەیان لە نێوان ملیۆنێک بۆ ملێون و نیوێک مەزندە دەکرێت. خاوەنی مووشەکی هەمــــەجۆر مەودا و فرە قەبارەن، هەندێک لەو مووشەکانە تا ٢٠٠٠ کیلۆمەتر دەڕوات. هەروەها کەشتی خێرا و درۆنیان هەیە کە سوودی لێ دەبینن بۆ کێشە دروستکردن لە گەرووی بابول مەندەب دا. ئەمە وێنەیەکی خێرای هەژموونی بەرفراوانی ئێرانە لە ناوچەکەدا. بۆیە ناکرێت باس لەو هاوپەیمانیەتیانەی ئێران نەکەین لەگەڵ ڕەوتە توندڕەوەکانی وەک حەماس و جیهادی فەڵەستینیش.
ئێران لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە هاوپەیمانیەتی هەیە و ئەندامی ڕێکخراوی BRICSـە کە هەریەک لە بەرازیل و ڕووسیا و ئێران و چین و سریلانکا تیادا ئەندامن. هاوکات ئێران خەریکی هاوپەیمانییەکی ستراتیجیە لەگەڵ ڕووسیا وچین کە دوای ئەمریکا دووەمین بەهێزترین وڵاتن بۆ سوپا و هێزی چەکداری.
بەبێ بوونی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ڕووسیا و چین، ئێران بە هۆی فراوانی سێبەرەکانیەوە هەژموونی گەورەترە لە قەبارەی حەقیقی خۆی. بۆیە بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەی ململانێکان لە ناوچەکدا.
بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئێران پێویستە هاوپەیمانییەک پێک بێت وەک ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە پێکهاتبێت لە هەریەک لە سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل و هەر شەش وڵاتەکەی دیکەی کەنداوی فارس بە عێراقەوە، ئەگەرهەموو عێراقیش نەبێت، لەگەڵ میسر. ئەمە کارێک و هەنگاوێکی حەتمییە بۆ هەر پلانێکی درێژخایەن بۆ لێدانی ئێران و باڵەکانی. دیارە ئەمە کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە بڕیاری نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایە چونکە باڵەکانی ئێران بەرفراوان و خاوەنی چەک و چۆڵی زۆرن. بۆیە ناوچەکە پێویستی بە ڕێککەوتنێکی دیکەی وەک کامپ دێیڤد هەیە بۆ ڕێکخستنەوەی و پاراستن و سەقامگیری.