عەبدولرەحمان گەورکی
یەکێک لە تاکتیکە دیارەکانی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهـ، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا، شەڕهەڵایسان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە بۆ پەردەپۆشکردنی سەرکوت لە ناوخۆی ئێران دا. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشهاتانەی کە لە ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویانداوە، هیچ حکومەت و هێزێک هەڕەشەکانی ئەم ڕژێمە بە جددی وەرناگرێت!
ئێستا چەند مانگ و چەند ساڵێکە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دا، ڕێوشوێنی سەربازی لە دژی هێز و سیما ناسراوەکانی ئەم ڕێژیمە دەگیرێتەبەر و دەکوژرێن. لە سەرەتای شەڕی غەززەوە لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجامدەرانی “نادیار” نین، ڕژێمی ویلایەتی فەقیهـ جگە لە “بێدەنگی” کاردانەوەی نەبووە و نەیتوانیوە هیچ بکات. ئەگەر کارێکی کردبێت، بە ڕێگەی وەکیلەکانییەوە (پڕۆکسییەکانییەوە) کردوویەتی. ئەم “تابلۆ”یەش چەندین ڕاستییەکی تێدایە!
پاشنیوەڕۆی ١٣ ی خاکەلێوەی ٢٠٢٤، ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان هەواڵی بۆردومانی سەختی کونسوڵخانەی ڕژێمی “ئێران”یان لە دیمەشق بڵاوکردەوە. ئەم ڕووداوە لە گەرماوگەرمی شەڕی غەززە دا ڕوودەدات کە لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دا دەستی پێکردووە و ڕۆژانە ژماری قوربانییەکانی ڕوو لە زیادبوونە. شەڕێک کە هێشتا بەردەوامە و کۆتاییەکەی نادیارە!
هۆکاری سەرەکی ئەم شەڕە کێیە و ئاسۆکانی چییە؟ ئاگربەست دەکرێت یان ئاشتی؟ ئایا ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت یان کۆتاییەکەی پێشبینی کراوە؟ براوە و دۆڕاوی شەڕەکە کێیە و چارەسەری بنەڕەتیی ئەم شەڕە چییە و چۆنە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دێنە مێشکی هەموو کەسێکەوە!
ئەگەرچی شەڕی فەلەستین مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا لە ئارادایە، لە ڕاستیدا شەڕێکە پان و بەرینتر لە خاکی فەلەستین. چونکە هەر لەو ڕۆژەوە خومەینی بە فێڵکردن، خۆی بەسەر خەڵکی ئێران دا سەپاند، ئەم شەڕەی کردە سەکۆیەک بۆ فراوانخوازی و فرەخوازی وڵاتەکەی بۆ باڵ هاویشتن بەسەر ناوچەکەدا و بەرەو دەریای ناوەڕاست. شەڕفرۆشتن لە دژی عێراق و پاراستنی دیکتاتۆرییەت لە سووریا و پێکهێنانی گرووپی بە وەکالەت لە ناوچەکەدا، لەوانە لە لوبنان، پەیوەندی بەمەوە هەیە. بۆیە زۆر ڕوونە کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ لە ئێران، داتاکانی دیمەنی فەلەستینی گۆڕیوە و خۆی کردۆتە لایەنی سەرەکیی شەڕەکە. لە کاتێکدا خاوەنی سەرەکیی فەلەستین، گەلی فەلەستینە.
بەپێی دەقی ڕوونی “قورئان” زەوی هی ئەو کەسەیە کە کاری لەسەر دەکات! واتە هەموو زەوییەک خاوەنی ڕەسەنی خۆی هەیە. بەڵام مەبەست لە پێکهێنانی هێزی بە وەکالەت، دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا!
دوای ڕاپەڕینە مەزنە سەرتاسەرییەکەی ٢٠٢٢، خامەنەئیی بە شێوازی خومەینی، کە بە مەبەستی پێشگرتن لە سەرهەڵدان و ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهـ، هەڵایسان شەڕ و شەڕفرۆشتنی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە، هەنگاوی بۆ نا. بەڵام ئەمجارە هێڵی شەڕفڕۆشی لە دەرەوەی سنوورەکاندا بۆتە زەلکاوێک کە سەرەڕای سیاسەتی سازان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینیی لە ئێران، هەرگیز ڕژێمی ویلایەتی فەقیهـ لێ دەرناچێت! بۆ؟
ئەگەر خەڵکی ئێران و بەرخۆدانە ڕێکخراوەکەی لە سەرەتای ڕێگادا بوون، کاتێک ڕژێمی ویلایەتی فەقیهـ هاتە سەر کار و هێشتا بە کردەیی دەستەویەخەی ئەم ڕژێمە نەبووبۆوە، بەڵام ئێستا، بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی ناوەوە و دەرەوەی ئێران، خەڵک و بەرخۆدانەکەی بە زانیاری و ئامادەکارییەکی تەواوەوە، هەر زوو درکیان بەم هەڵەیەی حیساباتی وەلی فەقیهـ کرد و بانگەشەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دا کە نزیک ببنەوە لە فۆرمولەی “سەری ماری ویلایەت لە تارانە”! ئەمەیش ڕاستییەکە کە هەموو مرۆڤ و ڕەوتێکی سەربەست دەتوانێت ڕۆڵی تێدا بگێڕێت. تا ئەو ڕۆژەی کۆمەڵگای جیهانی ئەم “شێرپەنجەیە” کە پێی دەوترێت “ویلایەتی فەقیهـ” لە جەستەی خۆی بکاتەوە!
خامەنەئیی لە پەیوەند بە پرسی شەڕ لە غەززە لەم ماوەیەدا گوتی: ئەمڕۆ پرسی سەرەکیی، پرسی فەلەستین و غەززەیە. ئەمڕۆ مقاوەمەت لە ڕۆژئاوای ئاسیا، پرسێکی بنەڕەتییە.” چونکە ئەوەی بۆ خامەنەئیی گرنگە، “پاراستن و مانەوەی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهە”، کە بە گوتەی خومەینی “لە هەموو فەڕزێک فەڕزترە”.
خێرابوونی قەیرانەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهـ لە ئێران، لەوانەش قەیرانی نمایشی هەڵبژاردنی ڕژێم کە زیاتر لە ٧٥% ی خەڵکی ئێران بایکۆتیان کرد، پێشەکییەکە بۆ خێراتربوونی پێشهاتەکانی ئێران لە ساڵی نوێدا، کە وریایی و ئامادەیی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کۆمەڵگای ئێران و شۆڕشی دیموکراتیک بە دووقات زیاد دەکات.
شەش مانگ لەمەوبەر، کاتێک خامەنەئیی لە ترسی ڕاپەڕینێکی جەماوەری و بە مەبەستی گرتنەوەی ئەم سەرهەڵدانە، شەڕێکی بێ وێنەی لە ناوچەکەدا دەستیپێکرد، سازشتکارانی ڕۆژئاوایی گوتیان: “هیچ نیشانە و بەڵگەیەک نییە کە ڕژێمی ئێران دەستی لە شەڕی غەززە دا بێت”. کەوایە چی وای لێکردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆردومانکردن، هەنگاو بە هەنگاو، ناوەند و سەرکردەکانی هێزی تیرۆریستیی قودس لە سووریا و عێراق و یەمەن بکەنە ئامانج و بەردەوام جەخت لەسەر ڕۆڵی ئەم ڕژێمە بکەنەوە لە شەڕی غەززە دا.
ڕاستییەکان سەرسەختن و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن. ئەو ڕاستییەی کە بەرخۆدانی ئێران، ڕاستەوخۆ دوای شەڕفرۆشتنی خامەنەئیی لە غەززە ڕایگەیاند: “پێویستە سەری ڕەشەمار و فاشیزمی ئایینیی لە تاران بکرێتە ئامانج”. ئێستا، مەترسییەکە، خۆ دوور ڕاگرتنە لە پانکردنەوەی سەری ڕەشەمارەکە! ڕاستییەک کە ڕۆژانە پێویستی و ڕاستییەکەی زیاتر دەردەکەوێت و بانگەشەی هەمووان دەکات کە سەرنجیان لەسەر “پانکردنەوەی سەری ڕەشەمارەکە بێت لە تاران”.
لەم دواییانەدا شارەزایەکی بەسیجی لە تەلەفزیۆنی ڕژێمی ئێران گوتی: ئەوان “قاسم سولەیمانی”یان لێکوشتین، گوتمان تۆڵەی توند، “سەید ڕەزی”یان لێکوشتین، گوتمان تۆڵەی توند، “عەراوی”یان لێکوشتین، بەرپرسانی حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبییان لێکوشتین، گوتمان تۆڵەی توند و گوتمان لە کوێ بیرتان لێ نەکردۆتەوە لەوێوە تۆڵەی توند دەکەینەوە! بەڵام نازانین لە کوێ و کەی! بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەجلیسی ڕژێم (ئاخوند ڕەسایی) کە گوتی: ئێستا مرۆڤ ڕشانەوەی دێت بەو ڕستەیە!
دوو ڕێیانی چارەنووس!
لەسەر هێڵی نەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو و گۆڕینی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕاپەڕینە جەماوەرییە بەربڵاو و سەرتاسەرییەکان و پەرەسەندنی بەرخۆدانی سەرتاسەری لە ئێران و ستراتیجی مقاوەمەت بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، تا ڕادەیەک وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە ڕوون دەبێتەوە. هۆکاری سەرەکیی شەڕفرۆشی و هەڵایسانی شەڕ لە ناوچەکەدا ڕژێمی ویلایەتی فەقیهە لە ئێران. ئاگربەست و ئارامی و ئاشتییەکی بەردەوام لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا نایەتی دیتن و هەروەک مقاوەمەتی ئێران زۆر جار ڕایگەیاندووە، دۆڕاوی ستراتیجی ئەم شەڕە خامەنەئیی و ڕژێمەکەیەتی!
ڕژێمی ئێران لە بەرامبەر ئەو گورزە کوشندانەی بەریکەوتووە، جا وڵام بداتەوە یان نا، “پانکردنەوەی سەری ڕەشەمارەکە” وەک “ستراتیجییەکی باڵاتر” لەسەر ڕێیەتی و گەل و بەرخۆدانی ئێران ئاڵا هەڵگری ئەم فۆرمولەیە و هەرواش دەردەچێت و ڕژێمی ئێران ناتوانێت لە چارەنووسێکی وا ڕزگاری بێت! ئەمساڵ، ساڵی هاتنە دیی ئەم ڕاستییەیە و خەڵکی ئێران و ڕۆڵەکانی سوێندیان خواردووە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بڕوخێنن.



