سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کاملای گوریسەکە بگیرێت؟

سامانی وەستا بەکر                       

هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بوێرییەکی زۆری پێویست بوو تا ئێران ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل ئەگەرچی سنووردار و بەپێی ئاگادارکردنەوەی پێشتریش بوو.

ئێران:

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، بەگوێرەی بۆچوونی ئێرانییەکان چیتر بۆ ئەو وڵاتە نەدەگونجا لەڕێی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە وەڵام بداتەوە، چونکە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانە بە هێرشکردنی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی وڵاتی هێرشکراو هەژماردەکرێت. ئەگەرچی بەپێی هەواڵگری ئیسرائیل باڵوێزخانەکە وەک بنکەیەکی سەربازی و کاری سیخوڕی بەکارهێنراوە، بەڵام ڕۆژگار دەیسەلمێنێت کە ئێران هەڵەشەیی و پەلەی کردووە لەو بڕیارەیدا.

دەگوترێت هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بەپێی ڕێکەوتن و ئاگاداری پێشووتری ئەمریکا و ئیسرائیل کراوە، ئەویش بە مەبەستی پاراستنی شکۆی سەربازی و سیاسی ئێران کە چەندینجار لەلایەن ئیسرائیلەوە شکێنراوە و ئێران بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی سنوورداری هەبووە.

ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ هێرشی نەکرادایە چیتر لەلایەن هێزە هاوسۆزەکانییەوە لە دەرەوەی سنوور متمانەی ئەوەیان نەدەما کە ئێران توانای پاراستی ئەوانی هەیە، چونکە ئەگەر ئێران توانای پاراستنی زەوی و خاکی خۆی نەبێت بێگومان توانای پاراستنی کەسی دیکەشی نابێت.

ئەگەرچی باس لەوە دەکرێت کە ئێران لەڕێی باڵوێزخانەی سویسراوە نەخشە و کاتی هێرشەکەی گەیاندۆتە ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵام ئەگەر ئەو گریمانەیەش لاوازبێت ئەوە ئێران بەردەوام لەڕێی بڵاوکردنەوەی بەیانامە و ڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکانیەوە  ئاگاداری دەدات بە ئیسرائیل کە نیازی هێرشی هەیە، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئیسرائیل ئامادەسازی بکات و کەمترین زیانی بەرکەوێت چونکە ئێران و ئابوورییەکەی بەرگەی کاردانەوەی توندی ئیسرائیل ناگرێت.

هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە شکستی ئەو وڵاتە کۆتای هات و سەرەنجام بۆ ئێران و هەموو هێزە هاوسۆزەکانیشی سەلمێنرا کە موشەکەکانی ئێران ناتوانێت بەسەر تەکنۆلۆجیای ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی زاڵبێت.

ترسی ئێران لەو کارەی و کاردانەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا هێندە زۆربوو هێشتا موشەکەکانی ئێران بە ئاسمانەوە بوون کە ئێران ڕایگەیاند ئەوان کۆتاییان بە هێرشەکە هێناوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێران ئەوە دەزانێت کە تەکنۆلۆجیای سەربازی ئەو وڵاتانە توانای خستەنخوارەوەی موشەک وهێزە دەریایی و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی نییە.

بەم کاردانەوە و هێرشە هەڵەشەیە، ئێران هاوکاری و سوودێکی زۆری بە ئیسرائیل گەیاند و جارێکی دیکە کردیەوە بە منداڵە خۆشەویستەکەی ڕۆژئاوا.

ئیسرائیل:

ساڵانێکە  ئیسرائیل بە چەندین هۆکار لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئێران لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ تێوەگلێنێ لەبەرچەن هۆکارێک:

تا بتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر پێگەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆتای بە دڵەڕاوکێی بەدەستهێنای چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە نەیارەی خۆی بهێنێت.

تا جبەخانەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران پشانی جیهان بەگشتی و بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو بات کە ئێران چ جبەخانەیەکی کۆکردۆتەوە و چەندیش مەترسییە بۆ سەر جیهان بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو.

ئیسرائیل توانی پشتگیری بێ مەرجی ڕۆژئاوا و زۆربەی و هەرە زۆری وڵاتانی جیهان بەدەستبهێنێتەوە و ئەوەش بۆ ئێران و هەموو ئەوانە بسەلمێنێت کە بەهەڵە لە لێکدانەوەیان بۆ پشتگیری مرۆڤدۆستانی جیهان بۆ خەڵکی سیڤیل غەززە دەکرد.

لە دوای هێرشە تیرۆرستییەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئیسرائیل کار بۆ ئەوە دەکات بیسەلمێنێت کە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین باڵی ڕانەگەینراوی سوپای قودسی ئێرانەوە، بۆیە  ئیسرائیل کار لەسەر ئەوە دەکات کە خودی ئێران ڕاپێچی جەنگێکی ڕاستەوخۆ بکات لەبری هاوسۆزەکانی، لەمەشا سەرکەوتوبوو.

ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت، چونکە لەلای ئیسرائیل کار بە هاوکێشەیەک دەکرێت کە لاوازی بەواتای نەمان و کۆتای ئەو وڵاتە، بۆیە وەڵامیان دەبێت، ئێستاش کاتە گونجاو ئاڵتونییەکەی ئیسرائیلە کە هێرشی ڕاستەوخۆ و بێ پەردە بکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و تواناکانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبکات، هەر ئەوەشنا بگرە ئەگەر بەگونجاوی بزانن دوور نییە هێرش بکەنە سەر مۆڵگەی موشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە و تونای سەربازی و ئابووری ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبکەن بەڵام ئەم کارە بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نابێت و ناکرێت.

ئەگەرە بەهێزەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل هێرشی سایبەری بکاتە سەر ئێران و لە ڕێگەیەوە زیانی زۆر و گەورە بگەیەنێتە ئێران و لەم کارەشدا پێویستی بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکی نییە و لە هەمانکاتیشدا دەتوانێت سوود لە تواناکانی کۆی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی وەرگرێت بەبێ ئەوەی تووشی کاردانەوەی ئێرانیان بکات.

ئەمریکا

لەبەر ئەوەی ئەمریکا، بەتایبەتی دیموکراتەکان و جۆن بایدن، هەلبژاردنیان لە پێشە کار بۆ ئەوە دەکەن کە کار لە کار نەترازێت و ئیسرائیل وەڵامی نەبێ، هەروەک چۆن لە پێشووتر هەوڵی زۆریان دەدا کە ئیسرائیل هێرشی سنووردار بکاتە سەر کەرتی غەززە، چونکە  بەشی هەرە زۆری دەنگدەری عەرەب و ئیسلامەکانی ئەمریکا دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن. بۆ نموونە، ولایەتی “میشیگان” بەشێوەیەکی گشتی بنکەی جەماوەری دیموکراتەکان دژی هەڵگیرسانی جەنگ و تیوەگلانی ئەو وڵاتەن.

 لە ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی ڕاستەوخۆدا لە بەرژەوەندی دیموکراتەکان و جۆن بایدن نییە و کارەکە لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان کۆتایی دێت، لەبەر ئەو هۆکارە لە ئێستادا تیمەکەی جۆن بایدن هەوڵێکی زۆر دەدەن کە ئیسرائیل وەڵامی نەبێت، بەڵام ستراتیجی قووڵی ئەمریکا و بەرژەوەندی ئەو وڵاتە شتێکی دیکەیە و لەسەروی جۆ بایدن و هەڵبژاردنەکانەوەیە و پاراستنی ئیسرائیل بۆ ئەوان پاراستنی ڕاستەوخۆی ئەمریکایە و نەمانی ئیسرائیل نەمانی کۆتای بەرژەوەندییەکانێتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بگرە ئاسیا و بەشێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپاش.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لەوەی کە پاڵپشتی سەربازی و ستراتیجی ئیسرائیل بکەن و شەوی ڕابردووش بەکردار ئەوەیان سەلماند.

ئەمریکا خودی خۆی هێرشی ڕاستەوخۆ ناکاتە سەر خاکی ئێران بەڵام چەند کارێکیتری زۆر گرنگ و یەکلایکەرەوە بۆ ئیسرائیل دەکات، لەوانە:

یەکەم، هێرش دەکاتە سەر هەر هێزێکی هاوسۆزی ئێران کە بیانەوێ زیان بە ئیسرائیل بگەیەنن.

دووەم، سنووری ئیسرائیل دەپارێزن و ڕێگەنادەن هیچ موشەک و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل.

سێیەم، چەک و جبەخانەی زۆر و بەهێز و نوێترین تەکنۆلۆجیا دەگەیەننە ئیسرائیل کە دەبێتە هۆکاری یەکلاکەرەوە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆدا.

چوارەم، دروستکردنی هاوپەیمان دژی ئێران و توندکردنەوەی گەمارۆی ئابووری.

جی ٧ (G7)

کۆی ئەو وڵاتانە پشتگیری خۆیان بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند، ئەمەش هەنگاوێکی دیکەیە کە بە سوودی ئیسرائیل و  شکستی ئێران دەشکێتەوە، ئەمە لەکاتێکادایە کە پێش هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کۆی ئەو وڵاتانە ‌هەڵوێستێکی جیاوازتریان هەبوو بەرامبەر شێوازی مامەڵەکردن و جێبەجێکردنی پلانی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە، بەڵام کورتبینی ئێران ئەم هاوکێشەیەی پێچەوانە کردەوە و گەڕاندییەوە سەر ڕێچکەی پێشوو و هەمیشەیی خۆی.

وڵاتانی کەنداو

وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودییە سیاسەتێکی زۆر زیرەکانە پەیڕەو دەکەن و خۆیان تێوەناگلێنن.

سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و عومان و کوێت تا ئاستێک یەک ستراتیج و یەک سیاسەتیان هەیە. لەسەرەتای هێرشە تیرۆرستییەکەی حەماس بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل ئەوان بێدەنگن، ئەگەرچی ناوبەناو سەرکۆنەی کوژرانی خەڵکی سڤیل دەکەن لە کەرتی غەززە بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی وایان نییە بەرامبەر ئیسرائیل کە ببێتە هۆکاری خراپبوونی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لەبەر چەند هۆکارێک:

یەکەم، ئەوان بزوتنەوەی حەماس و حیزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن و هێزە شیعییە یاخییەکانی عێراق  بە باڵی سەربازی ئێران دەزانن و ئێرانیش نەیاری سەرسەختی ئەو وڵاتانەیە و سەرکەوتنی ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ئەوانیشە.

دووەم، حەماس، حیزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن و هێزە شیعییە یاخییەکانی عێراق چەند هێزێکی ئیسلامی جیهادین کە ئەوان بەنەیاری بەرژەوەندییە سیاسییە ناوخۆییەکانی خۆیانی دەیبینن.

سێیەم، بەهێزبوونی ئێران بەواتای لاوازی ئەوانە.

چوارەم، سەرکەوتنی ئێران دەبێتە هۆکاری دەستبەسەراگرتنی سنوورە ئاوییە هاوبەشەکان و سەرەنجام پاشەکشێی ئابووری ئەو وڵاتانەی لێ دەکەوێتەوە.

پێنجەم، ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلێکی بەهێزدا بۆ ئەوان گرنگتر و ستراتیجیترە لە ئێرانێکی نەیاری شیعی و دژ.

شەشەم، وڵاتانی کەنداو ئامادە نین دەست لە پڕۆژەی ئاشتەوایی ئایینە ئیبراهیمییەکانی نێوان ئەوان و ئیسرائیل هەڵگرن و بگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەکەم.

ڕووسیا

ڕووسیا گەورەترین سودمەندی کۆی ئەم هەموو پشێوی و جەنگە نەخوازراوەی ناوچەکەیە چونکە سەرنجی کۆی جیهان لە ئۆکرانیاوە گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل-غەززە و ئێران. لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکەدا ڕووسیا دەستی واڵا دەبێت کە جەنگی ئۆکرانیا-ڕووسیا لە بەرژەوەندی خۆی کۆتای پێبێنێت و هەژموونی خۆی بەسەر ئەوروپا دا بسەپێنێت.

هەرێمی کوردستان

ئەزموونەکان سەلماندووە کە کورد و کوردستان هیچ بەرژەوەندییەکی ستراتیجی و درێژخایەنی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا نییە بەڵکو کۆی ئەو وڵاتانە کورد و خاکەکەشی لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن. بۆیە گرنگە کورد بە دوورییەکی یەکسان لە کۆی لایەنەکانی ئەو جەنگانە بوەستێت، بگرە هەوڵبدات باشترین پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبێت و کار بکات بۆ دروستکردنی بەرژەوەندی ستراتیجی بەجۆرێک کە زلهێزەکان و وڵاتانی هەرێمیی پاراستنی کورد و کوردستان بە بەشێک لە ئاسایش و بەرژەوەندی خۆیان هەژماربکەن. نموونەی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئیسرائیلی دەکەن.

گرنگە کورد بەگشتی، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان، لەناوخۆیاندا یەک و یەکگرتووبن و دەست بە ناوەڕاستی گوریسەکەوە بگرن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO