کامەران حەسەن
کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتا و زیانێکی زۆری گەیاندە خاوەن دوکانەکان. لە دوای ئەم ڕووداوە لە ١ ی نیسانی ٢٠٢٤ لە بازاڕی چەلێی دهۆک ئاگرکەوتەوە و لە ٨ ی نیسانی ٢٠٢٤ دیسان بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتا و زیان گەیشتە ٢٠٠ دوکانی ئەم بازاڕە، کە خەڵکانێکی زۆر پێداویستییەکانیان لەم بازاڕانە دەکڕن.
شەڕی مەعریفی چییە؟
شەڕی مەعریفی (cognitive warfare) شتێکی نوێ نییە. لایەنە لاوازەکان لە ململانێیەکی ناهاوسەنگدا زانیاری و بیرۆکەکان دەستکاری دەکەن بۆ ئەوەی نەیارانی بەهێزتر ڕازی بکەن کە شەڕ نەکەن وەک ئەسپی ترۆجان. ئەوەی نوێیە ئەوەیە کە تا چەند تەکنەلۆجیاکان شەڕی مەعریفی دەسەڵاتیان پێدەبەخشن کە ببنە هۆکاری لێوەرگرتنەوەی شەرعییەت لە حکومەتەکان لە ڕێگەی دروستکردنی ناتەبایی و دابەشکارییەوە بە مەبەستی بە زۆر قبوڵکردنی ئیرادەی سیاسی. هەروەها ئامرازەکانی هاوبەشکردنی زانیاری ڕێگە بە نەیاران دەدەن کە ڕاستەوخۆتر لە جاران دەستوەردان بکەن لە پرۆسەی سیاسی نیشتیمانیدا. شەڕی مەعریفی هاوشانی شەڕی وشکانی و دەریایی و ئاسمانی و بۆشایی ئاسمان و ئەلیکترۆنی بە بوارێکی نوێی شەڕ دادەنرێت. هێرشەکانی شەڕی مەعریفی ئامانجیان گۆڕین یان بەلاڕێدابردنی مێشکی سەرکردە و ئۆپەراتۆرەکانە، ئەندامانی چینە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانە، ژنان و پیاوانە لە سوپادا، یان لە ئاستێکی گەورەتر، تەواوی دانیشتوانی ناوچەیەکی دیاریکراوە. هەروەها کاریگەری خستە لە سەر وڵات، یان گرووپێک لە ناو وڵات، سنوورێکی حومکمڕانی، ئەویش بە دروستکردن بەربەست لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، هاتوچوو و گواستنەوە، هتد.
توێژینەوەیەکی ناوەندی داهێنانی ناتۆ لە ٢٠٢١ دا ئاماژەی بە گرنگی شەڕی مەعریفی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سۆشیال میدیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا و مۆبایل شەڕی مەعریفی چالاک دەکەن. ڕاپۆرتەکە دەڵێت: “تەنها زانیاری و هەواڵی درۆ یان ساختە بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەعریفییەکان کافی نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی حکومی هاککراو لە ئەکاونتی ئیمەیڵی بەرپرسێکی حکومی، بە شێوەیەکی نەناسراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاوبکرێتەوە بۆ دروستکردنی ناکۆکی بەسە”. کۆبوونەوەی زانستی ناتۆ سەبارەت بە شەڕی مەعریفی دیدگا و پێناسەی زیاتری خستەڕوو. هاوکات لەگەڵ وشکانی، دەریا، هەوا، بۆشایی و ئەلیکترۆنی (کە هەموویان بەیەکەوە دەبەستێتەوە)، شەڕی مەعریفی سنووری خۆی هەیە و کردارەکانی لە بواری مەعریفە، وروژاندنی هەستەکان، تێربوونی سەرنج، کۆنترۆڵی سەرنجەکان، هەڵەی حوکمدان و لایەنگری مەعریفی لەخۆدەگرێت.
شەڕی مەعریفی هێرش دەکاتە سەر متمانە بە پرۆسەکان، بە مرۆڤەکان، بە دامەزراوەکان، بە سیاسەتمەداران و هتد. متمانەش لاوازییەکە کە، نەک “چ شتێک” بەڵکو “چۆنیەتی” بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دەکاتە ئامانج. متمانە لە نێوان هاوپەیمانان، کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ڕوون و ناڕوون و بەها هاوبەشەکان دامەزراوە، بە تایبەتی لاوازییەکانە.
کلیلی سەرکەوتن لە شەڕی مەعریفیی، توانای ڕووخاندنی ئیرادەی دوژمن و پاراستنی ئیرادەی نەتەوەیە. ئەمەش وا دەکات کە تەرکیز لەسەر تەکنۆلۆجییەکان زیاد بکات بەڵام زۆرجار ئەمە فەرامۆش دەکرێت. شەڕی مەعریفیی هەڕەشەیە بۆ سەر هەر وڵاتێک و ئیرادەی نەتەوەیی ئەوان بۆ شەڕکردن و خەباتکردنە، ئەمەش کاریگەری لە سەر پێناسەکردنی بەها نەتەوەییەکان و شێوازی بەرگری کردن لێیان و تێگەیشتن لە پێناسە ئاڵۆزەکانی شەڕ و ئاشتی هەیە. لە ئەنجامدا دوژمن دەگاتە مەبەستی خۆی و ناکۆکی نێوان خەڵک و حکومەتە شەرعییەکەی دروست دەکات. بەرەنجامی ئەمەش ناسەقامگیری و بێهیوایی بۆ بەرگری کردن لە وڵات دەخوڵقێنێت.
شەڕی مەعریفی یەکێکە لە شەڕە کاریگەرەکان و نوێیەکانی ئەم سەردەمە کە لەلایەن دوژمنانێک ڕێکدەخرێت کە مەرج نییە لەگەڵیان لە شەڕدا بین، دەکرێت ئاستی پەیوەندییەکانیش ئاسایی بن. ئامانجی شەڕی مەعریفی ئامانجکردنی زەین و تێڕوانینی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەکانە بە مەبەستی کاریگەری دروستکردن و بیرکردنەوە بەو شێوازەی کە دوژمن مەبەستییەتی.
شەڕی مەعریفی لە دژی هەرێمی کوردستان
هەر جارێک سووتانی بازاڕی لەنگە ڕوودەدات، ئەم بیرۆکەیە دێتەوە خەیاڵی خەڵک کە بەرپرسانێک بە نیازن ئەم بازاڕ بە خاوەن دوکانەکان چۆڵ بکەن. ئەمە هۆکارێکە کە دەکرێت مەودای نێوان خەڵک و دەسەڵات زیاد بکات و نامتمانەیی بەرهەمبێنێت.
لە شەری مەعریفی چەند هەنگاوێک یەک لە دوای یەک دەبینین وەک: کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک، تێکچوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ناتەبایی، پەکخستنی ئابووری، تێکدانی ژێرخانی ئابووری، کاریگەریی دروستکردنی لە سەر سیاسەتی حکومەتەکان، لە کۆتاییدا ڕووخانی حکومەت.
لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کە بەرەوڕووی شەڕێکی مەعریفیی سەخت بۆتەوە، کۆمەڵگەی کوردستان دابەش بووە، سیاسەتەکانی حکومەت یەکدەست نییە و بە هۆی هاوپەیمانی و کێشەکان ناتەباییەکی سیاسی دەبینین. ئابووری هەرێم لە ئاستێکی مەترسیدارە کە چەندین هۆکاری هەیە یەکەم نەبوونی بوودجە لە ١٠ ساڵی ڕابردوو و کێشەی مووچە و بڕیارەکانی حکومەت کە بارگرانییەکی زۆری لە سەر خاوەنکارەکان دروستکردووە و هۆکارێکە بۆ دەرچوونی سەرمایە بۆ دەرەوەی هەرێم؛ هاوکات، تێکدانی ژێرخانی ئابووری هەرێم کە لە مووشەکبارانەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەبینین سەرمایەدارە گەورەکانی کردووەتە ئامانج (خاوەن سەرمایەکان لە کەشێکی ناسەقامگیر هەوڵ بۆ دەرکردنی سەرمایەکانیان دەدەن)؛ سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک دەکرێت لە چوارچێوەی تێکدانی ئابووری بێت، مەترسی ئەوە هەیە سەرجەم ئەم هەوڵانە بۆ لە ناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت. بە پێی بنەماکانی شەڕی مەعریفیی و واقعی ئێستای هەرێم دەبینین کە شەڕەکە زۆر گەورە بووە، شایانی ئاماژەیە کە لە شەڕی مەعریفی کاتێک بە ئاگا دێین، کار لە کار ترازاوە. زۆر پێویستە هەرێمی کوردسان بە شێوەیەی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم شەڕە کوشەندەیە بکات.
بە ئامانجگرتنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە بڕینی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانەوە دەستیپێکردووە، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە، هۆکارەکانی ئەم بابەت وای کردووە کە گرفتی جیدی بۆ هاووڵاتییان لە ڕووی ئابوورییەوە بخوڵقێت کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر بازاڕ هەیە. خاوەنسەرمایەکان لە ژێرگوشارێکی زۆرن کە ئایا لە بازاڕی هەرێم بەردەوام بن یان نا، دوو هێرشی موشەکیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە هەولێر کە ماڵی دوو گەورە سەرمایەداری هەرێمی کردە ئامانج هەوڵێکە لە درێژەی شەڕی مەعریفییدا. لە دۆخێکی وا هەستیار ڕەنگە هاوڵاتیانی ئاسایی بە لێدانی ماڵێکی سەرمایەدارێک دڵخۆش بن ئەمەش هەمان مەبەستی دوژمنە، لە لایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان لە بەر چاوی خاوەنسەرمایەکان ناسەقامگیر دەکات. دەرچوونی هەر خاوەنسەرمایەیەک بێکاری زۆرتر و قووڵبوونەوەی کێشە ئابووریەکانی لە دواویەتی. یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە شەڕی مەعریفیی بەناوبانگە ئێرانە، هاوشێوەی ئێران، ئەمریکا و ڕووسیا و چین و ئیسرائیل لە شەڕی مەعریفییدا بەتوانان. بۆ هیچ کەسێک شاراوە نییە کە ئێران چەند دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەگەر سەرنج بدەینە کاتی ڕووداوەکان هەندێک لە هاوکێشەکانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەو کاتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس بەشدار بوو، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر ماڵی سەرمایەدار، پێشڕەو دزەیی، ئەمە پەیامێک بوو بۆ خاوەن سەرمایە بیانییەکان و ناوخۆییەکان کە هەرێمی کوردستان ناسەقامگیرە بۆ خاوەن سەرمایەکان. ئاگرکەوتنەوە لەو بازاڕانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک پێداویستییەکانیان لێی دابین دەکەن گورزێکی دیکەیە بۆ ئەوەی پشێوی لە بازاڕ و هەڵوێست و شێوازی بیرکردنەوەی خەڵک بخوڵقێنێت. لە دوای ڕاگەیاندنی هەوڵی دڵخۆشکەر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ هاووڵاتیان لە پێدانی زەویی و دابەشکردنی دوو مووچە لە مانگێک یەکسەر سووتاندنی بازاڕی لەنگە ڕوودەدات. ئەمەش دیارە لە درێژەی شەڕێکی مەعریفیی و تێکدانی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە. ئەم ڕووداوە ئاگری خستە خەرمانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان دەبێت بە وریاییەوە بڕوانێتە ئەم بابەتە و بەهەندی وەربگرێت چونکە ئاستی ئەم شەڕە لە ئاستێکی بەرزدایە و مەترسییەکان زۆر جیدین. بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم شەڕە پێویستە ژوورێکی عەمەلیات پێکبێت بۆ خوێندەوەی ئەم شەڕە و کاریگەرییەکانی. پێویستە ڕەهەندە جیاجیاکانی ئەم شەڕە شرۆڤە بکرێت و لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕی جیاواز خوێندەوەی بۆ بکرێت و چارەسەری بۆ دیاری بکرێت. بابەتی براندسازی نەتەوەیی دەبێت بە هەند وەربگیردرێت و پلانێکی ستراتیجی براندسازی بۆ هەرێمی کوردستان دابڕژڕێت. متمانەی دەسەڵات و خەڵک دەبێت نۆژەنبکرێتەوە و هەوڵ بۆ باشترکردنی بکرێت. لە لایەکی دیکەوە ئەرکێک لە ئەستۆی خەڵک دایە کە هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری خۆیان بدەن کە حکومەت و دەزگا میدیاییەکان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت. لەم سەردەمە وەرگرتنی هەر هەوڵێک پێویستە لە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بێت نەک پەیجێکی سوشیال میدیا.



