چ له ڕووی زاراوه، چ وه‌كو چه‌مكێكی عه‌ره‌بی–ئیسلامی، ئەنفال پێش مانا سیاسییه‌كه‌ی مانای قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره و دانه‌بڕاوی به كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه هه‌یه. ڕاستییەکەی ئه‌نفال له ڕووه كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌وه پێوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به كلتوری تاڵانوبڕۆ و به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وته‌وه هه‌یه، ئەویش له ڕێی غافڵگیری و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و حه‌ڵاڵكردنی سه‌ر و ماڵی لایه‌نی په‌لاماردراو. بۆیه باشترین كایه كه لێیه‌وه بتوانین له ڕه‌گوڕیشه كلتورییه‌كه‌ی ئه‌نفال له هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كه‌یه‌وه بكۆڵینه‌وه، كایه‌ی سۆسیۆلۆجیایه.
ئه‌ڵبه‌ته پێش بێگانه، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كۆمه‌ڵناس و مێژوونووسی عه‌ره‌ب خۆیان، له كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بییان كۆڵیوه‌ته‌وه، به‌ڵام ڕه‌نگه كه‌م لێكۆڵه‌ر به چه‌شنی كۆمه‌ڵناسی عه‌ره‌بی عێراقی، دكتۆر عه‌لی وه‌ردی، ئه‌م بابه‌ته‌ی ته‌ی كردبێت. وه‌ردی سه‌ره‌ڕای هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێ پاساوی نابەجێ بۆ دۆخی سەرەتایی (پریمیتیڤی) كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی كه پێده‌چێت له سه‌رێكه‌وه بۆ خه‌فه‌كردنی تووڕه‌یی ئیسلامییه‌كان و له سه‌رێكی تریشه‌وه له ترسی قه‌ومییه عه‌ره‌به‌كان بووبێت، به‌ڵام توێژینه‌وه‌كانی ئه‌و له‌سه‌ر دوالیزمی ژیانی ده‌شته‌كی (به‌ده‌وی) و ژیانی شارستانی، تێزێكی گرنگ و ڕستێك ڕاستیی حاشاهه‌ڵنه‌گری سه‌باره‌ت به پایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی و هۆكاره بنچینه‌ییه‌كانی مه‌یلی شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی خستۆته ڕوو.
ئه‌گه‌رچی ژیانی کۆچەریی/ده‌شته‌كی (بەدەووی) ستایڵێكی ژیانی تایبه‌ت نییه ته‌نها به عه‌ره‌ب، بۆ نموونە مه‌غۆله‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی عه‌ره‌ب ده‌شته‌كی بوون، به‌ڵام به بڕوای زانایەکی تری عەرەب کە ئیبن خه‌لدونە، عه‌ره‌ب به‌ده‌ویترین گه‌لانی جیهانن.
به‌هه‌مان شێوه‌ی ئیبن خه‌لدون، عەلی وه‌ردییش كۆكه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تاڵانوبڕۆ له‌ڕێی هێرش و په‌لاماردانه‌وه پایه‌یه‌كی گرنگی ژیانی ئێله عه‌ره‌به خێوه‌تنشینه‌كانی بیابان (به‌دوو) بووه. وه‌ردی هه‌ر به‌مه‌وه ناوه‌ستێت، به‌ڵكو پێی وایه هیچ گه‌لێك له گه‌لانی جیهان هێنده‌ی بەدوو مه‌یلیان بۆ كێشمه‌كێش و شه‌ڕ نییه، به قسه‌ی ناوبراو ئه‌م شه‌ڕانگێزییه‌ی ده‌شته‌كییه بەدووەکان پێوه‌ندی به ژیانی قاتوقڕیی بیابانه‌وه هه‌یە.
عەلی وه‌ردی له كتێبه‌كه‌ید “توێژینه‌وه‌یه‌ك له سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق”، نووسیویه‌تی: “مه‌زنترین شتێك كه پیاوی بەدەووی پێوه‌ی دەنازێت، زۆروزه‌وه‌ندیی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یه كه له ڕێگه‌ی شه‌ڕه‌وه چنگی ده‌كه‌ون. ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه به حه‌ڵاڵترین موڵكی خۆی ده‌زانێت”.
له قۆناغی جیاجیادا تاڵانوبڕۆ، كاولكاری و كوشتوكوشتاریی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه. به قسه‌ی نووسه‌ری عه‌ره‌ب محه‌ممه‌د فه‌همی عه‌بدوللـە‌تیف له كتێبی “ئه‌بو زه‌ید ئه‌لهیلالی”دا، هۆزه عه‌ره‌به‌كان له فتوحاتی وڵاتانی مه‌غریبدا، ئه‌و وڵاتانه‌یان به شێوه‌یه‌كی قێزه‌ون كاولكردووه.
ئێله عه‌ره‌به‌كان ته‌نانه‌ت پێش هاتنی ئیسلامیش له‌گه‌ڵ خۆیان و دژ به‌وانی دی له شه‌ڕێكی بێ بڕانه‌وه‌دا بوون. “غه‌زوو” كه پاشتر له سه‌رده‌می ئیسلامدا ده‌گۆڕێت بۆ “فه‌تح”، پایه‌ی سه‌ره‌كی مانه‌وه و فراوانخوازیی ئه‌م ئێلانه بووه.
پیاوی بەدوو له بژێوی خۆیدا باوه‌ڕی به پیشه نییه و به چاوی سووك ته‌ماشای پیشه‌وه‌ر ده‌كات. پیشه‌وه‌ر لای ده‌شته‌كییه بەدووە‌كان جنێوێكی یه‌كجار پیسه. ئه‌وان باوه‌ڕیان به غه‌زوو هەیە. به بۆچوونی عه‌لی وه‌ردی، عه‌ره‌ب ته‌نها ئه‌و ده‌مه پۆل به پۆل ملیان دا ببنه موسڵمان كه پێغه‌مبه‌ر و یارانی، فه‌تحی مه‌ككه‌یان كرد و كه‌عبه‌یان گرت. به بڕوای وه‌ردی پاڵنەری (مۆتیڤی) سه‌ره‌كی ئه‌و له‌شكركێشیانه‌ی كه پاش مردنی پێغه‌مبه‌ر له ژێر ناوی فتوحاتدا وه‌كو جیهاد سه‌رزه‌مینێكی فراوانی گرته‌وه هه‌ر به‌ته‌نها بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامی ئیسلام نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌ستكه‌وته‌كانی شه‌ڕ و شانازیكردن بووه به فه‌تح/غه‌زووی وڵاتانی تره‌وه.
ئه‌نفال كه مه‌به‌ست لێی له ڕووی ماناوه غه‌نیمه/ده‌ستكه‌وته، ڕه‌گوڕیشه‌ی له‌ناو هه‌مان كلتوری تاڵانوبڕۆ و غەزووی ئێله عه‌ره‌به خێوه‌تنشینه‌كانی پێش ئیسلامدایه.
پشتبه‌ستوو به هه‌مان كلتوری عەرەبیی به‌ده‌ووی، فاشیزمی به‌عسی جگه له‌وه‌ی تاڵانكردنی نه‌یاره‌كانی به كارێكی حه‌ڵاڵ ده‌زانی، چێژێكی زۆریشی لە تاڵانی ده‌بینی و ده‌یكرده مادده‌یه‌كی سیمبوڵیك. بۆ نموونە، پیشاندانی یەکبینەی ده‌ستكه‌وتی به‌ره‌كانی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی له دژی ئێران، شانازی‌کردن بە تاڵانكردنی میرنشینی كوه‌یت. ڕاستییەکەی ناوزه‌دكردنی شاڵاوی قڕكردنی كورد به ئه‌نفال، هیچ گومانێك له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه كه به‌عسییه‌كان خاوه‌نی كۆنه‌ستێكی به‌ده‌ووی بوون.
به‌ڵام ئه‌م كۆنه‌سته به‌ده‌وییه، هیچ له‌وه ناشارێته‌وه كه فاشیزمی به‌عسی سیستەمێكی تۆتالیتا‌ر بوو. ئه‌وه دروسته كه فاشیزم وه‌كو سیستەمێكی تۆتالیتا‌ر پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به مۆدێرنه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرنه‌وه هه‌یه، كه‌چی عێراقی به‌عس ده‌وڵه‌تی پێش پیشه‌سازی و لە بنەڕەتدا ده‌وڵه‌تێكی كشتوكاڵی بوو. ده‌وڵه‌تی به‌عسی مۆدێلێك بوو نه‌ده‌كرا له ڕووی په‌ره‌سه‌ندنه‌وه به ئاسانی له‌گه‌ڵ، بۆ نموونە، ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیای نازی و سۆڤییه‌تی سه‌رده‌می ستالین دا وه‌كو دوو ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن دوو سیستەمی تۆتالیتا‌ر له مێژوودا به‌راورد بكرێت. به‌ڵام سیستەمی حوكمڕانی له عێراقی به‌عسیشدا سیستەمێكی تاكحیزبی و تۆتالیتا‌ر بوو، فاشیزمی به‌عسیش به‌هه‌مان شێوه‌ی تۆتالیتاریزمی مێژوویی، كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی تێكه‌ڵ به یه‌كدی كرد و هه‌ردووكیانی له ڕێی ئایدۆلۆجیای به‌عسییه‌وه كۆنترۆڵ كرد. به‌پێچه‌وانه‌ی تۆتالیتاریزمی مێژوویی، به‌عسییه‌كان له غیابی داموده‌زگای ده‌وڵه‌تداری و مه‌ده‌نیی به‌هێزدا په‌نایان بۆ دامه‌زراندنی سیستەمێك له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و خزمایه‌تی برد. ڕه‌نگه هیچ كه‌سێك هێنده‌ی نووسه‌ری عه‌ره‌بی عێراق، شه‌مران ئه‌لیاسری، جوانی نه‌پێكابێت كاتێك كه دێته سه‌ر به‌راوردكردنی تۆتالیتاریزمی به‌عسی و تۆتالیتاریزمی فاشی، ئه‌وه‌كه‌ی عێراق به “فاشیزمی به‌ده‌وویی” ناوده‌بات.
لە هەمان سۆنگەوە ده‌كرێت بڵێین؛ ئه‌نفال پڕۆسه‌ی سیستەمێكی تۆتالیتا‌ر بوو، به‌ڵام به كۆنه‌ستێكی عه‌ره‌بیی به‌ده‌ووییه‌وە.
٭٭٭
بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌نفال، خوێندنه‌وه‌ی به‌عس ڕۆڵێكی سێنتراڵی هه‌یه. ڕاستییەکەی ئه‌سته‌مه بێ تێگه‌یشتن له به‌عس وه‌كو سیستەمێكی تۆتالیتاری عه‌ره‌بی، له ئه‌نفال و ته‌نانه‌ت له پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق و كورد به ئێستاشه‌وه تێبگه‌ین. چونكه ئه‌گه‌رچی به‌عس وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ره‌سی هێنا و ڕووخا، به‌ڵام هێشتا كلتوری به‌عس له عێراقی پاش سه‌دام حوسێن دا، كلتورێكی زیندووه و ڕۆژانه له‌م یان ئه‌و كایه‌دا ڕووبه‌ڕوومان ده‌وه‌ستێته‌وه.
خوێندنه‌وه‌ی به‌عس، خوێندنه‌وه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و به گرێوگۆڵه. چونكه به‌عس چ وه‌ك حیزب یان وه‌ك سیستەم، پێكهاته‌یه‌كی یه‌كجار ئاڵۆزه، ئاخر ئاڵۆزبوون له بنه‌ڕه‌تدا یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته دیاره‌كانی تۆتالیتاریزم.
بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌نفال لای فاشیزمی به‌عسی، هیچ شتێك هێنده‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ نه‌ته‌وه و ئایین گرنگ نییه. نه‌ته‌وه و ئایین ئه‌و دوو كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌ن كه هه‌موو جیهانبینی و ئایدۆلۆجیای به‌عسی له‌سه‌ر بنیاتنراوه.
ئایدۆلۆجیای به‌عسی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و له‌سه‌ر ده‌ستی دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی میشێل عه‌فله‌ق، (نه‌ته‌وه/عه‌ره‌ب) و (ئایین/ئیسلام) ده‌كاته جمكێك و له یه‌كتریدا ده‌یانتوێنێته‌وه. به‌عس حیزبێكی ئیسلامی نه‌بوو، به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌عسییه‌كان موسڵمانی به‌ر قاپی خودا نه‌بوون، به‌ڵام به‌عس وه‌كو ئایدۆلۆجیا له ئیسلامی ده‌ڕوانی و به گرێدانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عرووبه‌دا له پرۆسه‌یه‌كی یه‌كجار دیماگۆگیدا ده‌یویست خودی عرووبه بكاته ئایین و بیكاته مه‌زهه‌بێك كه شایانی په‌رستن بێت.
عه‌فله‌ق له وتارێكیدا به ناونیشانی “یادی پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌ب” ده‌نووسێت: “ئیسلام بزووتنه‌وه‌یه‌كی عه‌ره‌بی بوو، ماناكه‌شی: نوێبوونه‌وه‌ی عرووبه و كامڵبوونی بوو”. به بڕوای ئه‌و، خوداوه‌ند ده‌یتوانی سه‌دان ساڵ پێش ده‌ركه‌وتنی ئیسلام و له‌ناو نه‌ته‌وه‌یه‌كی دی، په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌یاندایه، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ی له كاتێكی دیاریكراو و له ناو گه‌لێكی دیاریكراودا كرد، خوداوه‌ند نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و پاڵه‌وانێكی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ڵبژارد؛ پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌ب. ئه‌مه‌ش هه‌مووی حیكمه‌ته. كه‌وا بێت هه‌ڵبژاردنی عه‌ره‌ب بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئیسلام هۆیه‌كه‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌ت و جیاكه‌ره‌وه بنه‌ڕه‌تییانه‌ن كه له‌ماندا هه‌ن و لە نەتەوەکانی دیکە نین. ئه‌و ده‌بێژێت: “داستانی ئیسلامیی له پێگه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی جودا ناكرێته‌وه كه خاكی عه‌ره‌به و پاڵه‌وان و كاراكته‌ره‌كانی كه سه‌رجه‌میان عه‌ره‌ب بوون”. دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی به‌عس هه‌ر به‌مه‌نده‌وه ناوه‌ستێت و ده‌ڵێت: “ئیسلام باشترین گوزاره‌یه له مه‌یلی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب بۆ نه‌مری و یه‌كانگیریی”، هه‌ر بۆیه یه‌كه‌مین ئه‌ركێك كه مرۆڤدۆستیی ئیسلام ده‌یسه‌پێنێت به‌ڕای عه‌فله‌ق ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت عه‌ره‌ب به‌هێز و خودانی نیشتیمانی خۆیان بن.
به‌ڵام ئاخۆ به‌عس مه‌به‌ستی كام نیشتیمانه؟ لای به‌عسییه‌كان نیشتیمانی عه‌ره‌ب ته‌نها یه‌ك نیشتیمانه و سه‌رزه‌مینه‌كانی ده‌كه‌وێته نێوان چیاكانی تۆرۆس و پشتكێو و ڕووباری شه‌تولعه‌ره‌ب و ده‌ریای عه‌ره‌بی و چیاكانی حه‌به‌شه و ئۆقیانوسی ئه‌تڵه‌سی و ده‌ریای ناوه‌ڕاست.
به‌عسییه‌كان نه‌ك هه‌ر وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له خۆیان ته‌ماشای كوردیان نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو گاڵته‌شیان به مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی ده‌هات و پێیان وابوو كه ده‌بێت كورد له خزمه‌تی عرووبه‌دا بێت، به‌عس كوردی به ده‌سنده‌خۆری خۆی ده‌زانی.
عه‌فله‌ق بۆچوونی خۆی به‌رامبه‌ر به كورد ناشارێته‌وه و له وتارێكیدا به‌ناونیشانی “نه‌ته‌وایه‌تی ئازادیخوازانه‌مان له به‌رده‌م جیاكاری ئایینی و نه‌ژادیدا”، ده‌پرسێت: “بۆچی كورد یان به‌شێكی ئه‌وان له عرووبه ده‌ترسن؟ كورد سه‌دان ساڵه شانبه‌شانی عه‌ره‌ب ده‌ژین و به‌رگری جوامێرانه له سه‌رزه‌مینه‌كانی عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن. گه‌لی كورد چی تریان ده‌وێت جگه له هیواخواستن به ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر كراوه و ئه‌وه‌شیان له‌سه‌ر بێت كه له‌سه‌ر هه‌مووانه. ئێستا ئیتر كه‌مایه‌تی و گرووپی چه‌وساوه نییه [مه‌به‌ستی كه‌مایه‌تی‌و گرووپه ئیتنی و ئایینییه‌كانی ناو نیشتیمانی عه‌ره‌به]، به‌ڵكو زۆرایه‌تییه‌كی گه‌ل چه‌وساوه‌یه كه ئه‌ویش گه‌لی عه‌ره‌به.”
به‌عس هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت كه نیشتیمانێكی پانوپۆڕ به ناوی نیشتیمانی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ ئایدۆلۆجیاكه‌ی دابتاشێت، به‌ڵكو جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه دانیشتوانی ئه‌م نیشتیمانه ته‌نها نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بن. هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وه و نه‌ژاد و ئایین و ئایینزایانه‌ی كه عه‌ره‌ب نین، میوانی نیشتیمانی عه‌ره‌بن و پێویسته ملكه‌چی ئه‌و قانونانه بكرێن كه ماف و ئه‌ركیان ده‌ستنیشان ده‌كات تا زیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب نه‌گه‌یه‌نن.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه به‌عس له هه‌وڵی یه‌كبینه‌دا بوو تا كورد له عێراق و سووریا، مارۆنی و ئۆرتۆدۆكسه‌كانی لوبنان، قیبتییه‌كانی میسر، ئه‌مازیغی و به‌ربه‌ره‌كانی جه‌زائیر و تونس و مه‌غریب، فه‌لە‌كانی سووریا و سودان و ئوردون و عێراق ته‌عریب بکات، ئه‌گه‌ریش نه‌كرا ڕیشه‌كێشیان بكات.
٭٭٭
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه له لایه‌ن به‌عسه‌وه ئه‌نجامدانی تاوانی ئه‌نفالی بۆ كرایه بیانوو، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی تاوانێكی له‌و جۆره و هه‌روه‌كو پێشانیش ئاماژه‌مان بۆ كرد، ئایدۆلۆجیا و جیهانبینی به‌عسی بوو. ئه‌نفال پڕۆسه‌یه‌ك بوو به‌مه‌به‌ستی قڕكردنی كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیا له عه‌ره‌ب و وه‌كو مه‌ترسییه‌كی ناوخۆیی له‌سه‌ر عێراق.
به درێژایی مێژوو، پێش دامه‌زراندن و پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق، هیچ ڕژێمێك هێنده‌ی به‌عس حسابی بۆ “مه‌ترسی كورد” له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نه‌كردووه.
له سۆنگه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی عێراقی به‌عسه‌وه، كورد یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بووە له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه. بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه، به‌عس پلانی جه‌نگێكی بێ بڕانه‌وه‌ی بۆ ته‌فروتوناكردنی هێزی مرۆیی كورد پیاده كردووه.
به‌عس به‌شێوه‌یه‌كی سیستەماتیكی و قۆناغ به قۆناغ كه‌وته ده‌ستنیشان كردن و سنوور بۆكێشانی ژماره‌ی كورد، ئه‌ویش به سێ رێگه‌ی جیاواز، یه‌كه‌میان ته‌عریبكردن، دووه‌میان ڕاگواستن و سێیه‌میشیان قڕكردن بوو.
له تێڕوانینی به‌عسه‌وه، كورد كه‌مینه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و كوردستان به‌شێكی خاكی عێراقه، كورد میوانی خاكی عه‌ره‌به و به‌و پێیه‌ش جگه له كۆمه‌ڵێك مافی كلتوری و پێكه‌وه‌ژیانی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، هیچ مافێكی دیکەیان نییه. ئه‌وه دروسته كه ئه‌نفال ترۆپكی جینۆسایدی كورد بوو، به‌ڵام به‌عس پێش ئه‌و پڕۆسه‌یه و به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی جیاجیاوه كاری له‌سه‌ر قڕكردنی كورد كردووه و لە دوای ئەنفالیش بەردەوام بوو.
ئه‌نفال پراكتیزه‌كردنی ئایدیای عرووبه‌ی به‌عسی بوو دژ به كورد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه به‌عسییه‌كان تیۆریزه‌ی ئیسلامیان وه‌كو “ڕۆحی عرووبه” ده‌كرد، ده‌بوا بۆ پاساوی قڕكردنی كورد په‌نا بۆ ئیسلام به‌رنه‌وه. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی فاشیزمی به‌عسی له ئه‌نفالدا بۆ ئیسلام سەرەڕای کۆنەستە بەدەووییە عەرەبییەکەی، هیچ نییه جگه له هه‌وڵی گرێدانه‌وه‌ی عرووبه وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی قه‌ومیی فاشی به ئیسلامه‌وه و ڕه‌واییدانێكی ئایینیشە به پڕۆسه‌ی قڕكردنه‌كه.
ئاخر به‌رامبه‌ر به كورد، سه‌دام حسێن خۆی به پێغه‌مبه‌ر و حیزبی به‌عس به ئیسلام و جه‌یشه‌كه‌شی به له‌شكری سه‌رده‌می “فتوحات” ده‌چواند. هه‌ر بۆیه به گه‌ڕانه‌وه بۆ یه‌كێك له سووره‌ته‌كانی قورئان، به‌عسییه‌كان قڕكردنی كوردیان له ١٩٨٨دا به “ئه‌نفال” ناوزه‌د كرد.
٭٭٭
ئاخۆ ئه‌نفال ڕووداوێكه سه‌ر به ڕابردوو یاخود سه‌ر به ئێستا و داهاتوومان، ئایا ئه‌نفال چۆته مێژووه‌وه و پێویسته له بیری بكه‌ین یاخود ڕووداوێكه هێشتا له پێشمانه‌وه وه‌ستاوه؟
بێ تێگه‌یشتن له‌م پرسه گه‌وهه‌رییه، مه‌حاڵه له ئێستا و ئاینده‌مان تێبگه‌ین. به واتایه‌كی دیکە، بێ تێگه‌یشتن له ڕه‌هه‌نده قووڵه‌كانی ئه‌نفال، ئه‌سته‌مه باس له چاره‌نووسی خۆمان وه‌كو نه‌ته‌وه بكه‌ین. چونكه ئه‌نفال نه‌ك هه‌ر تاوانێكی ڕاگوزه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌شه كه ته‌نها وه‌كو تاوان له ئه‌نفال بڕوانین.
ئه‌نفال هه‌ر به ته‌نها بریتی نییه له كه‌یسی كۆمه‌ڵێك تاوانبار و قوربانییه‌كانی، ئه‌نفال هه‌ر ته‌نها به په‌لكێشكردنی تاوانباران بۆ به‌رده‌م دادگا و به‌سزاگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانیش كۆتایی نایه‌ت. ئه‌نفال ده‌رئه‌نجامی پێوه‌ندی ناجۆری نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌ست و ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ره كه پاش ده‌یان ساڵ درۆی پێكه‌وه‌ژیان، دواجار هه‌وڵی قڕكردنی به‌شێكی گه‌وره‌ی درا. له هه‌مووشی مه‌ترسیدارتر، ئه‌نفال ده‌رئه‌نجامی عه‌قڵیه‌تێكه كه تا ئێستا له‌ناوماندا ده‌ژی و به‌ناوی “عێراقی نوێ”وه تا دێت ئه‌نفال ده‌كاته تاوانی چه‌ند تاوانبارێكی سه‌ر به سیستەمێك و ده‌یه‌وێت له ڕێی سزادانیان و قه‌ره‌بووی مادیی كه‌سوكاری قوربانیانه‌وه هه‌تا زووه به ڕابردووی بسپێرێت. ڕاستییه‌كه‌ی بۆ ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌نفال هیچ شتێك هێنده‌ی پرسیاركردن له كلتور و عەقڵییەتی (مێنتا‌ڵیتی) نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رده‌ستی عێراق گرنگ نییه.
ئه‌وه دروسته به‌عس وه‌كو حیزب و وه‌كو ده‌سه‌ڵات له ٢٠٠٣ دا كۆتایی پێهات، به‌ڵام وه‌كو كلتور و وه‌كو عەقڵییەت هێشتا له‌گه‌ڵماندا ده‌ژی.
ئه‌نفال پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به‌و قه‌واره‌یه‌وه هه‌یه كه پێی ده‌وترێت “عێراق” و واوه‌تریش پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به عه‌قڵییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و ده‌وڵه‌تداریی ئه‌م قه‌واره‌یه‌وه هه‌یه كه عه‌ره‌به. عه‌ره‌به‌كانی عێراق تا ئێستا ده‌وڵه‌تداریی هه‌ر به ته‌نها له هه‌ردوو چه‌مكی زۆرینه و كه‌مینه‌دا ده‌بیننه‌وه، له هه‌مان سۆنگه‌وه دیموكراسیی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك هه‌ر ته‌نها له ده‌نگداندا به‌رجه‌سته كراوه.
ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت به‌عسییه‌كان وه‌كو سیستەمێكی حوكمی كه‌مایه‌تی كه گوزاره بوون له تایه‌فه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه كاری شێلگیرانه‌یان له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی له‌نێوان گرووپه ئیتنی و ئایینییه‌كاندا كردووه. له دیدی به‌عسه‌وه عه‌ره‌بی سوننه با كه‌مینه‌ش بن به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزه‌ری په‌یامی عرووبه و ئیسلامن، پێویسته حوكمی ئه‌وانی دی؛ كورد و شیعه بكه‌ن. هه‌ر به‌و پێیه و به درێژایی مێژووی ده‌وڵه‌تی عێراق، عه‌ره‌بی سوننه تاكه نوخبه‌ی ئیداری و سیاسیی ئه‌م وڵاته و داهێنه‌ری مۆدێلی حوكمی كه‌مینه بوون.
هه‌ر پاش ڕمانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان، شیعه‌كان به‌هه‌مان پره‌نسیپی ده‌وڵه‌تداریی به‌عسی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به گه‌ڕانه‌وه بۆ پره‌نسیپی زۆرینه، هه‌وڵیاندا عێراق دابمه‌زرێننه‌وه.
سیاسه‌تمه‌دارانی عه‌ره‌بی عێراق خاوه‌نی ئه‌نگێزه و خه‌یاڵدانێكی پانعه‌ره‌بی ئیسلامین و زۆربه‌یان نه‌ك هه‌ر ئاماده نین كار بۆ بیناكردنی ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن بكه‌ن، به‌ڵكو تا ئێستا خه‌ون به ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته‌وه ده‌بینن. ڕازی نه‌بوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سەربەخۆیی کوردستان و تەنانەت خودی فیدراڵییش وەکو شێوەیەک بۆ پێکەوەژیان، زیندوێتی ئه‌م باكگراونده‌مان پیشان ده‌دات له تێڕوانینی ئه‌وان بۆ ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تداری.
مانه‌وه‌ی كورد له‌م مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تدا، مانه‌وه‌یه‌كی یه‌كجار تراجیدییه. مانه‌وه له‌م ده‌وڵه‌ته ترسناكه‌دا، قایلبوونه به قه‌ده‌رێكی شووم. ئاخر ئه‌نفال پێش ئه‌وه‌ی تاوانێك بێت كه له ده‌ستی ئه‌م یان ئه‌و تاوانبار قه‌وما بێت، ده‌رئه‌نجامێكی بێ چه‌ندوچوونی ئه‌م مۆدێله شكستخواردووه‌ی ده‌وڵه‌ته. ئه‌نفال خۆی له‌خۆیدا به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی كورد بۆ هه‌تاهه‌تایه پشت له‌عێراقیبوونی خۆی بكات و نه‌فره‌ت له‌و ده‌وڵه‌ته بكات كه له‌سه‌رده‌ستی ئه‌ودا ڕووبه‌رووی جینۆساید بۆوه.
٭٭٭
ئه‌نفال وه‌كو یەکێك له جومگه جیاكه‌ره‌وه‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كایه‌یه‌كی بێ ناز و ڕاستییه‌كه‌ی زۆر به خه‌مساردی و نه‌زانییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه. مامه‌ڵه‌ی ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ كۆستێكی گه‌وره‌ی وه‌هادا هێشتا سنووری بۆنه و یادكردنه‌وه‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه و گوتاری كوردی له‌مه‌ڕ ئه‌نفال، گوتارێكی ئینشایی یه‌كجار هه‌ژار و خاڵی له گشت ڕه‌هه‌نده ترسناكه‌كانی كاره‌ساتێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌و جۆره‌یه.
سەرکردایەتی سیاسیی كوردستان جگه له‌وه‌ی نه‌یتوانیوە پرسێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئه‌نفال بكا‌تە پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و گوتارێكی یه‌كگرتوو، پرسه‌كه‌شی وه‌كو هه‌موو كایه‌كانی تر دابه‌ش كردووە و كردوویەتە بۆنه‌یه‌ك بۆ وتنه‌وه‌ی ئه‌و وتاره ئینشاییانه‌ی كه ساڵانه له یادی ئه‌نفالدا به گوێماندا ده‌درێت. ئه‌م فره وتارییه‌ی ئه‌نفال سته‌مێكی گه‌وره‌یه پێش هه‌ر كه‌سێكی دی ده‌رهه‌ق به خودی قوربانیانی ئه‌نفالكراو. ئه‌ڵبه‌ته ده‌كرا له ده‌ره‌وه‌ی کایەی سیاسی، دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به پرسی ئه‌نفال به‌مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و دروستكردنی یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی و كاركردن بۆ ناساندنی نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی دابمه‌زرایه تا ئه‌نفال وه‌كو پرسێكی زیندوو هه‌میشه به‌رده‌وام بوایه.
ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، ئێمه تا ئێستا له ئه‌نفال نه‌گه‌یشتووین. چونكه تێگه‌یشتن له ئه‌نفال پێش هه‌ر شتێكی دیكه، تێگه‌یشتن و كاركردنه به‌ئاڕاسته‌ی ئایینده و بڕیاردانی چاره‌نووس. قسه‌كردن له ئه‌نفال ده‌بێت قسه‌كردن بێت له ئێستا و ئایینده‌مان، له مانه‌وه‌مان وه‌كو نه‌ته‌وه و وه‌كو ئینسان. چونكه ئه‌نفال پرسی مانه‌وه‌مانی وه‌كو نه‌ته‌وه خسته ژێر پرسیارێكی گه‌وره‌وه، به‌تایبه‌تیش مانه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی: عه‌ره‌ب و ده‌وڵه‌تی عێراقدا.
بۆ كاركردن له‌سه‌ر كاره‌ساتێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌نفال، هیچ شتێك هێنده‌ی خوڵقاندنی یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی گرنگ نییه، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره له دنیادا نییه خاوه‌نی یاده‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معی نه‌بێت. له‌ڕێی یاده‌وه‌رییه‌كی له‌و جۆره‌وه ده‌كرێت نه‌ك هه‌ر له ڕووه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، به‌ڵكو به ئاقاری سیاسییش گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت و له پڕۆسه‌ی به ناسیۆنبووندا بكرێته پاڵپشتێكی مه‌عنه‌ویی گه‌وره.
گوتاری سیاسیی كورد گوتارێكی یه‌كجار شه‌رمنه، زۆر به‌ئاسانی دوێنێ له‌یاد ده‌كات. گوتاری سیاسیی ئێمه به‌رامبه‌ر به عه‌ره‌ب نه‌ك هه‌ر له ئاستی گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ماندا نییه، به‌ڵكو زۆربه‌ی جاران بریتییه له موجامه‌له‌یه‌كی ته‌واو بێتام و بێناوه‌ڕۆك.
له دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمی به‌عسییه‌وه، ئه‌م گوتاره هه‌وڵی داوه له ده‌ره‌وه‌ی كۆنسێپتێكی كاری نه‌ته‌وه‌ییدا و به بیانووی ساڕێژكردنه‌وه‌ی برینه‌كان و سپاردنی سه‌رجه‌م سته‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه به سه‌رده‌مێك له سه‌رده‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵات له عێراق دا و له نێو ئه‌وانیشدا به ده‌سته‌یه‌كی كه‌می فه‌رمانڕه‌وایان، كاره‌ساته‌كه به ڕابردوو بسپێرێت و شاییلۆغانی كۆتاییهاتن به‌و ڕابردووه‌ش بگێڕێت. گوتاری سیاسیی كورد كه گوتاری حیزبی كوردییه، نازانێت یان نایه‌وێت بزانێت كه له پشتی فاشیزمی به‌عسی و دیكتاتۆرێكی وه‌ك “سه‌دام حوسێن”ـه‌وه، كام ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیست چالاک بووه و چه‌ند “سه‌دام حوسێن”یشی له پاش خۆی به میرات جێ هێشتووه. گوتاری سیاسیی كورد چه‌ند ده‌كات خۆی له‌و شه‌ڕه بدزێته‌وه، دواجار له‌م هه‌ڵوێست یان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا یه‌خه‌ی پێ ده‌گرنه‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی مه‌حاڵه عێراق ببێتە دەوڵەتێک بۆ پێکەوە ژیان تا ئه‌و شه‌ڕه یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه، واته شه‌ڕی وردوخاشكردنی یه‌كجاره‌كی ناسیونالیزمی كۆنه‌په‌رستی عه‌ره‌ب كه پێشتر به‌عس نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌بێت لایه‌نی به‌رامبه‌ر و مرۆڤایه‌تیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر به‌ته‌نها له میانه‌ی (ژماره)وه كاره‌ساته‌كه‌مان نه‌ناسن، به‌ڵكو له‌وه گرنگتر دروستكردنی (هه‌ستكردن به‌گوناه)ـه لای نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست وه‌كو ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه و لای مرۆڤایه‌تیش، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نفال جینۆسایده و جینۆسایدیش به‌پێی بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نه‌ك هه‌ر دژ به‌و كه‌سانه‌یه كه تاوانه‌كه ده‌یانگرێته‌وه، به‌ڵكو تاوانێكه دژ به مرۆڤایه‌تی.
ئه‌گه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه و سزادانی تاوانباران داوای سه‌ره‌كی قوربانیانی ئه‌نفال بن كه مافێكی سروشتی و ئاسایی خۆیانه، ده‌بێت داوای كورد وه‌كو نه‌ته‌وه، قه‌ره‌بووكردنه‌وه تێپه‌ڕێنێت و هه‌وڵی به‌زیندوویی هێشتنه‌وه و به‌هه‌نووكه‌ییكردن و كردنی ئه‌نفال به یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی بێت كه له ئێستاوه و بۆ داهاتوویه‌كی دوورتر ببێته پاڵپشتێكی به‌هێزی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كورد.
* سەرنج: ئەم وتارە لەبنەڕەتدا پڕۆژەی کتێبێکە.