سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئایا كورد ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزشی هەیە؟

زاگرۆس نانەكەلی

ڕێكەوتی ٦ ی نیسانی هەموو ساڵێك ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزشە لە جیهاندا. ئەم ڕۆژە لەپێناو گەشەپێدان و ئاشتی بە بڕیارێک لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دانیشتنی ژمارە ٩٦ لە ڕێکكەوتی ٢٣ ی ئابی ٢٠١٣ دیاری کراوە. كەچی ئێمەی كوردستانیان تا ئێستا نەمانتوانیوە بەشێوەیەكی ئەكادیمی ڕۆژێك دەستنیشان بكەین وەك نەتەوەکانی دیکەی جیهان تاوەکو ساڵانە ئەم بۆنەیە بەشكۆوە یاد بكەینەوە و ئاهەنگ بگێڕین. ڕۆژی وەرزش لە هەندێك وڵات لە وەرزی هاوین بەڕێوە دەچێت بەڵام بەهۆی گەرمی لە هەندێك وڵات لە وەرزی پایز یان بەهار بەرێوەدەچێت.

ڕۆژی وەرزش شێواز و نزیكبوونەوە و ئیتكێكی شارستانییە كە وڵاتە پێشكەتووەكان پەیڕەوی دەكەن بۆ بەرژەوەندی وڵات و هاووڵاتییان. ئەمەش لەپێناو هزر و ئاگایی باش و چالاكی جەستەیی كە دەبێتە هۆكاری كەم بوونەوەی تووش بوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، كە لە ئاکامی دوورکەوتنەوە لە وەرزش مرۆڤەكان تووشی كێشەی تەندروستی دەكات.

بۆ پرسی ڕۆژی وەرزشی نیشتیمانی، حەزدەکەم سەرەتا بە وتەیەکی تۆماس كارلین دەست پێ بكەین كە دەڵێت: هەر كەسێ تەندروستی باش بێت هیوایەكی باشی هەیە، هەر كەسێ هیوای باش بێت هەموو شتێكی هەیە. لە زۆربەی وڵاتان و لەنێو زۆرینەی نەتەوەکانی دنیا، ڕۆژی وەرزش پشووی فەرمییە، هەندێك نەتەوە و وڵات بە چەند وەرزشێك یادەكە دەكەنەوە و ڕێنمایی وەرزشی دەردەکەن و وەبیر هاونیشتیمانیان دێننەوە بە مەبەستی چاکترکردنی باری تەندروستی و لەش ساغی و لەش ڕێكی ئەندامانی کۆمەڵگە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بە هۆی کار و کردەوەی ناتەندروستی و خاوی لە جەستە مرۆڤەکان ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن كەس گیان لەدەست دەدەن، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم ڕاستییە دەردەخەن.

داخۆ كورد ڕۆژی وەرزشی هەیە؟ زۆر بە سانایی دەتوانین بڵێین نەخێر! پێتان سەیر نەبێت چونكە دووبارە دەگەڕێینەوە سەر یاسای دەستكردی مرۆڤەكان، نەتەوە یەكگرتووەكان تا ئێستا بە تۆی ڕەوا نەبینوە کە وڵاتت هەبێت. لە دۆخی بێ دەوڵەتیدا ناكرێت تۆ ڕۆژی وەرزشی خۆت هەبێت یاخود بەشداریی لە ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزش نێودەوڵەتی بکەیت كە وەک گوتمان دەکەوێتە ٦ ی نیسانی هەموو ساڵێک.

ئەمە لەکاتێکدایە کە كورد لە دێر زەمانەوە وەرزشی خۆی هەیە و وەرزشی كردووە؟ بەڵێ بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی دنیا کوردستان یەكەم و پێشەنگ بووە لە وەرزش و مێژووێكی زیندوو لەبەردەستدایە، کە لە دەرفەتێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەری. بەڵام لەم قۆناغە، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە چۆن ئێمەش ڕۆژی وەرزشی نیشتیمانی خۆمان دەستنیشان بکەین و ساڵانە یادی بكەینەوە.

بۆ ئەم مەبەستە، دەبێت چاو بەمێژووی سوارچاكانی کورد دا لە هەر چوار پارچە لەتكراوەکەی وڵاتەکەماندا بخشێنین، ئینجا لە هەر پارچەیەك بگەڕێین و توێژینەوە و بەدواداچوون بكەین، بزانین چ وەرزشوانێكی كچ یاخود كوڕ، توانیویەتی لە كۆنترین مێژووی میللەتەكەمان ئەنجامێكی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت. ئەوسا ئەو مێژووە، ئەو ڕێککەوتە، بكرێـت بە ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزش کوردستانیی. ئەگەرنا، تەماشا بکەین بزانین کەینێ و لەکێ یەكەم كورد، یان کوردستانی، دەستی بە وەرزش كردووە، ئەوە بکرێت بە ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزش. دەکرێت چاو لە سەرکەوتنەکانی هەڵبژاردەكانی كوردستان بکەین لە هەر یارییەك بێت، گرنگ نییە، كۆنترین هەڵبژاردەی كوردستان و لە كوردستانی گەورە، ئەو ڕێککەوتە بكرێت بە ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزش؛ یاخود سەرکەوتنی یاریزانێك یان یانەیەكی وەرزشی کوردستانی لە بۆنەیەكی نێودەوڵەتی. یەکێک لەوانە لەلایەن لیژنەیەک دیاری کراو دەکرێت بکرێت بە بۆنەیە.

نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزش پێشبڕكێ و پاڵەوانیەتی و خەڵات و دیاری و ئاهەنگ و خۆنمایش كردن و خۆبەخاوەن و خۆدەرخستن و هەڵپەڕكێ نییە، ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزش ڕۆژی كاركردن و كۆكردنەوەی تێكڕایی هاووڵاتییانە لە ژن و پیاو، پیر و گەنج، منداڵ و خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە وەرزشباران بکەن، بە مەبەستی لەشساغی و گیانی وەرزشی و خۆشەویستی و كاتی خۆش بەسەربردن و فێربوون کۆببنەوە. دەبێت کارێک بکرێت کە خەڵک لە هەر توێژ و چینێک بێت وەرزشییان خۆش بوێت و ئەنجامی بدەن. هاوکات، تۆڕی تەبایی وخۆشەویستی و گیانی وەرزشی و پەیامی ئاشتی بە جیهان بڵاوبكەنەوە لە پێناو گەشەپێدان و ئاشتی. لەوانەش گرنگتر، ڕۆژی نیشتیمانیی وەرزش دەبێتە مایەی بەرزبوونەوەی شانازی بەخۆ کردن، نەک وەک تاک، بەڵکو وەک نەتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO