سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کوردستان، یەکەم بنکەی ماڵییکردنی ئاژەڵە

لە کورتە توێژینەوەیەکی پێشترماندا نیشانماندا خاکی کوردستان لانکەی سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ بووە. دوای ئەویش لە توێژینەوەیەکی دیکەدا یەکەمین شوانکارانی مرۆڤایەتیمان لە کوردستانەوە، پێ ناساندن، کە ئەوانیش هەر لە دامێنی زاگرۆس بوون (هەر دوو توێژینەوەکە لە ماڵپەڕی سەکۆ بەردەستن). هەرچەندە ناکرێت تاکە یەک شوێن یان نیشتەجێی ئەوکاتە بە چەقی شۆڕشی کشتوکاڵ دابنێین، بەڵام پشت ئەستوور بە توێژینەوە نوێیەکانی سەدەی بیست و یەک، بێ هیچ گومانێک، ئەو شۆڕشە لە دامێنی زاگرۆس سەریهەڵداوە. ئاژەڵداریی و بەڕێوەبردنی مێگەلە مەڕ و بزن، هەر بەشێکی شۆڕشی کشتوکاڵە و تا ئێستا مرۆڤ هەر لەگەڵ کشتوکاڵ چاوی لێدەکات. لەو دوو کورتە توێژینەوەیەدا ڕەسانایەتیی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و دەرکەوتنی یەکەمین شوانکارانی مرۆڤایەتییمان بۆ چیاکانی زاگرۆس گەڕاندەوە. لەم بابەتە قسە لەسەر لانکەی ماڵییکردنی ئاژەڵ دەکەین.

لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، تا ڕاددەیەکی باش دەزاندرا ئاژەڵداریی لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، بە تایبەتی ناوچەکانی زاگرۆس دەستیپێکردووە. تا سەرەتای ئەم سەدەیە دۆزینەوەی بەڵگەکانی ماڵییکردنی مەڕ، بزن و بەراز مەبەستی زۆر توێژینەوە بووە. لەگەڵ هەر گەڕان و پشکنینی شوێنەوارێکیش، بەڵگەی ماددی نوێتر دەست دەکەون. گۆڕان لە شێوازی پشکنین و گرتنەبەری ڕێکاری نوێی پشکنییەکانیش بەشێکی ئەو دەستکەوتانەن. ئەو بۆچوونانە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەرەو لێڤانت (شام) و باکوور دەچوون. تەنانەت باوەڕ وابوو ماڵییکردن و بەخێوکردنی بەراز لەگەڵ گڵسازیی لە هەزارەی حەفتەمی پێش زایین، هاتووەتە چەرمۆی نزیک چەمچەماڵ. بەڵام کاتێک لە ئاڵوگۆڕ و کاریگەریی نێوان زاگرۆس و لیڤانت دەڕوانین، ئەو هاتنە لەناکاوەی بەراز بۆ زاگرۆس هەندێک پرسیاری وەکو میکانیزم و پاڵنەری بڵاوبوونەوەی بەڕێوەبردنی ئاژەڵان بۆ باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا دەهێنێتە بەردەممان.

وەکو نیشانەی یەکەمین ماڵییکردنی ئاژەڵان جاران سەرنج لە بچووکبوونەوەی قەبارەی جەستە دەدرا. بەڵام توێژینەوەکانی مێلیندا زێدەر لە ١٩٩٩ و ٢٠٠٨ دا گەیشتە ئەنجامی ئەوەی گۆڕان لە قەبارەی ئێسقانەکان و جەستە پێوەندی بە ماڵییکردن و کێویبوونەوە نییە. ئەوەی قەبارەی ئێسقانەکان دیاری دەکات ڕەگەزی ئاژەڵەکەیە (نێرە یان مێیە) نەوەک کێوییە یان ماڵییە. دوای ئەوە کاریگەریی کەشوهەوا دێت، چەندی ژینگەکەیان ساردتر بووە، قەبارەیان گەورەتر بووە. زێدەر بەراوردی نێوان “گەنج دارە” و “عەلی کوش” دەکات و دەگاتە ئەنجامی ئەوەی قەبارەی ئەوانەی گەنج دارە گەورەتربوون. ئەو جیاوازییە تا ئێستا لە نێوان ناوچە جیاجیاکانی زاگرۆس دا هەر ماوە. کەواتە بچوکیی قەبارەی ئاژەڵەکانی عەلی کوش لەبەرئەوە نەبووە ماڵییکراون، بەڵکو کەشوهەوایان گەرمتر بووە. قەبارەی ئێسقانەکانی ئاژەڵە ماڵییەکان زۆر لەوانەی کێوییەکان، نزیکن. جیاوازییەکی گەورەیان نییە.

شوێنەواری چەرمۆی نزیک چەمچەماڵ لە نێوان ١٩٤٨ تا ١٩٥٥ لەلایەن ڕۆبەرت برایتوود و تیمەکەی لە زانکۆی شیکاگۆ سێ گەڕی کنە و پشکنینی تێداکراوە و کۆی ٦٦٤٩ پارچە ئێسقانی ئاژەڵانی تێدا دۆزراوەتەوە. بایەخی چەرمۆ لەوەدایە لە بڵاوبوونەوەی تەکنۆلۆجیای کشتوکاڵکردنمان بەرەو باڵی ڕۆژئاوای نیمچە کەوانۆکەی بەپیت، تێدەگەیەنێت. بۆیە توێژەر ماکس پرایس و تیمەکەی لە توێژینەوەکەیاندا، بەبەکارهێنانی ڕێگە نوێیەکانی توێژینەوە لە پاشماوەکانی ئاژەڵان لە شوێنەوارناسییدا، دووبارە ئێسقانە دۆزراوەکانی “چەرمۆ”یان پشکنییەوە. ئەگەر لە ژمارەی ئێسقانەکانی بەراز لە چاخی بەر لە دەرکەوتنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بڕوانین، دەبینین تەنیا ٢٪ هەموو ئیسقانی ئاژەڵان پێکدەهێنن. کەچی لە چاخی دوای ئەوە، بۆ ٧٪ دەچێت و تەمەنی کۆنترینیان ٨٢٤٠ ساڵ پێش زایین بووە.

بۆ زانستی ئاژەڵناسیی هاوچەرخ ئاشکرایە، ئاژەڵی ماڵییکراو گۆڕانکاریی لە قەبارەی لەش و ئەندامەکانی دیکەیدا ڕوودەدات. بەو گۆڕانانە دەگووترێت کۆنیشانەکانی ماڵییکردن و لە ئەنجامی کرداری بەخێوکردنی مرۆڤ بۆ ئاژەڵان، دەردەکەوێت. قەبارەی کەللـەی سەر و ددانەکانی بەرازی ماڵییکراو لەوانەی بەرازی کێوی بچووکترن. ئەوەی لە ددانەکانی بەراز لە چەرمۆ لە سەردەمی دەرکەوتنی کشوکاڵدا دیارە ئەوەیە ئەوانەی کوژراونەتەوە ٧٨٪ی بەرازەکان پێش تەواوکردنی تەمەنی ١ ساڵیان بووە و زۆربەی هەرە زۆریشیان تا دەگاتە ٩٧٪ پێش تەمەنی ٢ ساڵی کوژراونەتەوە. ئەوە ئاکاری بەڕێوەبردنی ئاژەڵی ماڵییکراوە.

قەبارەی ئەوانەی لە شوێنەوارەکانی گەنج دارە، ئاسیاب، نەمریک ٩، کەریم شەهر و پەلی گەورە دۆزرانەوە و بەرازی کێویی ناوچەکانی زاگرۆس بوون، زۆر لەوانەی چەرمۆ گەورەتر بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوانەی ماڵییکرابوون لە حاجی فەیروز و بانەهیلک دۆزرانەوە، وەکو یەک بوون. بە هەمان شێوە ئەوانەی چەرمۆ وەکو ئەو ماڵییکراوانەی باکوور لە هەردوو حەوزی دیجلە و فورات دۆزرانەوە لە شوێنەوارەکانی چینەکانی سەرەوەی کۆتێ بەرچەم و گری تلێ، هاوقەبارە بوون. کەچی لەوانەی شوێنەوارەکانی چاخی ئاسن و برۆنز گەورەتربوون. ئەوانە بەڵگەی ماڵییکردنی بەرازن لە چەرمۆ و ٨٠٠٠ ساڵ پێش زایین بووە.

لە توێژینەوەکەی ماکس پرایس و بنیامین ئاربەکڵ  بە ناوی سەرەتای بەڕێوەبردنی بەرازی ماڵییکراو لە دامێنی زاگرۆس، جیاوازی قەبارەکان بە تەواوی باسی لێوە کراوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لە چەرمۆ ماڵییکردن و بەخێوکردنی بەراز کراوە بەڵام تا نزیکەی هەزار ساڵ دواتر لە شوێنەوارەکانی دیکەی ناوچەکانی زاگرۆس دا پەیڕەو نەکراوە و نەبووەتە بەشێکی ئابووریی ژیانیان؟ دەکرێت وەڵامەکە هۆکاری ژینگە و هەبوونی کۆمەڵێک خاڵی گرێدراو بە کشتوکاڵ و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئاژەڵان بووبێت. زۆربەی ئەو شوێنانەی ئاژەڵداریی لێکراوە پڕبوون لە دارستانی چڕی دار بەڕوو. لەو ژینگەیەدا شوانکار بە ئاسانی ناتوانێت پێش لە تیکەڵبوونی بەراز لەگەڵ بەرازی کێوی بگرێت، بەرازەکان بۆخۆیان خواردنی خۆیان و هاتووچۆ کۆنترۆڵ دەکەن.

لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، تیشکی زۆر دەخرایە سەر ناوچەی لیڤانت، لەوێ ئاژەڵداریی نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ دوای کشتوکاڵ بووە، باسی ناوچەی “زاگرۆس”یان لەو بابەتەدا هەر نەکردووە. بەڵام توێژینەوەی تازە لەو بابەتانەی زووتر لە شوێنەوارەکانی زاگرۆس دۆزراونەتەوە وێنەیەکی تەواو جیا نیشان دەدەن. لە چەرمۆی باشووری کوردستان لە ١٩٥٩ شاخی/قۆچی بزن دۆزرابوونەوە. لە زاوی چەمی “شانەدەر”یش تێبینی کرا لە سەردەمێکدا ژمارەی ئێسقانی مەڕ زۆر زیادی کردووە و ٢٠٠٠ ساڵ پێش چەرمۆ بووە. لە شوێنەواری ئەسیاب لە نزیک کرماشان نیشانەکانی ماڵییکردنی بزنە کێوی هەبوون، لە دالوران ژمارەی مەڕ لەچاو بزن زۆر بووە و بەتەمەنەکان بۆ بەرهەمی شیر هێڵدراونەتەوە. لە گەنج دارە، بەهەمان شێوە نیشانەکانی بەڕێوەبردنی مەڕوماڵات بۆ دەستکەوتنی بەروبوومی شیر، تێبینی کراوە.

نیشانەیەک بۆ زانینی ئەوەی ئاژەڵ ماڵییکراوە، گۆڕانە لە شێوەی قۆچەکانی ئەوانەی ماڵییکراون و ئەوانەی کێوی بوون. ئەو نیشانانە لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە زانراون و لە شوێنەوارناسییدا بەکارهاتوون. جگە لەویش، گۆڕان لە تەمەن و ڕەگەزی ئەوانەی بۆ ماوەی درێژتر هێشتوویاننەتەوە و زۆری ئەو ئاژەڵانەی لە سەردەمانی کۆندا لەو ناوچانەدا هەبوون. لەو قۆچانەی چارلس هۆرن لە چەرمۆ دۆزینیەوە نیشانەی ماڵییکردنی پێوە دیاربوو.

لە ئەنجامی وردبوونەوەی زۆر لەو زانیارییانەی لە توێژینەوەکانی ناوچەی زاگرۆس کراون، میلاندا زێدەر بۆی دەرکەوتووە ئاژەڵە نێرەکان لە تەمەنی کەمدا سەربڕدراون و مێیەکان بۆ ماوەی زۆرتر هێڵدراونەتەوە. ئەو زانیارییانە وەکو ئەوەیە لە گوندی چەرمۆی نزیک چەمچەماڵ دەست کەوتوون. ئەوە نیشانەی ماڵییبوونی ئاژەڵانە و نێرەکان لە تەمەنی بچووکیاندا لە مێگەل دەردەهێندرێن، مێیەکان بۆ زاوزێ و بەرهەمی شیر هەڵدەگیرێن. بەهەمان شێوە، ئەوانەی ئەشکەوتی گەنج دارە نیشانی دەدەن مێیەکان بۆ تەمەنی درەنگ نەکوژراونەتەوە، بەڵام نێرەکانیان لە تەمەنی بچووکدا کوژراونەتەوە.

ئەوکاتەی شوێنەوارەکان دۆزراونەتەوە تەکنیکی کاربۆن ١٤ ساوا بوو (تەکنیکی کاربۆن ١٤ بۆ زانینی تەمەنی زیندەوەران بەکاردەهێندرێت، پشت بە تیشکدان و شییبوونەوەی توخمی کاربۆن ١٤ دەبەستێت چونکە دەزانین هەر ٥٧٣٠ ساڵ نیوەی ئەو کاربۆن ١٤یەی لە زیندەوەراندا هەیە شییدەبێتەوە)، بۆیە نەدەزانرا کام شوێنەوار لەوی دیکە کۆنترە. هەرچەندە لە گەنج دارە و عەلی کۆش لە دیوی ڕۆژهەڵات ئێسقانی بزن دۆزرابوونەوە، بەڵام دیار نەبوو کامیان کۆنترە. بە بەراورد ئێسقانی بزن و مەڕ لە نێوان گەنج دارە و ئەشکەوتی یافتە لە لوڕستان، دەرکەوتووە یافتە زۆر کۆنترە و ئێسقانی ئەو ئاژەڵانەی خوراون زۆرتر بووە وەک لەوانەی لە گەنج دارە دۆزرابوونەوە، کەواتە مەڕداریی لە یافتە کۆنترە.

بە پێچەوانەوە، ئەو شوێنەوارانەی لە عەلی کوش و گەنج دارە کۆنترن وەکو ئەشکەوتی شانەدەر و ئاسیاب ڕێژەی جۆری ئێسقانەکان و نێر و مێ، جیاوازن. نە نێر و نە مێ سەروو ٤ تا ٥ ساڵ نەماونەتەوە و سەربڕدراون. هەمان شت بۆ ئێسقانی ئاسک لە شوێنەواری عەلی کۆش دەردەکەوێت. لە زانیارییەکانی لەو توێژینەوانە کۆمان کردنەوە، نیشانەی ئاشکرا و ڕوونمان بۆ هەردوو شوێنەواری گەنج دارە و عەلی کوش دەستکەوت تێیدا دیاربوو ئاژەڵداریی کراوە و تا ڕاددەیەکی باش بەڕێوەبردنی مێگەلەکان هەبووە، نیشانەکان وەکو ئەوانەی شانەدەر و ئاسیاب نەبوون، کە لەوێ ڕاوی ئاژەڵی قەبارە گەورەی نێر مەبەست بووە و زۆرترین ئێسقانی ئەو جۆرە لەوێ دۆزراونەتەوە. بەڵام وەڵامی پرسیاری ئەوەی کەی لە ڕاوەوە بۆ ئاژەڵداریی چوون، هەر ماوە.

چینەکانی ئەشکەوتی گەنج دارە هەمووی پاشماوەی نزیکەی ١٠٠ ساڵ ژیانە تێیدا، لە نزیکەی ٩٩٠٠ تا ٩٨٠٠ ساڵ بەر لە زایین ژیانی تێدا بووە. شوێنەواری عەلی کوشیش، دوای چەند سەد ساڵێك لە بەجێهێشتنی گەنج دارە، واتا لە ٩٥٠٠ تا ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین، ئاوەدان بووە. لێرەوە دیارە، ماڵییکردنی بزن لە بەرزاییەکانی زاگرۆس دەستیپێکردووە و بەرەبەرە جێگرەوەی ڕاوی بزنە کێوی گرتووەتەوە. لەوێوە، ئینجا ماڵییکردنی بزن بەرەو تەختاییەکان کشاوە. بە ڕوونی دیارە ماڵییکردنی بزن لە گەنج دارە هەروەکو بەڕێوەبردنی مێگەلە ئاژەڵێکی ئێستا وابووە. ماڵییکردن لە گەنج دارە کۆنترە وەک لە دەشتاییەکانی ئاسیاب و دالوران. بۆ یەکەم جار بزن لە بەرزاییەکانی زاگرۆس ماڵیی کراوە. توێژینەوە کۆنەکان ئێسقانی ئاژەڵی پێنەگەیشتوویان لەبەرچاو نەدەگرت، بۆیە زۆربەی ئێسقانی نێرەکانیان وەلا دەنا. لەو ڕاستییە تێنەدەگەیشتن کە زۆریی ئێسقانی نێر واتای ئەوەیە مێیەکان بەخێودەکران، بۆ زاوزێ و بەرهەمی شیر ڕادەگیران.

بە درێژایی نزیکەی ١٥٠٠ ساڵ لە ماڵییکردنی بزنە کێوی لە عەلی کوش، پاشماوەکانی قۆچی بزن بچووکبوونەوەی ئەو قۆچانە نیشان دەدەن. لەو ماوەیەدا بزنە نێرەکان بۆ دەستکەوتنی مێیەکان پێویستییان بە ململانێ نەبووە، چونکە ژمارەی نێرەکان هەردەم کەمتر بوون لە مێیەکان، ئەوە کاریگەریی لەسەر بچووکبوونەوەی قۆچەکانیان هەبووە. میلاندا زێدەر پێی وایە دەکرێت گۆڕان لە  قەبارەی قۆچەکان وەکو خاڵی یەکلاکەرەوەی ماڵییکردن دابنێین نەوەک جیاوازیی قەبارەی ئاژەڵەکان لە نێوان دوو کەشوهەوای جیادا.

لە گەڕانەکانی ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە هەردوو شوێنەواری ئەشکەوتی شانەدەر و گوندی زاوی چەمی شانەدەر، باوەڕێکی تەواو بڵاو هەبوو بەوەی ماڵییکردنی مەڕ و هێشتنەوەی بەرخ بۆ ماوەیەکی درێژ لە زاوی چەمی شانەدەر هەرنەبێ ٢٠٠٠ ساڵ لە چاو هەموو شوێنەوارەکانی دیکەی ناوچەکە کۆنترە و بۆ ١١٧٠٠ ساڵ بەر لە ئێستآ دەگەڕێتەوە. توێژینەوەکانی دوای ئەوە و ئەوەی میلاندا زێدەر جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە و بەڵگە زانستیی و شوێنەوارناسسیەکان دووپاتی دەکەنەوە، زاوی چەمی شانەدەر لە هەموو ناوچەکەدا، کۆنترین بەڵگەی ماڵییکردنی مەڕی لێیە. هەرچەندە ژمارەی ئێسقانەکان لە زاوی چەمی شانەدەر بەشی ئەوە ناکەن لە تەواوی دیمەنی بەخێوکردن و گەورەکردنی مەڕ تێبگەین، بەڵام هەموو توێژینەوەکان لەسەر ئەوە کۆکن جۆری ئێسقانەکانی مەڕ لە زاوی چەمی شانەدەر، بەڵگەی ئەو بۆچوونەن. بەراوردیش لە نێوان ئێسقانەکانی زاوی چەمی شانەدەر لەگەڵ ئەو شوێنەوارانەی دیکە، نیشانمان دەدات جۆری ئێسقانەکان جیاوازن.

زۆربوونی ئێسقانی مەڕ لە هەردوو شوێنەوارەکاندا بەشێک بووە لە زۆربوونی مەڕ لە هەموو ناوچەی زاگرۆس دا لە دوای دوایین چاخی بەستەڵەک لە نێوان ١٠ تا ١٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر. ئەگەری هەیە لەباربوونی ژینگەی ئەو ناوچانەی زاگرۆس بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی دەورووبەری شانەدەر، پاڵنەری زۆربوونی ژمارەی مەڕ بووبێت. نەبوونی هیچ پاشماوەیەکی مەڕ لە سەردەمانی پێش دەرکەوتنی گڵسازیی لە چاخی بەردینی نوێدا لەبەرئەوەیە ئەوکاتە بزن ماڵییکرابوو و ڕاوی مەڕی کێوی کەم ببووەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بەرخی مێ بایەخی هەبووە و بۆ خواردنی گۆشتەکەی نە کوشتراوەتەوە. ئەو بایەخە لە شوێنەوارەکانی دوای زاوی چەمی شانەدەر وەکو عەلی کۆش و گەنج دارە، دیارنییە. دۆزراوەکانی شوێنەوارەکانی دیکەی زاگرۆس نیشانی دەدەن زۆربەی ڕاوەکان بۆ بەران بوون.

زۆرترین ئەو ئێسقانانەی لە زاوی چەمی شانەدەر دۆزراونەتەوە ، ئێسقانی بەرانن. واتا مەڕ لەبەر شیر و بەروبوومەکەی زوو نەکوشتراوەتەوە. بەوە دەگوترێت بەڕێوەبردنی مەڕوماڵات و نیشانەیەکی ماڵییکردنی مەڕە. هەرچەندە قەبارەی بزنی هاوچەرخ بچووکترە لەوەی لە کۆندا هەبووە، بەڵام دۆزراوەکانی ئەو شوێنەوارانە لە قەبارەدا هەمان قەبارەی ئاژەڵی کێوی هاوچەرخن لەو ناوچانەدا هەن. بە شێوەیەکی گشتیی هەبوونی ئێسقانی زۆری بەران و نێرەی دیکەی ئاژەڵان هەڵسوکەوتی کۆمەڵە ڕاوچییەکانە، چونکە نێرەکان گۆشتدارترن بۆیە مەبەستی ڕاوچییەکان بوون. ئەو جۆرە ڕاوە لە شوێنەواری هەلان چەمی باکووریش تێبینی کراوە. بە پێی بۆچوونی چەند شارەزایەکی ئەو بوارە، ڕاوکردنی نێرەکانی ئاژەڵان و ماڵییکردنی ژمارەیەکی زۆرتری مێیەکانیان وایکردووە نێرەی تەمەن کەمتر لە شوێنی دیکەوە بۆ ئەو ناوچانە کۆچ بکەن. ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بەڵگەی بەڕێوەبردنی ئاژەڵی ماڵییکراون.

بەڵگەی ماڵییکردن و بەڕێوەبردنی مێگەلی مەڕ لە شوێنەوارەکانی دیکەی ناوچەی زاگرۆس وەکو تەپە گوران، سەراب یان سەراو و چەرمۆ کۆنتر لە نزیکەی ٩٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا، نەدۆزراوەتەوە. هەروەکو ئەوەی لە بزن تێێبینی کراوە، قەبارەی ئێسقانی مەڕ لەوکاتەدا لەگەڵ مەڕی کێویی هاوچەرخ لە زاگرۆس وەکو یەکن. ئەو گۆڕانە لە ناوچەکانی دیکەی دامێنی زاگرۆس بە تایبەتی لە دەشتەکانیشدا لەگەڵ دەرکەوتنی گڵسازیی، تێبینی کراوە. لە هەموو ناوچەکەدا ژمارەی ئەو جۆرە ئێسقانانە زۆر دەبن، واتای ئەوەیە مەڕ و ماڵات زۆر بوون.

بەپێی ئەم کورتە بەدواداچوونەدا، دەتوانین بڵێین: بەبەڵگەی زانستی شوێنەوارناسیی و ئاژەڵناسی شوێنەوار، ئەنجامی تەواو دیار بەبەڵگەوە هەیە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هەرسێ ئاژەڵ، بەراز و مەڕ و بزن، لەسەر خاکی کوردستان بۆ یەکەمین جار ماڵییکراون و بەڕێوەبراون. کۆمەڵگەکانی نیشتەجێی زاگرۆس و دامێنی، نەک هەر خاوەنی شۆڕشی کشتوکاڵ بوون، بەڵکو هەر خۆیان یەکەمین مێگەلە ئاژەڵی ماڵییکراو و یەکەمین شوانکاریشیان دایە مرۆڤایەتیی.

سەرچاوەکان

  • کارلێکی ماوەدرێژی مرۆڤ-ژینگە لە چاخی دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە زاگرۆسی عێراق و ئێران، ١٠ تا ٦ هەزار ساڵ پێش زایین. توێژینەوەی ڕۆجەر و ویندی ماثیوس و تیمەکەیان، ٢٠٢٠
  • ماڵییکردنی ئاژەڵ لە زاگرۆس، پێداچوونەوە و ئاراستەکردنی توێژینەوەکانی ئاییندە، میلاندا زێدەر، ٢٠٠٨
  • ماڵییکردنی ئاژەڵ لە زاگرۆس: پێداچوونەوەیەک بە ڕابردوو و توێژینەوەکانی سەردەم ، میلاندا زێدەر، ١٩٩٩
  • هەڵکۆڵینی تازە لە گردی بانەهیلک، شوێنەوارێکی حەلەف لە کوردستان: جووتیار و شوانکارانی زاگرۆس. ئانا گۆمێز-باخ و تیمەکەی، ٢٠١٦
  • جینی یەکەمین ئاژەڵدارانی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە زاگرۆس، ئێران. گالیگۆ لۆرینتێ و تیمەکەی، ٢٠١٦
  • کۆچەری هاوچەرخ و ئاژەڵدارانی بەر لە مێژوو: سنوورەکانی لێکچوون، ئالان س. گیلبەرت، ١٩٧٣
  • تۆماری سەرەتای دەرکەوتنی مێگەلی مەڕوماڵات لە ڕۆژهەڵاتی نیمچەکەوانۆکەی بەپیت (باکووری عێراق و ڕۆژئاوای ئێران)، بنیامین ئاربەکڵ و ماکس پرایس، ٢٠١٦
  • سەرەتای بەڕێوەبردنی بەرازی ماڵییکراو لە دامێنی زاگرۆس، ماکس پرایس و بنیامین ئاربەکڵ، ٢٠١٥.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO