دەتوانین بڵێین هەندێک داڕمان زیانبەخشن. لەوانەیە لە دوو ڕوانگەوە ڕاست بێت، ڕوانگەی یەکەم، بەو پێوەرەی کە دیکتاتۆرێکی شەکەت و ماندوو، تەنها ویست و داخوازی ئەوەیە وازی لێ بێنن، بمێنێتەوە. ڕوانگەی دووەمیش ئەوەیە، تا خەڵك بەئاگا دێتەوە و بزووتنەوەیەکی سیاسی “مۆدێرن”، وەکو بەدیل بۆ ئەو سیستمە سیاسییە دەسەڵاتخوازە دروست دەکات. ئەوسا، گرنگ نییە دیکتاتۆر بەهێزە یا شەکەت و لاواز، ئەوسا جەماوەر بە ڕێبەرێتی وەها بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز بۆ خۆی تێدەگات کە ئەو دیکتاتۆرە دەبێت بڕوات. بەدیلەکەشی ئامادە و سازە و بەدیلێکی مۆدێرن و پێشکەوتووە.
لە سەروبەندی ڕاپەڕینەکەی “ژینا” لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، برادەرێک پێی گوتم ئێستا پێم خۆش نییە ڕژێمی ئاخوندەکان بڕوخێت. پێی وابوو، هێشتا نە بەدیلی ئەو ڕژێمە هەیە. بۆ ئەوەی نەتەوەکانی ئێران جارێکی دیکە دووچاری ڕژێمێکی هاوچەشن نەبنەوە و نەچنەوە ناو هەمان بۆشایی دەستەڵات، یان هەر هیچ نەبێت دوو چاوی گەڕەلاوژێ و هەمووان دژی هەمووان نەبنەوە، وەک ئەوەی لە لیبیا و سووریا و یەمەن ڕووی دا. ئەو پێی وابوو، هەموو ئەو حیزب و گرووپ و بزووتنەوانەی کە هەن، هەڵگری هیچ دونیابینییەک نین و ژیانی هاوڵاتیانی ئێران زیاتر دووچاری ماڵوێرانی و سەرگەردانی دەکەنەوە. ئەگەر ئێستا خەڵکی لەوە نەترسن لەسەر شەقام یەکێک بیانکوژێت، یاخود بە شەو دزەکان بەسەر ماڵەکانیاندا نەدەن، ئەوسا، ئەوەشی دێتە سەر.
لەڕاستیدا، ئەوە چش لەوەی کە عێراق لەماوەی ئەو هەشتا ساڵەی ڕابردووی پێش ٢٠٠٣ دا، نەتەوەکانی عێراقی نەک هەر پێش نەخستن، بەڵکو هەمووی سڕ کردبوون لەناو ژمارەیەک وەهمی ئایدیۆلۆجی و نەخوێندەواری و دواکەتوویی و خێڵگەرایی و ناوی گەورە و دەرگەی وێران. کاتێک بەعسییەکانیش هاتنە سەر دەسەڵات، ژیانی خەڵکییان تەنگتر کرد. حیزبی بەعس بوو بە جێگرەوەی دەوڵەت و خەڵک و خوا. هەر ئەوە مابوو دیکتاتۆر داوامان لێبکات سەڵەواتی لەسەر لێبدەین. خۆ هەر واش بوو، هەر کەس ناوی بهێنابایە دەبوایە لەگەڵی بڵێن “حفظە اللە ورعاە”. بەڵام لە ئاکامدا یەک دیکتاتۆر بوو. خەڵکیش بە ئازادیخواز (ئەگەر هەبووبن) و بە ڕزگاریخوازیشەوە یەک دوژمنیان هەبوو، ئەویش ئەو تاکە دیکتاتۆرە بوو، لەگەڵ دارودەستە ستەمکارەکەی.
دیکتاتۆر، سیستەمێکی سەقامگیری داهێنابوو لە ڕووی ئابووری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام خۆی خاوەنی بوو، بەو مانایەی ئەو سیستەمە لە دەوڵەتەوە نەدەهات، بەڵکو داڕێژەری سیاسەت و ئابووری و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەش لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دیکتاتۆرەوە درێژ دەبووەوە، نەک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتێکی مۆدێرن. بەو مانایەی ڕەهەندی دنیای دیکتاتۆر، ڕەهەندێکی خێڵەکی خودسەر بوو بە ماکیاجێکی مۆدێرن. بۆ کەس نەبوو بدزێت، یا گێرەشێوێنی بکات بێجگە لە خۆی و کوڕە سەرشێتەکانی و دارودەستە ڕێگەپێدراوەکەی. ئەوانەی لەو سیستەمە تاریکە تێنەگەیشتوون، خۆزگەی پێدەخوازن، چونکە هەمان ئەقڵییەت دنەی هەموو ئەوانە دەدات کە سیستەمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی مۆدێرنیان نەدیوە و لێشی تێناگەن.
ئەوەی لە عێراق لە ٩ ی نیسانی ٢٠٠٣ ڕووی دا، ئازادبوون نەبوو، بەڵکو ڕزگاربوون بوو لە مۆدێلێکی تاک دیکتاتۆر، بۆ مۆدێلێکی فرەدیکتاتۆر، گۆڕینەوەی دیکاتۆرێکی زەبەلاح بوو بە کۆمەڵێک وردەدیکتاتۆر. گۆڕینەوەی حزبێک بوو بە کۆمەڵێک حیزبی خورافەسازی و مەزهەبگەرای دواکەوتوو؛ گۆڕینەوەی دیوێکی شۆڤێنیستی ستەمکار بوو، بە دیوێکی مەزهەبگەرای، خورافەساز و چاوچنۆک و بە سیستەمێکی دەوڵەتی قووڵ و ناسەقامگیری درێژخایەن.
ناسیۆنالیزمی بەعس، هێندەی شۆڤینیست بوو، هێندەش هەڵگری هەندێک خەسڵەتی مۆدێرنێتە بوو. یەکێک لەو خەسڵەتانە ئیداری و ڕێکخراوەیی لە خێر و شەڕدا. ڕێکخراوەیی لە پاک و خاوێنی شارەکان و ڕێکخراوەیی لە سوپا و پۆلیس و بەڕێوەبردندا، لەبەرامبەریشدا ڕێکخراوەیی لە قەلاچۆکردن و جینۆسایدی نەتەوەیەکی وەکو کورد، سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی خۆشی، لەڕێی سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی دەوڵەت و لەو خەسڵەتە گرنگەی کە پێی دەڵێن ڕێکخراوەیی و ئیدارە.
ناسیۆنالیستە ئیسلامیستەکان کە هاتن، بەدیلی شۆڤینیزمی بەعس نەبوون، بەڵکو دیوی دووەمی بەعس بوون، درێژکراوەیەکی شێواوی ناڕێکخراوی ناهەشی بێ بەرنامە بوون. بە هیچ جۆرە سیستەمێکی هاوچەرخ ئاشنا نەبوون. چاویان لەدەستی بابەگەورەی ئەمریکی بوو، بە فەزڵ و نیعمەتی خۆی، ئامۆژگارییەکییان بکات و دەستیان بگرێت بەرەو ئاییندەیەکی جیاواز، بەڵام نەیاندەزانی ئەو ئایندەیە چییە و چۆن دەبێت!
ئەمریکا، دەتوانێت دەستی مرۆڤێکی عاقڵ بگرێت تا سنوورێك، لەوێ بۆ خۆی دەزانێت بۆ کوێ بڕوات، بەڵام دەستی مرۆڤێکی گەمژە و نەخۆش ناگیرێت، چونکە نە بەرژەوەندی وڵات و نە بەرژەوەندی خەڵکەکەی دەزانێت، لەکوێ بەرەڵای بکات، دەچێتەوە سەر هەمان ئاخووڕی بەعسییەکان.
داکانە بەرازە ستەمکارەکە ڕۆیشت، بەڵام بێچووە پەروەردەنەکراوەکانی دە ورد و درشتی ئەو وڵاتە بەربوون. نەک هەر ڕۆڵەی مۆدێرنێتە نەبوون، بەڵکو بوون بە دوژمنی سەرسەختی سیستەمێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی مۆدێرن. ئەو نوخبە سیاسییە دەستەڵاتدارەی ئەو سەردەمە، تا ئەوڕۆشی لەگەڵدا بێت؛ کاتێک یادی ٢١ ساڵەی داڕمانی گەورە دیکتاتۆر دەکەینەوە، دەبینین نوخبەیەکی بێ ناسنامە و بێ کلتور و بێ کەسایەتی، لەژێر هەژموونی دەوڵەتێکی دراوسێدا، قەپاڵ لە منداڵی خۆشی دەگرێت. دۆخێکیی سیاسیی میلیشیایی میلیتاریزەی وەهایان دروست کردووە، ئایندەی ئەو وڵاتەیان خستۆتە سەر لەپی عیفریت. ئەگەر پێشتر زیاتر لە چل ساڵ لەناو خوڕافەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا هاواریان دەکرد، فەلەستین، ئەوڕۆ لەناو خورافەی “یا مەهدی” هاواری فەلەستین دەکەن. ئەنجامەکەش یەک شتە، داڕمانی دەوڵەوت و نەتەوەکانی ناو ئەو وڵاتە.
بەو مانایەش، ئەگەر دیکتاتۆر بمابوایە، لەوانەبوو ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانی مۆدێرن لەناوەخۆی وڵات دروست ببوایە، کە باوەڕی بە دیموکراسییەت و سێکولاریزم و مافەکانی مرۆڤ هەبوایە و وڵاتی بەرەو سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ببردبایە. داوای بووردنی لە خەڵکی کوردستان بکردبوایە لەپای ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەی کە دەوڵەتی عێراق دژ بە خەڵكی کوردستان ئەنجامی دا. هەموو پابەندبوونە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیشی بەرامبەر کوردستان و عێراق ئەنجام بدابوایە.
ئایا، لە داهاتوودا وەها بزووتنەوەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئەو نەتەوانەی عێراق دروست دەبێت، کە سیستەمێکی مۆدێرن لە عێراق بونیات بنێت؟ تا ئێستا، لەسایەی ئەو سیستەم و ئاڕاستە ناهەش و چەواشەکارییە میلیشیاییە نادروستەی کە هەیە، هیچ ئاسۆیەکیش بەو ئاڕاستەیە نابیندرێت.



