یەک سەدەیە حیزبە گەورەکانی تورکیا بە تایبەت ئەوانەی ڕکابەری لەسەر وەرگرتنی دەسەڵات دەکەن بردنەوەیان لە ئەستەنبۆل لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کردۆتە بنەمایەک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا. پێدەچێت بۆ ئەم ڕایە ئەزموونی ئەردۆگان کرابێتە پێوەر، چونکە ئەو پێش ئەوەی حیزبەکەی بگاتە دەسەڵات خۆی ماوەی چوار ساڵ (١٩٨٤-١٩٨٨) سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆل بووە و دواتریش حیزبەکەی لە ٢٠٠٢ دەسەڵاتی لە تورکیا گرتۆتە دەست بۆیە هەمیشە گوتراوە: “ئەوەی ئەستەنبۆل بباتەوە وەک ئەوە وایە هەموو تورکیای بردبێتەوە و ئەوەشی کە هەڵبژاردنی ئەستەنبۆلی دۆڕاند بێت هەموو تورکیای دۆڕاندووە”.
بڕیارە ڕۆژی ٣١ ئاداری ٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجام بدرێت. لە ٨١ پارێزگا دەنگ بۆ سەرۆکی شارەوانی و ئەنجوومەنی پارێزگا و تەنانەت هەزاران موخاتریش دەدرێت، بەڵام لە نێو هەموو ئەمانەدا زیاتر چاوەکان لەسەر پۆستی شارەوانی ئەستەنبۆل دەبن. ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە شاری ئەستەنبۆل لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و گەشتیاریی گرنگی خۆی هەیە، شارەکانی دیکەش تا ڕادەیەک بەسەر حیزبە گەورەکان دابەش بوونە. بۆ نموونە، گەورە شاری ئیزمیر بە قەڵای جەهەپە ناسراوە ئەگەر چی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) لە چەند هەڵبژاردنی دواییدا ویستی ئەو قەڵایە بڕوخێنێت و کاندیدی پارتەکەی لەو شارە سەربخات.
ڕاپرسیەکان باس لەوە دەکەن لە گەورە شارەکانی وەک ئەنقەرە و ئیزمیر بە جیاوازییەکی کەم جەهەپە لە پێش ئەکەپە دایە. بۆیە ئەکەپە تەرکیزی زیاتر خستۆتە سەر شاری ئەستەنبۆل و لەو شارەدا دەیەوێت شکست دووچاری ڕکابەرەکەی بکات کە کاندیدی جەهەپەیە.
شایانی باسە، لە ئەستەنبۆل ٤٦ کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبۆل لە پارتە سیاسییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان ڕکابەری بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل دەکەن، بەڵام دوو لە هەرە کاندیدە بەهێزەکان کە شانسی دەرچوونیان لەوانی دیکە زیاترە بریتیین لە ئەکەرەم ئیمام ئوغلوو، کاندیدی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە و سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئەستەنبۆل و موراد کەرەم، کاندیدی ئەکەپە.
ئەکەپە لە ٢٠١٩، واتە پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەستەنبۆل لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە بەرامبەر ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو تووشی شکستێکی گەورە بووەوە، دوای ئەو شکستە دەبوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە ٢٠٢٣ ئەنجامدرا کاندی ئەکەپە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بوو لە بەرامبەر کەمال کلیچدار ئۆغلوو بدۆڕێنێت. بەڵام وادەرنەچوو، دەریش کەوت ئەو قسەیەی سەرەوە مەرج نییە هەموو جارێک دروست بێتەوە، بەڵام ئێستا ئەردۆگان و پارتەکەی کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەر بیانەوێت بڵێن ئێمە براوەی هەموو تورکیاین دەبێت لە ئەستەنبۆل براوە بین.
ئەکەپە جگە لەوەی تێپەڕاندنی دەنگەکانی لە بەرامبەر جەهەپە بۆ زەحمەتە کەوتووە، کۆمەڵێک ئاڵنگاری دیکەی لە پێشە. ئەوانیش بریتیین لەوەی کە کاندیدی جەهەپە لە کاندیدی ئەکەپە بەهێزترە، هەروەها پارتی ڕەفا کە پێشتر دەنگەکانیان بۆ ئەکەپە بووە، ئێستا لەو بەرەیە هاتوونەتە دەرەوە و کاندیدی خۆیان هەیە، کە کەسێکی بەهێزە بۆ شارەوانی ئەستەنبۆل. واتە پارتی ڕەفا ئەگەر دەنگی تەواوی خۆی بەدەست بهێنێت و پاشەکشە بە کاندیدەکەی نەکات ٣.٥٪ دەنگی ئەکەپە کەم دەکات، چونکە پارتی ڕەفا لە ئەستەنبۆل خاوەنی ئەو ڕێژەیەی دەنگە.
لەم هەڵبژاردنەدا، دەم (DEM) پارتی بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕابردوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە سیاسەتێکی دروستیان گرتەبەر، بەوەی پێشوەختە لەسەر هیچ یەک لە بەرەی جەهەپە و ئەکەپە خۆیان ساخ نەکردۆتەوە. لە ئێستادا بەشێک لە میدیاکان باس لە دابەش بوونێک دەکەن لە نێو بڕیاری مەرکەزی دەم پارتی بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین بریتییە لە دابەشکردنی ڕۆڵ لە نێوان کەسانێک کە بانگەوازی ئاشتی دەکەن و ئەردۆگان دەخەنە بەردەم بەرپرسیارەتی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی ئەوانیش بریتیین لە هەریەک لە لەیلا زانا و سەلاحەدین دەمیرتاش و ئەحمەد تورک. لایەنی دووەم کە هیچ ئومێدێکیان بە نزیکبوونەوە لە ئەردۆگان نییە، ئەوانیش بریتیین لە سزای تەمەلی هاوسەرۆکی کۆنی هەدەپە و بەشی زۆری پەرلەمانتارانی دەم پارتی.
دواجار دەڵێین ئەوەی پارسەنگی دەنگەکان لە نێوان ئەکەپە و جەهەپە بەلایەک دادخات بریتییە لە دەنگی دەم پارتی، کە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩ دەنگیان بە ئەکرەم ئیمام ئۆغلووی سەرۆکی ئێستای شارەوانی ئەستەنبۆل لە پشکی جەهەپە دابوو.
بۆیە دەم پارتی بە مانەویان لەسەر سیاسەتێکی یەکگرتوو و دروست کە بەرژەوندییەکانی خۆیان بخەنە پێش هەر لایەنێکی دیکە دەتوانن ئەو هاوکێشەی سەرەوە بگۆڕن بەوەی دەبێت هەموو لایەک بە تایبەت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەوە بزانن کە دەم پارتی و کورد لە پشت هەر لایەنێکیان بێت ئەستنبۆل بۆ ئەو دەبێت، ئینجا دەبێت بڵێن ئەوەی دەم پارتی لە پشت بێت ئەستەنبۆل دەباتەوە، تورکیاشی بردۆتەوە.