سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لەنێوان قوربانی و ستەمدا

خۆ بە قوربانی هەژمارکردن ئاماژەیەکە بۆ دۆخێکی تایبەت یان بارودۆخێک کە کەسێک یان گرووپێک پێی وایە تیایدا بووە بە قوربانی، زۆرجار لەڕێی زیانپێگەیشتن لە ئەنجامی ئەزموونێکی تایبەتەوە، یان تێپەڕبوون بە ستەم و نادادپەروەریی، یان لە ئەنجامی خراپ مامەڵەکردنێکی کەسێک یان لایەنێک دژ بە کەسێک یان لایەنێکی دیکەوە. کەواتە، پەیوەندی بە ئەزموونێکی کردەییەوە هەیە لە ئەنجامی بوون بە قوربانی و ئەو دۆخە دەروونی و سۆزداریی و کۆمەڵایەتییەی کە مرۆڤەکان یان گرووپەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە. لەهەمان کاتدا، دەکرێت ئەو هەستە هەر وەهمێک بێت، لە ئەنجامی تێنەگەیشتن لە پاشخانی ڕووداوەکان، یاخود ململانێی سیاسی و هاوسەنگی هێز.

چەمکی قوربانیبوون، لە سەرانسەری بەشە زانستییە جیاوازەکاندا لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، لەوانەش دەروونناسی، کۆمەڵناسی و تاوانناسی و زانستە سیاسییەکان. توێژەران لە هەموو ئەو بوارانەدا لەدیوە جیاوازەکانی قوربانیبوونیان کۆڵیوەتەوە، لەوانەش کاریگەرییە دەروونییەکانی داینامیکی کۆمەڵایەتی، کاریگەرییە کلتوری و سیاسییەکان.

یەکێک لە تیۆرە کاریگەرەکانی پەیوەست بە قوربانیبوونەوە، چەمکی “عەقڵییەتی قوربانی”، یان “کلتوری قوربانی”ییە. ئەم تیۆرییە لەلایەن هەردوو کۆمەڵناس برادلی کامپێڵ و جەیسن مانینگ لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. توێژینەوەیەکیان کە ١٩١٤ بەناوی “دەستدرێژی بچووک و کلتورە ئەخلاقییەکان” ئەنجام دراوە، ناوبانگی دەرکردووە. ئەم توێژینەوەیە باس لە دیاردەیەکی کلتوری دیاریکراو دەکات کە تاکەکان یان گرووپەکان خەریکی قوربانیبوون و کێبڕکێن و بەدوای بەدەستهێنانی پێگە و دەستەڵاتدا دەگەڕێن لە ڕێگەی بانگەشەی قوربانیبوونەوە. واتە، قوربانیبوون وەکو چەکێک بەکار دێنن. لەم جۆرە کلتورەدا، خەڵک لەوانەیە تاوانە بچووکەکان وەک نادادپەروەرییەکی گەورە هەست پێبکەن و دۆخی قوربانی خۆیان بەکاربێنن بۆ داوای دانپێدانان، هاوسۆزی یان قەرەبووکردنەوە.

کامپێل و مانینگ کلتوری قوربانیبوون لەگەڵ دوو کلتوری ئەخلاقیی دیکەدا بەراورد دەکەن، ئەوانیش “کلتوری شەرەف” و “کلتوری کەرامەت”ن. کلتوری شەرەف جەخت لەسەر ناوبانگی تایبەتی کەسەکان دەکاتەوە و لەوانەیە بە شەڕانگێزیی یان تۆڵەسەندنەوە وەڵامی سووکایەتی یان تاوانەکان بدەنەوە. لە بەرامبەردا، کلتوری کەرامەت، ئۆتۆنۆمی تاک و ڕێزگرتن لە هەموو تاکەکان لە پێشینەی کارەکانییان دادەنێن. هانی خەڵک دەدەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان لە ڕێگەی ئاشتیانە و دامەزراوە سیاسییەکانەوە.

لێرەدا دەمەوێت، لینکێک لەنێوان سایکۆلۆجیای قوربانیبوون و پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بدۆزمەوە، چونکە لەو ڕۆژانەدا دوو ئەندامی هەردوو حیزبی سیاسیی باڵادەستی هەرێم، گفتوگۆیەکی توندیان بوو، هەردوو لا خۆیان بە قوربانی دادەنا. هەردوو لاش بەناوی هەڵوێستە کوردایەتییەکانییانەوە ئەوی دیکەی تاوانبار دەکرد، یەکێکییان بەرامبەرەکەی بە خیانەتکار و ئەویدیکەش بەرامبەرەکەی بە ستەمکار ناوزەد دەکرد.

پەیوەندیی نێوان قوربانیبوون و پڕۆسەی سیاسیی لە ڕووی لەخۆگرتن (inclusion) و وەدەرنان (exclusion) ئاڵۆز و فرەلایەنە. ئەوەش بەو مانایەی داخۆ، خۆ بە قوربانی دانان مرۆڤ لە بەرپرسیارێتی نیشتیمانیی دوور دەخاتەوە؟ لەو چوارچێوەیەدا، قوربانیبوون دەتوانێت وەک هۆکارێکی هاندەر بۆ کۆکردنەوەی سیاسی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بەکار بێنێت، یان ببێتە هۆی لەخۆگرتن و دانپێدانانی زیاتری ئەو گرووپەی کە خۆی بە قوربانی هەژمار دەکات. ئەوە بۆ کەمینە ئایینی و ئیتنیکییەکانیش هەر ڕاستە. لەهەمان کاتدا دەتواندرێت لەپێناو زیاتری بەکارهێنان یان زیاتری وەدەرنان یاری بەو جۆرە سایکۆلۆجیایە بکرێت. ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ زیاتر دابەشبوون و ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لەناو کۆمەڵگە.

ڕوانگەیەک لەم پەیوەندییە لەلایەن توێژەرانەوە پێشکەش دەکرێت، کە شرۆڤەی گێڕانەوەکانی قوربانییەکان دەکەن لە پەیوەند بە سیاسەتی ناسنامە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەو گێڕانەوانە زۆرجار تیشک دەخەنە سەر ئەزموونەکانی ستەم و هەڵاواردن و نادادپەروەری کە هەندێک گرووپ ڕووبەڕوویان دەبنەوە، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و دروستکردنی هاوسۆزی و کۆکردنەوەی پشتیوانیی بۆ هۆکارەکانییان. بەڵام بەسیاسیکردنی قوربانیبوون، دەتوانێت ببێتە هۆی وەدەرنان و دوورخستنەوەی زیاتری بەرامبەر، یان بەهێزکردنی ئەو لایەنەی کە دەسەڵاتی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتری پەراوێزخستن و بەردەوامبوونی نایەکسانییەکان.

وابزانم ئەو هاوکێشەیە ڕوونە لە پەیوەندی نێوان هەردوو حیزبی دەستەڵاتداری هەرێمی کوردستان. هێندەی سیاسەتی دوورخستنەوە پێڕەو دەکەن لە بەرامبەر یەکدیدا، هێندە سیاسەتێکی لەخۆگر و کۆکەرەوە پێڕەو ناکەن، هەڵبەت ئەوەش لە نەبوونی سیاسەتێکی نیشتیمانی، سنوورێکی سیاسی نێودەوڵەتی و نەبوونی سەروەریی سیاسی و ئەمنی لە هەرێم، هێندەی دیکە دۆخەکەی مەترسیدارتر کردۆتەوە. پرسیارە ئاڵتوونییەکەش ئەوەیە، ئایا سیاسییەکانی هەرێم وشیارن بەوەی کە هەرێمی کوردستان، لەلایەک بەشێکە لە دەوڵەتێک و هێشتا سەربەخۆ نییە؛ خاوەنی سەروەریی سیاسیی نییە؛ سنوورێکی دانپێدانراوی نییە؛ لەڕووی ئەمنییەوە هیچ پاوانێک نییە بێگانە لێی بسڵەمێتەوە. ئەوەش وادەکات، هەر حیزبێک چەند سیاسەتی دوورخستنەوە توند بکات، بەرامبەرەکە بوار و پانتایی دوورکەوتنەوەی ڕەهایە و چەندیی بیەوێت دەتوانێت بڕوات. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەوەی کە حوکمی هەرێم دەکات، حکومەتێکی نیشتیمانیی نییە، بەڵکو حکومەتی حیزبە لە هەردوو زۆنەکە. بەمانای ئەوەی کام حیزب تیایدا بەهێزە، بەرامبەرەکەی ئینتیمای بۆ ئەو حکومەتە لاوازتر دەبێت و ئاسانتر دوور دەکەوێتەوە و قوربانیبوونی خۆی زیاتر دەردەخات، ئەوجا بەهەر پاساوێک بێت.

کەواتە، قوربانیبوون دەکرێت وەکو چەکێک هەمیشە بەڕووی لایەنی بەرامبەردا بەرز بکرێتەوە. بۆ نموونە لە ململانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل دا، هەردوو لا، سایکۆلۆجیای قوربانیبوون بەکار دێنن دژ بە یەکدی. دیارە ئیسرائیل لەو بارەیەوە چیرۆکێکی دوور و درێژی هەیە. لەدوای هۆلۆکۆست، توانی سایکۆلۆجیای قوربانیبوون وەکو فاکتەرێکی بەهێز بخاتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی نێودەوڵەتی و کۆمەڵێک دەسکەوتی گەورە لەو ڕووەوە بەدەست بێنێت. ئەوەش بەو مانایەی کە کلیلی قوربانیبوونی گۆڕی بۆ فاکتەری هێز. هێزێک تا سنووری ستەم، تا سنوورێک کە ئەخلاقی تیادا نەمێنێتەوە. بەڵام لە بەرامبەردا عەرەب، بەتایبەتیش فەلەستینییەکان، نەیانتوانیوە قوربانیبوون بگۆڕن بۆ فاکتەری هێز، بەڵکو لێیان بووە بە فاکتەرێکی لاواز و هەندێک جار وەکو دەروازەیەک بۆ خۆکوژیی. وەک ئەوەی لە ٧ ی ئۆکتۆبەری پار ڕووی دا، کە بە هەموو پێوەرەکان فاکتەرێکی خۆکوژی و تیرۆر بوو.

بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، بە کوردیشەوە، پێویستییان بە پانتاییەکی ئەخلاقی و ناوبانگێکی مرۆیی پابەند بە بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەیە لە ململانێکاندا. ئەگەر داگیرکەر، یاخود هەر هێزێکی سەرکوتکەر، بێ ئەخلاق بوو، مانای وانییە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانیش بێ ئەخلاق بن. گۆڕەپانی شەڕ کراوەیە دژ بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان، کە ئامرازێکی سەرکوتکەرن، بەڵام هاووڵاتی مەدەنی هەمیشە دەبێت لە دەرەوەی هاوکێشەکان بێت. ئەوەش خاڵێکە کە زۆرجار سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان شانازیان پێوە کردووە کە لە ململانێکانیاندا لەگەڵ بەغدا هەرگیز پەلاماری هاووڵاتی مەدەنییان نەداوە.

لە ڕوانگەی “حەماس”ـەوە، کە حیزبێکی سیاسییە، لەگەڵ فەتح کە هەڵگری یەک دۆزن، لەلایەکەوە، نەیانتوانی بەیەکەوە هەڵبکەن و سیاسەتێکی نیشتیمانییانە پێڕەو بکەن، لەکاتێکدا کە سیفەتی دەوڵەتێکییان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهەردوو کەرتی غەززە و باریکەی ڕۆژئاوا بەخشیوە، بەڵام هێشتا دانی پێدا نەنراوە. حەماس لێرەدا نەیتوانی وەکو گرووپێکی سیاسی بچێتە دونیای حوکمڕانی، چونکە هێشتا بە عەقڵییەتی شۆڕشگێڕ و سڕینەوەی ئیسرائیل بیری دەکردەوە. لەلایەکی دیکەشەوە نەیانتوانی هاوسەنگی هێز بەدروستی لەناوچەکە بخوێنێتەوە. حەماس تاک لایەنە، وەکو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، “دۆزی فەلەستین لەبیر کراوە و قوربانییە”، ئیسرائیلیش بەردەوامە لە ستەمەکانی. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناویان بێتەوە ناو ناوان، پەلاماری ٧ ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا. بەمانای ئەوەی، حەماس ئەوەی بیر چوو بوو کە بەشێک لەو قوربانیبوونە، هی هەڵنەکردنیانە بەیەکەوە لەگەڵ فەتح، هی ئەو ڕەهەندە ئایدیۆلۆجیایەیە کە ڕێگرە لەبەردەم ئاوێزانبوونیان لە سیستمەکانی ناوچەکە. بۆ فەلەستینییەکان، هێندەی مافەکان و سەقامگیری و ئازادی گرنگە ئایدیۆلۆجیا گرنگ نییە.

ئایا تەنها لەبەر ئەوەی لەبیر کراون و دەبێت کارێک بکەن بەبیر دنیای بێننەوە کە ئەوان قوربانین لە بەرامبەر ستەم و داگیرکاری ئیسرائیل دا، دەبێت پەلامار بدەن بێ ئەوەی ئەنجامەکانی لێک بدەنەوە؟ ئێستا ئەنجامەکان دیارن، ڕاستە پرسەکە بیر دنیا هێندرایەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەلایەک بیریان چووە کە هەر کردەوەیەک هەڵگری خەسڵەتەکانی تیرۆر بێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قبوڵکراو نییە. لەلایەکی دیکەوە، سیاسەتی نەمزانی ناخوات، لە بەرامبەر بەخشینی هەزاران قوربانی بێگوناهی فەلەستینی. لەپاڵ ئەوەش، حەماس وەکو گرووپێکی ئیسلامیی ئیخوانیی، ئەوەی بیرنەبوو کە لەناو دەستەبژێری سیاسیی عەرەب، نەک هەر ڕێکخراوێکی قبوڵکراو نییە، بەڵکو تۆمەتی تیرۆریشی لەسەرە، ئەمەش وای کرد کە فەلەستینییەکان زیاتر ببنە قوربانی نەک هەر دەستی ئیسرائیل بەڵکو هی ئەو پێگە و ئایدیۆلۆجیاییەی کە حەماس و گرووپی جیهادی فەلەستینی و گرووپە بچووکەکانی دیکەش هەڵیانگرتووە لەلایەک، لەلایەکی دیکەش، هی ئەو هاوپەیمانێتییەی کە حەماس هەیەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بەرەی “موقاوەمە”، کە خۆی لە حیزبوڵا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی حوسیدا دەبینێتەوە. هەموومان دەزانین، ئەو بەرەیە، دەسەڵاتخواز و خۆسەپێن و دژە مافەکانی مرۆڤە و لە ڕوانگەی ڕۆژئاواوە، بەرەی شەڕە. لەڕاستیدا ئەو بەرەیە بووە بە بەڵایەکی زۆر گەورەی تێکدەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەرێمی کوردستانیش، کە پێشی شەڕی نێوان حەماس و فەتح دابەش کرابووە سەر دوو زۆنی زەرد و سەوز، هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەت بوو کە دەکرا تا ئەوپەڕ سوودیان لێ وەربگیرێت. بەو مانایەی کورد وەکو گرووپێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پارێزبەندیی هەبوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بڕیاری ٦٨٨ وەکو زۆنێکی پارێزراو بۆ هاووڵاتیانی کوردستانی باشوور. هەردوو حیزبی سەرەکی باشوور، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هەر لەسەرەتاوە شکستیان هێنا لەوەی مێژووی قوربانیبوونی نەتەوەکەیان، ئیسڕائیلئاسا سیستماتیک بکەن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی نەتەوەی کوردستان سوودی لێ وەربگرن. هەروەها، لەسەر بنەمای بەها و نۆرمە مۆدێرنەکان، حوکمڕانییەک دابمەزرێنن، ببێتە مۆدێلێکی گۆڕینی قوربانیبوون بۆ فاکتەری هێز، ڕێک وەکو ئەوەی ئیسرائیل کردی. بەڵام لەجیاتی ئەوە وەک فەلەستینییەکانئاسا دەستیان بە شەڕی ناوخۆ کرد، کە دۆزی خۆیان و نەتەوەکەیان نەک هەر دەیان ساڵ گەڕاندەوە دواوە، بەڵکو تا ئەوڕۆش لە کاردانەوەکانی ئەو شەڕەدا دەژین.

دوای شەڕی ناوخۆ، هەرچەندە بۆ ساڵانێک توانیان بەیەکەوە هەڵبکەن و هەرێم بەڕێوە ببەن، بەڵام هەرێمێک تەنها بە ڕواڵەت یەکگرتوو، لە ناوەڕۆکەوە هەرێمێکی بریندار و دابەشبوو، دوو زۆن لە چارشێوی حکومەتی هەرێمدا. حکومەتێک بە هەموو دامەزراوەکانییەوە، دیلی هەژموونی حیزب بووە لە هەردوو زۆنەکەدا. حکومەتێک لە هیچ کام لە دوو زۆنەکە نەیانتوانیوە پۆلیسێک لە زۆنی بەرامبەردا بجوڵێنێت.

ئەوەی سەیرە، لە سایکۆلۆجیای خۆ بەقوربانیزاندا زۆرجار هیچ سنوورێکی ئەخلاقی و نیشتیمانیی ناهێڵێتەوە لەپێناو دەستکەوتی زیاتر و هەندێک جار مانەوەش. ئەگەر پرسە نەتەوەییەکان بەرەو پێش ببرێن و ململانێ لەسەر خزمەتی نەتەوەکەیان بکەن، ئەوانیش زیاتر گەشە دەکەن، بەڵام ئەو خاڵەشییان دەکەوێتە سەر هۆشیاریی سیاسیی خەڵک. لەو ڕووەشەوە، خەڵكی هەرێمی کوردستان، نەک هەر سنوورییان بۆ کەڵەگایی حیزب بەسەر دامەزراوەکانی حکومەتدا دانەنا، بەڵکو بۆخۆشیان لەڕێی بێدەنگبوون، ناهوشیاری سیاسی، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگدانەوە بە حیزبەکانیان لەدژی یەکدی، بوون بە فاکتەرێک بۆ ئەو کەڵەگاییە. حیزب و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانیش کە دژایەتی ئەو دوو حیزبەیان کردووە، بۆ ئەوە نەبووە کەڵەگایی هەردوو حزیبەکە کەم بکەنەوە، بەڵکو بە ڕاگەیاندن و بە کرداریشەوە ئەوەیان دەربڕیوە کە هەردوو حیزبەکە زۆریان خواردووە و ڕێگا بە ئێمەش بدەن با هەندێک بخۆین. زۆریش لەوانەی کە لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆندا بوون و دوایی چوونەتە ناو ڕیزەکانی ئەو دوو حیزبە، خراپتریان کردووە.

لەو دووڕیانەوە، یەک جۆرە سایکۆلۆجی زاڵە بەسەر کۆی نەستی زۆرینەی ئەندامانی ئەو حیزبانە بەتایبەتی دەستەبژێری سیاسی. ئەوە هیچ لەوەی کە کەسیان بەرنامەیەکی نیشتیمانیی نەبووە بۆ کۆتاییهێنان بەو سەرگەردانییە. بۆیە، ساڵانێکی زۆرە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێم پەکی کەوتووە و هەردوو حیزبەکەش لە ڕوانگەی خۆ بەقوربانیـزانینەوە، ناتوانن خۆیان لە بەرپرسیارێتی ئەو سەرگەردانییەی هەرێم بدزنەوە.

دەستەواژەی “من قوربانیم، بەرپرسیار نیم لەوەی ڕوودەدات، بێجگە لە گەمژەیی سیاسیی هیچی دیکە نییە. “من قوربانیم پێویستم بە دەسەڵاتی زیاترە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەم” دادی کەس نادات. لە ڕاستیدا، هیچێک لەو پاساوانە کلیلی چارەسەر نین و بەرپرسیارێتیش لەسەر شانی کەس هەڵناگرێت. چارەسەر هەوڵدانە بۆ ڕاکێشانی بەرامبەر و ئاشتەوایی.

هیچێک لەو دەربرینانە، هی حیزبێکی سیاسیی خاوەن ئەزموون و مۆدێرن نین، کە بەیەکەوە لە حکومەتێکدا کار دەکەن. بەیەکەوە چارەنووسی هەرێمێکیان لەبەردەست دایە، هیچ کامێکیشیان لە بەرپرسیارێتی مێژووی خۆیان نابەخشرێن. هەردوولا بەرپرسیارن لەوەی کە شکستیان هێنا لەوەی سیاسەتێکی نیشتیمانییانەی کوردستانییانە پێڕەو بکەن، قوربانییەکانی نەتەوەکەیان بکەن بە دەروازەیەک بۆ چاوشۆڕی داگیرکەر و ناچارکردنی بۆ قەرەبووکردنەوەی کوشتن و بڕین و هەڵتەکاندنی کوردستان. مێژوو ڕوحمی بەکەسدا نایەتەوە، هەروەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ڕوحمی بەو دۆخەی کورد دا نایەتەوە، چونکە بۆخۆی بەرپرسیارە لەو دۆخە.

ئەرکی هەنووکەیی و بەپەلەی ئەو دوو حیزبە، بەتایبەتیش دوای هەڵبژاردنەکان، ئەگەر تۆزێک هەست بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانیی و نەتەوەیی بکەن، هەرچیی زووە خۆیان لەو ئەقڵییەتە خۆبەڕاستزان و لەهەمان کاتیشدا خۆبەقوربانیزان دوور بخەنەوە. کۆمەڵێک پریسنیپ و حەرام و حەڵاڵی نیشتیمانیی دابنێن. دامەزراوەکان ڕادەستی حکومەتێکی نیشتمانی بکەن و وەکو هەموو حیزبەکانی دنیای پێشکەوتوو، خەریکی حیزبایەتی بن. شکۆ بۆ نەتەوەکەیان بگەڕێننەوە و سەروەری سیاسیش بۆ هەرێمی کوردستان. هێزێکی نیشتیمانیی ڕاستەقینە بۆ هەرێم دروست ببێت، ئەوسا هەم بۆ خۆیان و هەمیش نەتەوەکەیان براوە دەبن.

سەرچاوەکان

Campbell, B., & Manning, J. (2014). Microaggression and moral cultures. Comparative Sociology, 13(6), 692-726

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO