هیوا ساعدی
سمكۆی شکاک (١٨٨٧-١٩٣٠) ویستی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر زمان و پێناسەی فەلسەفیی ئەحمەدی خانی بخاتە بواری كردارەوە و دەوڵەتی كوردیی لەسەر پێناسە فەلسەفییەكەیخانی دامەزرێنێت. سمكۆ بایەخی بە بواری پەروەردە، فێركردن و ڕووناكبیریی داوە. ئەو شۆڕشگێڕێکی کوردی و ڕێبەری ھۆزی شکاک بوو کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژئاوای گۆلی ورمێی لە حکومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە. سمکۆ ناوی “ئیسماعیل”ـە و کوڕی محەمەد پاشای کوڕی عەلی خانی کوڕی ئیسماعیل ئاغای شکاکە و بنەماڵەکەیان لە مێژەوە گەورە و دەسەڵاتداری خێڵی شکاک بوون. سمکۆ لە ١٨٨٧ لەدایک بووە و پاش مردنی باوکی و جەعفەر ئاغای برای، سەرکردایەتی خێڵی شکاکی گرتۆتە دەست و لەدوای شەڕی یەکەمی جیھانی دەستی بە ڕزگارکردنی ناوچەکانی قەراغی گۆلی ورمێ کردووە. ھەرچەندە لە ساڵانی شەڕدا سمکۆ لە ھیچ چالاکییەکی سیاسی بەشداری نەکردبوو، بەڵام ھێزەکانی ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری تەفلیس و دواتر ئازادیان کرد بەو مەرجەی لە خۆی دابنیشێ و ھیچ ھەڵوێستێک دژی ڕووسەکان نەنوێنێت.
کە شەڕی یەکەم کۆتایی ھات، سمکۆ وەک سەرکردەیەکی سیاسی ناوی دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی ئیدارەیەکی کوردیدا لە ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و گەلێ ناوچەی گرنگی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. لە ١٩٢١ دا، لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی گەورەی ھێزەکانی حکومەتی ئێران، سمکۆ ناچار بوو پاشەکشێ بکات و پەنا بەرێت بە تورکیا. لە ١٩٢٤، بە بڕیارێکی لێبوردن گەڕایەوە ئێران و لە ١٩٢٦، جارێکی تر شۆڕشی بەرپاکردەوە. بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکاو ماوەیەک لە تورکیا دا بە دەستبەسەری مایەوە. پاش ئازادکردنی گەڕایەوە ئێران و لە ١٩٣٠ دا بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئێران لە شاری شنۆ کوژرا. بەمەش شۆڕشەکەی شکاک کۆتایی ھات کە یازدە ساڵ درێژەی کێشا.
لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدەم کە بەشێک لە کەسایەتیی و ڕۆڵ و پێگەی سمکۆی شکاک لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوپێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان شی بكەمەوە. هاوکات بەرپەرچی ئەو بێڕێزییانەش بدەمەوە کە ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەخۆ دەکرێتە سەر کەسایەتیی سمکۆ. بەتاییبەت لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە هێرشی ناڕەوا دەكرێتە سەریهە، لەکاتێکدا کە ئەو لەسەردەمی خۆیدا دەیان سەروەریی مەزنی خوڵقاندووە و تاکوو دوا ساتەكانی تەمەنی لە خەبات و تێکۆشان و بەرخۆدان لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وچانی نەداوە. ئەو بێڕێزییکردنەش بەربڵاو بووە، لە کەسانی ئاساییەوە دەستی پێکردووە و لە کەسایەتییە سیاسیی و حیزبییەکانی كورد و بێگانەوە تێپەڕ بووە. ئەوەی کە جێگای سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە ئەو کەسایەتییانەی کە ڕەخنەیان ئاراستەی سمکۆ کردووە، تاکوو ئێستاش هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان لەپێناو سەربەستیی ئەو نەتەوە بندەستەدا هەڵنەناوەتەوە. سمکۆی شکاک یەکێ لە سەرکردە هەرە مەزنەكانی کورد لەسەردەمی خۆیدا بووە کە توانیوێتی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بوو بێت دەستی بێگانە و داگیرکەرانی کوردستان لەسەر خاكی كوردستان ببڕێت و کورت بکاتەوە و نەیارانی کورد لەسەر خاکی کوردستان پاشەکشێ پێبکات و هێزەکانیان تێک بشکێنێت. ئەمەش بە یەکێ لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی سمکۆ ئەژمار دەكرێت. ئەگەر هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕشە مەزنەکەی سمکۆ بخەینە بەرباس و ژێر كۆڵینەوە، بێگومان بەو ئەنجامە دەگەین کە تاکە هۆکار لەپێوەندی بە ڕووخانی حكومەتەكەی سمکۆ ئەو بارودۆخە نالەبارە بووە کە لەو سەردەمەدا لەلایەن بەریتانی و فەرەنسی و ڕووسەکانەوە باڵی بەسەر کورد و ناوچەکەدا کێشابوو و ڕای گشتیی كۆمەڵی كوردەواریش لەو سەردەمانەدا تێگەیشتنی سیاسیی و نەتەوەییانەی بۆ كێشەی كورد پێنەبووە و دائیم .
سمکۆ و زلهێزەکان
كوردستان لەبەر دەوڵەمەندیی خاكەكەی و هەڵكەوتە ستراتیجییەكانی بەردەوام چاوی بێگانەكانی لەسەر بووە ئەو هێزانەش كە ئاماژەم پێكردن بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لەناوچەکەدا هێناوەتە كایەوە و ئەوەی کە ڕەچاو نەدەکرا ڕۆڵ و پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چیاكانی زاگرۆس بوو. هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەركردەكانی كورد هیچ كات نەچوونەتە ژێر باڵی هێزە جیهانییەكانەوە و لە بەرامبەردا داگیركەرانی كوردستان بە ئاسانی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكاندا ڕێكەوتوون و ئیزنیان بە ڕاماڵكردنی بەربوومەكانی ناوچەكە داوە. بێگومان بەریتانیا و فەرەنسا و ڕووس، وڵاتانی داگیركاری ئەو سەردەمە ئامانجیان لە داگیركردنی ناوچەكە دەست بەسەرداگرتنی بەربوومەكانی ناوچەكە و دەست ڕاگەییشتن بە كانگاكانی زێڕ، ئاسن و بەردی بەنرخ بووە. بە ڕێكەوتنیش لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان بە ئاسانیی ئامانجەكانیان دەپێكا.
بۆیە ئەوانیش بەردەوام دژی دەستكەوتی سیاسیی كورد بوونە، چونكە لە ئەگەری ئەوەدا كە كورد بگەییشتبایە دەسەڵات دەبوو ئەوان ناوچەكە چۆڵ بكەن و سمكۆی سەركردەش لەگەڵ ئەوەدا نەبووە كە سەرمایەكانی كوردستان لەلایەن داگیركەرانەوە ڕاماڵ بكرێت ئەو دوو هێزەی کە ئاماژەی پێکرا تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان و دۆستەکانیان دەکردەوە، درووست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لەقازانج و بەرژەوەندی بەریتانی و ڕووسەکاندا نەبوو، چونکە نەتەوەیەک بەو مێژووە مەزنەی کە هەیەتی دەیتوانی لە داهاتووی خۆیدا ببێتە یەکێ لە هێزە گرینگەکانی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش. ئەوەش ڕۆڵی بەریتانی و ڕووسەکانی لاواز دەکرد. وەك ئاماژەی پێکرا، کورد لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا لەگەڵ هیچ کام لەو دوو هێزە نەکەوت و تەنیا لە بیری هێز و ڕۆڵی خۆی و ڕێکخستنەوەی پێگەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا بوو. لەڕوانگەی ئەو دوو هێزەش کە داگیرکەری ناوچەکە بوون، ئەگەر لایەنێک لە ناوچەكە گرینگی بە پێگە و ڕۆڵیان نەدات ئیتر وەک مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان پێناسەیان دەکرد.
سمکۆی شکاک لە مێژووی پڕ لە تێکۆشانی کورد و هاوکات لە ڕەوتی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەور و ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری گێڕاوە، ئەو خەبات و تێکۆشانەی سمکۆی مەزن پێگەی کوردی لە سەردەمی خۆیدا بەهێز کرد و دواتریش ناوی چووە نێو ئەو کەسانەی کە لە مێژووی ئەم نەتەوەییەدا ڕۆڵی مەزنیان بینیوە و سەروەرییان خووڵقاندووە. سمکۆی مەزن لەو کاتەشدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشت و ڕووی کردە باکووری کوردستان، لەو ماوە کورتەدا کە لەوێ بوو هەوڵیدا کە لەگەڵ گەورە پیاوان و دەسەڵاتدارانی تورک و کورد و تەنانەت نەتەوەکانی تریش پێوەندی بگرێت و لەمەڕ پرس و کێشەی کورد گفتوگۆ بکات و هەوڵ بۆ پێگەیەکی نوێ و ڕێكخستنەوەی ماڵی كورد بدات، بەڵام لەو سەردەمەدا كەم كەس دەیتوانیی وەك سمكۆ ڕۆڵی یەكلاكەرەوە بگێڕێت و تەنانەت كەم كەسیش هەبوو كە وەك ئەو بیر بكاتەوە. نەبوونی ڕاوێژكاری سیاسیی و ئاگاداری ڕووداوەكانی جیهان و ناوچەكە لە دەورووبەری سمكۆ ئاسۆی شۆڕشەكەی بەرەو ئاوابوون برد و گیانی خۆشی لەو ڕێگایەدا كردە قوربانی نەتەوەی كورد، نەتەوەیەك كە قەد ڕۆڵ و پێگە و خەباتی سمكۆ لەبیر ناكات و خەباتەكەی بووەتە چرای ڕووناكیی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد.
سمکۆ و دیپلۆماسی
سمكۆ لە باری دیپلۆماسی و سیاسیشەوە کەسایەتییەکی مەزن و لێزان و بەئەزموون و زیرەک و تێکۆشەر بوو. دەیان جار هەوڵی داوە کە لەگەڵ بەریتانییەکاندا لە ڕێگای جیاجیا و بە شێوازی جیاواز پێوەندی بگرێت، بەڵام هەوڵەکانی بێکام بوو، چونکوو بەریتانییەکان پلانێکی تایبەت بە کوردیان پێنەبوو. پتر لەو هێزانە نزیک دەبوونەوە کە بە دەسەڵاتی فرە سەرمەستیان دەكردن، ئەوەش لە لای کورد هێڵی سوور بوو. چونکوو كورد خۆی بە خاوەنی ئەم نیشتیمانە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووک دەزانی و ماڵ و ژین و ژیانیان نەدەدایە دەستی بێگانەکان. ئەوەش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی کورد لە مێژووی شەش سەدەی ڕابردوودا بووە.
هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا سمکۆی مەزن هاوکات پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەکەشدا هەبوو، پێی وابوو کە پشتیوانی دەرەکیی لەسەر خستنی کێشەی کورد و دەستەبەرکردنی مافەکانی پێویستە و دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت. سمکۆ بەپێی بەرژەوەندیی کورد پێوەندی لەگەڵ داگیرکەرانیش دەگرت، ئەو باوەڕێکی قووڵی بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەشێوەی ئاشتییانە و دۆزینەوەی ئەو چارەسەرییە بە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ هەبوو.
سمکۆ چەکدارێکی پارتیزان و بە ورە بوو کە بەپێی دۆخ و هەلومەرج هێزی کۆ دەکردەوە و بڕیاری شەڕی دەدا، لە کاتی پێویستیشدا دەستی بە دیالۆگ و گفتوگۆ دەکرد و هەنگاوی ئەرێنیی دەهاوێشت. ئەو دەیان جار لەو پێناوەشدا گیانی خۆی خستووەتە مەترسیی، تەنیا بە مەبەستی ئەوەکە بتوانێ چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ دۆزی ڕەوای کورد بدۆزێتەوە. دواین جار لە ١٩٢٩ دا بوو کە لە لایەن ڕژێمی ئێران پێوەندی لەگەڵ گیرا. سمکۆ لەو هەلومەرجەدا لاواز بوو، هێزێکی ئەوتۆ و تۆکمەی لە دەورووبەردا نەبوو، بەڵام کاتێک کە ڕژێمی ئێران داوای لێکرد کە بگەڕێتەوە و لەمەڕ کێشەی کورد وتووێژ بکەن، سمکۆ ئەم داوایەی حکومەتی ئێرانی بە دەرفەتێکی نوێ بۆ كورد پێناسە کرد، چونکە لە پڕۆسەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ڕژێمدا باسی لە لاپەڕەیەکی نوێ لەنێوانی هەردوولادا كردبوو، سمکۆش هەوڵیدا کە ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و هێزێکی تۆکمە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە لە لایەن ڕژێمەوە پلانی تیرۆرکردنی بۆ دانرابوو، ئەوە بوو کە هێرشی کرایە سەر و شەهید کرا.
هێرشەکە لە پاش وتووێژێك ئەنجام درا کە ڕژێم ئامادەکاریی بۆی کردبوو. بەو شێوەیە حکومەتی ئێران خیانەتی لە سمکۆ و نەتەوەی کورد کرد. كورد هەمیشە دۆڕاوی وتووێژەكان بووە، چونكە كورد ساوێلكانە وتووێژی كردووە و داگیركەرانیش زیرەكانە پیلانی گڵاوی خۆیان داڕشتووە. سمكۆ یەكەمین و دوایەمین سەركردەی كورد نەبووە كە لە وتووێژ لەگەڵ ڕژێمی ئێران دا شەهید بكرێت. ڕژێمی ئێران هەمیشە كاتێك پرسی وتووێژی لەگەڵ سەركردەكانی كورد دا هێناوەتە گۆڕێ كە كورد لاواز بووە، بۆیە كوردیش بێ لێكۆڵینەوە لە ئامانجی ڕژێم ئەمەی بەدەرفەت زانیوە بۆ دەستخستنی دەستكەوتی سیاسیی. بەڵام سەركردەكانی كورد بیریان لەوە نەكردووەتەوە كاتێك كە بەهێز بوون و ڕژێم لاواز بوو بۆ باسی وتووێژی نەكرد، ئیستا كە پێچەوانەیە و كورد لاوازە بۆ ڕژێم باسی وتووێژ دەكات. پاش شەهید كردنی سمكۆ، پێشەوا قازیی، د. قاسملوو و د. شەرەفكەندی و چەندین سەركردەی دیكەی كورد هەمان هەڵەیان دووپات كردووەتەوە. ئەمەش بێئەزموونیی و بایخنەدانی سەركردەكانی كورد بە ڕووداو و كارەساتەكانی مێژووی نەتەوەكەیان پێشان دەدات هەروەک ئاماژەی پێکرا.
سمکۆ وەک کەسایەتییەکی سیاسیی و بەئەزموون ئاگاداری کێشەکانی ناوچەکە بووە و زانیاریی تەواوی لە بارەی دیپلۆماسی و پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشەوە هەبووە. لە ماوەی تەمەنی شۆڕش و حکومەتەکەیدا توانی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لە کایە سیاسییەکانی ناوچەکەدا دەور بگێڕێت و پیلانی داگیرکەران تێک بشکێنێت و بزووتنەوەیەکی خۆماڵی کە پاڵی بە هیچ هێز و لایەنێکەوە نەدابوو بەرهەم بهێنێت.
سمكۆ و دەوڵەتی كوردستان
یەکێ لەو کارە هەرە گرینگ و پڕ بایەخانەی کە سمکۆ ئەنجامی داوە و لە مێژووی سێ سەدەی ڕابردوودا بێوێنە بووە، ئەوەبوو کە بۆ یەکەمینجار زۆربەی خێڵ و عەشیرەتەکانی کوردی پێکەوە گرێدا و یەکێتییەکی توندوتۆڵی لە نێوانیاندا ساز کرد. بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی کوردستان لە سەردەمی سمکۆ دا لەو هێزانەی کە ئەرکی پاراستنی کۆماری کوردستانیان لە ئەستۆدا بووە زۆر بەهێزتر و پڕ چەکتر بوونە. سمکۆ ئەو پەڕی هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت هاوپەیمانێتییەکی مەزن لەنێوان خێڵە كوردییەكاندا ساز بکات و لەو ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر هێزە ناوچەییەکان دابنێت و سەرنجی زلهێزەکانیش بۆ لای خۆی و حکومەتی کوردستان ڕابکێشێت.
تەمەنی حکومەتی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سمکۆ دا سێ ئەوەندەی تەمەنی کۆماری کوردستان درێژەی کێشاوە و هەموو ناوچەکانی دەورووبەری زەریاچەی ورمێی لەخۆ دەگرت. ئەو حکومەتەش لە ساڵانی ١٩١٨ تاکوو ١٩٢١ی زایینی درێژەی هەبوو. هەر چەند خەبات و تێکۆشانی ئەو کەسایەتییە نەتەوەییە تاکوو ١٩٢٩ لە ناوچەکە درێژەی کێشا، بەڵام تەنیا ئەو چوار ساڵە دەسەڵاتی بەسەر هەموو ناوچەکاندا هەبووە. گرینگییەکی دیکەی شۆڕش و حکومەتی سمکۆ لەوە دایە کە ئەو بەهێز و توانای خۆی هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بەدەست هێنا و مسۆگەر کرد، هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بوو کە ئەو شۆڕشە درێژە بکێشێت و درەنگتر بڕۆخێت. بۆ نموونە کۆماری کوردستان لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە پشتیوانی لێدەکرا، کاتێک کە پشتیوانی سۆڤیەتی لە دەست دا، ئیتر بە نەرمە بایەک ڕووخا و ١١ مانگ دەوامی هێنا. کەواتە بەو ئەنجامە دەگەین کە شۆڕشەکەی سمکۆ شۆڕشێکی خۆماڵی بوو، لەسەر بنەمای هێز و وزەی کورد دانرا بوو، ئەوەش بەخاڵێکی بەهێزی ئەو شۆڕشە مەزنە پێناسە دەکرێت. سمکۆ پێوەندی باشی لەگەڵ هەموو سەرکردە نەتەوەییەکانی کوردستانی گەورەدا هەبووە، بیری کوردستانێکی مەزن لە مێشکیدا چەکەرەی کردبوو. بەو بیر و هزر و بڕوایەوە هەوڵیدا کە هێزێکی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێک بهێنێت و ڕۆڵی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو بگێڕێت و قورسایی مێژوویی خۆی بەدەست بێنێت.
لە حکومەتی کوردستان لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی سمکۆ دا گرینگی و بایەخێکی تایبەت بە بواری پەروەردە و خۆپێگەیاندن دراوە. هاوکات بەشێوەیەکی دروست خەڵکی کوردستانیان لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی کورد تێگەیاندووە و بەشێوازێكی ڕوون باسی داگیركەرانی كوردستانیان كردووە کە چۆن کوردستان و مافەکانی مرۆڤ و نەتەوەیی کورد ژێرپێ دەنێن و گرینگی بەژیان و ڕۆڵ و پێگەی کورد لە نیشتیمانی خۆی نادەن.
سمکۆ و خوێندن
سمكۆ بایەخی بە بواری پەروەردە، فێركردن و ڕووناكبیریی داوە. ئەو وەرزنامەیەکی بەناوی “کورد” بە زمانی کوردی دەردەکرد کە پتر بابەت و هەواڵەکانی کوردستانی ڕووماڵ دەکرد و پرس و باسی مافەکانی کوردی تێدا دەهاتە گۆڕێ. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سمکۆ گۆڤارێکی بەناوی “کوردستانی گەورە”ش دەرکردووە. ئەوەش بەواتای ئەوە دێت کە لە حکومەتی سمکۆ دا گرینگی بە ڕۆشنبیریی و هۆشیار کردنەوەی خەڵک لەئاستێکی بەرزدا دراوە. سمکۆ باش دەیزانی و دەیتوانی کە چۆن لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو کاتی ئێران کایەی سیاسیی بکات و تاکتیکەکان لەکاتی خۆیدا بگۆڕێت و لەدژی داگیرکەر بەکاری بهێنێت. تەنانەت لەکاتی لاوازبوونیدا باش توانی کە قەناعەت بە حکومەتی ئێران بهێنێت و واز لە هێرش کردنە سەری بێنن، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە جارێکی دیکە سمکۆ هێز و دەسەڵاتی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.
سمکۆ و مار شەمعون
سمكۆ بە كوشتی مار شەمعون خەونی سازكردنی دەوڵەتی ئاشووریی لەسەر خاكی كوردستان بۆ هەمیشە لەنێو برد. بەمەش کارێکی زۆر مەزنی کرد، مار شەمعون دەیەویست لەسەر خاکی کوردستان حکومەتێکی ئاشووریی بە هاوکاریی و پشتیوانی ڕووسەکان و دواتر بەریتانییەكان دامەرزێنێت. مار شەمعون هێرشی دەکردە سەر شار و گوندەکانی کوردستان و تاڵانی دەکردن و دانیشتووانەکەشی دەکوشتن. ڕووسەکانیش لە جینۆسایدکردنی خەڵکی کورد بەدەستی مار شەمعون بەشدار بوون. بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی لەو سەردەمەدا پتر لە دەیان هەزار کورد بە دەستی مار شەمعون کوژراون. تەنیا لە ناوچەی ڕەواندز پتر لە پێنج هەزار ژن و منداڵی کوردی فڕێ داوەتە ناو خەرەندی
ڕەواندز. دواتر مار شەمعون بە دەستی سمکۆ کوژرا. هەر چەند بە كوشتنی مار شەمعون بزووتنەوەی كورد كەوتەبەر هێرشی ڕووسەكان و ئاشوورییەكان، بەڵام تاكە ڕێگاچارە ئەوەبوو كە دەبوو سمكۆ مار شەمعون بكوژێت و كۆتایی بە خەونی ئاشوورییەكان بۆ سازكردنی دەوڵەت لەسەر خاكی كوردستان بهێنێت.
ڕووسەکان لە ساڵانی ١٩١٥ تا ١٩١٧ی زایینی لە ناوچەكانی ورمێ و مهەاباددا بوونیان هەبووە، لەو ماوەیەشدا كۆمەڵێكی زۆر لە هاوڵاتییانی كوردیان كوشت، پاش ئەوەش ناوچەكەیان بۆ ئاشووریی و ئەرمەنییەكان چۆڵ كرد، ئەرمەنیی و ئاشوورییەكانیش لەگەڵ ئەوەدا ناوچەكەیان وێران كرد، دەستیشیان بەسەر كەرتی كشتوكاڵیی ناوچەكەدا گرت. هەروەها بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییانی كوردیان شەهید كرد. پاش ئەوەش كۆمەڵێكی زۆر هاووڵاتییانی كوردیان لەو ناوچەیە دەركرد و بۆ ناوچەكانی دەرەوەی ورمێ ڕایان گواستن. هەموو ئەم هەوڵانەش لەژێر كاریگەریی و بە سەرۆكایەتی مار شەمعون بەڕێوە دەچوون. بۆیە ڕۆژی ٣ ی مارسی ١٩١٨ مار شەمعون بەدەستی سمكۆ كوژرا و كۆتایی بە هەوڵەكانی بۆ سازكردنی دەوڵەتی ئاشووریی لە ناوچەكانی ورمێ و موسڵ و هەكاری دا هێنرا.
مەهاباد پایتەختی كوردستان
سمکۆ لە ١٩٢٢ دا بڕیاریدا کە شاری مەهاباد بکاتە پێتەختی کوردستان. ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە بەتەواوەتی دەسەڵاتی بەسەر هەموو ناوچەکەدا گرتبوو، تەنانەت ئازەرییەکانی میاندوئاب و مەراغە و ناوچەكانی دیکەشی لەژێر باڵی خۆیدا کۆ کردبووەوە. سمکۆ شارەزایی لە ئابووریی کشتوکاڵیدا هەبووە و خۆی ڕاستەوخۆ کارەکانی ئەو وەزارەتەی لە حکومەتەکەیدا بەڕێوە بردووە، ئەوەش بە مەبەستی پێشگیری کردن لە گەندەڵی و ئاسانکاریی بۆ ڕاپەڕاندن و بەرەو پێشەوە بردنی کاری حکومەت بووە.
سمکۆی مەزن وەک هەموو سیاسەتمەدار و ئابووریناسێک بایەخێکی تایبەتی بە بواری ئابووری و بووژاندنەوەی ژیانی هاوڵاتیان داوە. لەبەرئەوە پێی وابووە کە ئابوریی بنەمای ژیان و داهاتووی هاووڵاتییان و هاوکات پێشکەوتن و پێشخستنی کوردستان مسۆگەر دەکات. سمکۆ پێی وابووە کە ئابوورییەکی بەهێز حکومەتێکی بەهێز و کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەند و چاو کراوە بار دەهێنێت، ئەوەش بە کێشەی بنەڕەتیی کۆمەڵگای ئەو کاتی کوردستانی پێناسە کردووە.
شۆڕشی سمکۆ لە ١٩١٨ تاکوو ١٩٢٩ بەردەوام بوو. سمکۆ لەپاش ئەوە کە لەسەر داوای حکومەتی ئێران لە باشووری کوردستان گەڕایەوە ڕۆژهەڵات، لە ١٩٢٩ لە بۆسەیەکدا کە لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ڕەزاشا پیلانی بۆ داڕێژرابوو شەهید کرا. ئەو خاڵەی کە لێرەدا جێگای ئاماژە د سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە پێش ١٩١٨ شۆڕشی سمکۆ لەلایەن کەسانی نزیکیەوە سەرکردایەتی کراوە، بەڵام لەپاش ئەوە کە ئەوان شەهید دەکرێن سمکۆی لاو و بە ئەزموون بەدەسەڵات دەگات و پەرە بە شۆڕشەکە دەدات و بە لوتکەی سەركەوتنی دەگەیەنێت.
هۆکاری سەرەکی سەرنەکەوتنی شۆڕشی سمکۆ و تێکڕای شۆڕشەکانی کورد لە سەدەی بیستەمدا بەریتانییەکان و ڕووسەکان بوونە. هەروەک لە دەسپێکی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێکرا، زلهێزی وەک ڕووسیا و بەریتانیا، دواتریش ئەمریکا، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکەدا نەبوونە. ئەو ڕۆڵ و هەوڵ و خەبات و تێکۆشانەی کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بینیویانە و لە خۆیان پێشان داوە، هیچکام لە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە ئەو ڕۆڵەیان نەگێڕاوە. ئەگەر وڵاتە زلهێزەکان لەگەڵ بوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە بوونایە، ئەو ڕۆڵ و تێکۆشانە بەس بوو بۆ ئەوەی کە دەوڵەتی کوردی پێک بێت. کێشەیەکی دیکە کە بزووتنەوەی کورد لە مێژووی خۆیدا هەیبووە و هەنووکەش ئەو بۆشاییە هەیە وەک کێشە و قەیران دەبینرێت ئەوەیە کە هەرچەند پێشتر عوسمانییەکان و دواتریش تورکە نوێکان لەگەڵ دەسەڵاتی بنەماڵەی ڕەزا شا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەبووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردیش زۆر زوو كەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو هێزانە. بەپێی زانیارییە مێژووییەکان بزووتنەوە کوردییەکان هەمیشە کێشە و لەمپەر بوونە لە پێش ڕێی زلهێزەکان، بەڵام لەڕێگای هێزە ناوچەییەکانەوە ئەو بزووتنەوە کوردییانە سەرکووت کراون. بە بۆچوونی من و بە پێی ئەزموونی مێژوویی کورد، نابێت پارتە سیاسییەکانی کوردستان پشت ئەستوور و دڵخۆش بن بە بوونی پێوەندیی تاکتیکیی لەگەڵ داگیرکەران. پێویستە ئیتر كورد وەک هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا خۆی بسەپێنێت و پتر پشتئەستوور بێ بە هێز و وزەی خۆی و خەڵکەکەی.