سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

٩ ی مارس وەک ئاوڕێک لە ٨ ی مارس

نیشتیمان عەبدولقادر 

ڕۆژی جیھانی ژنان، سێ وشەیە (ڕۆژ، جیھان، ژن )، گەر پێچەوانەی بکەینەوە دەبێتە (ژنی جیھانیی ڕۆژ) بە مانای ڕۆژی ژنی ھەڵکەوتوو. ھەڵکەوتوویی تاڕادەی بەجیھانیبوون، ئەمە وەک ناو، خۆ وەک کردار و واقیعیش ئەگەرێکی دوور نییە لەسەر ئاستی تاک و لەسەر ئاستی کۆمەڵانی ژن، جا لە ھەر شوێنێکی جیھان و ھەر زەمەنێکدا بێت. ھەڵکەوتووییان لە چ بوار و چ ھەڵوێست و چ ئەرکێکدا بێت کە وەک ژن بتوانن لەپێناو خۆیان و مافە یەکسانیخوازی و دیموکراسیخوازی و دادپەروەرییەکانیان بێت بەتایبەتی، لەپێناو گەشە و پێشخستنی ئاستی ژیان بێت لەگەڵ پیاو. پیاو وەک ڕەگەزی بەرامبەر، وەک دەسەڵاتدار و حوکمڕان، پیاو وەک پێغەمبەر و ئایینکار و ئایینگەرا، پیاو وەک لایەنی بەرامبەری درێژەپێدەری بەشەرییەتیش بێت.

ڕۆژی ژنان و ھەموو ڕۆژەکانی تر کە بە جیھانی کراون، ھێمان، وەبیرھێنانەوەن، دەستپێکی پیاچوونەوەن، وەگەڕخەری توانا مرۆییەکانن، ھاندەرن بۆ ھەڵسەنگاندنن، بۆ ئەوەی کە لە ماوەی ساڵێکدا و بەگشتیش ساڵانی پێشوو ڕوویداوە و بووەتە مێژوو. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت زۆر بە ڕوونی ئەوە ببینرێت کە ئەو مەسەلانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژنەوە وەک مرۆڤ لەم سەردەمەدا لە چ ئاستێکی نزمدایە و بە چ شێوازێکی نابەجێ و نازانستی و ناسەردەمیانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. چ توندوتیژییەک وەک کردە دەرحەقیان دەکرێت کە وەک دیاردە و وەک واقیعحاڵیش سەپاوە و سەپێنراوە.

ئەوەی کە پێویستە لەم ڕۆژەدا پەیوەست بە ژن لە کوردستان بکرێتە بەرنامە و کاری لەسەر بکرێت ئەوەیە کە چی بکرێت بۆ ئەوەی لە ٨ ی مارسی ساڵی داھاتوو لە دوورمەوداشدا ساڵانی داھاتوو چ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک ڕووی کۆمەڵی کوردستانی گەشتر و سەردەمیانەتر کردووە و دەکات.

دەکرێت ھەر ژنێک لە خودی خۆیەوە بیر لەوانە بکاتەوە و وەک ئامانج بەکردەی بکات. لەوەی کە ڕاستگۆیانە باس لە تواناکانی خۆی لەگەڵ خودی خۆیدا بکات، لە توانا فکری، زانستی، جەستەییەکانی و بیانسازێنێ لەگەڵ خواست و ئامانج و ئاواتەکانیدا. ئەمەش بکاتە خولیا و ھەوڵ بدات زیاتر پەرە بەو توانایانەی بدات بەو ئامرازەنەی کە دەستەبەرن لە خوێندن و خوێندنەوە و کارکردن و تەکنەلۆجیا… ھتد.

لەسەر ئاستی گرووپ و کۆمەڵانی ژنانیش، ھەر لە کەسە نزیکەکان لە دایک و خوشک و کچ تا ئەوانی تر لە بازنەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تا دەگات بە گرووپ و کۆمەڵانی ناو ڕێکخراو دەزگا و شوێنەکانی تر، کار لەسەر گۆڕینەوەی بیروبۆچوون سەبارەت بە پێداویستییەکانیان لە ڕووی ماددی و مەعنەوی و کێشە و گیروگرفتەکانیان و خستنەڕووی بۆچوونی جیاواز لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشانە و ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان و خۆگونجاندنیان بەشێوە و ڕادەیەک کە برەو بە ئاستی فکری و فعلیشیان بدات، تا دەگات بەوەی کە ھەڵوێستی دەستەجەمعیان ھەبێت لەکاتی پێویستدا، جا ئەو ھەڵوێستە لە شوێنی کار و بەرەنجامی سروشتی کارکردنێکی دیاریکراو لەقاڵبدراو بێت، یاخود لە پرۆسەی خوێندن بێت لە قوتابخانە و زانکۆکان یان لە سیستەمی کارکردنی ناو ڕێکخراو و حیزبەکان تا دەگات بە ھەموو دەزگا باڵاکانی حکومەت و شوێنی بڕیارە چارەنووسسازەکان.

بۆ نموونە دەکرێت خوێندکاران لە خوێندنگاکاندا کار لەسەر پێکھێنانی گرووپی ناحیزبی بکەن و نوێنەریان ھەبێت لە ئیدارەی خوێندنگا بۆ گفتوگۆی مانگانە لەسەر ئەو مەسەلانەی پەیوەستن بە پڕۆسەی خوێندن و مامەڵەی نێوان خوێندکار و مامۆستا، بەتایبەتی خوێندکارانی کچان کە جگە لە خوێندن فشاری خێزانیان زیاتر لەسەرە لە ھاتنە دەرەوەیان لە ماڵ و بەرکەوتنیان بەوانی دیکە لە دەرەوەی خێزان.

لە شوێنی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت کێشەی ئیستیغلالکردنی کچان و ژنان لە شوێنە گشتییەکانی وەک ڕێستورانت و کافتریا و شوێنە گەشتیارییەکان، بەھەمان شێوە لەو شوێنانەی کە تا نیوەی شەو کراوەیە و دەبێت کاربکەن و بمێننەوە، جا لە ڕووی جەستەییەوە بێت یا کەمی کرێ و زۆرێ کاتژمێرەکانی کارکردن… ھتد.

لەناو پێکھاتە و ڕێکخراو و شێوازی کارکردن و مامەڵەکردنی ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کە ھەندێک جار قۆرخکاریی تیا دەکرێت یان لە خزمەت ئایدۆلۆجیایەکی ئایینی و غەیرەئایینی بەکاردێت، یان لە خزمەت بەرنامە و ئامانجی حیزبێک یان تەنانەت کەسێکی خاوەن پێگەی سیاسی یان ئابووری یان ئایینی یان کۆمەڵایەتیش بێت بەکاردەھێنرێت، یان بەناوی منداڵ و ژن و بێوەژن و کەمئەندام وھەندێک لەو چین و توێژانەی کە لە زۆر ڕووەوە خاوەنی ھێز و توانای خۆیان نین.

لە دامودەزگاکانی دەوڵەتیشدا سەرباری دیاردەی گەندەڵی کە تاڕادەیەک گشتگیر سەراپای حکومەتی گرتۆتەوە، پێویستە چینی ژنان بەئاگابن لە ھەموو یاسا و ڕێسایەک کە ھەیە و کاری پێدەکرێت دەرحەق بە مافی کارمەند و فەرمانبەران لە ھەموو ئاستەکاندا. ئەو یاسا و ڕێسایانەش کە ھەموار دەکرێنەوە یا تەشریع دەکرێن، ڕاگۆڕینەوە و ھەڵسەنگاندن و ھاوھەڵوێستییان ھەبێت لە بەرامبەریاندا کە ئەمەش بە ھەوڵی تاک و کۆ دەکرێت لە پێکھێنانی گرووپ و دانانی بەرنامەی کار و بازنەی ڕۆشنگەری و ھەڵبژاردنی نوێنەر بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام حزوریان ھەبێت و ڕۆڵیان ھەبێت لە دروستکردنی فشار لەسەر ئاستی تەنیا بەشێکی فەرمانگە یان ھەموو فەرمانگەکە تا دەگات بە وەزارەت و ئاستەکانی تریش.

بەکورتی ئەوەی کە لە ٩ ی مارسەوە پێویستە ژنان و کچان بە گشتی جێی بایەخیان بێت و ئەولەویەتی ھەبێت لە گرنگی پێداندا، ناسینی ئەرک و مافەکانیانە لە ھەموو ڕوویەکەوە، لە ھەموو کایەیەکدا حزوریان ھەبێت، زانستیانە کار بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری بکەن، لە خوێندنەوەی خۆیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆیان وەک مرۆڤێکی خاوەن عەقڵ و ئیرادە و وەک تایبەتمەندێتیان لە مێینەیەتیان کە بە دیوێکدا بیپارێزن لە ئیستیغلالکردن، بە دیوێکی تردا گەشەی پێ بکەن تا ڕادەی بوون بە ژنی جیھانیی و ھەموو ڕۆژێک ڕۆژی ئەو بێت نەک تەنیا ٨ ی مارس.

بوون بە ژنی جیھانی لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە ئاگایی و وشیاری ڕۆڵ ببینێت لە گۆڕانکاری کردن لەو دیاردانەی کە ھەم لەسەر ئاستی جیھان و لە سایەی سیستمی سەرمایەداریدا ژن بە کاڵا دەکات و تواناکانی ئیستیغلال دەکات، ھەم لەسەر ئاستی تاکی ژن خۆی ئینجا خێزان و کایە و دەزگاکانی تری کۆمەڵ بەتایبەتیش ئەو کۆمەڵانەی کە ئازادی و دیموکراسی و یەکسانیخوازی و دادپەروەری تیایدا زۆر لە دوایە بە بەراورد بەوەی لەم سەردەمەدا دەگوزەرێت. دەکرێت وەک بابەت ئاماژەیان بۆ بکرێت وەک کرێی کار لە کەرتی تایبەتی و گشتی، ڕەخساندنی ھەلی کار، ڕەخساندنی ھەلی خوێندنی باڵا، مەرجی خاوێنی شوێنی کار لە ڕووی تەندروستییەوە، مادەی ھۆشبەر، باندی لەشفرۆشی، ڕیکلامی نابەجێ، دەستدرێژی سێکسی، بەشوودانی بەزۆر و تەمەنی خوار ھەژدە ساڵ، بەکارھێنانی ژن بۆ ڕیکلامی ئایدیۆلۆجی، بۆ نموونە ڕیکلامی ئایینی، ڕیکلامی چەکداری… ھتد.

ھەر ژنێک لە خودی خۆیەوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوە و دروستکردنی گۆڕانکاری بکات دواتر لە بازنەی خێزان تا دەگات بە بازنەکانی تری پەیوەندییەکانی لەناو کۆمەڵدا، ئەوە ھەنگاوی سەرەتایە بەرەو بەجیھانیبوون جا بەجیھانیبوون بێت لەسەر ئاستی دەوڵەتانی دنیا یاخود بەجیھانیبوون بێت لەسەر ئاستی ژینگەکەی خۆی کە دەکرێت وەک دەرچەیەک بۆ خستنەوەی فکرەی بەجیھانیبوون وەرگیرێت لە پێگەیاندنی نەوەکانی داھاتوودا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO