ناوی ئەنوەر پاشا بەلای خوێنەری كورد نامۆیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و شەرمەزراییە ئەوەیە کە ئەو كەسایەتییە لە شەڕێك لەگەڵ سوپای ڕووسیا هەزاران چەكداری بە كوشتدا و بە شانازیشەوە دەیگوت، خۆ ئەوانەی كوژران تورك نەبوون، بەڵكوو كورد بوون.
شەڕی “ساریكامش” بە یەكێك لە شەڕە هەرە عەیبدار و پڕئازارەكانی توركیا دادەنرێت بەرامبەر بە ڕووسیا، چونكە سوپای توركیا دووچاری شكستێكی گەورە بووەوە. لە کانوونی یەکەمی ١٩١٤ دا، لە سەرەتاکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، بە فەرمانی ئەنوەر پاشا كە ئەوكات سوپاسالاری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووە، سوپای توركیا لە ساریكامش ڕووبەڕووی سوپای ڕووسیا بووەوە، ئەو وای لە سەرووی خۆی گەیاندبوو کە شەڕەكە دەبەنەوە، بەڵام بە شكستێكی گەورە لێی هاتنە دەرەوە.
هەموو سەرچاوەكانی توركیا باس لەوە دەكەن، بە هۆی ئەوەی سوپای توركیا ڕاهێنانیان نەكردبوو لە سەرمادا چۆن بتوانن شەڕ بكەن، لە بەرامبەردا سوپای ڕووسیا ئەزموونی لەو ڕووەوە هەبووە، بۆیە نەیانتوانیوە بەرگەی سوپای ڕووسا بگرن و هێزەكانیان لەناوچوون. بە گوێرەی سەرچاوە ئەكادیمی و مێژووییەكانی توركیا، لەو شەڕەدا ٩٠ هەزار چەكداری توركیا كوژراون، بۆیە ئەمین چۆلاشان نووسەری دیاری ڕۆژنامەی “سۆزجو”ی توركی ئاماژە دەدات کە ئەو شەڕە بە شكستخواردووترین شەڕ دادەنرێت لە مێژووی تورکیا دا، مەبەستی عوسمانییەکانە.
نەوەیەکی ئەنوەر پاشا بە ناوی عوسمان مایاتەپەك قسەی بۆ ڕۆژنامەی “سۆزجو” كردووە و دەڵێت “درۆیە، ٩٠ هەزار سەربازی توركیا نەكوژراوە، بەڵكو ٣٥ هەزار كوژراوە.” ئەو دەڵێت شەڕی ساریكامش ١٠٠٪ شەڕێك بووە لە پێناو نیشتیمان و نابێت بە سووك سەیر بكرێت. ڕەخنەش دەگرێت بەوەی ئەو شەڕە وەكوو خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ نەكراوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک کە “ئایدن دەرە”، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، پشتی پێ بەستووە و بابەتێکی لەسەر ئەو بنەمایە بڵاو كردۆەتەوە، كاتێك سوپای توركیا ٩٠ هەزار سەربازی لێ كوژراوە لە شەڕی ساریكامش، ئەنوەر پاشا لە ئیستانبۆڵ لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسدا كۆبووەتەوە و گوتویەتی ئەوەندە خەفەت مەخۆن بۆ لە دەستدانی ٩٠ هەزار سەرباز، چونكە ٩٠٪ ی ئەو سەربازانەی كوژراون بە ڕەگەز كورد بوونە، ئیتر بەو شێوەیە كوردمان لە كۆڵ دەبێتەوە. ئەنوەر پاشا هەرچەندی پێیوابێت جەنگی ساریكامش، شەڕێك بووە تەنیا كوردی تێدا كوژراوە و بەوشێوەیە كورد لە كۆڵ خۆمان دەكەینەوە، بەڵام بە فەرماندەیەكی شكستخواردوو ناوی دەهێنرێت و بۆ خۆشیان باس لەوە دەكەن، ئەو شەڕە شەرمەزارییەكی گەورە بووە بۆ عوسمانییەكان بەرامبەر بە ڕووسیا.
ئەگەر ئەو سەرچاوەیە ڕاست بێت، كەواتە لەو شەڕەدا تەنیا ئەنوەر پاشا تۆمەتبار نییە، بەڵكو پیلانێكی نەگریسی عوسمانییەكان بووە بۆ لەناوبردنی كورد، هەر بۆیەشە بە بێ ڕاهێنانی شەڕكردن لەناو بەفر و سەرمادا ڕووبەڕووی ڕووسیا کراونەتەوە.
جگە لە سەرچاوەکەی ئایدن دەرە، هەندێک نووسەری دیکە، باسیان لەوە كردووە سەربازەكان زۆربەی كورد بوون، بەڵام بەشێوەیەكی ئەكادیمی لێكۆڵینەوە لەو ڕووەوە نەكراوە، هۆكارەكەشی ئەوەبووە، حكومەتی توركیا ڕێگەی نەداوە بە هیچ شێوەیەك لەو ڕووەوە زانیاری بۆ ڕای گشتی بڵاو بكرێتەوە. هەروەها ڕێگە نادەن بڵێن سەربازەكان كورد بوونە. دەكرێت لەو ڕووەوە لێكۆڵینەوەی زیاتر بكرێت و وردبینانەتر هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەمەش ئەركی نووسەرە كوردەكانی باكوور و توركیزانەكانە لەو ڕووە خۆیان ماندوو بكەن. تەنانەت لێكۆڵەرە توركەكانیش ڕەخنە لە خۆیان دەگرن، بەوەی وەكوو پێویست ئەو شەڕەیان هەڵنەسەنگاندووە و لێكۆڵینەوەی جیدیان لەبارەوە نەكردووە.
هەر چۆنێک بێت، ئەمە جاری یەكەم نییە عوسمانییەكان كورد بە كوشت دەدەن، بە گوێرەی سەرچاوەكانی دەوڵەتی عوسمانی، لە شەڕی نێوان عوسمانی و سەفەوییەكاندا، زۆربەی ئەو چەكدارانەی پشتگیرییان لە عوسمانی كردووە كورد بوونە و عوسمانییەكان بە مەبەست كوردیان ناردووەتە بەرەكانی جەنگ تا لەناو بچن. بەهەمان شێوە، لە شەڕی چەنكالا، كە توركیا بە شەڕی ڕزگاری ناوی دەبات، لە زۆربەی سەرچاوەكاندا باس لە بوونی چەكدارێكی زۆری كورد دەكرێت، كە شان بە شانی سوپای مستەفا كەمال ئەتاتورك، شەڕیان كردووە و توركیای تازەیان دروست كردووە.
بۆیە دەكرێت بڵێین، لە سوپای توركیادا كوردێكی زۆر بوونی هەیە كە شەڕی بۆ دەوڵەتی توركیا كردووە و لە پێشتریش بۆ دەوڵەتی عوسمانی، بەڵام لە بەشێكیش لەو شەڕانە بە مەبەست و پیلان چەكداری كوردیان بە كوشت داوە ئەمەش بۆ لەناوبردنی ڕێژەی كورد بووە لە توركیا.