وەک کوردێكی کەرکووك، دەتوانم بڵێم کەس وەکوو کەرکووکییەکان تورکمانەکان ناناسێت. تەنانەت تورکمانەکانی کەرکووكیش، جیاواز لە تورکمانەکانی کفری و هەولێر، نە تواونەتەوە لە نێو بۆتەی کۆمەڵگای کوردستانی لە کەرکووک و نە تایبەتمەندی کلتوری و زمانەوانی و کۆمەڵایەتی تورکمانی خۆیان لە دەست داوە. بەڵام گەر تەماشای تورکمانەکانی هەولێر یان کفری بکەیت، بەزەحمەت دەتوانی لە کورد جیایان بکەیتەوە، مەگەر خۆیانت لێ ئاشکرا بکەن. ئەمەش وا دەکات کاری لەیەکگەیشتنی کورد و تورکمانە کەرکووکییەکان گرنگتر و جیاوازتر بێت لەوانەی دیکە.
ئەوەی لەم ساڵانەی دواتر بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە کە ئەو تورکمانەی لە هەشتاکان و لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری خۆمدا بینیومن، زۆر جیاوازن لە زۆرێک لە تورکمانەکانی ئێستا. بەشێک لە تورکمانەکانی ئێستا لە سیاسەتێکی چەوتەوە گلاون. بەگشتی، هەموو سیاسییە تورکمانەکان و حیزبە تورکمانییەکان و بەشێکی هاووڵاتییانی تورکمان لە کەرکووک تەنها ئاو دەکەنە ئاشی تورکیاوە، هێلکەکانی خۆیان خستۆتە ناو سەبەتەکەی تورکیا. تورکیاش جگە لە بەرژەوەندی وڵات و نەتەوەی تورک، سواری سەری هەموو تورکمانەکانی کوردستان بووە و بە ڕاست و چەپدا، مەسەلەی ڕەوای تورکمانەکان بۆ بەرژەوەندی و جەنگە ناڕەواکانی خۆی بەکاردەهێنێت.
گەر تەماشایەکی جەنگە ناڕەواکانی تورکیا بکەین، لە دژی کوردستانییانی ڕۆژاڤا بە نموونە، ئەوا دەردەکەوێت کە سەدان ئەندامی نێو ئەو گرووپانەی کە لە دژی ئەزموونی ڕۆژاڤا لەلایەن تورکیاوە دروست کرابوون (تەنانەت لە نێو داعشیشدا) کەسانی سەر بە نەتەوەی ئۆزبەکی و ئوگوری بوون. ئوگورەکان بە ڕەچەڵەک تورکن و لە دژی دەوڵەتی چین وەستاونەتەوە و داوای جیابوونەوە لەو وڵاتە دەکەن. ئاخۆ تورکمانەکانی کوردستان هەرگیز لە خۆیان پرسیوە بۆچی ئوگورییەک مەسەلە ڕەواکەی خۆی لە چین فەرامۆش کردووە و شەڕی بە وەکالەتی نەتەوەی کورد دەکات؟ شەڕی نەتەوەیەک کە نە مێژوو و نە جوگرافیا بە یەکیان نابەستێتەوە!
هەر بە وێنەی ئوگورییەکان، ئەمڕۆ تورکیا زۆر بە باشی یاری بە وەتەرەکانی تورکمانەکانی کوردستان دەکات. تورکیا لە لایەک فتیلەی فیتنەی نەتەوەیی گڕ دەدات لە نێوان تورکمان و کورد لە کوردستان، بە تایبەتیش لە کەرکووک دا. لە لایەکی دیکە تورکمانەکانی کوردستان دژی گەریلاکانی پە*کە_کە تەیار دەکات. ئەو گەریلایانەی ئەوێ ڕۆژێ لە کەرکووک بەرگرییان لە کورد و تورکمان و عەرەب کرد دژی داعش، بە یەکسانی. دەپرسم داخۆ گەریلایەکی پە_کە*کە چ زیانێکی بۆ تورکمانەکانی کوردستان هەبووە یان دەبێت تا سیاسەتوانە تورکمانەکانی کوردستان ئەم هەموو توخمی ڕقەیان دژ بە ئەوان تیا بێت، یان باشتر بڵێم تیاچنرابێت؟
هەندێکجار گومان دەکەم، چۆن سیاسەت و کاریگەریی هەرێمایەتی، تەنانەت ناوخۆییش، دەتوانن سەر لە وەها نەتەوەیەکی ستەملێکراو بشێوێنن، بە جۆرێک ڕاست و چەپی بەرژەوەندی نەتەوەیی و کلتوری خۆیان بۆ لێک جیانەکرێتەوە؟
وەڵامی زۆرێک لەم پرسیارانە دەبێت تورکمانەکان خۆیان وەڵام بدەنەوە. خۆ ئەگەر کوردێکی تورکمانیزان یان تورکمانێکی کوردیزان، ئەم وتارە وەربگێڕێت بۆ زمانی تورکمانی، دەستەکانی دەگوشم، ئەو پرسیارانەم بە تورکمانەکانی کوردستان بگەیەنێت، لە پێشی هەموویانەوە، بۆچی ئەوان کەوتونەتە نێو ئەجێندای تورکیاوە؟ داخۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کوردانی هاوتەبعیسکراو و هاوتەعریبکراو و هاوزەویداگیرکراو و هاوچارەنووسی پێکەوە گرێدراو و هاوشاری و هاوخاک و هاوخەبات باشترە یان دوورکەوتنەوە لەم هاوشاری و هاونیشتیمانییانەی ئێرە، داخۆ ئەوە باشتر نییە لەوەی کە تورکیا بە هاوچارەنووسی خۆم بزانم، لە کاتێکدا کە تورکیا بەدرێژایی سەردەمی ڕژێمی بەعس نقەی لە خۆی بڕیبوو لەو هەموو ستەمەی لەپاڵ کورد دا لە تورکمان دەکرا.
بەدرێژایی تەمەنم، بەتایبەتی لە هەشتاکاندا، کەمترین تورکمانی بەعیسیم بینیوە. کەمترین ئەمن و ئیستخباراتی تورکمانم بینیوە. تورکمانەکانی کەرکووک هەمیشە هاوگەڕەک و دراوسێ گەڕەکی کورد بوون نەک عەرەب. تورکمانەکان بە وێنەی کورد هەڵاتووی سەربازی بوون و کەمترینیان لەگەڵ بەعس هاوسۆز هاوخەبات بوون. دەیان گوندی تورکمان لە پاڵ گوندە کوردییەکان تەعریب کراون و ڕووخێنران و دەربەدەر کراون، زەوییەکانیان هەندێکیان ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەلایەن عەرەبەکان داگیرکراوە. ئەگەر کورد چیاکانی هەبووبن بۆ خۆقووتارکردن لە ستەمی بەعس، تورکمانەکان ئەوەشیان نەبووە.
سەیرە تورکمان و کورد لە کەرکووک هاوتەریب قوربانی دەستی بەعس و عەرەب بووبن، بەڵام تورکمان ئێستا هێندەی لە بەرەی عەرەبی هاوردەن، عەرەبی تەعریب، هێندە لە بەرەی کوردە هاودەردەکەیان نین؟ ئەوان هێندە ئامادەی هاوکارین لەگەڵ عەرەب بۆ وەدەرنانی کورد هێندە مکوڕ نین هاوکاری کوردەکان بکە بۆ مافەکانی خۆیان لە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان.
سەیرە ئەکادیمییەک و سیاسییەکی تورکمان هەڵنەکەوێت ئامۆژگاری برا تورکمانەکان بکات و بەرچاوڕوونیان پێ بدات لەوەی کە شانسی تورکمانەکان بۆ بوژانەوەی کلتوریی و نەتەوەیی و وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان و هاوبەشیکردن لە دەسەڵات و داهات لە هاوپەیمانی کردنە لەگەڵ کوردەکان نەک عەرەبە هاوردەکان. حەکیمێک بڵێت، گەر عەرەب جارێک زاڵ بێت بە سەر کورد دا و بتوانێت مافەکانیان لێ زەوت بکات و ستەمیان لێ بکات، ئەوا دە جار زیاتر بەسەر تورکمان دا زاڵ دەبێت، بێ خەوش بۆیان دەچێتە سەر.
چارسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری تورکمانەکان لەگەڵ ناوەنددا و دەستەبەرکردنی تەواوی مافە دەستوری و کلتوریی و نەتەوەیی و کۆمەڵاتییەکانیان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووتر و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان و حکومەتە خۆجێییەکاندا ئامانجی پیرۆز و بەرزی گەلی تورکمانە لە کوردستان و عێراق دا، بەڵام لە جێگەی هەموو ئەمانە ئامانجی سەرەکی زۆرینەی سیاسییەکانی تورکمان گرێدراوە بە ئەجێندای تورکیا و بەشێکیشیان بە ئەجێندای شیعە و بەشێکی دیکەشیان بە ئەجێندای پارتییەوە.
ئەو هیوایەی تورکمانەکان بە تورکیا و ئەردۆگان هەیانە هەر هێندەی هیوای ئیخوانەکانی میسر و تونس و سووریا و شوێنەکانی دیکە کە هەیان بوو دێنە دی. تورکیا ساڵانێکە سواری شەپۆڵی ئیخوانیزمی جیهانی بووە و بە سەر شانی ئەوانەوە ئامانجی نەتەوەیی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە و ئێستاش بۆ تەوقەیەک لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، نەفیر عامی کردووە بۆ داخستنی ئۆفیسی ئیخوانەکان لە تورکیا و دەرکردنیان.
داخۆ کەی دێ و تورکمانەکانی کەرکووک دۆست و دوژمنی خۆیان لە یەک جیابکەوە و گۆشتی خۆیان لەسەر سوفرەی تورکیا و ئەردۆگان دانەنێنن و بەشی خۆشیان هەر ئێسقان بێت؟