سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پەیکەرەکەی دکتاتۆر، هەبێت یان نەبێت؟

دانانی پەیکەرێکی باڵشکاوی “سەدام حوسێن”ی دکتاتۆر لەمۆزەخانەی نیشتیمانی (ئەمنەسوورەکە)ی شاری سلێمانی، مشتومڕێکی لە سۆشیال میدیا لێ پەیدابووە. هەرچەندە بێدەنگیم لێکرد، بۆ ئەوەش پاساوم هەبوو. لەبەرئەوەی، هەندێک هەر نازانن پەیکەرەکە هی چ پەیکەرسازێکە و کەی دروستکراوە و لە کوێ دانراوە. هۆیەکی تریش ئەوەبوو، کە سەدام بەفیزیکی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام هێشتا فیکر و ڕەفتار و عەقڵییەتی لە کوردستان ئامادەیە و بەعسیزم لە فەرمانگە و لەناو خانەوادە و خیڵ و عەشرەتدا حکومڕانی دەکات. شوێنکەوتووەکانی سەدام (بەعسییەکان و هاوسۆزەکانی) نەک هەست بەشەرم و خەجاڵەت ناکەن بەڵکو بەپێچەوانەوە لەناو حیزبەکان و دەسەڵات و حکومەتدا فەرماندارن و جڵەوی مەرگ و ژیانی خەڵکیان بەدەستە، ئیدی کە ئەمە حاڵەکە بێت، شەڕکردن لەسەر پەیکەرەکەی زیادەیە و هیچ مانایەکی نییە.

بەڵام دواجار ناچاربووم منیش ڕای خۆم نەشارمەوە. لەبەراییدا دەبێت بڵێم، کە پەیکەر یاخود هەر وێنە و کەلوپەلێکی دیکەی سەدام و ڕژێمی بەعس یان هی داعش، نەک هەر ئاساییە لە موزەخانە و شوێنی یادەوەریماندا هەبن، بەڵکو ئەگەر نەبن عەیبەیە. مۆزەخانە ئەوکاتە بەهادارە، کە هەموو شتێکی یار و نەیار جاش و باش هەڵبگرێت و نمایش بکات. بەڵام بەئایدیا و دونیابینی ڕوون و لەپێناوی دروستکردنی کۆیاد، لەپێناوی بەها باڵاکانی نیشتیمان و شکۆمەندی هاونیشتیمانی دا.

پەیەکەرەکەی دیکتاتۆر لەکوێیە ؟

پەیکەرە باڵشکاوەکەی سەدامی دیکتاتۆر لەسەر شەقامێکی گشتی و لە ناوەندی شار دانەنراوە، بەڵكو لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی دانراوە، هەتا ئێرە ئاساییەو هیچ نەنگییەکی تێدا نییە لەبەرئەوەی ئەمنە سوورەکە ئێستا ناوەندێکی گرنگی بەبەڵگەکردن و یادەوەرییە، بوونی پەیکەرێکی دکتاتۆر و جەلادەکانی دیکە دەبێت هەبن. ئەی مۆنەمێنت و مۆزەخانە ئەرکیان چییە ئەگەر پاراستن و نمایشکردنی ئەو توخمانە نەبێت کەپەیوەندییان بە یادەوەریمانەوە هەیە؟

شوناسی ستەمکاریی

دائیرەی ئەمن دەزگایەکی تۆقێنەر و داپلۆسینەری بەعسییەکان بوو. لە هەموو شارێکدا بەڕێوەبەرایەتییەک و چەندین لق و زیندانی هەبوو، لە قەزایەکانیشدا معاونییەتێک هەبوو. هەمووشیان ئەرکیان سیخوڕی و تۆقاندن و کوشتن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان و دانیشتوانی شارەکان و ناوچەکانیان بوو. دەزگا و دامەزراوەی ئاسایش شوناس و ڕووخساری بەعس بوون، ئەمنەسوورەکە تازەترین باڵەخانەی ئەو دەزگا و دامەزراوە تۆقێنەرە بوو، مێژوویەکی تاریک و دزێو و خوێناوی هەیە لە شاری سلێمانی دا. لەئێستاشدا وەک شوناسێکی بەعسییەکان بووەتە مەڵبەندێکی دۆکێومێنتکردن و ناوەندێکی کلتوری. لە ڕۆژی ٧ ی ئازاری ١٩٩١ دا خەڵک ڕاپەڕین و دوای ئەوەی دام و دەزگاکانی بەعس و پۆلیس و بنکە چەکدارییەکانیانی ناو شار و گەڕەکەکانیان تێکشکاند، بەعسیەکانیشیان چەککرد و هێرشیان کردە سەر ئەمنەسوورەکە و گەمارۆیاندا و ڕۆژی  ٨ی ئازار بە شەڕی دەستەویەخە دەست بەسەر ئەمنەسوورەکەشدا گیرا. بەعسیەکان ئەوێیان بە قەڵای خۆیان دەزانی و لەو بڕوایەدا نەبوون بگیرێت. هەرئەو ڕۆژە جگە لە کوڕێک بەناوی محەمەد کە بەعسییەکان توانیبوویان فرسەتی لێ بهێنن و بیکوژن، دەرگا و دیوارەکانی ئەمنەسوورەکەیان شکاند و هەموو زیندانییەکانی دیکەی ئەوێیان بە هەڵمەت و ئازایەتی گەنجانی وڵات ئازاد کران.

ئەمنەسوورەکە دواخاڵی بەرگری بەعسییەکان بوو لە سلێمانی. دوای دوو ڕۆژ بەرگری سەرسەخت و گیانبەخشینی چەندین ڕۆڵەی قارەمانی کوردستان تەواوی بەعسییەکان و ئەفسەر و کارمەند و جەلادەکانیان لەبەردەم خەڵکی ڕاپەڕیودا شکستیان هێنا و ئەوەی کوژرا کوژرا و ئەوەی دیکە بە دیل گیرا. مەگەر چۆن دەنا کەسیان دەرفەتی هەڵاتن و ڕزگاربوونیان نەبوو. ئەو بینایەی ئێستا مۆزەخانەیە و پەیکەرەکەی سەدامی دیکتاتۆری تێدا دانراوە، لە سەردەمی بەعس دا شوێنی ئازاردان و کوشتن و ئەشکەنجەدانی هەزاران تێکۆشەری کورد بوو، بەتایبەتیش خەڵکی شاری سلێمانی کە دڕندەترین جەلادەکانی بەعس لەو دەزگا تۆقێنەرەدا بوون. بۆ زانیاری دەربارەی ناو و ڕەفتاری جەللادەکان بڕوانە بیرەوەری زیندانییە سیاسییەکان لە کتێب و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا بەتایبەتیش بەرنامەی “ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروستکرد”. بۆیە هەر وێنە و یادەوەری و کەلوپەلێکی بەعسییەکان لەوێ نەک نابێتە عەیبەیەک بۆ کوردستانیان و شاری سلێمانی بەڵکو دەبێتە ناوەندێک بۆ نیشاندان و ڕونکردنەوەی زیاتری ڕەفتار و کردە و ئەزموونی بەعسییە فاشییەکان.

ئەمنەسوورەکە

لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتی خەڵک، بەعسییەکانی دەزگا سەرکوتگەرەکانیان زیاتر و قایمتر دەکرد و جەلادی زۆرتر و بەناوبانگتریان دەهێنا بۆ کوردستان بۆ چاوترساندنی خەڵک، بەڵام لە هەموویان ترسناکتر دەزگای ئەمن بوو. لەو سەردەمەدا قسەیەک باوبوو، دەیانگوت: هەرکەسێک بەمیوانیش بچێت بۆ دائیرەی ئەمن بەلای کەمەوە سێ مانگ دەبێت شەق بخوات ئینجا دێتەوە. لە سلێمانی، سەرەتا بەڕێوەبەرایەتی ئەمن لەسەر شەقامی سالم بوو. دوای ئەوەی ئەمنەسوورەکە دروستکرا بەرێوەبەرایەتییەکە گواسترایەوە بۆ ئەوێ و بینای دائیرە کۆنەکەش بەشێکی دائیرەی ئەمن و تەنانەت زیندانیشی هەرتێدامابوو، پێیان دەگوت ئەمنی بەلدە.

ئەو دەزگا تۆقێنەرە لە گەڕەکی شۆرشە (عەقارییە)، نزیک دیواری حامییەی سلێمانی کە ئێستا “پارکی ئازادی”یە. لە ٣٠/٩/١٩٧٩ لەسەر ڕووبەری ١٧ هەزار مەتردووجا بەردی بناغەی بینای ئەمنەسوورەكە دانرا کە لەلایەن چەند ئەندازیارێكی ئەڵمانیای ‏ڕۆژهەڵاتی جاران نەخشەسازی بۆ كرا بوو. تا ١٩٨٥ بە سێ قۆناغ تەواوكراوە؛ دوو ‏قۆناغیان لەلایەن ئیدارە خۆجێیی سلێمانی سەرپەرشتی كراوە؛ قۆناغی سێیەمیش كە بەشی زیندانەكانە، ‏لەلایەن كەسانی بەعسی‌ و باوەڕپێكراوەوە كاری تێداكراوە. دیوارەكانی بە ڕەنگ سوور كرابوو، بەو هۆیەشەوە ‏ناونراوە ئەمنەسوورەكە. وەک چۆن ئەوسا شوناسی دڵڕەقی و دڕندایەتی بەعسییەکان بوو، بەهەمان شێوە لە دوای ڕاپەڕینیشەوە بووەتە شوناسی ڕاپەڕینی خەڵک و شکاندنی هەیبەتی بەعس و سزادانی تاوانباران و جەلادەکانی ئەو دەزگا داپڵۆسێنەرە.

پەیکەرە باڵشکاوەکە چۆن گەیشتە سلێمانی

لەبارەی دەستکەوتنی پەیکەرەکەوە، دەزانین کە مامۆستا فایەق حەمەساڵح لە کەرکووک هێناویەتی بۆ سلێمانی بەڵام بەداخەوە هێشتا نەمزانی کام پەیکەرساز دروستی کردووە. لە بارەی دەستکەوتن و هێنانی بۆ سلێمانی مامۆستا فایەق پێیوتم کە “ڕۆژی ١٠ ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ ئەم پەیکەرەم لە گۆڕەپانێکی شاری کەرکووک بەرچاوکەوت. ئەوکات لەگەڵ هاوڕێیەکمدا بووین، ئەو پیکابی پێ بوو، خستمانە ناو پیکابەکەوە، چەند کەسێکی عەرەب هاتن لێیان پرسیم ئەم “تیمسالە”م بۆ چییە؟ بیرم نەماوە چیم وەڵامدانەوە، هەر ئەو ڕۆژە گەیاندمە سلێمانی. ڕۆژێک کوڕێک هات بۆ لام و خۆی ناساند بەناوی “سائیر (ثائر)”، داوای پەیکەرەکەی کرد. ئەو کوڕە پێنج جارهاتەوە لام، سێ جار لە ئوتێل ئاشتی دانیشتین و دوو جاریش لە وەلید ستی کە جارێکیان لە ماڵی خۆمان بوو. داوای ئەوەی دەکرد بەرانبەر بڕێک پارە ئەو پەیکەرە و بەشێک لە وێنەکانی ڕاپەڕین و کۆڕە و وێنەکانی کاتی کەوتنی “سەدام”یان لە ٢٠٠٣ لە کەرکووک و بەغدا پێ بفرۆشم بۆ وەزیری ڕۆشنبیری کەنعان مەکیە، بۆئەوەی لە مۆزەخانەی عێراقی دایبنێن. من پێم گوتن ئەمە ڕەمزێکی گرنگە و موڵکی من نییە و موڵکی مێژووە، بۆیە نایفرۆشم.

گرفتەکە شوێن نییە، چۆنیەتی نیشاندانە

هیچ ڕێی تێناچێت بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکە نیازێکی خراپیان لە دانان و نیشاندانی پەیکەری سەدام هەبوو بێت یان بەرچاوڕوونییەک و مەبەستێکیان بۆ دانانی نەبووبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەوانیش لێکدانەوەی خۆیانیان هەیە و وایان پێ باش بووە. بێگومان ئەوان دەزانن پەیکەری دیکتاتۆری “عێراق”یان داناوە. بۆیە ئەوەی لەو بارەیەوە دەگوترێت هەندێکیان قسەی بێبنەمان و هەندێکیان ڕای جیاوازن و هەندێکیشیان ئامانجیان ڕوونە، ئەویش ئەوەیە، هەر شتێک لە زۆنی سەوز بێت یان لە شاری سلێمانی ڕووبدات دەیقۆزنەوە بۆ تانە و پلاردان لە دەسەڵات وەک چۆن نەیارانی زۆنی زەردیش هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ تانەدان لە دەسەڵاتی زۆنی زەرد لە پێشهات و ڕووداوەکان.

من خۆم لە خانەی بیروڕای جیاوازدا دەبینمەوە و تەنها تێبینیم لەمەڕ دیزاین و شێوازی دانان و نیشاندانی پەیکەرەکەیە لە ڕووبەرێکی فراواندا. چونکە لەبنەڕەتدا دیزاین کارێکی هونەرییە و ئامانجدارە، دیزاین هەر ئەرکی جوانکاری لە ئەستۆدا نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامیشە، سەرکەوتنی کاری دیزاینەر بەندە بە چۆنیەتی ڕێکخستن و جێبەجێ کردن و گەیاندنی مەبەستێکی دیاریکراو لە چوارچێوەیەکی نەخشەسازیدا یاخود پابەند بوون بەو پەیام و ئەرکەی پێی سپێردرا، ئەویش مانابەخشینە بە بینەر بە جوانترین و ئاسانترین ڕێگا. بەداخەوە دیزاینەر لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە پەیامەکە بگەیەنێت، یاخود مانایەک بەرهەمبهێنێت. بۆیە پەیکەرەکە بەدیوە خراپەکەیدا سەرنجی بینەرانی ڕاکێشاوە و مانایەکی جیاوازی بەرهەمهێناوە، مانایەک، کە ئەم هەڵایەی لێکەوتەوە.

ئەو پەیکەرەی دیکتاتۆر کە ئێستا لە ئەمنەسوورەکە دانراوە، دەتوانرا بفرۆشرێت و لەبری ئەوەی لە مەیدانی مۆزەخانەی نیشتیمانی بێت لە مۆزەخانەی عێراق دا بێت. بەپێی زانیارییەکانی من ئێستاش حکومەتی عێراق ئامادەیە بە پارە بیکڕێتەوە، بێگومان لەبەرئەوە نییە کە “سەدام”یان لە کن بە نرخە بەڵکو لەبەرئەوەیە پەیکەرەکەیان وەک ڕەمزی ستەمکاری لەکن بەنرخە. بۆچی؟ چونکە بەهای دەوڵەتداری وکلتورسازی دەزانن. بۆیە دەکرا وەک ڕێزلێنانێک لە هەوڵی مامۆستا فایەق حەمەساڵح، کە لە کەرکووک دا هەتا ئێستا پاراستویەتی بە دیزاینێک بێت کە هەیبەتی دکتاتۆر بخات نەک کەوتن ونەکەوتنی بخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە دیزاینەر کار لەسەر کارێک دەکات کە لە زەمەنێکی جیاوازدا دروستکراوە. واتا پەیکەرسازەکە لەکاتێکدا دروستی کردووە کە سەردەمی جەبەروت و ستەمکاری سەدام بووە، ئەو بۆ نیشاندانی هەیبەتی دروستی کردووە، بەڵام کە ئێستا باڵێکی شکاوە و چەند گوللـەیەک بە دەموچاوییەوەیە زەمەنێکی دیکەیە و لە شوێنێکی دیکە دادەنرێت. ئەم دیزاینەی لە ئەمنەسوورەکە بۆی کراوە، لە ڕووی سیمۆلۆجییەوە واتایەکی دیکەی ھەیە و گوزارشت لە ستەمکاری دیکتاتۆر ناکات. بەپێچەوانەوە ھەیبەتی سەرۆکێکی باڵشکاو نیشان دەدات. بەڵام خۆ باڵشکاندن عەیبە نییە، خۆ هەر دیکتاتۆرەکان باڵشکاو نین، مەگەر خۆی و جەلادەکانی باڵی چەند تێکۆشەریان شکاندووە؟ بەهیوام لەمەولا مامەڵەیەکی باشتری لەگەڵدا بکەن.

لە کۆتاییدا جارێکی تر جەخت دەکەمەوە، کە گەیاندنی پەیام هەر پێویستی بە ڕێکخستن و پێشکەشکردن و نیشاندان نییە، بەڵکو پێوێستی بە ئایدیا و خەیاڵ و تیڕامانە. خۆ کاری هونەریش هەر ئەوەیە، وەک چۆن زانست کار لە عەقڵدا دەکات، هونەر هەم کار لە عەقڵ دەکات هەم لە هەست. دانانی پەیکەری دکتاتۆر لە هەر مۆزەخانەیەکدا بەلای کەمەوە دەبێت هوشیاری لە بارەی تاوانەکانییەوە دروست بکات و زانیاریی لە بارەی ڕەفتار و مێژووی دەسەڵاتەوە بەدەستەوە بدات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO