وا پێ دەنێینە سی و سێیەمین ساڵڕۆژی گەورەترین ڕووداو لە مێژووی هاوچەرخی باشووری کوردستان. ئەم ماوە دوورودرێژە بەشی ئەوەی دەکرد پڕۆسەی نەتەوەسازی تیایدا سەربکەوێت و کوردستان لە نیشتیمانێکی بێ قەوارەوە ببێت بە وڵاتێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی. ماوەی ٣٣ ساڵ بەشی هەموو هەنگاوەکانی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازی دەکرد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و سەروەریی کوردستان، لانیکەم لە باشووری کوردستان. ئەفسوس ئێستا ڕەوتی ژیانی سیاسی قەوارەی هەرێمی کوردستان پاشەکشێ دەکات بۆ چوارگۆشەی یەکەمی سەرەتای دروستبوونی. بە هەموو پێوەرێکی زانستی، هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی شکستی هێناوە، نەک تەنها لەبەر ئەوە نەبووە بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵکو ئەو سەرچاوە مرۆییەی لەبەردەستی بوو، کە کەرەستەیەکی خاوی دەوڵەتسازیبوو، بەفیڕۆیدا. خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە لەوپەڕی جۆش و خرۆشی نەتەوەیی دابوون و هەموو سەختییەکانی ژیانیان بەلاوە ئاسایی بوو، بەمەرجێک نەکەونەوە ژێر چەپۆکی داگیرکەر. دانیشتوانی کوردستان ئامادەی مردن بوون لەبرسا و جارێکی دی بێگانە فەرمانڕەوایەتیان بەسەردا نەکات.
ئەگەر چاوێک بە پانۆرامای شکستەکانی حیزبەکانی کوردستان دا بخشێنینەوە، هەر لەساتەوەختی ڕاپەڕینی سەرتاسەریەوە دەستپێکەکەی دەبینن. خەڵکی کوردستان زۆر بە پەرۆشەوە لە دژی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەر و نوێنەرەکەی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و دامودەزگا داپلۆسێنەرەکانی ئەو ڕژێمەیان وەدەرنا. بەڵام بەرەی کوردستانی بەهۆی بێسەروبەرییەوە نەیانتوانی پارێزگاری لە دۆخەکە بکەن و لە پەلاماری پێچەوانەی ڕژێمدا، ڕووبەرێکی فراوانی خاکی کوردستان داگیر کرایەوە. دووەم شکست لەکاتی تێکشکاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی گاردی کۆماری ڕژێمی سەدام بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان ڕوویدا، کاتێک لە هەردوو داستانی کۆڕێ و ئەزمەڕ، هێزی پێشمەرگە پێشڕەوی ڕژێمیان وەستاند و سوپاکەیان تێکشکاند، هاوکاتیش بەهۆی کۆڕەوی خەڵکەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوسۆزی دۆزی ڕەوای کورد بوون، ئا لەو کاتەدا سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانیی ڕازی بوون بە دانوستان لەگەڵ بەغدا و سازشێکی کاتییان ئەنجامدا. کۆڕەو بۆخۆی وەک ڕاپرسیەک (ڕیفراندۆم)ی خۆڕسکی خەڵک وابوو، زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی کوردستان ڕەویان کرد و ئامادەنەبوون جارێکی دی لەژێر چەپۆکی بێگانەدا بژین و ژێردەستەییان ڕەتکردەوە.
لەدوای گەڕانەوەی حیزبەکان بۆ ناوشارەکان، لەجیاتی خاوەندارێتی کردن لە کەلوپەلی گشتی و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە، بە پێچەوانەوە هەڵمەتێکی تاڵان و فرۆشتنی کەلوپەل و ئامێر و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک دەستی پێکرد، هەموو ئەو کردەوە خراپ و هەڵانەش بە پاڵپشتی هێزی چەکداری “پێشمەرگە”وە ئەنجام دەدران. لەوێوە ئاماژەیەکی سەرەتایی بۆ بەڕێوەبردنێکی شکستخواردوو بینرا. دوای ئەوەی ڕژێم دامودەزگای کارگێڕیی خۆی لە ناوچە ڕزگارکراوەکان کشاندەوە، بەرەی کوردستانی هیچ پلانێکی نەبوو بۆ ڕێکخستنەوەی دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی ژیانی خەڵک، هەموو شتەکان بە هەڕەمەکی و بە بەڕەڵڵایی دەگوزەران. لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی یەکەم و خولی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، شپڕزەییەکی سەیر لە بەڕێوەچوونی کاروبارەکان هەبوو، کەس کاغەزی کەسی نەدەخوێندەوە و هەموو لایەک خۆی بە دەمڕاست و خاوەن دەسەڵات دەزانی. شتێک بەناوی دامەزراوە و سیستەم و یاسا نەدەبینرا، پاشاگەردانی باڵی کێشا بەسەر ژیانی سیاسی و کارگێڕیی و ئابووریی کوردستان دا. ئەوکات قوڕسایی ئابڵوقەی ئابووری لەسەرشانی خەڵک زۆر بەئازار بوو، برسیەتی و نەهامەتییەکی بێوێنە بڵاوبۆوە. بەڕاستی ڕۆژگارێکی تراژیدیی بوو. حیزبە دەسەڵاتدارەکان لەجیاتی بەهاناوەچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک، سەرقاڵی ناکۆکی بوون لەسەر بەرژەوەندییەکانیان. دیاردەی دزی و کوشتن و کەڵەگایی برەوی سەند و ئاسایشی ژیانی خەڵک بەجارێک تێکچوو. لەو ساڵانەدا لەپاڵ ململانێی حیزبەکان، دیاردەی تیرۆری سیاسی تەشەنەی سەند، حیزبەکان بەوپەڕی توندوتیژیەوە ڕەفتاریان لەگەڵ یەکدی دەکرد. چەندین جۆری ململانێ لەئارادا بوون، لەنێوان یەکێتیی و پارتی، لەنێوان ئیسلامی و عەلمانی، لەنێوان چەپ و ڕاست، ئەمە سەرباری زیندووبوونەوەی دوژمنکاری خێڵەکی بەهۆی شەڕەکانی سەردەمی شاخ و تۆڵەکردنەوە.
هەر لەسەرەتاوە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان نادیار بوون، خەڵکی کوردستان هیچ سوودێکیان لەو داهاتانە نەدەبینی، کەس نەیدەزانی داهاتەکان چیان لێدێت و چۆن تەخشان دەکرێن. گەندەڵیی دارایی و کارگێڕیی وەک دێوەزمە باڵی کێشا بەسەر هەرێمی کوردستان دا. زۆربەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان هەژارکەوتن، ئەوانەشی خۆیان دەخستەپاڵ حیزبەکان، نانێکیان دەست دەکەوت.
ئەگەر هەر لەسەرەتاوە داهاتەکانی هەرێم ماڵداری تێدا بکرابوا؛ وڵات کەیبانوێکی دڵسۆزی هەبووایە لەخزمەتی ژیانی خەڵک بڕێکی خەرج بکرایە؛ ڕێژەیەکی بۆ ڕۆژی تەنگانە پاشەکەوت بکرابوا؛ هەندێکی بخرایە پڕۆژەی وەبەرهێنان؛ سەرمایەکان بۆ قازانجی قەوارەکە بەگەڕ بخسترابوونایە نەک بۆ بەرژەوەندی حیزب و بەرپرسەکان؛ گەندەڵی سیستمەماتیک نەبووایە، ئێستا پێویستمان بە سواڵکردن لە بەغدا نەدەبوو.
شەڕی ناوخۆ دێوەزمەی لەناوبردنی خەون و ئاواتەکانی خەڵک بوو، چونکە سەرباری برسیەتی و ژیانی کولەمەرگی، ڕۆژانە کورد بەدەستی کورد خوێنی دەڕژێندراو لە ئێزگەکانیشەوە مژدەی سەرکەوتن لە بەرەکانی شەڕەوە بۆ خەڵکی برسی دەخوێندرایەوە. شەڕی نەگریسی ناوخۆ قێزەونترین شکستی ئەزموونی باشووری کوردستان بوو. ئا لەو ساتانەدا لاوانی بەشمەینەتی کوردستان، کۆچێکی بەلێشاویان بۆ هەندەران دەست پێکرد. کۆچی گەنجانی کوردستان نیشانەیەکی زۆر زەقی شکستی پڕۆسەی نەتەوەسازی بوو. ئەگەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هێزی گەنجانی بەلاوە گرنگ بوا، بایەخی بەژیانیان دەداو خەونەکانی بۆ دەهێنانەدی.
مەترسیدارترین ئەنجامی شەڕی ناوخۆ بریتی بوو لە دابەشبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ دوو زۆنی حیزبی. بەرلەوەی ڕژێمی بەعس بڕوخێ، هەرێم تووشی شکستی دوو ئیدارەیی ببوو، بۆیە لە پڕۆسەی ئازادی عێراقیش وەکو دوو زۆنی جیاواز بەشداریان کرد. لەجیاتی ئەوەی دەرفەتی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراق بقۆزنەوە و زنجیرە چیای حەمرین، سنووری دێرینی کوردستان، بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و دیفاکتۆیەک بسەپێنن، کەچی لەلایەک سەرکردایەتی سیاسی هەردوو حیزب خەریکی دووبارە دروستکردنەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی عێراق بوون بۆ شیعە و سوننە، لەلایەکی دیکەوە خەڵکی بێ دیسپلینی کوردستان کەوتنە تاڵانکردنی کەرکووک و ناوچەکانی ڕزگارکراوەکانی دیکە. بەرەنجام گەورەترین دەرفەتی مێژوویی بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لەو ساتەدا لە کیس درا.
حیزبەکانی کوردستان بە تێکڕاو هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بە تایبەت، کۆمەڵگەیان هێندە پەرتەوازە کردووە، هەر دەڵێی لەسەر یەک خاک ناژین و بەیەک زمان قسەناکەن و کلتوریان لەیەکدی ناچێت. ئێستا خەڵک چاویان لەوەیە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەزەییان پێدا بێتەوە و مووچەیان بۆ بنێرێت. قووتی ژیان بووە بە خەم و پرسی سەرەکی و چارەنووسی کوردستان لەبیرکراوە. جیاوازی چینایەتی هێندە فراوانە، هەر دەڵێی سەردەمی کۆیلایەتی گەڕاوەتەوە. ئینتیمای خەڵک بۆ نەتەوە و کوردستان زۆر کزولاوازە، نیوەی خەڵک بڕوای بە دەنگدان نەماوە، زۆربەیان بەلایانەوە گرنگ نییە قەوارەی هەرێم چی بەسەر دێت، چونکە مافەکانی خۆیانی تێدا نابیننەوە. ئەمە چ شکستێکی تراجیدییە، ئەو خەڵکەی لە ١٩٩٢ دا دەیانگووت سەری بەرز بۆ مووچە نەوی ناکەین، ئێستا پەرۆشن مووچەیان بکەوێتە سەر حکومەتی فیدرالی، ئەمە شکستە لە پڕۆسەی نەتەوەسازی و شکستێکی گەورەی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە.
لە ساڵی یەکەمەوە تاکو ئێستا، کە ٣٣ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، هەرگیز گوێ لە کەسە دڵسۆز و خەمخۆرەکان نەگیراوە، بایەخ بە ڕەخنە دروستکەرەکان نەدراوە، تەنانەت ئامۆژگاری دۆست و هاوپەیمانەکانیش بەهەند وەرنەگیراون. ئێستا نەک هەر قەوارەکە تووشی کارەسات بووە، کۆمەڵگەکەش هیچ سیمایەکی نەتەوە بوونی پێوە نەماوە، ئەمەش سەرەنجامی کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و هەڵەکانی تێکڕای ساڵەکانی تەمەنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ١٩٩١ باشترین کەرەستەی مرۆیی لە کوردستان هەبوو، دەکرا وەک سەرمایە و سەرچاوەیەکی بونیاتنانی دەوڵەتی کوردستان سوودی لێ وەرگیرابووا و لە پڕۆسەیەکی سیستەماتیکی پلان بۆ داڕێژراودا نەتەوەیەکی تۆکمەی لێ دروست بکرابا، بەداخەوە لەنێو سیاسەتمەدارەکان کەس بیری لە پیشەسازی دروست کردنی نەتەوە نەدەکردەوە!
لەم یادە پیرۆزەدا زۆربەی خەڵک تاقەتی گوێگرتنیان لە بیرەوەرییەکانی ڕۆژانی ڕاپەڕین نەماوە. سروودە نەتەوەییەکان کەس ناخرۆشێنێت، متمانە بە ژیانی سیاسی زۆر کەچ بووە. لەم ڕەوشە نالەبارەدا ئەوانەی خەمخۆرانە ڕەخنەی بونیاتنەر دەگرن و پەرۆشی چارەنووسی نەتەوە و قەوارەی هەرێمی کوردستانن، لە پەراوێزن و کەس نایانخوێنێتەوە و بگرە دژایەتیش دەکرێن، ئەوانەشی هەمیشە خەریکی ماستاو کردنن، وەک نەبایان دیبێ و نە بۆران، سەرقاڵی خۆشگوزەرانین و باکیان بە هیچ نییە. بۆ ئەوەی گلۆرەی هەرێمی کوردستان بەیەکجاری نەکەوێتە لێژییەوە، ئەم هەنگاوە پێشنیازکراوانە وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخرێتەڕوو :
١- قەوارەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستورێکی تۆکمە هەیە.
٢- بەدامەزراوەییکردنی سیستەمی سیاسی.
٣- جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزبەکان و حکومەت.
٤- چاکسازییەکی بنەڕەتی سەرتاسەری ڕاستەقینە.
٥- پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکان.
٦- بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانیەوە.
٧- بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەرووی قازانجی سەرجەم حیزبەکان.
٨- بەهەند وەرگرتنی ژیان و گوزەرانی خەڵک.
٩- نەهێشتنی ناعەدالەتی لە هەموو کایەکاندا.
١٠- دەستەبژێر و توێژی سیاسەتمەدارانی هەرێم تەنها سەرقاڵی سیاسەتکردن بن و لە بزنس و کاری بازرگانی دووربکەونەوە، سزا.
١١- جیاوازی گرنگی پێدان لەنێوان هاووڵاتی حیزبی و هاووڵاتی بێلایەن نەمێنێت.
١٢- ڕوونی لە داهاتەکان و ئاشکرایی لە خەرجیەکان پەیڕەو بکرێت.
ئەمانە چەند پێشنیازێکی سەرەتایی، کە دەکرێت بیر لە دەیانی وەک ئەمانە بکرێتەوە و جێبەجێ بکرێن.



