سامانی وەستا بەکر
دیموکراتی واتە دەسەڵاتی گەل بەڵام کاتێ گەل ناهۆشیار بوو چی؟ئەی ئەگەر دیموکراسی چارەسەری کێشەکان نەکات جێگرەوەکەی چییە؟
دیموکراسی وشەیەکی یۆنانییە واتە “فەرمانڕەوایی گەل”، شێوازێکی فەرمانڕەواییە کە ھەموو ھاووڵاتییەکی”شیاو” بە یەکسانی تیایدا بەشدار دەبن. بڕیارەکان بەپێی ڕێنماییەکانی زۆرینەی ھاووڵاتییان بەھۆی پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی بێگەرد وەردەگیرێن کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی لەخۆدەگرێت و ڕێگە بە ھاووڵاتییان دەدات چارەنووسی ڕامیاری بە ئازادی و یەکسانی دیاری بکەن. ھەروەھا یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی دیموکراسی بریتییە لە “بەرپرسیارکردن” (accountability)، کە ڕێز لە سیستەم بگیرێت و وشیاری زاڵ بێت بەسەر زەبر و توندوتیژیدا.
دەستەواژەی دیموکراسی لە وشەی یۆنانی “دیموکراتیا” وەرگیراوە. وشە یۆنانییەکە لە دوو بەش پێکھاتووە “دێمۆس” واتە گەل,، “کراتین” واتە فەرمانڕەوایی، کە بەسەریەکەوە بەمانای “فەرمانڕەوایی گەل” دێت. چەندین شێواز لە دیموکراسی ھەیە، بەڵام دوو شێوازی بنەڕەتی ھەیە، کە ھەردووکیان ھەوڵ دەدەن بۆ چۆنیەتی بەدیھێنانی داواکاری ھاووڵاتییان. یەکێک لە شێوازەکانی دیموکراسی بریتییە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ کە ڕێگە بە ھەموو ھاووڵاتییەکی شیاو دەدات بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەری ھەبێت لە بڕیاردان لە پێکھێنانی حکومەت. شێوازەکەی دیکەی دیموکراسی بریتییە لە دیموکراسی نوێنەرایەتی کە لە زۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکانی جیهان بەدی دەکرێت. لەمەیاندا، ھەموو ھاووڵاتییەکی شیاو لە بڕیاردانا دەسەڵاتی باڵادەست دەمێنێتەوە بەڵام دەسەڵاتی ڕامیاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان بە نوێنەرایەتی جێبەجێ دەکرێت.
هاووڵاتی شیاو
هاووڵاتی شیاو بەکەسێک دەگوترێت کە لەڕووی تەمەنەوە توانای بڕیاردانی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و دیارکردنی نوێنەرایەتی حیزب، ڕێکخراو یان کەسێک تا دەسەڵاتی خۆی پێببەخشێت و بە نوێنەرایەتی بەشداری لە دەرکردنی یاسا و بەڕێوەبردندا بکات.
دەنگدەری شیاو
بە کەسێک دەگوترێت کە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری و تێگەیشتنی بۆ لێکدانەوەی بابەتەکان هەبێت و بتوانێت شرۆڤەیەکی ژیرانە بۆ گفت و گوتاری حیزب، ڕێکخراو، کەسایەتیی کاندیدەکان بکات و نەکەوێتە ژێر هەژموونی هەست و سۆزەوە.
هەڵەی شیاو
مەخابن ئەوانەی کە ئەنجامی پرۆسەی دەنگدان و دیموکراسی “فەرمانڕەوایی گەل” یەکلایی دەکەنەوە هاووڵاتی شیاون نەک دەنگدەری شیاو کە ئەمەش بە گەورەترین و پڕ کێشەترین پرۆسەی دیموکراسی دەزانرێت بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و تازە گەشەکردووەکاندا چونکە ڕێژەی هاووڵاتی شیاو چەندین جار بەرامبەر بە دەنگدەری شیاوە بەڵام ئەمە لە ڕۆژئاوا جیاوازترە.
جۆرەکانی دیموکراسی
دیموکراسی میللی یان ڕاستەوخۆ، ئەمە زیاتر بە “ئەسینیایی” یان ڕەسەن ناو دەبرێت، ئێستا لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بوونی نییە.
دیموکراسی سۆشیالیستی، ئەم جۆرە لە دیموکراسی سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.
دیموکراسی مەسیحی و ئاینەکانی دیکە، لێرەدا ئاین دەبێت بەسەرچاوەی کۆی یاسا و ڕێساکان و ئازادی بەرتەسک دەبێتەوە.
دیموکراسی لیبرال، ئەم نموونەیە ساڵانی زوو زیاتر لە سویسرا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا جێبەجێ دەکرا، بەڵام لە ئێستادا کاڵبۆتەوە.
دیموکراسی ناوەندی، ئەمەیان خراپترین جۆری دیموکراسییە کە شیوعییەت بەرهەمی هێناوە، لێرەدا دەسەڵات لای ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە و گەل دەبێت گوێڕایەڵ بێت.
زۆر جۆری دیکەی دیموکراسی هەیە، بەڵام بە گشتی دابەش دەبێت بەسەر دوو جۆردا:
یەکەم، دیموکراسی ڕاستەخۆ، ڕێگە بە ھەموو ھاووڵاتییەکی شیاو دەدات بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەری ھەبێت لە بڕیاردان لە پێکھێنانی حکومەتدا، ئەم جۆرە لە دیموکراسی لە زۆرێک لە وڵاتەکان دەستی تێدەخرێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هاووڵاتی لاواز دەکرێت.
دووەم، دیموکراسی ناڕاستەوخۆ یان دیموکراسی نوێنەرایەتی، کە لە زۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەدی دەکرێت، کە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو لە هەڵبژاردنی نوێنەران لە دەسەڵات بەشدار دەبن، بەڵام دەسەڵاتی ڕامیاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان جێبەجێ دەکرێت. دیموکراسی ناڕاستەوخۆ ئایدیۆلۆجیا و بنەما و ڕێباز و پرنسیپی نییە، بەڵکو کۆمەڵە ڕێکەوتن و بەهایەکی سیاسی هاوبەشە، هەموو لایەک کۆکن لەسەری، بۆیە ئەو هەموو دۆخە وەردەگرێت.
نادیموکراسی خودی دیموکراسی
وەک پێشووتر پێناسەکرا، دیموکراسی واتە “فەرمانڕەوایی گەل”، واتە دەبێت گەل هاوبەش و یەکسان بن و پێکەوە فەرمانڕەوایی بکەن. هەر بەپێی ئەو پێناسەیە و لە سیستەمی دیموکراسیدا نادادی و خۆسەپاندن دەسەپێنرێت، زۆرینە کۆی مافەکانی بەرامبەر هیچی کەمینە دەسەپێنێت و لە هەموو لایەکیشەوە دانی پیادەنرێت.
نادیموکراسیبوون لە خودی دیموکراسیدا ئەوەیە کە ڕێ بە زۆرینە دەدات مافەکانی کەمینە پێشێل بکات. زۆربەی کات کەمینە یان نەتەوەی ژێردەست مافەکانی دەخورێت و بەدەنگدان و بە شێوەی دیموکراسی بەدۆڕاوی دێتە دەرەوە. بۆ نموونە دیموکراسی لە عێراق و تورکیا و ئێران.
لە عێراق دا، بە دیموکراسی و حوکمی زۆرینەی نوێنەرانی مەزهەبێکی دیاریکراو لە نەتەوەی سەردەست، لەگەڵ بوونی دەستورێکی دانپیانراودا، کەچی بەردەوام شیعەی باڵادەست لەڕێی زۆرینەی پەرلەمانییەوە بەدیموکراسی مافەکانی سوننە و کورد پێشێل دەکات، ئەوەشی بەدەنگدان بۆیان نەکرێت لە ڕێگەی دادگای بەناو فیدراڵییەوە دەسەپێنن چونکە زۆرینەی ئەو دەزگایەش سەر بەوانن.
لە تورکیاش بەهەمان شێوە، بە دەنگدان و دیموکراسی لە ڕێگەی دامەزراوە و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و دادوەرییەوە مافەکانی کورد لەو وڵاتە نەک پێشێل دەکرێت بەڵکو تا ئاستی سڕینەوەش دەڕوات. لەوێ، زمان و کلتور، خاک و نیشتیمان، هونەر و ئەدەب هەمووی لە پەرلەمان و لە دادگاکانەوە لە کورد قەدەغە دەکرێت. لەڕاستیدا بەدیموکراسی لە ڕێی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانەوە جێبەجێ دەکرێت، کە کۆی ئەو کارانە نادادی و چەوسانەوە و سڕینەوە و نکۆڵی کردنە لە مافی گەلی کورد. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها سەرنجی لەسەر دەرەبڕێت و ئامادە نییە هیچ پەستانێک بخەنە سەر تورکیا لەبەر دوو هۆکار. یەکەم، ئەوەیە کە پرۆسەکە لە پەرلەمان و دادگاکانەوە بە شێوەیەکی دیموکراسی و یاسایی جێبەجێ دەکرێت. دووەمیش بەرژەوەندی هاوبەشە لەگەڵ ئەو وڵاتە و دیموکراسی دەکرێت بە خۆراکی بەرژەوەندییەکان.
دیکتاتۆر لە دیموکراسیدا
دیموکراسی ڕاستەوخۆ یان میللی کە زیاتر بە “ئەسینیایی” ناسراوە و گەل بە یەکسانی فەرمانڕەوایی دەکەن لە ئێستادا بوونی نەماوە و ئەگەر هەشبێت زۆر دەگمەنە. لە سەردەمی ئێستادا هێزە توندڕەوەکان، ئاینیی و مەزهەبییەکان، دژە فرەیی و نەتەوەپەرستەکان لەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە و بەدەنگی زۆرینە و لە پەرلەمان کۆی خواستەکانیان بەسەر کۆی پێکهاتەکانی دیکە ئەسەپێنن. ئەم دیاردەیە وڵاتانی ڕۆژئاواشی گرتۆتەوە، وەک سوید، ئیتالیا، هەنگاریا، بەردەوامیش ڕوو لە هەڵکاشانە. گومان دەکرێت لە ئەگەری هەڵبژردنەوەی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکاش بگرێتەوە.
وڵاتانی هاوشێوەی ڕووسیا و ئێران، وڵاتانی جیابۆوە لە یەکێتیی سۆڤیەت، تورکیا، ڤەنزویلا، چین، هتد، ئەم وڵاتانەش بە سوود وەرگرتن لە دەنگدان و لەژێر پەردەی دیموکراسیدا درێژە بە دەسەڵات و مانەوەی دیکتاتۆرەکانیان دەدەن.
زۆرەملێی دیموکراسی
ئەوەی لەسەر دیموکراسی زانراوە ئەوەیە کە هەر کەسێک بەپێی خواست و حەزەکانی خۆی، بەبێ ترس و بە ئاشکرا، کە دژ بە بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نەتەوەکەی نەبێت، ئەوەی بەباشی دەزانێت ئەنجامی بدات، جا لەڕێی پرۆسەی دەنگدانەوە بێ یان نووسراو یان هەر شێوەیەکی دیکەر کە گونجاو بێت. بەڵام ئەمە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕابەرانی دیموکراسی جیهانی لە هەموو کاتێکدا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت. بۆ نموونە، نوسین و بڵاوکردنەوە دژی هاوڕەگەزبازی ڕێگەپێدراو نییە، نابێ بە ئاشکرا بە کەسی هاوڕەگەزباز بگوترێت کە ئارەزووی هاوڕێیەتی یان پیاسەکردن ناکەی لەگەڵی لەبەر ئەوەی هاوڕەگەزبازە. خۆ ئەگەر ئەوەت پێ گوت، ئەوە ئەو دەتوانێت ڕووبەڕووی دادگات بکاتەوە. ئەگەر لە منداڵێک بپرسرێت کە ئایا چۆن لە هاوڕەگەزبازی دەڕوانێت و لەوەڵامدا منداڵەکە بڵێت ئەو کارە بە باش نابینم ئەوا باوک و دایکی منداڵەکە بانگ دەکرێن بۆ لێپێچینەوە. بەدیوێکی دیکە، دەبێت هاوڕەگەزبازی قبوڵکرێت ئەگەر لەناخیشتدا دژبیت. ئەمەش پێشێلکردنی ئازادی تاکە کەسە، کە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیدا یەکناگرێتەوە.
جێگرەوەی دیموکراسی
بە هۆکاری ئەوەی کە دیموکراسی ڕاستەوخۆی میللی “ئەسینیایی”لەم سەردەمەدا بوونی نییە و پرۆسەکە نوێنەرایەتی خودی واتا و مەغزای ناوەکەی ناکات و لە ئێستادا “دەوڵەت-نەتەوە” لە هەموو جیهان بە چڕی و تەنانەت لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیاشدا تۆخ بۆتەوە و شەڕ لەسەر دیاریکردنی هێڵی سنوورە ئەتنیکییەکان بەردەوامە. ئەوا دەکرێت بە کەمێک سەرنجەوە “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” جێگرەوە بێت.
ئەگەر بەدوای چارەسەردا بگەڕێین بەتایبەتی بۆ ئەو وڵات و شوێنانەی کە زیاتر لە نەتەوەیەک، ئاینێک یان مەزهەبێک بوونی هەیە، وەک لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، عێراق، تورکیا، ئێران، سویسرا، ئۆکرانیا، هتد، ئەوا کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی باشترین چارەیە. بە کرداریش لە ڕۆژاڤای کوردستان جێبەجێ کراوە و سەرکەوتووشە. سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بەپێی پێکھاتەکانە نەک زۆرینە و کەمینە یان نەتەوەی زاڵ و سەردەست وەک ئەوەی ئێستا لە عێراق، ئێران ، سووریا و تورکیا بەرقەرارە.
مۆدیلی نهتهوه-دهوڵهت لهگهڵ سروشتی کۆی پێکهاتهی کۆمهڵگاکانی خۆرههڵاتی ناوین ناگونجێت نەک تەنھا کورد. لە ساڵانی پێشووتردا وردە وردە لە کۆی جیھاندا کار لەسەر کاڵکردنەوەی نەتەوە و سنوور دەکرایەوە و زیاتر گرنگی بە مرۆڤبوون دەدرا بەڵام ماوەیەکە پێچەوانەکەی دەبینین بەتایبەتی لە دوای کۆرۆنا و هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا و شەڕی ڕووسیا-ئۆکرانیا و بەهێزبوونەوەی هێزە نەتەوە پەرستەکان، دەوڵەت-نەتەوە زۆر تۆخ بۆتەوە و کاریشی پێ دەکرێت.
لە مۆدێلی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی دەکرێت ھەر نەتەوە و پێکھاتەیەک لەبری ئەوەی لەناو گلۆبالیزم یان ئیمپراتۆریەتی نەتەوەی باڵادەستدا بتوێتەوە، بەپێچەوانەوە درێژە بەبوونی خۆی بدات و گەشەش بکات، بەڵام ئەمە تەواو جیاوازە لە مۆدێلی نەتەوە–دەوڵەت، کە لێرەدا ھەموو نەتەوە بچوکتر و کەمینە و پێکھاتەکان دەبن بە خۆراکی نەتەوەی سەردەست، نەک ھەر گەشەش ناکەن بەڵکو ھێدی ھێدی بەرەو توانەوە و لەناوچوونیش دەچن. بەبارێکی دیکە، ئەگەر باس لە سیستەمێکی دیموکراتی ڕاستەقینە بکەین ئەوا دەبێت باس لە مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بکەین بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە نەتەوە و پێکھاتەی جیاوازی تیایە بەڵام ئەمیش بێ نەنگی نییە کە لێرەدا بوار بۆ باسکردنی نییە.



