تێگەيشتن لە تێڕوانينی تورکيا و ئێران و عێراق و سووريا بەرامبەر بە کوردستان پرسێکی فرە ڕەهەندە و دەکرێت لە ڕێگەی چەندين ميتۆد و ڕێگای جياوازەوە ئەنجام بدرێت. لێرەدا تەنيا لە ڕێگەی یەک نموونەوە هەوڵ دەدەم تێڕوانينی ئەو چوار دەوڵەتە بۆ کوردستان و پرسی کورد بخەمەڕوو. نموونەکەش بريتييە لە دەقێک، یان نامیلکەیەک، بە ناونيشانی “دراسة عن محافظة الجزيرة: من النواحي القومية والاجتماعية والسياسية” کە لە لایەن “محەمەد تەڵەب هيلال”ـەوە لە ١٩٦٢ دا نووسراوە. بە پڕۆژەکەی محەمەد تەڵەب هيلال ناسراوە، کە پڕۆژەیەکە هەموو مەرجەکانی جينۆسايدکردنی نەتەوەیەکی تێدایە.
محەمەد تەڵەب هیلال کێ بوو و پرۆژەکەی چی بوو؟
محەمەد تەڵەب هیلال سیاسی و ئەفسەرێکی عەرەبی بەعسیی سووری بوو، هەندێک پۆستی وەک وەزیری کشتوکاڵ، جێگری سەرۆک وەزیرانی سووری، باڵوێزی سووریا لە پۆڵەندا هەبووە. پلە سەربازییەکەشی عەمید بوو. لە ٢٠١١ مردووە.
هیلال لە ١٩٦٢ دا لە شێوازی نامیلکەیەکدا پرۆژەیەکی ترسناک و تۆقێنەری پێشکەش بە حکومەتی سووری و عیراقی کرد. هاوکات، داوای کردبوو پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و ئێران دا کاری بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێت. پڕۆژەکە لێکوڵینەوەیەکە لە بارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناوچەی جەزیرە، لەگەڵ، پێشکەشکردنی چەند ڕێنمایی و پێشنیارێک بۆ حکومەتی سووری و عێراقی، لە پێناو تواندنەوەی کورد و بنبڕکردنی دۆزی کورد، ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ تورک و فارس.
سەرەتای توێژینەوەکە بە مێژوو و ڕەچەڵەکی کورد دەست پێ دەکات. ئەو پێی وایە “کورد ڕەچەڵەکی دیار نییە، نە نەتەوەیە، نە گەلە، نە زمانی هەیە، نە مێژوو، نە شارستانیەت، نە دەوڵەت، نە نیشتیمان، نە ئایین، نە بەها و کلتورێکی هاوبەش، نە شووناس”. هیلال دەڵێت، کورد بریتییە لە تێکەڵبوونی چەند تیرەیەکی دانیشتووی شاخەکان و چەن گرووپێکی بێناسنامەن. “ئەم گرووپە بێشووناسە، زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهان بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان دەهێنن. ئامرازێکن بۆ دروستکردنی کێشە و دابەشکردنی جیهانی عەرەبی و بریتیین لە چەتە و ڕێگر و شەقاوەکانی ڕۆژهەڵات”.
پاشان دێتە سەر باسکردنی دۆزی کورد و سەربەخۆیی کوردستان، بە ڕستەیەکی زۆر کورت وەسفی دۆزی کورد دەکات و دەڵێت “گرێیەکی شێرپەنجەیی پیسە (خبیث) لە بەشێک لە جەستەی نیشتیمانی عەرەبیدا دروستبووە یاخود دروستکراوە، هیچ چارەسەرێکی نییە جگە لە بڕینی لە ڕەگ و ڕیشەوە”. ئەوەی مایەی سەرنجە، هيلال لەو نامیلکەیەدا بە شێوازێکی تەواو دوور لە زانستییبوون وبێ پشت بەستن بە دەقە مێژووییەکان حوکم لەسەر مێژوو و ڕەچەڵەکی کورد دەدات، هەندێ دێڕی پچڕپچڕ لە سیاقی خۆی دەردەکات و دەیکات بە ئارگومێنت بۆ بڕیارە پێشوەختەکانی خۆی.
پاشان دێتە سەر باسکردنی عەشیرەت و پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی و چالاکییە سیاسیەکانی ڕۆژاڤای کوردستان، کە هەموویان بە شایەنی لەناوبردن و سڕینەوە دەزانێت. بۆ ئەم مەبەستە، ژمارەیەک پێشنیار دەخاتە ڕوو بۆ سوریا و ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە و داوا دەکات زۆر بەجدی وەریبگرن و بە تەواوی جێبەجێی بکەن، پێشنیارەکانی بریتیین لە ١٢ خاڵ:
- ڕاگواستنی کوردەکانی جەزیرە بۆ ناو شارە عەرەبییەکانی سووریا و پاشان دابەشکردنیان لە ناو شارەکان.
- سیاسەتی پشتگوێخستن، واتە دروست نەکردنی قوتابخانە و پەیمانگا لە ناوچە کوردییەکان.
- بێبەشکردنی کوردەکان لە ڕەگەزنامەی سووری، هەروەها ناردنەوەی ئەو کوردانەی کە لە ئەسڵدا خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
- نەهێشتنی هەلی کار بۆ کوردەکان، بە ئەندازەیەک توانای جووڵەیان نەمێنێت، بەشێوەیەک کە بەردەوام لە دۆخێکی ناسەقامگیر بن و هەموو کات ئامادەی ڕاگواستن بن. کورد بۆی نەبێت موڵک و زەوی بکڕێت، بۆی نەبێت زەوی کشتوكاڵی بکڕێت و بەکرێی بگرێت، هەموو زەوییە کشتوکاڵییەکانیشیان بدرێت بە عەرەب.
- بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کورد لە ناو عەرەبەکاندا، بۆ ئامادەکردنی عەرەبەکان لە دژیان، بە مەبەستی ناسەقامگیریی و پەشۆکانی کورد.
- سەندنەوەی سیفەتی ئایینی لە پیاوە ئاینیيەکانی کورد و ڕاگواستنیان و شوێنگرتنەوەیان بە عەرەب چونکە کۆبوونەوە و ئەنجوومەنی پیاوە ئاینیيە کوردەکان نەتەوەییە نەک ئایینی. ئەوە نییە داوایان لێ دەکەین بەیاننامەیەک دژی بارزانی دەربکەن کەچی بە گوێمان ناکەن.
- دروستکردنی پێکدادان و شەڕی براکوژی لە ناو کوردەکان.
- ناردنی عەرەب بۆ نیشتەجێبوون لە ناوچە کوردییەکان. بەمەش دەبنە چاودێر بەسەر کوردەکان تا ئەو کاتەی کوردەکان دەردەکرێن لە ناوچەکەیان. عەشرەتی “شەمەر” بخرێنە شوێنی کوردەکان چونکە هەژارن و سەد لەسەدیش نەتەوەیین. ئەمەش پێی دەگوترێت پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی (مشروع الحزام العربي) کە حکومەتی سووريا، تەنيا دوای سێ ساڵ لە نووسينی ئەو نامیلەکەیە، واتە لە ١٩٦٥ بڕياری جێبەجێکردنی دەدات و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی تۆکمە لە ڕۆژاڤای کوردستان جێبەجێ کرا. پشتێنەی عەرەبی درێژییەکە ٢٧٥ کيلۆمەتر و قووڵاییەکەی دەگەيشتە ١٥ کيلۆمەتر، لە شاری “دێرک”ەوە تا “سەرە کانێ”ی گرەتەوە.
- دروستکردنی سەربازگە لە جەزیرە کە ئەرکیان جێگیرکردنی عەرەب و دەرکردنی کورد بێت.
- دروستکردنی کۆمەڵەی هەرەوەزیی کشتوکاڵی بۆ عەرەبەکانی ئەو ناوچانە و چەکدارکردنیان، ڕێک وەک ئەوەی جووەکان لە ئیسرائیل ئێستا دەیکەن.
- ڕێگەنەدان بە دەنگدان و خۆکاندیدکردن بەو کەسانەی عەرەبی نازانن.
- لەو ناوچانەدا ڕەگەزنامەی سووری تەنها بدرێت بە عەرەب.
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پێشنیازانە تەنها وەک سەرنجڕاکێشانی لایەنی پەیوەندیدارە بۆ ئەو پرسە، ئەگەر نا، ئەم چەند خاڵە بەس نییە بۆ ئەوەی ئەو “نەخۆشيیە ترسناکە” چارەسەر بکرێت کە ناوی کورد و دۆزی کوردییە. واتە ئەمە تەنيا سەرەتایەکە، دواتر پلان و هەنگاوی دی هەیە بۆ تواندنەوەی کورد لە ناوچەکەدا.
ئەوەی لەم پرۆژەیەدا باسکراوە، بەشێکی زۆری پێش نووسينی پڕۆژەکەش دژی کورد ئەنجامدراوە. بۆ نموونە تورکيا لەسەردەمی مستەفا کەمال بڕياری جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی لە ڕۆژهەڵات (إصلاح الشرق( دا. پلانێک بوو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی بەتورککردن و ڕاگواستنی کورد لە باکووری کوردستان بۆ ناوچە تورکنشینەکان. بۆچوونێک هەیە پێی وایە کە پلانی “چاکسازی لە ڕۆژهەڵات” لە سەردەمی ئەردۆگان سنوورەکانی تورکيا و باکووری کوردستانی تێپەڕاندووە و ساڵانێکە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، بە تايبەتی لە عەفرين و ئەو ناوچانەی کە تورکيا و ميليشياکانی داگيریان کردوون. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو پلانەی مستەفا کەمال، کە لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکيا داينا، تا ئەمڕۆش بە شێواز و ناو و پاساوی جياواز، لە لایەن ئەردۆگان و دەوڵەتی تورکەوە جێبەجێ دەکرێت.
کاتێک ناوەڕۆکی ئەو نامیلەکەیە ئاشکرا بوو، حکومەتی سووريا و حيزبی بەعس نە نووسەرەکەی سزا دا، نە هيچ بەياننامەیەکی فەرمی لە دژی دەرکرد. تەنيا گوترا ئەوە گوزارشت لە بيروڕای نووسەر خۆی دەکات. لە ٢٠١١ کە نووسەرەکە دەمرێت، بە ڕێزێکی زۆرەوە ڕەوانەی گۆڕستان دەکرێت لە لایەن حکومەت و دەوڵەتی سوورياوە.
لە ڕاستيدا و ئەوەی گرنگە کوردستانیان بيزانن ئەوەیە کە پڕۆژەکەی محەمەد تەڵەب هيلال، تەنيا گوزارشت لە تێڕوانين و پڕۆژەیەکی تاکەکەسی ناکات، بەڵکو کلتور و جيهانبينی و سياسەت و ستراتيجی چوار دەوڵەتە کە زیاد لە سەد ساڵە بە بەردەوامی و بە پێی دەرەفەت لە کوردستان پەيڕەوی دەکەن. بێبەشکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کوردی ڕۆژاڤای کوردستان و سووريا لە ڕەگەزنامە، ڕاگواستن و تەعریب، کوشتن و بێبەشکردنی کورد لە سەرەتايترين مافەکانی لە ڕۆژاڤای کوردستان و سووريا؛ پڕۆسەی تەعریب و ئەنفال و ڕاگواستنەوە لە باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی عێراق، لە دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ؛ سياسەتی تورکيا و ئێران دژ بە کوردەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات، وەک قەدەغەکردنی زمان، بەتورککردن، ڕاگواستن، پشتگوێخستنی ناوچە کوردييەکان، سزادان و کوشتنی کورد لەسەر پەيڕەوکردن، یان داواکردنی سەرەتايترين مافە نەتەوەیی و کلتوری و سياسييەکانی خۆی، هەر هەمووی ئەوە دەسەلمێنێت کە پڕۆژەکەی هيلال ڕەنگدانەوەی سياسەت و تێڕوانين و ويستی ڕاستەقينەی ئەو چوار داگيرکەرەیە بەرامبەر بە کوردستان، ئەو پڕۆژەیە خوازراوترين بژاردەی ئەو چوار دەوڵەتەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورد.
خاڵێکی گرنگ کە پێويستە کورد بایەخی پێ بدات ئەوەیە کە نابێت وەک ڕووداوێکی مێژوویی یان وەک دياردەیەک کە لە ڕابردوودا ڕوويداوە و کۆتایی پێهاتووە تەماشای ئەو پڕۆژەیەی هيلال، یان هاوشێوەکانی، بکات چونکە تا ئەمڕۆش ئەو ١٢ پێشنيازەی ناو پڕۆژەکە بەتەواوی، یان هەندێکی، بە شێوەیەکی چڕ و ڕوون لە واقعیدا جێبەجێ دەکرێن دژ بە کورد، نەک هەر لەلایەن سووریاوە، بەڵکو هەر سێ داگیرکەرەکەی دیکەی کوردستانیش، عێراق و ئێران و تورکیا.
لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان تا ئێستا بەشێک لەو پێشنيازانە جێبەجێ دەکرێن، لەوانە: قەدەغەکردنی زمان، سەپاندنی زمان و کلتوری تورک و فارس بەسەر کورد دا، کوشتنی کورد بە پاساوی جياواز، پشتگوێخستنی ناوچە کوردييەکان و هەژارکردنييان، پڕوپاگەندە دژ بە کورد و بەتيرۆر ناساندنی بزووتنەوە سياسييە کوردستانييەکان. تورکيا لە دەرەوەی سنوورەکانیشی، لە ڕۆژاڤای کوردستان لە عەفرين و ئەو ناوچانەی کە داگيری کردوون، هەموو ئەو پێشنيازانەی هيلال جێبەجێ دەکات.
بە هۆی داڕووخان و لاوازبوونی عێراق و سووريا، هەردوو دەوڵەت بۆ ماوەیەکی کاتیی توانايان نەما ئەو ١٢ پێشنيازە جێبەجێ بکەن. بۆیە لە باشوور و ڕۆژاڤا، کوردستانیان توانیان تا ڕادەیەک هەندێک ماف و دەستکەوتی سياسی و کلتوری و نەتەوەیی بەدەست بهێنن. ئەمە تەنيا یەک هۆکاری هەبوو، ئەويش داڕمان و شکستی عێراق و سووريا بوو، نەک ئەوەی گۆڕان بە سەر دید و تێڕوانینی ئەو دوو دەوڵەتەدا، یان نوخبەی سیاسی عەرەبدا، هاتبێت بەرامبەر بە کورد. هەر کات عێراق و سووریا بەهێزبوونەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەمان ١٢ پێشنيازەکەی ناو پڕۆژەکە. بەڵگەش ئەوەیە تا ئەمڕۆ سووريا ئامادە نييە هيچ دانپێدانێک بە قەوارەکەی ڕۆژاڤا بنێت، بەڵکو لەگەڵ ئێران و تورکيا لە هەوڵدانە بۆ پەکخستن و سڕينەوەی. ئێستا عێراق کە تۆزێک بەرخۆ کەوتۆتەوە، بەهێزتر بۆتەوە، خێرا لە ڕێگەی تەعریب لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە دەست بە کار بۆتەوە. هاوکات، بڕيارەکانی دادگای فيدرال دژ بە هەرێم، بڕينی بودجە و ڕێگرتن لەوەی هەرێم نەوتەکەی خۆی بفرۆشێت، هەمووی هەوڵدانن بۆ لاوازکردن و سڕينەوەی هەرێم و کورد لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی ١٢ پێشنيازەکە.
ئەوەی لە پڕۆژەکەی هيلال سەبارەت بە کورد و کوردستان باس کراوە، یەکێکە لە بنەما سەرەکييەکانی دەوڵەتی تورکيا و ئێران و عێراق و سووريا، بە گۆڕانکاری لە حکومەت و سیستەمی سياسی ئەو دەوڵەتانە، ئەو بنەمایە ئەستەمە بگۆڕێت. تەنانەت بە ديموکراسيبوونی ئەو دەوڵەتانە، ئەو بنەمایانە وەک خۆی دەمێننەوە چونکە حکومەت و ئۆپۆزسيۆن و کۆمەڵگە و ميديا و دەستەبژێری هونەری و ڕۆشنبيری ئەو چوار وڵاتە لەسەر ئەوە کۆکن کە جوگرافيا و سنوور و قەبارەی دەستکردی وڵاتەکەیان دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە. واتە ئەو ١٢ پێشنيازەی هيلال لەلایەن هەموو هێز و گرووپەکانی ناو ئەو چوار وڵاتەوە پشتگيری لێدەکرێت و بە تاکە بژاردەی دەزانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد و کوردستان.
بۆ نموونە، لە دامەرزاندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەمڕۆ، زۆر گۆڕانکاری گەورە و ڕيشەیی لەو دەوڵەتە ڕوويداوە: لە حوکمی پاشایەتييەوە بۆ کۆماری و پاشان بۆ “عێراقی نوێ” لە ٢٠٠٣، لە حوکمی سوننەوە بۆ شيعە، لە حوکمی چەپەکان بۆ ناسيوناليستەکان تا بەعسیيەکان و پاشان سيستەمی سياسی نوێ مەزهەبگەرایی لە ٢٠٠٣ ـەوە؛ لە عێراقی ژێر ئينتيدابی بەريتانيا تا عێراقی سەربەخۆ، بۆ عێراقی ژێر داگيرکاریی ئەمريکا، ئينجا بۆ عێراقی ژێر هەژموونی ئێران و ئەمريکا، لەم ماوەیەدا بە دەيان و سەدان حکومەت و حيزب و کەسایەتی و ئايدیۆلۆجیای جياواز عێراقيان حوکم کردووە، بەڵام لە یەک خاڵدا هەموویان هاوبەش بوونە، ئەويش سياسەتی هاوبەشیانە بەرامبەر بە کورد و کوردستان. ئيتر بە پێی دەرەفەت و توانا، ئەو ١٢ پێشنيازە جێبەجێ کراوە.
بە کورتی، وەک ویست و نییەت، لە ڕووی فکری و تیورییەوە تەواوی پڕۆژەکە وەک خۆی ماوە. وەک پراکتیک، بە پێی دەرەفەتەکان و توانای چوار دەوڵەتەکە جێبەجێ دەکرێن. پێشتر ئاماژەی پێکرا کە تورکيا لە باکوور و لە بەشێکی ڕۆژاڤای کوردستان، زۆربەی ئەو خاڵانە جێبەجێ دەکات. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەمان شێوە. ئەگەر دووربکەوينەوە لە شەڕە جنێوەکەی نێوان ميديا و هێزەکانی باشوور، ئەوا بڕيار و سياسەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، لە بنەمادا، جگە لە جێبەجێکردنی ئەو ١٢ پێشنيازە، هيچی دیکە نييە، بەڵام لەژێر ناوی بڕيارەکانی دادگای فيدرال و جێبەجێ کردنی دەستوورەوە دەيکەن.
فکر و پلان و ويستی جينۆسايدکردنی کورد بنەمایەکی سەرەکی و نەگۆڕی ئەو چوار دەوڵەتەیە. تا ئەو ڕۆژەی کورد بە گشتی، بڕياربەدەستانی کوردستان بە تايبەتی، لەم دەروازەیەوە، کە لەسەرەوە خرایەڕوو، نەڕواننە تورکيا و ئێران و عێراق و سووريا و ئەم تێگەیشتنانە نەکەنە بنەمای سەرەکی لە سياسەتيان لەگەڵ ئەو چوار دەوڵەتە، جگە لە شکستی بەردەوام، بە شێوە و ناوی جياوازەوە، کورد هيچی دیکە بەدەست ناهێنێت لە هەر چوار پارچەکە. دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە چ هەڵەیەکی گەورەیە کاتێک کورد لەو دەروازەیەوە تەماشای عێراقی نەکرد. هاوکات، بەداخەوە، دۆخی ئايندەی ڕۆژاڤای کوردستانيش دەبێتە هەمان بەڵگە و دەرخستنی هەمان هەڵە.



