محەمەد شەمێرانی
داگیرکردنی هزر (الغزو الفکری) خراپترین و قورسترین جۆری داگیرکارییە و ڕزگاربوون لێی مەحاڵ نییە، بەڵام هەوڵی باش و کاتی زۆری دەوێت، ئەگەر وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە، یان نەتەوەیەک لەلایەن نەتەوەێکی دیکەی جیاوازەوە خاکەکەی داگیر بکرێت، ئەوا دەتوانێت دوای خەبات و ماندوبوون و قوربانیدان بە ئاست و قەبارەی داگیرکارییەکە هەوڵی ڕزگاربوون بدات و ڕزگاریشی ببێت. پاشانیش دەستکاتەوە بە خۆبونیادنانەوە و بەخێرای هەستێتەوە.
بەڵام ئەگەر هەمان گەل و نەتەوە لەڕووی هزرییەوە داگیر بکرێت، ئەوا پرۆسەی داگیرکارییەکە کاریگەریی قووڵتر لەسەر عەقڵ و بیرکردنەوەی ئەندامانی نەتەوە داگیرکراوەکەدا دادەنێت ئیدی ئەو کات هەستانەوە و سەرپێکەوتنیان زۆر زەحمەتە و هەوڵ و ماندوبوون و قوربانیدانی زۆرتر و زیاتری دەوێت و نەخشە و پلانی وردتر و تۆکمەتریشی پێویستە.
بۆیە هەمیشە داگیرکەر لەپاش داگیرکرنی خاک پەنا بۆ داگیرکردنی هزر و بیر و هۆشی ئەندامانی نەتەوەی داگیرکراو دەبات.
نەتەوەی کورد وەک خەڵکێکی ژێردەستەکراو و داگیرکراو، زیاتر لە سەد ساڵە کار لەسەر هزری دەکرێت و بەردەوام هەوڵیش دەدرێت هزر و بیر و هۆشی بە تەواوی داگیر بکرێت و ئینتیمای نیشتیمانیی و نەتەوەیی نەمێنێت و خاک و ئاڵا و باقی پیرۆزییەکانی دیکەی لا بێ بەها بکرێت.
تاڕادەێکی زۆریش نەخشە و پلانەکان سەرکەوتوو بووە و ڕەنگدانەوەی لەسەر هزری تاکی کورد داناوە و توانراوە بەشێک لە کورد بێ ئیرادە و دەستەمۆ بکرێت و وای لێ بکرێت خۆی بە پلە دوو لە بەرامبەر داگیرکەران و نەیارەکانیدا ببینێت و باوەڕی بە هیچ شتێکی خۆی نەمێنێت.
بەڵام، دوای ئەو گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییانەی لە ناوچەکەدا هاتە ئاراوە و بەشێک لە باشووری کوردستان ئازاد بوو، کوردستانییانی باشوور هەلێکی باشیان بۆ هاتە پێش بۆ هەڵکێشان و سڕینەوەی ئاسەوارە خراپەکانی ئەو سیاسەتە داگیرکارییە و دەتوانرا لە ڕێگای دروستکردن و دامەزراندنی کۆمەڵێ ناوەند و دەزگای زانستی و ئەکادیمییەوە و بەسوود وەرگرتن لە کۆمەڵێ خەڵکی پسپۆڕ و شارەزا و هۆشیار، کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەیان بکرێت. ئەمە نەک هەر نەکرا بەڵکو هەر بیریشی لێ نەکرایەوە.
بۆیە لە ئێستادا بەشێک لەو هەلومەرجە خراپ و نالەبارەی ڕووی لە باشوور کردوە و هەندێک داگیرکەریان لێبوەتە فریادڕەس و سەنگەریان لە دەستکەوت و نەتەوەکەی خۆیان گرتووە. بەشێکی زۆری پەیوەندی بە کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتەوە هەیە کە وڵاتانی ناوچەکە و داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام لەسەر کورد پەیڕەوی دەکەن، واتە لە گۆمێکی لێڵدا یاری دەکەن و بۆ ساتێکیش غافڵ نابن. بەردەوام لە ڕێگەی نۆکەرەکانیانەوە لە هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان و ئەو کەلێن و ناکۆکیانەی کە بەهۆی هەڵەکانی کورد و دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە دروست بووە.
ڕاستە کورد لە ماوەی ٣٣ ساڵی حوکمڕانی خۆیدا نەیتوانیوە وەک پێویست خزمەت بەهاووڵاتییانی هەرێم بکات و بەڕێوەبردنێکی باش و دروست پەیڕەو بکات، ڕاستە کە ئەمانە هەموو هەڵەی گەورەن و پێویستیان بە هەوڵ و خەباتی دڵسۆزانە هەیە بۆ ڕاستکردنەوە، بەڵام هەموو ئەمانە نابێتە پاساو بۆ خۆبەدەستەوەدان و ملکەچکردن لە ئاست داگیرکەران. ئێمە ڕەخنە و گلەیی زۆرمان هەیە، بەڵام ئەمانە نابنە پاساو بۆ پشتکردنە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی گەورەی ٤٠ ملیۆن کەسی کە ساڵەهای ساڵە ئەچەوسێنرێتەوە و غەدری لێ دەکرێت.



