سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەرێمی کوردستان لە یاریەکانی ناوچەکەدا

ئایا دەکرێت لە بازنەی ئەم یارییە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، هەرێمی کوردستان ڕۆڵی یاریکەرێکی کاریگەر ببینێت؟ ئایا هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی نێو هاوکێشەکانە؟ داخۆ پێگەی هەرێمی کوردستان کاریگەری بۆ سەر ئەنجامی ململانێکان هەیە؟ بێگومان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەبێت وێنای هێز و توانای هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بهێنینە پێش چاومان. قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان سەرباری گرفتی دوو زۆنی، هێشتا لە نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق دا بکەرێکی سیاسی خاوەن پێگەیە، لەلایەک پەیوەندیەکانی لەگەڵ جەمسەری ئەمریکا و ئەوروپا پتەوە، لەلایەکی دیکە، ڕەهەندی دۆستایەتیشی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان بەهەند وەرگرتووە، ئەمە سەرباری ڕاگرتنی پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ جەمسەری رووسی-چینی-ئێرانی. سەرجەم دەوڵەتانی نێو بازنەی ململانێی نێودەوڵەتی و ناکۆکییەکانی ناوچەکە لە بایەخی پێگەی هەرێمی کوردستان تێدەگەن و هەمووان هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی کورد بەلای خۆیاندا دەدەن. لەم خستنەڕووەدا ڕۆڵی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی بەهێز دەردەکەوێت.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەرێمی کوردستان بە دۆستی ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن، وای دەبینن کە هاوشێوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لەبارە بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەکی دوورمەودای بێ کێشە و دەتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیانی تێدا مسۆگەر بکەن. هەر ئەم تێڕوانینەی ڕۆژئاواییەکان ڕەنگدانەوەی بە سەر گوتاری سیاسی وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش هەیە، سەرەنجام ئەوانیش کێشەی سیاسییان لەگەڵ قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە. جەمسەری ڕووسی-چینی بە هەستیارییەوە ڕەفتاری سیاسیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پیادە دەکەن و نایانەوێت فشاری بخەنەسەر، تاوەکوو پەراوێزێک بۆ دواڕۆژی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەە قەوارەیە بهێڵنەوە. تەنها ئێران پێچەوانەی ئەم ئاراستەیەی گرتووە و کارتەکانی فشاری بۆ تەنگپێهەڵچنینی هەرێم بەکار دەهێنێت، هاوکاتیش ڕای دەگەیەنێت کێشەی لەگەڵ هەرێم نییە!

دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ جۆرە کێشەیەکی لەگەڵ قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە هەرێم بەشێک نەبووە لە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانەکان و هەمیشە ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی بینیوە. ململانێکانی ناوچەکە بەشێکن لەو یاریە سیاسییەی کە لە ئەنجامی گەڕانەوەی ڕێکخستنی نێودەوڵەتی لە سیستمەی ئاسایشی بەکۆمەڵەوە بۆ سیاسەتی هاوسەنگی هێز سەری هەڵداوە. ئێستا جیهان بە کرداری پاشەکشێی کردووە بۆ دۆخی دوو جەمسەری سەربازی و فرەجەمسەری ئابووری. دەرەنجامی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ئەم جەمسەرانە دوو جەنگی لێکەوتۆتەوە لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراین، حەماس و ئیسرائیل. بارودۆخی جیهان شڵەژاوە و پڕیشکی بارگرژی و لێکەوتەی قەیرانەکان بەر زۆربەی وڵاتان کەوتووە.

ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا لەنێو بازنەی گۆڕانکارییە سەربازی و ئابووریەکاندا ڕۆڵێکی لاواز دەگێڕن. سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتانی ئاسیا کەوتووەتە نێو کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە نا ئاساییە. جەنگی لەبری (الحرب بالنیابة) لەنێوان ڕووسیا و ئەمریکا هەڵگیرساوە، وەک چۆن جەنگی لەبری لەنێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئارادایە. لەم دۆخە ئاڵۆزەدا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تووشی قەیرانی قووڵ بۆتەوە، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت خۆی لە دەرهاوێشتەکانی بەدوور بگرێت و گوتاری سیاسی هەمووان کەوتۆتە چوارچێوەی یارییە سیاسییەکان.

قەوارەی هەرێمی کوردستان خاوەنی چەند خاڵێکی بەهێزە و دەتوانێت وەکو یاریکەرێکی نادەوڵەتی ڕۆڵ بگێڕێت. بەهێزترین خاڵی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، پتەوکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ هەمووان. برەودان بە دۆستایەتی فراوانی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی نێو جەمسەرەکان و ڕاگرتنی هاوپەیمانێتیەکانی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان. ئەمانە پێگەی هەرێمیان بەهێزکردووە، ئەوانی دیکە وەکوو یاریکەرێکی نێو گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لێی دەڕوانن.

هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێم لەلای جەمسەرە ناکۆکەکان جێگەی بایەخە. ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیجی و جیۆئابووری وای کردووە هەرێمی کوردستان لەنێو بازنەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا وەک یاریکەر سەیر بکرێت. گوتاری سیاسی فەرمی هەرێمی کوردستان جیاوازە لەو ئاراستانەی کە هەمیشە بوونی هاوپەیمانان ڕەتدەکەنەوە و هەڵپەیانە بۆ دوورخستنەوەی ئەمریکا لە عێراق و سوریا. هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە گوتاری توندڕەوی ئاینی و ئیتنیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر ئەم ئاراستەی بیرکردنەوەیەش بایەخی قەوارەی هەرێمی کوردستانی لەلای جەمسەری ڕۆژئاوا زەقتر کردۆتەوە، چونکە زەمینەی سیاسی و کلتوری لە هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ جێگیربوونی مۆدێلێکی سیستەمی دیموکراتی ڕۆژئاوایی بە کەموکوڕییەکانیشییەوە.

لەم بارودۆخە دژوارە و لەم قۆناغە هەنووکەییەدا زۆر ئەستەمە جەنگی سەرتاسەری هاوشێوەی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی ڕووبدات. دەوڵەتە بەهێزە ناکۆکەکان مەبەستیان نییە ڕاستەوخۆ شەڕی یەکدی بکەن. ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش زۆر لاوازە، چونکە هەمووان لە زیانەکانی تێدەگەن، هەڕەشەکانی پەنابردنە بۆ چەکی ئەتۆمی تەنها لەچوارچێوەی سیاسەتی چاوترسێنکردن (ردع) دەوروژێندرێن. ئەم جەنگە سنووردار و ناوچەیی و ناوخۆییانە لەگەڵ داڕشتنەوەی ڕێسا نوێیەکانی ململانێی نێودەوڵەتی کۆتاییان دێت، بێگومان ئەوکاتەی بەرژەوەندی هێزە ناکۆکەکان پارێزراو دەبن و نیگەرانی و مەترسیەکانیان سەبارەت بەیەکدی دەڕەوێننەوە.

تاکو ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنرێت، هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەک گوتاری سیاسی فەرمی ئاشکرا هەیە، نەک دوو گوتاری پێچەوانە لە ئاراستەدا. سیاسەتی فەرمی هیچ کامێک لە دەوڵەتانی نێو هاوکێشەکان و ململانێی هێزی هەردوو جەمسەرەکە، هەڕەشە نین بۆ سەر چارەنووسی قەوارەی هەرێمی کوردستان، تەنها دوو گۆشەی نێو گۆڕەپانی یارییەکان سەرئێشەی بۆ هەرێم دەبێت، یەکەمیان جیاوازییەکانی نێوان گوتاری سیاسی هەرێم و عێراقە لە خوێندنەوەیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی ناوچەکە. دووەمیان گومانە بەردەوامەکانی ئێرانە سەبارەت بە بەشداری نهێنی هەرێمی کوردستان لە یارییەکانی ناوچەکە. ئەم بابەتە جێگەی تێڕامان و شیکردنەوەیە.

بەگرتنەبەری سیاسەتی خۆبەدوورگرتن لە شەڕە کاتییەکانی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان خاڵە بەهێزەکانی خۆی دەپارێزێت. دەکرێت یاری سفرکردنەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پەیڕەو بکات و هاوکاتیش پێداگربێت لەسەر پارێزگاریکردن لە قەوارەکەی. ڕەواندنەوەی ترس و گومانەکانی ئێران یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی یاخود نەهێشتنی فشارە جۆراوجۆرەکانی تاران بۆسەر هەرێمی کوردستان. بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەم هەنگاوانە هەڵبستێت، سەرەتا پێویستە ناکۆکییەکانی ناو ماڵی کوردستان چارەسەر بکات. گرفتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە نییە، بەڵکو قەیرانە نێوخۆیەکانی گیرۆدەی کردووە. هەرکاتێک هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی یەک گوتاری فەرمی و یەک ئاراستەی سیاسی دامەزراوەیی، زەمینەی چارەسەربوونی قەیرانەکانیشی بۆ دەڕەخسێت. هەرێم بەدەست قەیران و تەنگژە و کێشە ناوخۆییەکانیەوە دەناڵێنێت، کە هاووڵاتیانی باجەکەی دەدەن، دەنا هیچ مەترسیەکی دەرەکی لەسەر بوون و چارەنووسی قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە.

ئەگەر خوێندنەوەی سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان بۆ دۆخی ڕاگوزەر و ئەم قۆناغە نائاساییەی ناوچەکە ڕیالیستانە بێت، بێگومان دوور لە بەرژەوەندی تایبەت و بەیەک سیاسەتی یەکخراوی هەردوو زۆنەکە هەڵسوکەوت لەگەڵ پێشهاتەکان دەکەن. یارییەکانی ناوچەکە بەرەنجامی تێکچوونی سیستەمی نێودەوڵەتییە و هەمووان لە نەخشەی گۆڕانی هاوکێشەی هێزدا هەوڵی جێگیرکردنی پێگە و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان دەدەن. دەبێت هەرێمی کوردستانیش هەڵپەبکات و بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی، ئاراستەی سیاسەتی تایبەت بەخۆی بگرێتەبەر. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەسەرووی هەموو خواستێکی تردا ڕەچاو بکرێت.

هەرێمی کوردستان ژمارەیەک نییە لەنێو هاوکێشەی هێزی سەربازی ناوچەکە، چونکە هەرێم دەوڵەت نییە و توانا سەربازیەکانیشی لە ئاستی دەوڵەتانی ناوچەکەدا نییە. هەر بۆیەشە، سیاسەتی فەرمی هەرێمی کوردستان بریتی نییە لە بەشداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ئاڵۆزیەکاندا، ئەمەش بڕیارێکی ئەقڵانییە.

لەم یارییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو جۆرە کارتێک بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندییەکان بەکاردەهێنرێت، سەرەنجامیش یاریکەرەکان لەدوای قۆناغی ڕاگوزەر و کۆتایی هاتنی یاریەکە، پشکی خۆیان بەدەست دەهێنن. هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە هێزی نەرم (soft power) بەشداری لە ڕێساکانی یاریەکە بکات، کە بریتین لە بایەخدان بە پەیوەندییە دەرەکییەکانی و هێشتنەوەی دۆستایەتی و پارێزگاریکردن لە هاوپەیمانێتیەکانی، سەرباری خستنەڕووی ئاراستەی ئاشتیخوازانەی خۆی لە گوتارێکی سیاسی بێ پێچوپەنادا. هەرێم دەتوانێت خۆی بۆ ڕەهەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دوای تێپەربوونی ئەم قۆناغە ئامادە بکات و لە هاوکێشە نوێیەکەدا پێگەیەکی سیاسی؛ ئابوری؛ دیپلۆماسی مسۆگەر بکات. هەر لە ئێستاوە دیارە جەنگەکان کۆتاییان دێت و بارگرژییەکان نامێنن و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بە ئاشکراو نهێنی جێگەی جەنگ دەگرنەوە، کەواتە بۆچی هەرێمی کوردستانیش هەوڵەکانی خۆی نەخاتەگەڕ  و یاریکەرێکی کاریگەر نەبێت؟

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO