زمناکۆ ئیسماعیل
چەند ڕۆژێکە کەناڵی ئەلعەرەبییەی سعودی، چەند دیمانەیەکی چەند سەعاتی پەخش دەکات، لەگەڵ ئەسما محەمەد (هاوژینی سەرکردەی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی)، هەروەها کچەکەی بەغدادی، ئەمیمە ئەبوبەکر بەغدادی. هەردووکیان ئەمە یەکەم جارە لە میدیادا دەر دەکەون و دەپەیڤن.
ئەم بابەتە گرنگە میدیاییە، یەک ماڵپەڕی ئاست ناوەندی کوردیی لێ دەرچێت، کە چەند ڕستەیەکی چاوپێکەوتنەکەیان دانابوو، هیچ میدیایەکی دیکە، لانیکەم من نەمبینی، ئەم هەوڵە پڕبایەخە بکەن بە بابەتی سەرەکی خۆیان.
لەڕاستیدا ئەو زانیارییانەی کە لەم چاوپێکەوتنانە خرانەڕوو، بەڕوونی زانیاری پڕبایەخن لەسەر جینۆسایدی نەتەوەیی کورد، کە دەبوو میدیای کوردیی زۆر بایەخی پێبدەن و وەک سەرجەم هەواڵە بە پەلەکانیان، ئەمەیان بکردایە هەواڵێکی بەپەلە و دواتریش بەدواداچوونیان بۆ کردبا، نەک هەواڵی ڕووخانی قەڵاکەی کوێخا دێرین بکەن بەسەر دێڕی هەواڵ ڕاپۆرتی لەسەر ساز بکەن و بەدواداچوونی بۆ بکەن. وەک گوتم، لە هەمان کاتیشدا هەواڵێک و زانیارییەک کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەجینۆسایدی نەتەوەیی کورد، ئێزیدییەکان لەم کەیسەدا، وەلا بنێن و پشتگوێ بخەن.
یەکێک لە زانیارییە زۆر گرنگەکانی یەکێک لە دیمانەکان لە پەیوەند بە جینۆسایدی کورد، ئەو زانیارییانەن کە ژنەکەی ئەبوبەکر بەغدادی لە چاوپێکەوتنەکەدا دەیان درکێنێت. لە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکەی ئەلعەرەبییە، کە دەپرسێت ئایا ڕاستە “ئەبوبەکر بەغدادی زیاتر لە ١٠ سەبایەی ئێزیدی هەبووە”؟ لە وەڵامدا، ئەسما محەمەد، ژنەکەی بەغدادی دەڵێت “ئەو خەلیفەیە چوار ژنی موسڵمان و زیاتر لە دە سەبایەی ئێزیدی هەبووە”. ئەمە خاڵێکی زۆر بەهێزە لە پەیوەند بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان. ئەمە داننانە بە هەڵکوتان، دزین و ڕفاندن، ئەتکردن و لاقەکردنی ژنان و کچانی ئێزیدی لەلایەن سەرکردەی یەکەمی ڕێکخراوی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی. ئەم زانیارییانە دەکرێت کەیسی یاساییان لەسەر بنیادبکرێت.
یەکێک لە دەردە هەرە کوشندەکانی میدیای کوردی ئەوەیە کە وازیان لە بابەتە گرنگ و چارەنووسسازەکانی نەتەوەکەمان، وەک جینۆساید، هێناوە و بایەخ بە پرسە لاوەکی و بێمانا و تافیهەکان دەدەن. ئەنفال و جینۆسایدەکانی نەتەوەی ئێمەیان تەنیا لە ساڵیادەکاندا بەبیر دێتەوە. لەڕاستیدا من وەک میدیاکارێک، ئەوە ١٠ ساڵە لەسەر پرس و کەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەکان کار دەکەم، ئەمڕۆش پاش ئەوەی بەرنامەکەم بینی پەیوەندیم کرد بە حاکمی ئێزیدییەکان و چەند ڕۆژنامەنووسێکی بیانی کە هاوبەشی منن لە کارەکانم و لە پەیوەند بە چاوپێکەوتنەکە و زانیارییەکانی ژنەکەی بەغدادی گفتوگۆم لەگەڵیاندا کرد، بەو هیوا و ئامانجەی کە کەڵکیان لێوەرگرین لە کەیسی دادگارییکردنی داعش تاوانبارانی ئەم جینۆسایدە.
گرنگە میدیا و میدیاکارانی ئێمە، بە دەست و ددان، بە باوەش و ئامێز، بە چاو و بە گوێ، توند توند کەیسەکانی جینۆسایدی نەتەوەی کوردستان لە باوەش بگرن گوێ بۆ هەموو هەواڵێک سووک بکەن و چاو لە هەموو کون و کەلەبەرێک بکەن بۆ هەواڵ لەسەر ئەم پرسە، چونکە جینۆساید و کارەساتەکان کارتی بەهێزی، ئەگەر نەڵێم تاکە کارتی بەهێزی، گەیشتن بە سەربەخۆیی نەتەوەکەمانە لە دەست سەرجەم ستەمکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ناوخۆیی عێراق و هەرێم و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان کە جینۆسایدیان کردوین، جا ئێران، تورکیا، سوریا یان عێراق بێت. دەرەکیش وەک وڵاتانی بەشداربوو بەکردەی جینۆساید، بۆیە دەبێت هەمیشە بچووکترین دەرفەت بقۆزینەوە لەسەر ددان پێدانان بەتاوانەکانی جینۆساید و نەهێڵین لەدەستمان بچێت. هاوکات، دەبێت بیکەینە بابەتی گەرمی میدیاکانمان، نەک بابەتی لە چەشنی بابەتەکەی کوێخا دێرین بکەینە بابەتی گەرمی هەواڵ و بابەتی جینۆسایدی نەتەوەکەمان، لەیاد بکەین و بیخەینە پشت گوێمان.



