سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مەینەتییەکانی کورد و ناکۆکی پێکهاتەکانی  کەرکووک

هەژدەی شوبات، دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا تێدەپەرێت، لە عێراق دا جگە لە هەرێم، پازدە پارێزگای دیکە هەن، لە یازدە پارێزگادا بێ گرفت کاندیدە سەرکەوتوەکانیان سوێندی یاساییان خوارد و ئەنجومەنیان دروستکرد و حکومەتی خۆجێییان پێکهێنا.

کەرکووک بە هۆی ڕێکنەکەوتنی پێکهاتەکانی، ئەنجومەن نیسابی یاسایی تەواو نەکردوە و نەیانتوانی ئەو پرۆسە دیموکراسیە تەواو بکەن. یەکێک لە سیماکانی سیستەمی دیموکراسی، ململانێ و گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرسەکان و ڕێکنەکەوتن و دووبارە دەستکردنەوە بە گفتوگۆیە لە نێوان نوێنەرانی  پێکهاتە جیاوازەکان، ئەگەر جیاوازی چین و توێژی کۆمەڵایەتی و ئابووری بن یان ئاینی و مەزهەبی و ئیتنیکی و حیزبی.

سیستەمی دیموکراسی پێویستی بە تاکی هۆشیار و خاوەن ویژدان و بەها مرۆییەکانە، دیموکراسی کلتور و ڕەفتارە، مرۆڤی دیموکراسی دەبێت لە ئازارەکانی ئەوانی دیکە تێ بگات و هەق لە ناهەق جیا بکاتەوە، بەتایبەت لە شارێکی وەکوو کەرکووک دا کە مەینەتی و کارەساتەکانی سەر کورد  ڕوون و ئاشکران. لە دۆخێکی ئاسایی و دیموکراتدا، چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی پێکهاتەکانی دیکەش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو مەینەتیانە هاوکارو کۆک و تەبا بن.

دوور لە هەر دەمارگیرییەکی نەتەوەیی، ئەوەی داتاکان پێمان دەڵێن لە کەرکووک، بە پێی ئامار و سەرژمێری و دیکۆمێنت و نوسراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراقی خۆی، زیاتر لە ٩٨١ گوند و نۆ ناحیە و چوار قەزای ئەم پارێزگایە لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا ڕوخێنراون، یان هەڵوەشێنراوەتەوە، یان گواستراونەتەوە  بۆ سەر پارێزگای دیکە لە ڕووی کارگێڕیەوە. ئەم گواستنەوەیەش تەنیا بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک بووە.

هەموو نوێنەرەکان، جا نوێنەری هەر پێکهاتەیەک بێت، هێندە شارەزایی لە مێژووی پارێزگای کەرکووک دا نەبێت و نەزانێت کفری و کەلار و خورماتو و چەمچەماڵ، چوار قەزاو شارۆچکەی مێژوویی و گرنگی پارێزگای کەرکووک بوون و بە بەرنامە و نەخشەی گۆڕینی دیموگرافی لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنران و بە هەموو ناحیە و گوندەکانیانەوە خرانە سەر پارێزگاکانی دەوروبەر؟ ئەرکی ئەنجومەنێکی بە ویژدان چییە ئەگەر کار بۆ ئاسایی کردنەوە و گەڕاندنەوەیان نەکات؟

ستەمەکانی سەر کورد لای هیچ کەسێک شاراوە نین و پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناکەن. نەک بیرمەند و توێژەر و لێکۆڵەری بواری سیاسەت و تاوانناسی و کارگێڕیی، بەڵکو هەر کەسێکی ئاسایی خاوەن ویژدان، ئەگەر کەمێک بە ئەقڵ و لۆجیک بیر بکاتەوە، خوای لە بیر بێت، ویژدانی زیندوو بێت، تاریکی ئایدیۆلۆجیای شۆڤینیستی و ڕەگەزپەرستی بەرچاوی نەگرتبێت، ئەوا مەینەتییەکانی سەر کوردی پارێزگای کەرکووک بە ڕوونی دەبینێت، کەلاوەی گوندە وێرانکراوەکانی، ئامێر و کەرەستە کشتوکاڵییە بەجێماوەکانی، گۆڕستانە بێپەرژینە بێنازەکانی، بچووککردنەوەی یەکە کارگێریەکانی، گواستنەوەی ناحیە و قەزاکانی، نائەندازەیی و بێخزمەتی گەڕەکەکانی، بێکاری گەنج و لاوەکانی، ڕێژەی شەهیدەکانی، بێمووچەیی مامۆستا و کارمەند و فەرمانبەرەکانی، پەراوێزخستنی زمان و سڕینەوەی ناسنامە و سیما کلتورییەکانی  و دەیان مەینەتی دیکە بەسەر کوردی ئەم پارێزگایەوە بە ڕۆژی ڕووناک دەبینێت.

لە هێرش و پەلامارەکانی حەرەس قەومی ١٩٦٣ زیاتر لە چل گوندی پارێزگای کەرکووک، دەوڵەمەند بە نەوت چۆڵکران و خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەرکران. نە لە بەیانی یازدەی ئازاری ١٩٧٠ و نە لە ڕاگەیاندنی تاک لایەنەی ئۆتۆنۆمی ١٩٧٤ ی بەغدا و نە لە دوای گۆڕانکاریەکانی ٢٠٠٣ و نە دەستوری  بەناو عێراقی نوێ و فیدرالی لە  ٢٠٠٥ و نە لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی و نە لە دوای گەڕانەوەی پۆلیسی فیدرالی و تا ئێستا ئەو گوندانە نە ئاوەدان کرانەوە، نە خەڵکەکەی گەڕانەوە بۆ سەر زێدی بابوباپیرانیان.

لە مێژووی شاری کەرکووک دا، سەردەم و ڕۆژگارێک نەهاتە ئاراوە لە ماستەر پلانی شارەکەدا لە سەر بنەمای نەخشە و داڕشتنی ئەندازەیی و دیاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و جیاکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و ڕاکێشانی ڕێگاوبانی سەردەمیانە بۆ هاتوچۆ لە هیچ گەڕەکێکی کوردنشیندا نەکراوە. بە پێچەوانەوە دەیان گەڕەکی ئەندازەیی بۆ گۆڕینی دیموگرافی لە کەرکووک دا دروست کراوە. کورد تەنیا ئەوەی لەبەردەمدا بووە، بە ناچاری لە ڕێگای زیادەڕۆیی و بیناسازی هەرەمەکی و دوور لە هەر نەخشەیەکی شارستانی نوێ گەرەکەکانی بونیاد بنێت، کە زۆربەیان دواتر کەوتونەتە بەر هەڕەشەی پێچۆڵکردن و دەرکردن و تێکدانی گەڕەکەکان.

ئێستا وەکوو نموونەیەکی زیندووی ئەم ڕۆژگارە هەر توێژەر و مافناس و بەویژدانێک دەتوانێت سەردانی مەیدانی بۆ گەڕەکەکانی نەورۆز و فەیلەق و ڕەحیماوە و باروتخانە و ئیمام قاسم و پەنجا عەلی بکات، بە چاوی خۆی هەڕەمەکیبوونی گەڕەکە کوردییەکان و فشاری تەعریب و نزمی ئاستی خزمەتگوزارییان ببینێت.

هەر کەسێک، گەشتێک بە کەنارەکانی شار و ناحیە و قەزاکانی پارێزگای کەرکووک دا بکات، کەلاوە و  وێرانەی سەدان گوندی خۆرماتو و داقوق و زەنگاباد و کفری و قادرکەرەم و شوان و ساڵەیی و دوبز و پردێ دەبینێت. سەردانێکی بنەسڵاوە و دارەتو و تۆپزاوە و جدیدە لەک و کەورگۆسک و کانی قرژاڵە و پریادی و مەدینە شۆڕش بکات بە هەزاران خێزانی نەگەڕاوەی پارێزگای کەرکووک بە چاوی خۆی دەبینێت و لەو ڕازە تێ دەگات بۆچی دەنگی کورد لە کەرکووک کەمی کردووە و کەم دەکات!

با کەسێکی بەویژدان، جا لە هەر ئاین و نەتەوە و مەزهەبێک بێت، پرسیارێکی ڕەوشی ژیانی جوتیارەکانی تۆبزاوە و شالیار و مەتیق و هاورای گەرمیانی کاکەییەکان و پەلکانە و گابەرەکە و باقرت و قەراج و کەندیناوە بکات و هۆکاری چۆڵکردن و زەوتکردنی زەویوزاری کشتوکاڵی و موڵک و ماڵی ئەو خەڵکە هەژارەی بۆ دەردەکەوێت.

دەبێت ئەمڕۆ هەموو پێکهاتەکان لە خەمی ئایندەی کەرکووک دا بن، مەینەتییەکان کۆتاییان پێ بێت و سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەن دوور لە ململانێی یەکدی و دوور لە دەمارگیری. پێکەوە وەکوو تیمێک بۆ سارێژکردنی برینەکانی ڕابردوو، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ئاوەدان کردنەوەی وێرانییەکان هاشان و هاوڕا و هاوخەم بن.

هەموومان دەزانین یەکێک لە هۆکارەکانی پێشنەکەوتنمان بە گشتی، سەرەڕۆیی و دەمارگیری نەتەوەیی و مەزهەبییە، لە مێژووی شەست حەفتا ساڵی عێراق دا بەرنامەی لەناوبردنی ئەوانی دیکە هەبوو، دەبێت ئەم ڕوانگەیە بگۆڕین بە گەشەپێدانی ئەوانی دیکە. بە دڵنیاییەوە هەتا عێراقییەکان بە سەرکردە و هاووڵاتییان و حیزب و شەقامەوە دەست و پەنجە لەگەڵ یەکدی قبوڵکردن و پێکەوەژیانی مەدەنیانە نەرم نەکەن، یاسا و دەستور سەروەر نەبێت، چارەنووسی هەموومان لەم ڕۆژگارە باشتر نابێت.  

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO