لە ٢٠٢٠ ـەوە ئامادەکارييەکی گەورە دەکرێت بۆ گواستنەوەی فەلەستينييەکان بۆ عەفرين بە ئامانجی سڕينەوەی تەواوی کورد لە عەفرين گۆڕینی شوناسی کوردستانیی شارەکە. ئەو پڕۆژەیە ڕێکخراوێکی فەلەستينی بە ناوی (العيش بكرامة) بەڕێوەی دەبات. بە ڕووکەش پڕۆژە و ڕێکخراوێکی خێرخوازیيە و گوایە هاوکاری پەنابەرە سوورييەکان دەکات. ساڵانێکە یەکەی نيشتەجێبوونی گەورە دروست دەکات لە عەفرين و ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە تيروريستيیەکانی سەر بە “تورکيا”ن. ڕێکخراوەکە لەلایەن تورکيا و قەتەر و ئيخوانييەکان و بەشێک لە سەرمایەدارە فەلەستينييەکانەوە پشتگيری دەکرێت و داهاتی بۆ دابين دەکرێت. واتە پرۆژەکە سياسيیە و بەشێکە لە پڕۆژەی داگيرکردنی کوردستان و سڕينەوەی کورد. بەکورتی، ئەو پڕۆژەیە دەيەوێت، لە واقعيشدا جێبەجێی دەکات، عەفرين و ئەگەر بۆیان کرا، هەموو ڕۆژاڤای کوردستان بکەنە ناوچەیەکی عەرەبی و دانيشتووانی کورد لە نيشتيمانی خۆیان دەربکەن و فەلەستينی و سوورييەکان بهێننە شوێنی ئەوان. هێنانی عەرەبی-فەلەستينی لە فەلەستينەوە بۆ عەفرين، لەگەڵ بەرژەوەندی و ويستی ئيسرائيليش یەک دەگرێتەوە. دەوترێت خاوەنی ئەو ڕێکخراوە سەر بە فەلەستينييەکانی (٤٨)ن، واتە ئەو عەرەبانەی کە لە ناو ئيسرائيل دەژین و ڕەگەزنامەی وڵاتەکەیان هەیە، زۆرێک لەوانە لەگەڵ حکومەت و هەواڵگری ئيسرائيل کار دەکەن.
پڕۆژەکە وەک سەرەتایەک یەکەی نيشتەجێبوونی بۆ ٦٠٠ خێزانی فەلەستينی دابين کرد لە گوندێکی عەفرين کە دانيشتووانەکەی ئێزيدين. واتە بەشێک لە سەرمایەدارە فەلەستينیيەکان بە مليۆنان دۆلار خەرج دەکەن لە پێناو دەرکردنی عەرەب لە فەلەستين و ئيسرائيل، گواستنەوەیان بۆ کوردستان لە پێناو تەعریب کردنی! هاوکات پڕۆژەکە کار دەکات بۆ هێنانی سەدان هەزار عەرەبی سووری لە تورکياوە بۆ ئەو ناوچە کوردستانييە. ئەم پڕۆژەیە ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە تەواوی کارەکانی، ئەوا بە تەواوی عەفرين لە کوردستان دەسەننەوە و دەيدەنە عەرەبە فەلەستينی و سوورييەکان. ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، ساڵانێکی زۆرە دەيەوێت عەفرينی کوردستانی بە تەواوی لەناوبەرێت. ئەم شارە کوردستانييە گرنگی زۆری هەیە لە ڕووی ئابووری و ڕووبار و گواستنەوە و لۆجيستک و بازرگانيیەوە. بەڵام گرنگترين خاڵ بۆ تورکيا، بريتييە لەوەی عەفرين نزيکترين شاری کوردییە لە تەواوی کوردستان کە زۆر نزیک بێت لە دەريای ناوەڕاست. داگيرکەرانی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن لە پێناو ڕێگرتن لە کورد بۆ نزيکبوونەوە لە دەريا. نەبوونی دەرچەیەکی، مەنفەزێکی، دەریایی بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە کوردستان تا ئێستا نەبوو بە دەوڵەت.
ماوەی پێشوو لە ڕێگەی چەند کوردێکی ڕۆژاڤا و عەفرينەوە بيستم کە ژمارەیەک لە فەلەستينييەکان هێنراون و لە ئێستادا لە ناو عەفرين دەژيين. ژمارەیان نەزانراوە، بەڵام بە دڵنياییەوە چەند هەزار کەسێک دەبن. ئەمە پێدەچێت سەرەتایەک بێت، بەڵام زۆر مەترسیدار.
لەگەڵ بەرپابوونی جەنگەکەی ئيسرائيل و حەماس، دەنگۆیەکی زۆر هەیە لەبارەی هەبوونی ويستێکی ئيسرائيل بۆ دەرکردنی بەشێکی زۆری دانيشتووانی غەززە بۆ دەرەوە. کاولکردنی شارەکە و گەڕانەوەی بۆ چەندين دەیە بەرەو دواوە، زەمينەیەکی گەورە دەڕەخسێنێت بۆ چۆڵکردنی کەرتەکە لەلایەن بەشێکی زۆری دانيشتوانەکەییەوە. لە ئێستادا زیاد لە مليۆن و نیوێک هاووڵاتی غەززە لە ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە، نزيک لە سنووری ميسر، کۆبوونەتەوە. ماوەی هەفتەیەک دەبێت دەنگۆی ئەوە هەیە گوایە ميسر دەستی کردووە بە دروست کردنی شوێنی تايبەت (خێمە و ئۆردوگا) لە سينا وەک ئامادەکارييەک بۆ کۆچی هاووڵاتيانی غەززە بۆ ناو سينا، بە تايبەت لە ئەگەری ڕوودانی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای ئيسرائيل بۆ ڕەفەح. ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ئەوا زیاد لە یەک مليۆن فەلەستينی ناکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەو بيابانە دابنرێن. بۆیە دەکرێت بەشێکيان بۆ وڵاتانی تر ببەن، لێرەوەیە، مەترسی گواستنەوەی هاووڵاتيانی غەززە بۆ عەفرين ئەگەرێکی واقعی و مەترسييەکی جدی و چاوەڕوانکراوە.
هەڵوێستە لاوازەکەی ئەردۆگان بەرانبەر بە ئيسرائيل لەم شەڕەدا، لە واقعيدا هاوکاری ئيسرائيل دەکات، هەروەها سەردانەکەی بۆ ميسر و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سيسی ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ ئەو ئەگەرە. یەکێک لە پرسە سەرەکييەکانی ئەو سەردانە، پرسی غەززە بوو. دەکرێت لە ئايندەیەکی نزيک، ڕێککەوتنێکی ميسری-ئيسرائيلی-تورکی ڕووبدات (ئەگەر ئێستا ڕووينەدابێت) سەبارەت بە چارەسەرێک بۆ ئاوارەکانی غەززە، لەوێدا ئەردۆگان تەنيا ويست و پلانی ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆريان بباتە عەفرين. بە تايبەت کە عەفرين گونجاوترين و ئامادەکراوترين شارە بۆ ئەم مەبەستە، چونکە ساڵانێکە ئامادە دەکرێت و وەبەرهێنانی تيا دەکرێت بۆ ئەو پڕۆژەیە. ئەردۆگان بەمە خزمەت بە ئيسرائيل و سيسی دەکات و دەگاتە ئامانجەکەی خۆی، هەمووشی لەسەر حيسابی کورد و کوردستان. لە ئەگەرێکی وادا، ئەمريکا لەبەر ئيسرائيل و تورکيا و ميسر لەوانەیە چاوپۆشی لەو تاوانە بکات، ئێرانيش لەبەر دژایەتی کورد، بە هەمان شێوە.
ئەو کاولکارييەی ئيسرائيل لە غەززە ئەنجاميدا، تورکيا لە عەفرين بە زیادەوە ئەنجامی داوە دژ بە کورد. تا ئەمڕۆش ئيسرائیل بانگەشەی ئەوە ناکات کە غەززە بەشێک نييە لە فەلەستين و زمان و کلتوری عەرەبی تيا قەدەغە ناکات. تورکيا هەموو ئەو تاوان و ستەمانەی لە عەفرين کردووە. تاوانێکی گەورەیە کورد و عەفرين بکرێنە قوربانی بۆ ئامانجەکانی ئەردۆگان و ئيسرائيل و سيسی. جگە لەوەی کارێکی قێزەونە کە نەتەوەیەکی وەک فەلەستينييەکانی غەززە کە خۆیان داگيرکراون، بهێنرێن بکرێنە داگيرکەر لە نيشتيمانی نەتەوەیەکی داگیرکراو! ئەمە دوژمنکارييەکی گەورە دروست دەکات لە نێوان دوو نەتەوە و نيشتيمانی داگيرکراو.
پێويستە کوردانی هەموو کوردستان، بەتایبەتی ڕۆژاڤا، ئەم هەڕەشە و مەترسييە بەجدی وەربگرن و هەموو هەوڵێک بدەن ڕێگری لێبکەن. بۆ وەستانەوە و ڕێگریکردن لەو تاوانە چاوەڕوانکراوە، دەکرێت کوردستانیان ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر:
یەکەم، ناردنی وەفد و گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستينی و حەماس و کەس و لایەنە سياسییەکانی ناو فەلەستين.
دووەم، پێويستە ئەو پرسە بکرێت بە بابەتێکی نێودەوڵەتی، بەمەش ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی لێ ئاگادار بکرێتەوە و فشارێکی گەورە دروست بکرێت لەڕێگەی نیشاندانی لایەنە ناشیرین و قێزونەکانی پلانەکە.
سێیەم، ناردنی پەيام بۆ ئاوارەکانی فەلەستين کە هاتنيان بۆ عەفرين لە بەرژەوەندی ئيسرائيلە و دژ بە دۆزی فەلەستينە، هاوکات داگيرکردنی نيشتيمانی گەلێکی خاک داگیرکراوە.
چوارەم، میدیا و سۆشیال میدیای کوردستانیی، حیزبی و سەربەخۆ، هەڵمەتی هەمەلایەنە بەڕێ بخەن بۆ ئاشکراکردنی لایەنە ئاشکراو شاردراوەکانی ئەم پلانە شاردراوەیە.
پێنجەم، ئەوەی پێشتر کراوە و لە ئايندەشدا لەوانەیە بە شێوەیەکی زۆر فراوانتر بکرێت، بريتييە لە سڕينەوەی عەفرين لەسەر نەخشەی کوردبوون و کوردستانیبوون. هيچ یاسایەکی نێودەوڵەتی، ئاينی، ئەخلاقی نييە کورد بپارێزێت. بۆیە ناڕەزایەتی دەڕبڕين، پەنا بردنە بەر یاسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت وەک زۆربەی کات، کوردستان نەپارێزێت. یەکێک لە ڕێگاکان، کە لەوانەیە واقعيترين بێت، بريتييە لەوەی دانيشتووانی کوردی عەفرين و ڕۆژاڤای کوردستان، گرووپی چەکداری ئامادە بکەن بۆ ڕێگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کارمەند و کرێکار و ئەندازيارانەی کە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە نيشتەجێبوونە کار دەکەن. ئەگەر پێويستی کرد، لەبەر بەرژەوەندی کورد و خودی فەلەستينييەکانيش، هەمان مامەڵە بکرێت لەگەڵ ئەو خێزان و خەڵکەی کە دەهێنرێنە ناو عەفرين و ناوچەکانی دەوروبەری عەفرين. لە پێناو ڕێگرتن لە هێنانی ئاوارەی زیاتر. لەو دۆخە سياسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتييەی لە سووريا و ڕۆژاڤا هەیە، زۆر ئاسانە بە دەيان گرووپی چەکداری بچووک و چالاک دروست بکرێت، بۆ شکست پێهێنانی ئەو پڕۆژەیە.



