مەعروف چیاوک، سیاسەتمەداری کورد، لە سەردەمی پاشایەتی و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو کاتەی عێراق بوو. بێگومان ئەم پۆستەی پێ درابوو وەکوو نوێنەرێکی کورد، نەک لەبەر ئەوەی کە شیاوترین کەس بووبێت بۆ پۆستەکەی. ئەمەش هاوشێوەی هەموو ئەو بەرپرسە کوردانەی کە لە بەغدا پۆستی زل زل و قەبە قەبەیان هەیە، لە کاتێکدا زۆرینەی خاوەن پۆستەکان بە هیچ شێوەیەک لەو ئاستەدا نین. بە کورتی، دەتوانین بڵێین کە عێراق هەر لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمای ئەو پشک پشکێنە پێک هاتووە و هەمیشە ناوەند هەوڵی داوە کە هەندێک پۆست بە کورد بدرێت بۆ ئەوەی چاوی خەڵکی کوردستانی پێ دا بخات و پێیان بڵێت کە ئەوانیش هاووڵاتیی ئەم وڵاتەن و ئەوەتا چەندین پۆستی باڵای حکومییان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق هەیە. بەڵام با درێژی نەکەینەوە و بگەڕێینەوە سەر مەعروف چیاوک.
ئەو سەردەمە کە کورد خۆی دڵشکاو بوو، شانشینەکەی شێخ مەحمود هەڵوەشێنرابووەوە و هەمووان چاویان لەوە بوو کە کورد دەتوانێت لە بەغدا چی بەدەست بهێنێت. ڕۆشنبیرانی ئەو کاتەی کوردستان هاواری خوێندنیان بە زمانی کوردی دەکرد و داوایان دەکرد کە سنووری کوردستان لە چوارچێوەی عێراق دیار بێت و کوردیش هاوشێوەی عەرەب مافی تەواوی بەسەر خاک و وڵاتی خۆیدا هەبێت. لە کوردستانەوە بانگی ئەوە بەرز دەکرایەوە کە لە عێراق دا یاسایەک بنووسرێتەوە کە دانیشتووانی عەرەب نەتوانن بێن لە شارەکانی کوردستان نیشتەجێ ببن و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان بدەن و چەندین خواست و داوای ڕەوا و مەزنی لەم جۆرە هەبوون. بەڵام جەنابی مەعرووف چیاوک هەر لەو کاتە هەستیارەدا پێگە سیاسییەکەی خۆی لە بەغدا کە بە هۆی کوردبوونەوە پێی گەییشتبوو، بە سەرکەوتوویی بەکار هێنا! بەڵام بۆ بابەتێکی گاڵتەجاڕی. ئەویش بریتیبوو لە داواکردنی بە ڕەسمی ناساندنی کڵاوی سیدارە بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەتە نوێیەکەی عێراق. بێگومان، بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بیسەلمێنن کە بەڕاستی گوێ بۆ کورد دەگرن، پێشنیازەکەی “چیاوک”یان قبووڵ کرد و بەم جۆرە چیاوک کڵاوی کردە سەر تەواوی فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق.
گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەی مەعرووف چیاوک بۆ ئێستامان ئێجگار گرنگە. چونکە نزیکەی ٢٠٪ ی تەواوی دەسەڵاتە باڵاکانی دەوڵەتی عێراقی ئەمڕۆ لە ژێر دەستی کورد دایە. ئەو کوردانەی لە دەسەڵات دان، هەر لە سەرۆککۆمارەوە هەتا هەموو وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و باڵیۆزەکان، هتد. هیچیان لەبەر شیاوییان بۆ ئەو پۆستە باڵایانە لەوێ نین، بەڵکوو کوردبوونیانە وای کردووە کە ئەو پشکانەیان هەبێت. سەرباری هەموو ئەمانەش، هیچیان کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەو نەهامەتییە ڕزگار بکەن کە لە ٢٠١٤ ـەوە تێی کەوتوون و بە چەند مانگێک جارێک مووچە وەردەگرن. بەڵام بۆ چەندین بابەتی لابەلای وەکوو کڵاوەکەی مەعروف چیاوک بەردەوام حازر و ئامادەن.
بەداخەوە کە دەبێت بگوترێت، بارودۆخی کورد لە باشوور زۆر نالەبارە و دەکرێت لە هەر ئان و ساتێکدا تەواوی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەبار بچن و بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر. لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەم ڕووداوە ترسناکە دەبێتە دیفاکتۆ و هەرێمی کوردستان هەڵ دەوەشێتەوە. سەرباری ئەوەی کە من پێم وایە هیچ کشانەوەیەکی ئەمریکی ڕوو نادات و سەربازانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر لەوەی چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت عێراق و سوریا دەمێننەوە. بەڵام بوون و مانەوەی کوردستان و گرێدانی بە مانەوەی سەربازانی ئەمریکا کارێکی زۆر نالۆجیکی و ناعەقڵانییە. سیاسەتمەدارانی کورد دەبێت هەرچی زووە واز لە بابەتی کڵاوەکە بێنن و بێنە سەر کڕۆکی باسەکە و بناغەیەکی پتەو بۆ هەرێمەکە دابڕێژن. ئەگەرنا، دوای سەد ساڵی دیکە لەوانەیە نووسەرێکی کورد بە گاڵتەوە باسی ئەو کارە ناعەقڵانیانەیان بکات، کە ئێستا خەریکین و خوویان پێوە گرتووە.