گۆرانی گوتن بریتییە لە کرداری دەنگ دەرکردن بۆ دروستکردنی ئاوازێک. بەڵام لە بیردۆزی دەرکەوتنی گۆرانی و میوزیکدا، مرۆڤ گۆرانی گوتنی پێش میوزیک داهێناوە. گۆرانی هەیە لەگەڵ ژەنینی میوزیکە و هەیە بێ ژەنینی ئامێرەکانی میوزیکن. ئەگەر زۆربەی هەرە زۆری گۆرانی گوتنی ئێستا لەگەڵ ژەنینی کۆمەڵێک ئامێری میوزیکیش بێت، بەڵام بێگومان لەسەرەتای دەرکەوتنی گۆرانی گوتندا وا نەبووە. بە شێوەیەکی گشتیی گۆرانی گوتن و ئاوازەکانی بە پێی کلتوری گەلان دەگۆڕێت. تەنانەت ئەو گەلانەی خاوەنی کلتوری دەوڵەمەندن، لە ناوچەیەکی نیشتەجێ بۆ ناوچەیەکی دیکەی هەمان گەل، دەکرێت ئاواز و شێوازی گۆرانی گوتنیان جیاواز بێت. ئەگەرچی جیاوازییەکان زۆریش بن بەڵام مۆرکی ئەو گەلەی هەر پێوە دەمێنێت. لە باسی کلتوردا، کورد لە نەتەوە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهانە.
کورد خاوەنی کلتورێکی یەکجار دەوڵەمەندە و کاریگەریی و گواستنەوەی بەشێکی ئەو کلتورەی لەسەر نەتەوەکان و بۆ نەتەوەکانی دراوسێی خۆی، هەبووە. بەشێکی زۆر لەو گواستنەوە و وەرگرتنەی لە کوردەوە بۆ ئەوان چووە بەر لە مێژوو ڕوویانداوە و وەکوو ئەدەبی زارەکی لێرەولەوێ بڵاو بوونەتەوە. گواستنەوەی دیکە هەیە لە دوای هاتنی ئیسلام ڕوویداوە و تا ئێستا هەمان ناوە کوردییە دێرینەکەی هەڵگرتووە و ماوەتەوە، لەوانە هەردوو مەقامی کوردی، نەهاوەند و سێ گا، لە تەواوی میوزیکی عەرەبیدا وەکو خۆیان ماون. لەگەڵ ئەوەیشدا نەتەوەی کورد هێشتا جۆری دیکەی گۆرانی مەقام گوتنی هەیە و مۆرک و کڕۆکی کوردی لەگەڵ ماوە و دەتوانین بڵێین هیچ نەتەوەیەکی دیکە وەرینەگرتووە و شێوازێکی هاوچەشنیشی لە نەتەوەکانی دیکەدا نییە.
لاوك جۆرێکی هونەری گۆرانی گوتنی کوردە و بە نەتەوەی کوردەوە بەستراوەتەوە. هونەرێکی هەرە ئاست بەرزی گۆرانی گوتنە. هەڵبەت لەبەرئەوەی لە ناخی نەتەوەی کوردەوە هەڵقوڵاوە و مێژوویەکی یەکجار کۆنی هەیە، زۆرتر لە لادێکانی کوردستان هەبووە و زۆرتریش هەر لەوێ ماوەتەوە. لەگەڵ ڕەوەند/کۆچەرییەکانی دەشت و مێرگەکان لە نێوان ناوچەکاندا و لەگەڵ بەرزایی چیاوچۆلی شاخەکانماندا، گوزەری کردووە و گواستراوەتەوە. ئێستا، بە ناوچەیەکی فراوانی خاکی کورداندا بڵاوە. لەبەرئەوەی لاوک هەڵقوڵاوی ناخی نەتەوەیە، بۆیە هونەرێکی ڕاستەقینەی نەتەوەکەمانە و ڕەسەنایەتیشی هەر لەو سەرچاوەیەوە وەردەگرێت.
لە باکوور پێی دەگوترێت سترانێ دەنگبێژی، لە ناو کرمانج ئاخێوەرانی هۆزی شکاک لە ورمێی لە ڕۆژهەڵات و ناوچەی گەڤەڕ لە باکوور، پێی دەگوترێت لاوژەی دیڤانی. لە باشوور پێی دەگوترێ لاوک. لەبەر قووڵایی مێژوویی لاوک، ناکرێت سەرەتای دەرکەوتنی لاوک بدۆزینەوە و بزانین کەی دەستی پێ کردووە. وەکوو هەموو هونەرە ڕەسەنەکانی دیکەی گەلان، بنەچە و سەرەتای هەر بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی دەگەڕێتەوە. لەناو لاوکبێژانی کۆن گوتراوە سەرەتای لاوک ئافرەت بووە. باوەڕیش وایە لاوک بۆ شینگێڕان داهاتبێت، بەڵام سەرچاوەیەکی تەواو یەکلاکەرەوە بۆ ئەو بۆچوونە نییە. هەروەکوو لاوک خۆی، ئەو بۆچوونە هەر لە ناو خەڵکدا هەبووە، بۆیە ئەگەری زۆرە سەرەتای لاوک لە شینگێڕانی ئافرەتانەوە بووبێت، لە دوای لەدەستدانی ئازیزانیان هۆنیویانەتەوە. لەوە بەدوا پەرەی سەندووە و بابەتی وەکوو چیرۆک و داستانەکانی خۆشەویستیی و خاک، هەروەها ڕووداوە مێژووییەکان کە تیکەڵ بە لاوک بووە. ڕێژەیەکی گەورەی لاوک، بۆ خاک و شۆڕشەکانی کورد تۆمار کراون.
بە درێژایی مێژوو، سەدان و هەزاران لاوکبێژ هەبوون و ئەو کلتورە مەزنەیان لە نەوە بۆ نەوە هێناوە و پاراستووە. لە لایەکی دیکەوە، بەربڵاوی ئاخێوەرانی شێوەزاری کرمانجی وا دەکات لاوک بە پانتاییەکی یەکجار گەورەی خاکی کوردستان دا بڵاو ببێتەوە و بمێنێتەوە. لەبەرئەوە، نە یەکەمین لاوکبێژ هەیە و نە یەکەمین شوێنی دەرکەوتنیشی دەکرێت بدۆزرێتەوە. ئەو چیرۆکانەی لاوک لە ئامێزی گرتوون خەسڵەتی نەتەوەییان پێوەیە و سنووری وڵاتان ناناسێت. چیرۆکی خەج و سیامەند لە ناوچەی تاتوانێ لە باشووری کوردستان ڕوویداوە، بەڵام لە زۆر ناوچەی دیکەی کرمانج دوو، گوتراوەتەوە. بە هەمان شێوە، لهعلیخانا گۆڤهیى لە بنەچەدا داستانێکی باشوورە، بەڵام لە زۆر ناوچەی دیکەدا وەرگیراوە و گوتراوەتەوە، ئەوانە و زۆری دیکە لە کلتورماندا هەن و لە مێژوودا تۆمار نەکراوە کێ یەکەم لاوکی بەسەریاندا گوتووە.
بەشێکی باشی ئەوەندە لاوکەی تۆمارکراوە و بۆمان ماوەتەوە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و تێکۆشانە لە دژیان. ئەو کلتورە دێرینە مەزنە ڕەگ داکوتاوەی کورد، بە باشترین شێوە لە خزمەتی نەتەوەدا لە هەمان سەنگەری بەرەنگاریی بووە و داستانەکانی سوارچاکیی و ملنەدان بۆ دوژمنانیان تۆمار کردووە. داستانە زۆرەکانی مێژووی نەتەوەییمان بە لاوک، لە نەوە بۆ نەوە گێڕدراوەتەوە و لەو مەیدانەدا لە پێشەنگی هونەرە میللیەکانی کورد بووە. ژمارەیەکی باش لەو لاوکانە، پێداهەڵگوتن و هەڵدانە بەسەر کوردانی خەباتگێڕ و تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەییمان. ئەوانەی لە سەنگەری بەرگرییدا گیانیان بەخاک بەخشیوە، لە هزر و ویژدانی نەتەوەماندا ماونەتەوە و لاوک مەزنیی ئەوانی تۆماری کردووە، کە داستانی کوردایەتیی و مەردایەتیی کەسایەتی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە.
لاوکبێژ شاکرۆ، لە باکوور بە شای دەنگبێژان ناسراوە، لە لاوکی لاواندنەوە و پێداهەڵدان بەسەر شێخ سەعیدی پیران و خەباتگێڕیی ئەو شۆڕە کوردەی باکوور و حاجی موسا بەگدا، لاوکێکی پڕ سۆز و هەستی بۆ بەجێهێشتووین. لەگەڵ ئەوەی گوێگرتن لەو لاوکەی شاکرۆ بە ناخی کوردایەتییدا دەچێتە خوار و ئێش و ئازاری میللەتەکەی تۆماردەکات، لە ڕووی دەنگ و ئاواز و تەکنیکەکانی دەنگی خۆی لە لاوکدا چێژێکی هونەری بەرز بە گوێگر دەبەخشێت. لە بڵاوکراوەیەکی نوێدا، میوزیک لەگەڵ دەنگی شاکرۆ تێکەڵکراوە و وەکو تۆمارێکی هاوچەرخ دەردەکەوێت، ئەویشیان یەکجار چێژبەخشە. لاوکی “میرێ من” هۆزانڤانان مەعروف و عارف گوتوویانە، دەکرێت بەر لەوانیش دەنگبێژی دیکە گوتبێتیان، میرێ من لە لاوکە هەرە پڕ سۆزەکانە بەسەر شێخ سەعید دا هەڵبدا. هەرچی لاوکی لۆ بیرا لۆ بیرای محەمەد گەچەرە، هەر بۆ شۆڕشەکەی شێخ سەعید گوتراوە، پێش ئەویش لاوکبێژ شبلی چاچان و فەیزۆیا ڕیزۆ لە لاوکی کلاما یوسف بەگێ و بیسارە چەتۆ و هۆزان جانێ لە لاوکی لێ لێ دایێ و زۆری دیکە، لە مێژووی هاوچەرخماندا ناویان دیارە و چەندان لاوکیان بۆ ئەو مەبەستە چڕیوە.
ئەگەر وەک چێژ بۆ ناخی خۆم، لاوکەکەی شاکرۆ بە ترۆپکی لاوکی کوردی بزانم، ئەوا دەبێت لاوکبێژ کەرەپەتێ خاچۆنۆ (ناسراو بە خاچۆ، بە ڕەچەڵەک ئەرمەنە و هەرگیز هیچ بەرهەمێکی هونەریی بۆ ئەرمەن نەگوتووە) پشت گوێ نەخەین. خاچۆ ڕزگاربووی هەڵمەتی جینۆسایدەکانی ١٩١٥ ی تورکانە بۆ سەر ئەرمەنەکان، لە لادێیەکەی خۆیان بیلەدەر، ئێستا کراوە بە بیناتلی، بە چاوی خۆی تێکدان و سووتاندنی خانووەکانی بە دەستی جەندرمەکان، دیتووە. ئەگەر لەو کاتەدا سەربازێکی کورد لەوێ نەبا و ڕزگاری نەکردبان، خاچۆ و دوو براکەی ئەبراهام و مانوشاک و خەزاڵی خوشکی، وەکوو دایکی، بابی و مامی هەموو ئەوانی دیکەی لادێیەکەی، هەر لەوێ خەڵتانی خوێن دەکران. خاچۆ لە ١٩٤٦ دەچیتە ئەرمەنستان و لەوێ جێگیر دەبێت، لە ڕادیۆی کوردی یەریڤان دەست بە کار دەکات و زۆر لاوک و گۆرانی کوردی بۆ زمانی ئەرمەن وەرگێڕاوە، لەوانە ئەی لۆ میرۆ، عەدوولێ، چوومە جزیرێ، خەم خەمە، لێ دایکێ و زۆری دیکە. لاوکە بەناوبانگەکانی خاچۆ، لاوکی فلیتێ قوتۆ بۆ وێرانکارییەکەی ساڵی ١٩١٥ گوتراوە، لاوکێ مەتینێ و دەروێشێ عەڤدیی چیرۆکی خۆشەویستیی ئەو دووانە دەگێڕێتەوە.
عەڤدالی زەینکێ داستانێکی دیکەی جیهانە پڕ بەهاکەی لاوکە. عەڤدال منداڵ دەبێ بابی کۆچی دوایی دەکات و بە ناوی دایکی (زەینێ) ناودەردەکات. یەشار کەمال لە وەسفی عەڤدالی زەینکێدا دەڵێ “عەڤدال هۆمیرۆسی کوردانە”. ناویشی بە شاخێ دەنگبێژان یان شعارێ سەرحەدێ دەرکردووە. دەنگبێژێ دیوەخانی سورمەلی پاشا بووە، سواری گۆگەرچین (ناوی ئەسپەکەیەتی) بووە و دۆستی قوڵینگی بریندار بووە. دەنگی عەڤداڵ هێندە بەرز و توند بووە لەسەر چیای سیپانی خەلاتێ دەنگ دەداتەوە و بەناوبانگترین لاوکبێژی سەردەمی خۆی لە ساڵانی ١٨٠٠ بووە.
ئەو لاوکانەی گەورە لاوکبێژانی کورد بۆیان بەجێهێشتووین هەڵگری ناسنامە و مێژوویەکی کلتوریی و هونەریی دوور و یەکجار قووڵی نەتەوەکەمانن. ناخیان بە مێژوودا چووەتە خوار و کڕۆکی گیانفیدایی و قارەمانییەتی کوردەکان بۆ پارێزگاری لە خاکیان گوتراون و لاوی کوردیان جۆش داوە.
دیارنییە لەکەیەوە لاوک بۆ خاک و شۆڕشەکانی کورد هۆنراوەتەوە. دەکرێ پێش ئەوە بۆ ئەڤین و سوارچاکیی گوترابێت، لەگەڵ ڕووداوەکانی مێژووی کورد بەرەبەرە بەرەو پێداهەڵدانی شۆڕشگێڕان و قارەمانانی نەتەوەکەمان چووبێت. لاوک، وەکوو هونەری میللی کورد لە هزری کورداندا زۆر لەوە بڵاوتر و فروانترە، بابەتەکانی ئەوینداریی و مێژوویى، نهتهوهیى، ئاینىیش دەگرێتەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا وەکو شەوچەرەی دانیشتنەکانی کۆمەڵگە کوردییە ڕەسەنەکان بووە و هەر بەو هۆیەیشەوە، دوای تێپەڕبوونی هەزاران ساڵ، هەر ماوەتەوە. لە بابەتی ئەویندا، داستانی خۆشەویستیی وەکو مەم و زین، خەج و سیامەند، دەروێشێ عەڤدی و عەدولێ، عەلی و فاتمێ و لەعلیخانا گۆڤەیی و زۆری دیکە وەکو لاوک تۆمارکراون و بوون بە بەشێک لە کلتورێکی دەوڵەمەندی لاوک.
لاوکی کوردان لە ئاواز و بەرزیی و نزمیی تۆنەکانیشیدا سەربەستە. وەکو گۆرانی و مەقامەکانی نییە. لاوکبێژ خۆی لە هەست و نەستی خۆیدا دەزانێت چۆن و کەی تۆنی دەنگ بەرزدەکاتەوە و نزم دەکاتەوە. کەم جۆری دیکەی گۆرانی گوتن و لاوانەوە تۆنی بەرز و نزمی وەکوو ئەوەی لاوک بەکاردەهێنێت. ئەو توانای قورگ و هەناسەیەی لاوکبێژی کورد هەیەتی، بە ئاسانی لە میللەتانی دیکە نادۆزرێتەوە. یاسا و ڕێساکانی لاوک چڕین، هەڵقوڵاوی ناخی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردەوارین. هەرچەندە ڕیتم و ئاوازێکی ناسراو و سەر بە قوتابخانەیەکی میوزیک و گۆرانی نییە، بەڵام لە چوارچێوەی خۆیدا جیاکەرەوەی تەواوی لەگەڵ هەموو جۆرەکانی دیکەی گۆرانی گوتندا هەیە و ئاواز و ڕیتمی تایبەت بە خۆی هەیە. بەشێوەیەکی گشتیی، لاوک وەکوو گۆرانی ئاسایی نییە، کاتێکی درێژتری دەوێت تا هەموو بابەتەکە تەواو دەکات. بەشێکی ئەو ماوە زۆرەی لاوک پێویستییەتی لەبەر جۆری داستان و بەسەرهاتەکانە. سروشتیی ئەو داستان و بەسەرهاتانە وای کردووە لاوک درێژتر بێت.
بەکارهێنانی تۆنی بەرزی دەنگ و توانای قورگ بەو شێوەیەی لە لاوکدا هەیە، کارێکی ئاسان نییە و تەنانەت هەموو گۆرانیبێژێکیش نایگاتێ. یاریکردن بە تۆنە بەرز و نزمەکان، لەو جۆرە گۆرانییانەی لە کوشوهەوای سارددا دەگوترێن دەردەکەون. چەندی لە شاخەکانی زاگرۆسەوە بەرەو تەختایی و دەشتەکاندا دێینە خوار ئەو تێکەڵکردنەی تۆنەکان کەمتر دەبێتەوە و دەنگی گۆرانیبێژانی ناوچە گەرمەکان نەرمترە و کەمتر تۆنی بەرز و نزمی دەنگ تێکەڵ دەکەن. بە وردبوونەوە لە لاوک و هۆرەی هەورامی، کە هەردووکیان لە ناوچە ساردەکانی کوردستان هەن و هەیە، کە هەڵپەڕکێ هاوەڵی دەبێت، بۆمان دەردەکەوێت بەکارهێنانی بەرزکردن و نزمکردنەوەی تۆنەکان بۆ گەرمکردنەوەی جەستەی گۆرانیبێژە، چونکە وزەی زۆرتر لەو شێوازانەدا بەکاردەبرێت. کەچی لە ناوچەکانی گەرمیان مەقامی وەکو خورشیدی و قەتار و ئەڵلاوەیسی هەن، هەردووکیان نموونەی نەرمیی و تۆن نزمیی گۆرانی گوتنی گەرمیانن و وزەی کەمتریان لە چاو لاوک و هۆرە پێویستە. بەو جۆرە کورد بەپێی کەشوهەوای ژینگەی خۆی داهێنانی لە جۆری گۆرانی گوتندا کردووە و فرەیی و هەمەڕەنگیی کلتوری گۆرانی گوتنی بۆ بەرهەمهێناوین.
زۆربەی هەرە زۆری لاوکەکانیش، بەتایبەتی ئەوانەی پێش داگیرکاریی تەکنۆلۆجیا بۆ کۆمەڵگەکان گوتراون تەنیا لەگەڵ باڵەبانێک بووە. لە چاو جۆری دیکەی گۆرانی گوتن، دەنگی زوڵاڵ و تاڕادەیەک دڵتەنگی باڵەبان ئاستێکی دڵگیرتر و لە هەمان کاتیشدا دڵتەنگتر دەداتە لاوک، جیاکەرەوەیەکی باشی لاوکیشە. کەم لاوک هەیە بەبێ باڵەبان گوترابێ. هەیە، دەنگە ساز و خۆشەکەی گۆرانیبێژ بەتەنیایە، باڵەبانیشی لەگەڵدا نییە. لەبەرئەوەی لاوک هەردەم باسی ئێش و ئازارێک دەکات، بۆ دەربڕینی خۆشیی و ئاهەنگ گێڕان نییە. بەو هۆیەوە لاوک خەمناکە و دووانەی باڵەبان و لاوک پێکەوە ئاستێکی جیای خەمباریی دەداتە ناخی لاوک.
لە باشووری کوردستان هونەرمەندانی وەکو كاوێس ئاغا، مریهم خان، عیسا بهروارى، محهمهد عارفێ جزیری، محمد دينێ، حهسهنێ جزیرى، حاجى پيرۆ هەركى، سەيد شملى و محهمهد تهیب تاهیر هەبوون و لاوکیان گوتووە. ناوی دیاری لاوکبێژانی دیکەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بێنین، لەوانە: شاکری کۆپێ، حەسەنێ تاهیر، تاهیرۆ، ڕەسۆ، کاوێس میلانی، ساڵح شەرناخی، ئەحمەدی قالیچێ، سادق شێخوەلیا، ئێلیجانا پاشوری، ماروف، ڕەسۆ ناسراو بە میری دەنگبێژان، بەهزاد باتتێ، ساڵیحی بەیناتێ، سەیدئاغای جزیری، هۆزان ئایدن، شێخ ئیسماعیل میلانی، زاهیرۆ، ئەحمەدی هالیکسان، هۆزان ڕێناس، ئێرهان کایا، ئاریان سەرحەد، میرادێ کنێ، حەمە حاجی، دەلیل دلانار، شاهۆیێ بیرۆ، کاووس میلانی، حەسەن شێخ خەڵات، خدرکێ عومەری، جاهیدۆ، فادیلێ کوفراگی، محمد امین، محمد ئاگری، ئیبراهیمی پێرەکێ، سەیدۆ شمشەک، فەریدێ ئاگری، کاوێس میلانی، حەقی، کورمانج باکووری، دەروێش سەرحەدی، مەتین بارلیک، هۆزان شەمدین، هۆزان ئێنۆ، زەکی، ڕیهایە، باقی خدۆ، جیهادۆ، غەنی مارکی، محەمەدی تەپە، خەلیل غەمگین، سەیدخانی بۆیاغچی، کە “بە بولبولی دیاربەکر ناسراوە”، مستەفایێ فیردەسە، حوسێنی عومەری، نەجمەدین دەریکە، سدیق کارلیۆڤا، کازۆ، ساڵح قۆبینی، ئیبراهیمی نەورۆزی ناسراو بە برێ، حوسەینۆ موشی، حەسەنی شیلبێ، ڕەسوێ گۆپاڵا، موشلو ئیحسان، ڕەفعەتێ داری، حوسەینۆ، ڤەدات ئاکارسو، کورمانج باکووری، موفیدە، چنار حەمدی، ڕەوشەن محمد، یارا ئەحمەد، گازین، بەدیع یاقوب، بەرچەم زەلال، خالیدە، هتد. ئەو کۆمەڵە ناوانە مشتێکن لە خەرمانێک.
هەموو لاوکەکان بە شێوەزاری کرمانجین و هەر لەو ناوچانەی بە کرمانجی دەدوێن بڵاوە. هەڵبەت جگە لە باکووری کوردستان، کوردانی گورجستان، ئەرمەنستان، ڕووسیا، ڕۆژئاوای باکووری ئێران، بەشێکی باشووری کوردستان و ڕۆژاوا ئاخێوەرانی کرمانجین، بەو هۆیەوە لاوک لە هەموو ئەو ناوچانەدا هەیە و چێژ بە گوێگرانی دەبەخشێت. ئینجا لەگەڵ ئەو هەموو ناوچە جوگرافییە بەربڵاوەی بە کرمانجی دەدوێن، لاوک لق و پۆپی لێ بووەتەوە و چەند نەزمێکی تایبەت بە پێی ئاوازەکان و شێوازی گوتنی، لێوە پەیدابووە، لەوانە:
بایهزیدى: لە باكوور و باكووری ڕۆژههڵاتی دهریاچەی وان، دەگوترێت.
ههكارى: لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای دهریاچەی وان، دەگوترێت
بۆتانى: لە لێوارەکانی دۆڵی بۆتان، لە سێرت، ئهرتوش، جزیر و ئامهدێ، دەگوترێت.
شهمدینان: لە لای باشووری ڕۆژههڵاتی توركیای ئێستا، ڕۆژههلاتی زێى مهزن و دهڤهری نزیک لە سنوورەکانی ئێرانی ئێستە، دەگوترێت.
بادینان: لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای دهۆك و ههموو قهزاکانی سەر بە دهۆک، دەگوترێت.
لە نەبوونی ناوەندی توێژینەوەی زانستیی هونەری کوردیی لە باشوور، توێژینەوەی زانستیی چڕ و پڕ سەبارەت بە لاوک ونە. جگە لە چەند ئاماژەیەکی کەمی د. مارف خەزنەدار، محەمەدی حەمە باقی و عوسمان شارباژێڕی و هەندێک بابەتی بڵاوکراوەی گۆڤاری کاروان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، شتێکی ئەوتۆی زانستیی لەبەردەست نییە پشتی پێببەستین تا بە شێوەیەکی زانستیی توێژینەوە لەسەر لاوک بکرێت و وەکوو کلتوری نەتەوەیی لە ڕێکخراوە جیهانییەکاندا تۆماریان بکەین. پاراستنی ئەو بەشە گرنگ و پڕ بایەخەی کلتوری هونەریی کورد، هەر لە ملی هونەرمەنداندا دەمێنێتەوە و تا ئێستا هەر ئەوانن بەوپەڕی خۆشەویستییانەوە ئەو کلتورە مەزنەیان بە زیندوویی ڕاگرتووە.



