دانـا لوقمان بۆتانی
ئـەمڕۆ نییە کە ناسەقامگیریی ڕۆژھەڵات ناوەڕاست کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دیکە دروست دەکات. ھەرێمی کوردستان وەکوو ئـەکتەرێکی نادەوڵەتی لەبەر بەرژەوەندی وڵاتانی زلھێز و پێگە جیۆپۆلەتیکیەکەی بەردەوام دەکەوێتە ژێر ھەڕەشە لەکاتی دروستبوونی هەر گۆڕانکارییەک. ھەرێمی کوردستان لەناوخۆیدا کێشەی ھەیە چونکە لەدوای شەڕی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان و باری خراپی دارایی ھاووڵاتیان و دواکەوتنی مووچە و کەمی ھەلی کار بە کۆمەڵێک تەنگژەدا تێدەپەڕێت.
سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک کێشەی دیکە ھاتۆتە پێش، کە دەکرێت بە دنیای دوای ٧ ی ئـۆکتۆبەرەوە بناسێنرێن. شەڕی حەماس و ئـیسرائـیل مێژووی بۆ دوو قۆناغ دابەش کرد، پێش-جەنگ و دوای-جەنگ. جەنگەکە بووە ھۆی ئـەوەی پریشکی ناکۆکی و ململانێکان بگاتە ھەرێم و کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی و ئـەمنی هەبێت و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و ناوەند قوڵتر بکاتەوە.
بەردەوامی و کاریگەریی جەنگی نێوان حەماس و ئـیسرائـیل، وای کرد کە چەندین جار ئـاسمانی ھەرێمی کوردستانی بە درۆن داپۆشرێت و مەترسی ئـەمنی بخرێتە سەر قەوارەکە چونکە لای ھەموومان ڕوونە ھەرێمی کوردستان ناتوانێت وەڵامی ھێرشە درۆنییەکان وەک خۆی بداتەوە.
ھەرێمی کوردستان مەترسی لەسەر ھەیە بەھۆی ئـەو دۆخانەوە بەڵام ئـەستەمیش نییە خۆی بپارێزێت. بۆ ئەوەی پارێزراو بێت، پێویستە هەرێم لەناوخۆی دەستپێشخەری بۆ چەندین ھەنگاوی گرنگ بکات.
یەکەم، ململانێی و ناکۆکییە سیاسییەکان یەکلایی بکرێنەوە و دەنگی کورد و کوردستان بکرێتە دامەزراوەیی و سەنتەر و گوتاری حکومەت و حیزبەکان بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان بێت. هاوکات، ھەموو لایەنەکان کۆبکرێنەوە و کەس پەراوێز نەخرێت، بەم ھەنگاوەش دەتوانرێت تیمێکی حکومەتی نیشتیمانیی ناکۆکیەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و ناوەند لە چەندین پرسی چارەنوسساز یەکلایی بکاتەوە و سەقامگیری دروست بکات .
دووەم، پرسی ھێزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنیان لەچوارچێوەی ھێزێکی نیشتیمانیی یەکلایی بکرێتەوە چونکە ئەوکات شانە نووستوەکانی تیرۆریستان ناتوانن سوود لە بۆشایی ئـەمنی و سیاسی وەربگرن. ڕێکخستنی ئـەو ھێزانەی لە چوارچێوەی یاسایی ڕێکنەخراون. جێبەجێکردنی ئـەم ھەنگاوە ئەگەرەکانی ھاوکاری چەک و پشتیوانی سەربازیی لەلایان ھاوپەیمانان بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر دەکات، بەتایبەت ئـامێری جەنگی دژە درۆن کە ئـێستا مەترسییەکی جددییە.
سێیەم، بەھێزکردنی پەیوەندی دبلۆماسی ھەرێمی کوردستان. ئـەمە دەبێتە کەنالێکی گرنگی ھەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دوورخستنەوەی کاریگەریی جەنگەکان و سەقامگیری کوردستان.
چوارەم، پەرەپێدان بە بەرھەمی ناوخۆیی لە کەرتی کشتوکاڵی و ئـاژەڵداری و دەستی ھێزی کار چونکە ھەرێمی کوردستان خاوەنی زۆرترین ھێز و توانای گەنجن، بۆیە بە بەرھەمی ناوخۆ دەتوانێت بۆشاییەکی زۆری ئـابووری و نەبوونی ھەلی کار پڕبکاتەوە.
پێنجەم، بەردەوام بوونی پڕۆسەی خوێندن بەبێ دابڕان، ئـەمە وادەکات کێشەکان قوڵ نەبن و نەوەیەکی تێگەیشتوو و دڵسۆز دروست ببن بۆ نیشتمانیی خۆیان.
شەشەم، خۆپیشاندان وەکوو ھێزێکی نەرم و پشتیوانی لە کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە، لەم ھەنگاوە دەتوانین سوود لە ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە وەربگرین بۆ پاراستن و پشتێنەی پارێزگاری کردن لە ھەرێمی کوردستان .
لەچوارچێوەی ئـەو گۆڕانکارییە ئـیقلیمی و ناوچەییانەی لەئـارادان وەک لەسەرەوە ئـاماژەم پێکردووە، ھەرێمی کوردستان ئـەگەر دەستپێشخەری بۆ ئـەم ھەنگاوانە بکات، ئەوا دەتوانێت خۆی لە جەنگ و ململانەکان بپارێزێت.



