سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە دزینی نیشتیمان بۆ دزینی گۆرانی و میوزیک “ئەی نیشتیمان”ی حەسەن زیرەك چۆن بووە “مارشی ئەنكەرا”ی توركیا؟

كەم كەس هەیە گوێبیستی سروودە بەناوبانگەكەی حەسەن زیرەك، “ئەی نیشتیمان”، نەبووبێت. ئەو سروودەی بە هەستێكی قووڵ و نیشتیمانییانە باس لە خۆشەویستیی بۆ خاك و وڵات دەكات، بەڵام هەر هەمان سروود بە شیعرێكی توركی بووەتە “مارشی ئەنكەرا” و زۆرجاریش وەكوو “مارشی میللی توركیا” ناوی دەهێنرێت، کە یەكێكە لەو سروودانەی توركەکان شانازی پێوە دەكەن. ئەو پرسیارەی کە ئەم بابەتە دەیەوێت وەڵامی بداتەوە ئەوەیە، داخۆ ئەو سروودە لە بنەڕەتدا كوردییە و تورك دزیویانە؟ یان توركییە و حەسەن زیرەك بردوویەتی؟ هاوکات هەوڵدەدەم کە هەوڵەکانی تورک و دەوڵەتی تورکیا بخەمەڕوو کە بەمەبەستی سڕینەوەی کلتور و شوناسی کوردی داویانە لە دزین و گۆڕینی ناسنامەی میوزیک و گۆرانی و میلۆدی کوردی و بەتورککردنیان.

مێژووی ئاوازی ئەو گۆرانییە بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

ئەگەر بەدوای سەرچاوەی ئاوازی ئەو گۆرانییەدا بگەڕێیت، ئەوە هیچ سەرچاوەیەكی توركی باس لەوە ناكات ئاوازەكە بەر لە حەسەن زیرەك هی کێ بوو بێت یان کێ گوتبێتی. بەڵام شیعری گۆرانییە تورکییەكە دەگەڕێتەوە بۆ پارچە شیعرێک بەناوی “سەیری بەردی ئەنكەرا بكە”، کە لە ١٩١٩ دا لەلایەن “محەمەد عەلی ئەرتەكین”ـەوە نووسراوە، کە هەر ئەوكات وەكوو شیعرێكی نیشتیمانی ناوی هاتووە.

جیا لەوەش، توركەكان باس لەوە دەكەن كە ئاواز و شیعرەكە لە سەردەمی وەحدەدین سوڵتانەوە نووسراوە و ئەوكات بەناوی “عوسمانیی”ەوە گوتراوە. وەحدەدین سوڵتان دوا سوڵتانی عوسمانییەكان بوو کە لە ١٩١٨ دا بوو بە سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی، کەچی لە ١٧ ی نۆڤەمبەری ١٩٢٢ دا دوای فشار لەلایەن مستەفا کەمال توركیای بەجێهێشت و چووە ئیتاڵیا. دەیگوت گیانم لە تورکیا پارێزراو نییە. دوای مردنی لە ١٩٢٦، مستەفا كەمال ئەتاتورك، یەکەم سەركۆماری توركیای نوێ، نەیهێشت تەرمەكەی بهێننەوە بۆ توركیا و بەناچاری بردرایە شام و لەوێ نێژرا. گوایە ئەو سروودە لە سەردەمی ئەودا گوتراوە، بەڵام هیچ ڤیدیۆیەك یان بەڵگەیەك نییە كە ئاوازەكە لەو سەردەمەدا گوترابێت.

كەی ئەو سروودە لە توركیا ناوبانگی دەكرد؟

ئەسین ئانگین، کە یەكێكە لە گۆرانیبێژە ناودارەكانی توركیا و لەسەر شێوازی پۆپ میوزیك گۆرانی دەگوت. ئەو لە ١٩٦٨ دا یەكەم ئەلبوومی خۆی بڵاوكردەوە، دواتریش لە ١٩٧٤ دا ئەلبوومی “سەیری بەردەكانی ئەنكەرا بكە”ی بڵاوكردەوە، كە لەو ئەلبوومەدا ئاوازەكەی سروودی “ئەی نیشتیمان”ی “حەسەن زیرەك”ی بەکارهێناوە، کەچی وەك ئاوازێكی فۆلكلۆری توركی ناوی ئاوازەكەی هێناوە.

لە توركیا قسە زۆر لەسەر ئاوازی ئەو سروودە دەكرێت، هەندێک پێیان وایە توركییە و حەسەن زیرەك بردویەتی. هەندێکیش پێیان وایە، ئاوازەكەی كوردییە و حەسەن زیرەك دایناوە و توركەکان بەئاشكرا دزیویانە. بەڵگەش ئەوەیە، ئەگەر ئاوازەكە توركییە، بۆچی تا ئەسین ئێنگین ئەو سروودەی لە ١٩٧٤ بڵاونەكردەوە سروودەكە ناوبانگی لە تورکیادا بە هیچ شێوەیەک نەبووە. ئەگەر پێشتر گوتراوە و ناسراوە و ناوبانگی هەبوو، ئەی ئەوە چۆنە تازە بەو شێوەیە خەڵك پێشوازی لێ دەکات.

شێخ مووس دیكەن، نووسەری دیاری توركیا و باكووری كوردستان، لە ٢٠١٥ دا وتارێكی لەبارەی بنج و بنەوانی ئاوازی سروودی “ئەی نیشتیمان”ی حەسەن زیرەك نووسیوە. شێخ مووس، دەڵێت گۆرانییەكە ئاوازەكەی موڵكی “حەسەن زیرەك”ـەو توركەکان دزیویانە، وەكوو چۆن و ناو و ئاو و خاك و جوگرافیا و مێژووی كوردیان دزیوە، ئەو گۆرانییەشیان دزیوە. لە بەشێكی وتارەكەیدا دەڵێت، هۆكاری گوتنی ئەو سروودە بە دەنگی حەسەن زیرەك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ١٩٤٦ كۆماری کوردستان لە مەهاباد دەڕوخێنرێ، ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر زیرەك دروست كردووە، بۆیە ئەو سروودەی داناوە و ئاواز و شیعرەكەش هی خۆیەتی.

ئەمە نە تاکە دزییە و نە دوا دزیی

لە ڕاستیدا پێشتر و دواتریش تورك ئاوازی كوردی دزییە و كردوویە بە موڵكی خۆی. ئەگەر بە وردی و لێكۆڵینەوەی جیدی بكرێت لە توركیا، بەوەی توركیا چەند ئاوازی كوردی بردووە و كردوویەتی بە موڵكی خۆی، ڕەنگە دەیان، ئەگەر نەڵێین هەزاران، ئاواز دەربكەوێت، كە ئەسڵی ئاوازەكە كوردییە و تورك بە کردویەتی بە هی خۆی و ئێستا بە موڵكی خۆی دەزانێت. دەكرێت چەند نموونەیەك بهێنینەوە.

گۆرانیی “قەرە زیندان” کە گۆرانییەكی بەناوبانگی “ئیبراهیم تاتڵیساس”ـە، کە فیلمێكی سینەماییشی هەر بەناوی ئەو گۆرانییەوە كردووە. ئەگەر گوێ لە گۆرانییەكە بگریت، بۆت دەردەكەوێت كە ئاوازەكەی لە گۆرانی “مامە گیانی مامەی” عەلی مەردانەوە وەرگیراوە. بەداخەوە تاتڵیساس لە ئەلبوومەکەیدا نووسیویەتی ئاواز: ئیبراهیم تاتڵیساس! گۆرانیبێژی گەورەی كورد ناسری رەزازی، زۆر بە جوانی گۆرانیی مامە گیانی مامەی گوتوەتەوە و لەوێدا ڕوونی كردۆتەوە كە تاتڵیساس گۆرانییەكەی دزیوە و ناوی خۆی لەسەر داناوە.

گۆرانی “نەسرین ئەمڕۆ بەهارە”ی تاهیر تۆفیق، كە یەكێكە لە گۆرانییە هەرە بەناوبانگەكانی كورد، کەچی تورك ئاوازی ئەو گۆرانییەشیان دزیوە و بەناوی فولكلۆری توركی بەجیهانیان ناساندووە. بەوەشەوە نەوەستاون، هاتوون كۆپلەیەكی شیعری گۆرانییەكەشیان بردووە و بەناوی خۆیانەوە بڵاویان كردووەتەوە.  شیعرە كوردییەكە دەڵێت “نەخۆش كەوتم نەهاتیت گیانە، وادەی روح كێشان وەرە”. نوسخە توركییەکە دەڵێت “هەستە دوشتم گیالمەدین ئانە، باری جان ڤێرانە گیال”، ئەو دێڕە شیعرە توركییە، ڕێك ماناكەی ئەو دێڕە كوردییەیە. ئەوەی توركی بزانێت دەزانێت كە هەردوو دێڕەكە یەك مانایان هەیە. پرسیار ئەوەیە، باشە ئەگەر ئەو گۆرانییە ئاوازەكەی فۆلكلۆری توركییە، بۆچی بە شیعرێكی تەواوی توركی نایڵێنەوە و بۆچی دەبێت، ئەو دێڕە شیعرەی ئیبراهیم ئەحمەد ببردرێت و ئەویش هەر بەناوی خۆیانەوە بڵاو بكەنەوە.

كاتێك ئەو نموونانە هەن و بەرچاون، دوو دڵ نابین لەوەی بڵێین، گۆرانیی “ئەی نیشتیمان”ی حەسەن زیرەك، تورك بردوویەتی. لە ڕاستیدا نەتەوەی بێدەوڵەت نە خاوەنی خاک و نیشتیمانییەتی نە گۆرانی و میوزیک، بۆیە تورکەکان ئەو گۆرانیانە هەر بەناوی خۆیانەوە بڵاو دەکەنەوە.

نەشئەت ئێرتاش، بەیەكێك لە گۆرانیبێژە هەرە بەناوبانگ و گەورەكانی توركیا ناوزەد کراوە، کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، بەڵام خاوەنی دەیان ئاواز و تێكستی تایبەت بەخۆیەتی. لەناو میوزیكی توركیا، وەكوو گۆرانیبێژێكی باڵا و ڕەسەن ناوی دەهێنرێت، بەڵام ئەویش گۆرانی حەسەن زیرەك و ڕۆستەم ئیسكۆی بردووە و بەناوی خۆیەوە بڵاوی كردووەتەوە. چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، چەند نووسەرێكی تورك نووسیبویان دووچاری سەرسوڕمان بوین كاتێك زانیمان نەشئەت ئێرتاش گۆرانی كوردی بردووە و بەناوی خۆیەوە بڵاوی كردۆەتەوە.

گۆرانیی “من تە دیت بوو”ی ڕۆستەم ئیسكۆ لە ١٩٦٨ بڵاوكراوەتەوە، نەشئەت ئێرتاش ئاوازەكەی بردووە و بەناوی “گۆنوول داغی” لە ١٩٧١ دا بڵاوی كردووەتەوە، كە بەیەكێك لە گۆرانییە هەرە بەناوبانگەكانی ئەو دادەنرێت. بەهەمانشێوە، گۆرانی “رێام دوورە”ی جوان حاجۆ کە لە ١٩٧٠ بڵاوكراوەتەوە، نەشئەت هەمان ئاوازی بردووە و بەناوی خۆیەوە لە ١٩٨٩ دا بەناوی “تاتڵی دیلە گولەر یوزە” بڵاوی كردووەتەوە.

خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەرشیڤی رۆژنامەی “باسنیوز” بەشی توركی، كە ئەوكات بەبەڵگەوە باسیان لەو گۆرانییەی حەسەن زیرەك كردبوو كە نەشئەت ئێرتاش بردبووی و بەناوی خۆیەوە بڵاوی كردبووەوە.

سێداد ولوگانە، لە وتارێكدا باس لە چەند گۆرانییەكی توركی دەكات، كە ئەسڵی گۆرانییەكە كوردییە و تورك دزیویەتی، نموونە بە گۆرانی ئامان دكتۆر و یەڵا شۆفێری حەسەن زیرەك دەهێنێتەوە كە ئیبراهیم تاتڵیساس دزیویەتی و كردویەتی بە توركی و بە هیچ شێوەیەك نەیگوتوە ئەم گۆرانییە كوردییە. نووسەر نموونە بە چەند گۆرانییەكی تریش دەهێنێتەوە.

ئەو ئاماژە دەدات، دوای دروستكردنی كۆماری توركیا لە ١٩٢٣، یەكێك لە كارەكانی كۆماری توركیا ئەوەبوو، بچن لە ناوچەی ئەنادۆڵدا (واتە کوردستان و ئەرمەنستان) بگەڕێن، هەرچی داستان و ئاواز و فولكلۆری كورد و ئەرمەن و سریانییەكان هەیە وەریبگێرنە سەر زمانی توركی و وەكوو توركیی بە جیهانی بناسێنن. بۆیە لەوكاتەوە سەدان گۆرانی كوردی لەلایەن توركەكانەوە دزراوە و بەناوی فۆلكلۆری توركییەوە بڵاویان كردووەتەوە و خەڵكیان پێ چەواشە كردووە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO