سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کلتوری سیاسی و سەرەتاکانی خۆناسیی کورد

کلتوری سیاسی بەشێکە لە کلتوری گشتی هەر کۆمەڵگایەک، کە بنەماو ڕەگەزو توخمی تایبەتی خۆی هەیە و لە بەشەکانی دیکەی کلتوری جیا دەکاتەوە. کلتور خۆی  پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە، کۆی کەرەستە و ئامێر و هزر و بیروباوەڕ و جیهانبینی و داهێنراوە مادی و ڕوحی و مەعنەویەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە. ئەوەی پێی دەگوترێت سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگا بریتییە لە کلتور،  کلتوری سیاسیش لە ناو ئەم پێکهاتە ئاڵۆزەدایە، پەیوەندییەکی دیالەکتیکی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕەگەزەکانی دیکەدا هەیە.

یەکێک لە ڕەگەزەکانی کلتوری سیاسی هەستکردنە بە ئینتما و خۆناسین و جیاکردنەوەی ئێمە و ئەوانە لەسەر بنەمای خەسڵەت و تایبەتمەندیە نەتەوەییەکان. ئایا تاکەکانی کۆمەڵگا لە پێناسەی خۆیاندا سەر بە چ  چوارچێوەیەکی ناسنامەیی و ئینتمایان بۆ کام پێناسە و خۆناسین زیاترە؟ 

هەستکردن بە ناسنامەی تایبەت بە یەکێک لە گرنگترین کۆڵەگە و پایەکانی کلتوری سیاسی هەر گرووپێک دادەنرێت، ناسینی ئەو بنەمایانەی ئێمە لە ئەوان جیا دەکاتەوە بنچینەی کلتوری سیاسی ئێمەیە،  ئیتر ئێمە و خۆجیاکردنەوەمان لەوان لەسەر بنەمای جیاوازی نەتەوەیی یان ئاینی و بیروباوەڕ دامەزرابێت .

بە بەراورد بە مێژووی کۆمەڵگای مرۆیی، پێکەوەژیانی هەزاران ساڵی نەتەوە و گرووپە مرۆییە جیاوازەکان و خۆناساندنیان لەسەر بنەمای جوگرافیایەکی هاوبەش، یان ئاین و بیروباوەڕێکی هاوبەش، ئەوا دیاردەی نەتەوایەتی و ململانێی نەتەوەکان دیاردەیەکی نوێیە و تەمەنی لە دوو سەد ساڵێک تێناپەڕێت. سەدەی نۆزدە لە ئەوروپا و سەدەی بیستەمیش لە ئاسیا و ئەفریقیا بە سەدەی گەرمبوونی بیری نەتەوەیی دەناسرێن. باوەڕبوون بە جیاوازی مرۆڤەکان لە سەر بنەمای پێکهاتەی بایۆلۆجی، و پێشکەوتوویی هەندێکیان و دواکەوتوویی هەندێکی دیکەیان، وەکو دیاردەیەکی مرۆیی سەریهەڵدا. لە ڕووی مێژوییەوە ڕەگوریشەی ئەمە بۆ سەدەی حەڤدە و هەژدە دەگەڕێتەوە، بە تایبەت بۆ ئەو جیاوازیانەی لە ئەمریکا لە نێوان ڕەشپێست و سپیپێستەکاندا دەکرا لە سەر بنەمای ڕەچەڵەکی ئەوروپی و ئەفریقی. دواتریش شۆڕشی ئەمریکا (١٧٧٦) و شۆڕشی فەرەنسا (١٧٨٩) و هێرش و پەلامارەکانی ناپلیۆن (١٧٩٢ تا ١٨١٢) کە توندڕەویی نەتەوەیی فەرەنسی لێکەوتەوە. دوای ئەمانەش، هەوڵەکانی بسمارک بۆ یەکخستنی نەتەوەی ئەڵمانی (١٨٧١) و مازینی بۆ یەکخستنی ئیتالیا (١٨٧٢)، گڕوتینی زیاتریان بە بیری نەتەوەیی بەخشی.

بەگشتی زۆربەی نووسەران و توێژەرانی بواری ئەنترۆپۆلۆجیا، یان  ئەتنۆلۆجی و ئەتنۆگرافی لەسەر ئەوە کۆک و تەبان کە چەمکی نەتەوایەتی (nationalism) چەمکێکی نوێیە. کۆنترین دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدە لەلای فەیلەسوفی ئەڵمانی جۆهان هێردەر (١٧٤٤-١٨٠٣). لە ئەدەبیاتی ئینگلیزیدا بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاستی سیەکانی سەدەی نۆزدە بەدەرکەوت، بۆیە نەک هەر لە بارەی کوردەوە بەڵکو لە سەر ئاستی جیهانی ئاراستەیەکی تیۆری هەیە پێیوایە پرسی نەتەوەیی لەگەڵ شۆرشی فەرەنسیدا هاتە ئاراوە. بێگومان گەلانی سەردەستەی وەکو تورک و فارس و تاڕادەیەک عەرەبیش پێش کورد کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەو ڕەوتە نەتەوەییەی لە ئەوروپا لە دوای شۆڕشی فەرەنسیەوە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ چالاکتر دەبوو و کاریگەریی دەخستە سەر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی. بۆیە، لەسەرەتای سەدەی نۆزدەوە دەستیان کرد بە چاکسازی و جموجۆڵی نەتەوەیی و هەڵوەشاندنەوەی میرنشین و دەسەڵاتی نەتەوەکانی دیکەی سنووری ئیمپراتۆرییەتەکانیان.

بەمەش، تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە یەک میرنشینی کوردیان نەهێشت، ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو بۆ کورد، بە تەواوی کورد کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی نەتەوەکانی دیکەوە و میر و بەگەکانی کورد دەسەڵاتیان نەما. ئەگەر تا ئەم قۆناغە بە لایەنی کەمەوە میر و بەگەکانی کورد لە ناوچەکانی خۆیاندا پلە یەک بوون، لەو ڕۆژانە بەدواوە ئەوانیش بوونە پلەدوو. هەندێکیان لەناوبران و هەندێکیان دوورخرانەوە. بۆ ململانێی بنەماڵە ناودارەکانی کورد هەندێک کەسایەتی دیکەیان قیت کردەوە، ئیتر بە هەزاران ڕێگای جیاواز لە هەوڵی شکاندنی شکۆ و کەرامەتی کورد و تاواندنەوەی بوون. ئەمانە بۆ خۆیان پاڵنەرێک بوون بۆ چەکەرەکردنی هەستی نەتەوایەتی کورد، ئەگەر پێشتر لە ژێر پەردەی ئاینی  و لەسەرخۆ پرسە نەتەوەییەکانی خۆیان دبردە پێش، ئیدی بە ئاشکراو لە چوارچێوەی نەتەوەیی، نەتەوە باڵادەستەکاندا، دەستکرا بە تواندنەوەی کورد.  

لەگەڵ ئەوەی لای کوردیش هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی میرنشینەکانەوە وردە وردە ئەو هەستە دروست دەبوو، باشترین نموونەش ئەوە بوو لای هەندێک لە شاعیر و مەلا و ڕۆشنبیر و میر و سەرکردەکانی دروست ببوو، کاریان بۆ بڵاوکردنەوەشی دەکرد، بەڵام بە نەمانی میرنشینەکان و هەوڵی داگیرکەران بۆ تواندنەوەی کورد ئەو هەستەی بەهێزتر کرد.

لەم قۆناغەدا، کە سەرەتای دروستبوون و گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی بوو، لاوازبوونی هەژموون و پێگەی میر و بەگ و خانەدانەکانی کورد، ئیدی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە، ئەرکی سەرکردایەتی و ڕابەرایەتیکردنی بزووتنەوەی نەتەوایەتی خستە ئەستۆی پیاوانی ئاینی. خەڵکی کوردستان و جەماوەری زەحمەتکێشی کورد، لە جیاتی دیوەخانی میرەکان، لە مزگەوت و تەکیە و خانەقای سەید و شێخەکاندا کۆدەبوونەوە و باس و خواسی ژیانی ڕۆژانە و گۆڕانکارییەکانی  ڕۆژگاریان دەکرد. بۆیە بنەماڵە ئاینییەکان و مزگەوت و تەکیە و خانەقاکان لە دروستبوونی هەستی نەتەوەیی لای کورد ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە و زۆربەی سەرکردەکانی دواتر لەم ناوەندەوە پێگەیشتن.

ئەگەر بۆ ماوەی پەنجا ساڵێکی دیکە تەمەنی میرنشینەکان درێژبایە، هەستی نەتەوەیی کورد بە ئاراستەیەکی دیکەدا دەڕۆیشت و نە بنەماڵە ئاینییەکان و نە مزگەوت و نە تەکیە و خانەقاکان ئەو ڕۆڵەیان نەدەبوو لە ڕابەرایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانییدا، بەڵکو تەنیا وەکو ناوەندێکی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری کەسایەتی خوێندەوار و شاعیر و نووسەریان پێدەگەیاند، ڕێک وەک ئەوەی لە ڕابردوودا مەلا ئیدریسی بەدلیسی و فەقێ تەیران و مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و حاجی قادر و ئەوانەی پێگەیاندبوو، میرەکانیش ڕابەرایەتی بزوتنەوەی نەتەوەییان دەکرد. بەڵام لە ئەنجامی نەمانی میرنشینەکان و لاوازبوونی پێگەی میر و خانەدانەکان، ئەم ئەرکە کەوتە ئەستۆی پیاوانی ئاینی و بنەماڵە ئاینییەکان و ئەوانیش لەم پێناوەدا درێغیان نەکرد و قوربانی زۆریاندا. شێخ عوبەیدوڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران وسەید ڕەزای دەرسیمی و شێخ محمود و قازی محەمەد نموونەی دیار و پێشەنگی شەهیدانی ڕێبازی ڕزگاری نەتەوەیین .

لە قۆناغەکانی پێشووتردا میرەکان و هەندێک لە بنەماڵە خانەدانەکانی کورد ئەم ئەرکەیان لەسەر شانبوو، ڕابەرایەتی بەرەوپێشبردنی هەستی نەتەوەییان دەکرد، ئەمەش لەو هەوڵ و چالاکییانەدا خۆی دەبینیەوە کە هەندێک لە میرەکان بۆ یەکگرتنی کورد و بەهێزکردنی لەشکر و سەپاندنی زمانی کوردی و دژایەتی دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەویدا دەیان کرد. لە ئەنجامی پێگەیشتنی ئەو هەستە بوو لای میرەکانی کورد، هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، سەفەوی و عوسمانی، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن میرنشینە کوردییەکان هەڵوەشێنەوە و دەسەڵاتی ناوچە کوردییەکان بدەنە کاربەدەستانی خۆیان. بۆیە گەلی کورد بێ  ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی مایەوە، لێرەوە پیاوانی ئاینی و ڕابەرانی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی هەوڵیاندا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە و لە پاڵ ڕێنماییە ئاینیەکانیاندا ئەو پێگە جەماوەریەی هەیانە بۆ ڕزگاری نەتەوەیی بەکاری بێنن.

جگە لە بنەماڵە ئاینییەکان،لە ئامادەنەبوونی میر و سەرکردە و ڕابەرایەتییەک لە ناو کورد دا، دەرکەوتن و بەهێزبوونی هەستی نەتەوەیی لای کورد پەیوەندی بە تاراوگە و کۆچکردنی کوردان و ئاوارەییەوە هەیە. لەو سەردەمەدا تازە هەستی نەتەوەیی لای تورک و عەرەب دروست دەبوو، بۆیە کۆچی ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی کورد بۆ ئەستەمبوڵ و قاهیرە و ئەو شارانە ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە گواستنەوەی هەستی نەتەوەیی. ئەستەمبوڵ خۆی لە ئەوروپا نزیک بوو، کاریگەری بزووتنەوە نەتەوەییەکانی ئەوروپای لەسەر بوو. شاعیرێکی وەکو حاجی قادر لە ئەستەمبوڵ ژیابوو، بۆیە لە شیعرەکانیدا هانی کوردان دەدا بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، ئەگەر لەو قۆناغەدا، بە تایبەت لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، کە دەوڵەتی عوسمانی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە و چەندین دەوڵەتی سەربەخۆی لێ کەوتەوە، تەنیا یەک میرنشینێک لە کوردستان بمایە، بارودۆخی نێودەوڵەتی زۆر لەبار و گونجاوتر دەبوو بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی، یان بەلایەنی کەمەوە ڕابەرایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد بە هێز و گوڕ و تینێکی زیاترەوە.

لەو سەروبەندەدا هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکانی ئینگلیز پێشنیازیان کردبوو، لە ویلایەتە کوردییەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی کوردستانێکی سەربەخۆ بونیاد بنرێت، بەو مەرجەی لە ژێر ڕکێفی ئینگلیز خۆیاندا بێت. بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیان بە چەند بنەماڵەیەکی ناوداری کوردەوە کردبوو،  بەڵام کورد ناوەندێکی بۆ بڕیاردان و سەرکردایەتی نەمابوو، پەرشو بڵاو بوو، بۆیە ئەم پلانە سەری نەگرت و دەوڵەتی کوردی لەو هەلە مێژووییەدا دروست نەبوو. 

 شێخ عوبەیدوڵای نەهری بە یەکەم ڕابەری شۆرشی نەتەوەیی کورد دادەنرێت، کە بە ئاشکرا و بە ڕوونی لە ١٨٨٠ دا داوای لە هەردوو دەوڵەتی قاجاری و عوسمانی کرد دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد دا بنێن و کوردیش دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبێت. نەهری یەکەمین سەرکردەشە کە لە پێناو ئەم  ئامانجەدا دەستی داوەتە چەک و لەشکری ڕێکخستووە، کە توانی تا ١٨٨٢ بەرگری لەو ناوچانە بکات کە ڕزگاری کردبوون. دواتر دوورخراوەتەوە و گیانی خۆی بەخشیوە. شێخی نەهری جگە لە خۆی یەکەمین بنەماڵەی کوردن لە قۆناغەکانی دواتریشدا لە هەر لەم ڕێگایەدا کوڕ و کوڕەزاکانی بوونەتە قوربانی لە ١٩٢٥ لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران دا.

دوای شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری کە مایەی ڕاچەنینی نەتەوەیی کورد بوو، لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێک شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کاریگەریی زۆریان لەسەر دروستبوون و گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی لای کورد هەبوو، وەکوو شۆڕشی بۆرجوازی دیموکراتی ڕووسی (١٩٠٥-١٩٠٧) و شۆڕشی مەشروتەی ئێران (١٩٠٥-١٩١١) و شۆڕشی لاوە تورکەکان (١٩٠٨-١٩٠٩) و هەوڵەکانی عەرەب بۆ یەکگرتن و کۆنگرەی پاریس ١٩١٣. هەموو ئەم پێشهات و ڕووداوانە کاریگەریان هەبوو بۆ بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی لای کورد، کە لەو سەردەمەدا دەست بە خۆڕێکخستن بکات بۆ داواکردنی مافە نەتەوەییەکانی و سوود ورگرتن لە ئەزموونی گەلانی دیکە. بۆیە، دەبینین وەکوو ڕەنگدانەوەیەکی پێگەیشتنی هۆشیاری سیاسی و هەستی نەتەوەیی، دیاردەی حیزب و ڕێکخراو و کۆمەڵە و گرووپی کوردی لەم قۆناغەدا سەرهەڵدەدەن.

دیاردەی حیزبایەتی و دروستبوونی ڕێکخراوی سیاسی لە کوردستان بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، بە دیاریکراوی ١٩٠٨. هەرچەندە لە ١٨٩٨ەوە کورد ڕۆژنامەی کوردستانی وەکوو یەکەم هەنگاوی ڕۆژنامەگەری کوردی دەست پێکردبوو، هەروەها لە ١٨٨٩ەوە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دا، بەشداری لە دروستکردنی حیزبی سیاسیدا کردبوو بەڵام بە هاوبەشی بوو لەگەڵ کەسایەتییە تورکەکان بەناوی “کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی”. دواتر یەکەمین ڕێکخراوی سیاسی کوردی، کۆمەڵەی تەعالی کوردستان، لە ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ لە لایەن ئەمین عالی بەدرخان و جەنەرال شەریف پاشا و شەهید عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و حیکمەت بابان و چەند کەسایەتیەکی دیکەوە دامەزرا. ئامانجی ڕێکخراوەکە چاکسازی و بەدەستهێنانی مافەکانی کورد بوو. یەکێک لە چالاکییەکانیان بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی “کوردستان” بوو، وەکوو درێژەپێدانێک بە ڕۆژنامەی کوردستان کە پێشتر لە ١٨٩٨ ژمارە یەکی لە قاهیرە بڵاو کرابوەوە.

شێخ عەبدولقادر ساڵیک پێش ئەوەی ئەو کۆمەڵەیە دروست بێت، واتە لە ١٩٠٧، ڕۆژنامەیەکی بە ناوی “کورد” بە زمانی کوردی و تورکی لە ئەستەمبوڵ دەردەکرد. دەتوانین ئەم قۆناغە بە سەرەتای دەرکەوتنی نووسین و بڵاوکراوە بە زمانی کوردی هەژمار بکەین، کە بۆ یەکەمجاربوو لە مێژوودا گۆڤار و ڕۆژنامە بە زمانی کوردی بڵاو بکرێتەوە. لە ١٩١٣ گۆڤاری “ڕۆژی کورد” و لە ١٩١٧ ڕۆژنامەی “کوردستان” و لە ١٩١٩ ڕۆژنامەی “ژین” لە ئەستەمبوڵ بڵاوبوونەوە.

هەر لەو ماوەیەدا لە ١٩٠٨ هەتا ١٩٢٥، لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەی لە جەنگی یەکەمی جیهانی کەوتنەوە، ئەو بۆشاییە سیاسی و کارگێرییەی لە ویلایەتەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دروست بوون، ئەو بزاوتە ڕۆشنبیری و هۆشیارییەی لە ئەنجامی بڵاوکراوەکانەوە سەریهەڵدا بوون بە مایەی دامەزراندنی چەندین کۆمەڵە و  ڕێکخراو وەکوو “کۆمەڵەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان” و “حیزبی نەتەوەی کورد”  و “ڕێکخراوی پێشکەوتنی کوردستان” و “ڕێکخراوی کوردستان” و “کۆمەڵەی سەربەخۆیی” و…هتد

شێخ محمود لە ١٩١٩ دژی بەریتانییەکان و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە دەستی دایە چەک، بە هێزێکی کەم و ناڕێکخراو و بێپۆشاک و تەقەمەنی ڕووبەڕووی داگیرکەران بووەوە. ڕاستەوخۆ، شێخ خۆی سەنگەری گرت و هاوشانی چەکدارەکانی لە پێشەوە ئامادەی گیان بەخشین بوو، بەڵام لە شەڕێکی نابەرانبەردا لە دەربەندی بازیان بە برینداری بەدیل گیرا و بۆ هندستان دوور خرایەوە. دوای ساڵێک گەڕایەوە کوردستان و لە ١٩٢٢ بوو بە حاکمی سلێمانی و خۆی وەکوو مەلیکی کوردستان ناساند. ئەمەش بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی کورد دا کە حکومەتێکی کوردستانی پێکبهێنرێت و وەزیر دیاری بکرێت.  شێخ مەحمود بانگەشەی سەربەخۆیی دەکرد و دەوڵەتی کوردستانی ڕاگەیاند. لە ١٩٢٤ جارێکی دیکە شێخ محمود دوور خرایەوە و خەونی دەوڵەتی کوردستانی نەهاتەدی.

لە کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس لە ١٩١٩، کورد داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کرد وەکوو نەتەوەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی عوسمانی. ئەوە بوو لە ڕێککەوتنامەی سیڤەر دا لە ١٩٢٠ دان بە مافەکانی کورد دا نرا. بریاڕبوو سەرەتا وەکو دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی کورد خۆی بەڕێوەبەرێت تا لە قۆناغی دواتردا مافی دەوڵەتداری و سەربەخۆیی بەدەست بێنێت، بەڵام ڕێککەوتنامەی لۆزان ئەو خەونەی کوردی لە باربرد و داواکاریەکانی کورد پاڵپشت بە هێزێکی نەتەوەیی یەکگرتوو نەبوو. ئەو بانگەشە و داواکاریانەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکران شێخ محمود لە باشوور و سمکۆی شکاک لە ڕۆژهەڵات لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە هێزی سەربازی، یان بەڵێن و تەفرەدان، لەناوبران.

تا دەهات کورد پەرتەوازەتر و پارچە پارچەتر دەبوو، تا لە ١٩٢٦ دا باشووری کوردستان بەفەرمی بە عێراقەوە لکێنرا. ئیدی سنووری نێوان باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کێشرا، کە تا ئەو کاتە یەک پارچە و لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دا بوو. 

دەوڵەتی تورک لەم قۆناغەدا لە دوای ١٩٢٣ زۆر دڕندانە کەوتە گیانی کەسایەتییە ڕۆشنبیر و کوردپەروەر و شێخ و زانایانی کورد.  شێخ سەعیدی پیران یەکێکی دیکە بوو لە ڕابەرانی ڕێبازی نەقشبەندی و پەیوەندیەکی ڕۆحی بەهێزی هەبوو لەگەڵ بنەماڵەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری دا، دوای گرتن و گولەبارانکردنی خالید جوبران و یوسف زیا لە بەتلیس لە تشرینی دووەمی ١٩٢٤دا، شێخ سەعید بووە سەرۆکی کۆمەڵەی ئازادی کوردی. لە سەرەتای ١٩٢٥ دا ڕاپەرینێکی جەماوەری گەورەی ڕێکخست و ناوچەیەکی فراوانی باکووری کوردستانی کۆنترۆڵ کرد. دەوڵەتی تورک بە لەشکرێکی گەورە و زەبەلاحەوە پەلاماری جەماوەری ڕاپەڕیوی دا، نزیکەی ١٢٠ گوندی کوردستان چۆڵکران و زیاتر لە پازدە هەزار کەس کوژران.  لە ئایاری ١٩٢٥ یشدا شێخ سەعید و ٤٧ کەس لە هاوڕێکانی لە سێدارەدران.

لە ١٩٢٧دا، بەشێکی زۆری ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراو و گرووپە نەتەوەییانەی لە کوردستان دروست ببوون لە حیزبی خۆیبووندا یەکیان گرت چونکە لەلایەک ئاستی هۆشیاری و خوێندەواری لە کوردستان بەرزببووەوە و زوڵم و ستەمەکانی داگیرکەران بەرامبەر کورد گەیشتبووە ترۆپک، لەلایەکی دیکەش، تێکشکانی شۆڕشەکەی شێخ محمود و شێخ سەعیدی پیران و هەموو ئەو کارەساتانەی لە ئەنجامی شکستی ئەو ڕاپەرینانەدا بەر گەلی کورد کەوت، هەمووی بەسەریەکەوە پاڵی بە سیاسەتمەدار و ڕوناکبیر و ڕۆشنبیرانی کوردەوە نا بیر لە خۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتن و یەکخستنی تواناکانی نەتەوەکەیان بکەنەوە. ئامانجی خۆیبوون ڕزگاری کوردستان و بونیادنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو بۆ کوردستانیان، بۆیە کەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان لەو کۆمەڵەیەدا بەشداربوون. تا چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمیش یەکێتیی نەتەوەیی لای کورد بەهێزبوو، چ ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراو و حیزبانەی دروست بوون، چ ئەو گۆڤار و ڕۆژنامە و چاپەمەنیانەی بڵاودەکرانەوە، بەرنامە و وتار و گوتارەکانیان کوردستانیی و یەکێتیی نەتەوەیی بوو، نەک لۆکاڵی و لەسەر ئاستی بەشێک یان پارچەیەک یان شارێکی دیاریکراوی کوردستان بووبن، بۆیە نووسەران و بەشداربووانیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان و نوێنەرانی زۆربەی شارەکانی کوردستانی گەورەی تێدابوو، گوزارشتیان لە مەینەتیەکانی کورد و ستەمی داگیرکەران و هەوڵی سڕینەوەی سیما کلتورییەکانی کوردیان دەکرد.

بۆ وەڵامدانەوەی ملهوڕییەکانی داگیرکەران، سەید ڕەزا ڕابەرایەتی ڕاپەرینی دەرسیمی کرد. لە ١٩٣٧ تا ١٩٣٩ دژی سیاسیەتی ڕاگواستنی زۆرەملێی کورد و بەتورککردنی کوردستان. لە ڕاپەڕینەکەدا هەزاران کوردی عەلەوی و زازا شەهید بوون.

یاسای ڕاگواستن و دووبارە نیشتەجێکردنەوەی دانیشتوان لە تورکیا لە ١٩٣٤ دەرچوو. ئەم یاسایە بەمەبەستی سڕینەوەی کلتوری کورد و سەپاندن و زاڵکردنی زمان و کلتوری تورکی بوو بەسەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکانی دیکەی تورکیادا. لە ١٩٣٥ دا، تورکیا ویستی ئەم یاسایە لە دەرسیم جێبەجێ بکات، سەرەتا ناوی “دەرسیم”یان گۆڕی بە تونجەلی، کورد بە گشتی و خەڵکی دەرسیم بەتایبەت ڕووبەڕووی ئەم یاسا شۆڤینیە بوونەوە و ڕەتیان کردەوە ناوچەکانیان بەجێبێڵن. تورکیا بە ئاگر و ئاسن وەڵامی ئەو ڕاپەرینەی دایەوە. بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان نزیکەی ١٤ هەزار کوردی کوشت و زیاتر لە ١١ هەزاری ڕاگواست. ئەمەش نموونەیەکی ڕوونی جینۆساید و لەناوبردنی بەکۆمەڵی کورد بوو لە تورکیا.

 لە کۆتایی سییەکان و سەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانی دا چەندین کۆمەڵە و ڕێکخراو و گرووپی نەتەوەیی دروست بوون، کە گوزارشتیان لە پێشکەوتن و گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی کورد دەکرد، لەوانە کۆمەڵەی ئازادی و کۆمەڵەی برایەتی و دارکەر و هیوا و کۆمەڵەی ژێکاف و چەندانی دیکەی تایبەت بە لاوان و خوێندکاران و پیشەییەکان. سەرەڕای دووری نێوانیان و نەبوونی ئامرازەکانی هاتوچۆ و پەیوەندیکردن لەو قۆناغەدا، بەڵام پەیوەندی لە نێوان ئەم کۆمەڵە و ڕێکخراوانە لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان هەبوو و هێشتا پرسی نەتەوەیی کورد لە یەک دانەبڕا بوو. لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی دا، ئەم ڕێکخراوانە بوونە هەوێنی لە دایکبوونی حیزبی نەتەوەیی فراوان لە کوردستانی گەورەدا، کە ئەمەش سەرەتای قۆناغێکی دیکە بوو لە پرۆسەی دروستبوونی کلتوری سیاسی و خۆناسیندا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO