سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەرێم لەبەردەم هەڕه‌شەكانى  ئێران و توركیا !

ئەحمەد ئەنوەر

بەر لە هەموو شتێك لە ڕوانگەى هەر كوردێكى وشیار و نیشتمانپەوەر، كوردستان وڵاتێكى داگیركراوە و هەر بەشێكى بێڕەزامەندى نەتەوەکەی (گەلەكەى) لكێنراوە بە دەوڵەتێك، بەڵام بە پێی قانونى نێودەوڵەتى هەر چوار بەشەكەى كوردستان (باكوور، ڕۆژهەڵات، باشوور، ڕۆژاڤا) خاك و نەتەوەکەی كراون بە بەشێكى ئەو دەوڵەتانە! ئەو دۆخە دژوار و ئاڵۆزە وەك پرِۆفیسۆرى تورك ئیسماعیل بێشكچی ئاماژەى پێكردووە “كوردستان كۆڵۆنییەكى نێودەوڵەتییە” و لە دۆخى هیچ وڵاتێكى داگیركراو ناچێ.

هەرێمی كورستان (هەولێر، سلێمانى، دهۆك)، بەشێک لە باشووری کوردستان، لە دواى ڕاپەرِینى ١٩٩١ بە بڕیاری ٩٨٦ ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ستاتۆیەكى تایبەتى پێدرا و پەرلەمان و حكومەتى هەرێمى كوردستان بەرهەمى ئەو دۆخەن كە ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا پاڵپشتیان كردووە، بەڵام بۆ ڕازیكردن و دڵنیاكردنەوەى توركیا كە هاوپەیمانى ئەو سێ دەوڵەتە و ئەندامى ناتۆیە بەردەوام بە سەركردەكانى كوردیان گوتوە كە شتێك نەكەن توركیا نیگەران بكات و ئاسایشەكەى بخاتە مەترسییەوە. هەر بۆ دڵنیاكردنەوەى توركەكان شاندە ئەمریكى و بەریتانىیەکان لە ١٩٩١ ـەوە تا ٢٠٠٣ هەر كاتێك سەردانى هەرێمى كوردستانیان دەكرد نوێنەرێكى توركیایان لەگەڵ خۆیان دەهێنا! ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە ئەوان وەك بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقى مامەڵە لەگەڵ كوردەكان دەكەن و بەرنامەیان نییە قەوارەیەكى سەربەخۆ بۆ كورد دامەزرێنن !

وەك دەزانین توركیا لەبەرئەوەى ڕێگەى نەدا ئەمریكا لە ٢٠٠٣ دا بنكەى ئەنجەرلیك بۆ لێدانى عێراق بەكاربێنێت لە گۆڕەپانى سیاسی عێراق كەوتە دۆخێكى لاواز و بێكاریگەر و لە ٢٠ ساڵى ڕابردوودا هەوڵى زۆرى دا كە قەرەبۆى بكاتەوە بەڵام چەندى دەكات بۆی ناكرێت! توركیا لە ٢٠١١ بە دواوە لە ترسی دووبارە بوونەوەى سیناریۆى عێراق و بەهێزبوونی پێگەی کوردستانیان لەوێش بە هەموو هێزى خۆى دەستوەردانى لە سوریا كرد .

پێچەوانەى توركیا، ئێران لە ڕێگەى شیعە لایەنگرەکانى بە گوڕوتینەوە هاتە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و باڵادەستى سیاسى و سەربازى و مەزهەبى لە عێراق دا بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ توركیا بەراورد ناكرێت،

دەستوورى عێراقى دواى ٢٠٠٥ و پڕۆسە سیاسییەكەى بەرهەمى ئامادەیی ئەمریكا بوو لە عێراق كە هەرێمى كوردستان دەستكەوتى مەزنى بۆ باشوورى كوردستان فەراهەم كردووە. ململانێی ئێران و ئەمریكا كۆنە و تازە نییە، بەڵام دەوڵەتانى دژە دیموكراسى ناوچەكە بە تایبەت ئێران نەیانهێشت پڕۆسەى سیاسی عێراقی دواى ٢٠٠٣ وەك حەزی ئەمریکییەکان بەڕێوەبچێت، ئێران لە سەرێك دەیەوێت عێراق بە تەواوى بخاتە ژێر هەژموونى خۆی، لە سەرێكى دیكەش مانەوە و بەردەوامى قەوارەى هەرێمى كوردستان بۆ خۆی بەمەترسی دەبینێت نەبادا هەمان ئەزموون لە ئاییندەدا ئێرانیش بگرێتەوە، گوشارى سیاسى و سەربازى و ئابوورى تاران بۆ سەر هەرێمى كوردستان چ ئەوەى ڕاستەوخۆ خۆی دەیكات یان ناراستەوخۆ لە ڕێگەى بەغدا دەیكات پەیوەندى بەو هۆكارانەى سەرەوە هەیە.

حیزبەكانى ڕۆژهەڵاتى كوردستان ساڵانێكە خەباتى چەكداریان دژى ئێران ڕاگرتووە، بەم دواییەش بەو ڕێوشوێنانە ڕازى بوون كە حكومەتى هەرێم و حكومەتى فیدڕاڵ بۆیانى داناوە كە هێزەكانیان لە سنوور دووربخەنەوە. هەوروەها حكومەتى هەرێم بە هیچ شێوەیەك دەستى لە كاروبارى ناوخۆى ئێران وەرنەداوە، بۆیە بۆردومانكردنى هەولێر سەد لە سەد پەیام و مەبەستى سیاسی لە پشتە كە پەیوەندى بە ئاییندەى پڕۆسەى سیاسی عێراق و پێگەى هەرێم و  مانەوەى ئەمریكایە لە عێراق. بانگەشەى ئەوەى سیخوڕى موساد لە هەولێر بوون پاساوێكى بێبنەمایە و تەنها بۆ ڕەوایی دانە بەو هێرشانە. لێرەوە دیارە كە مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ئاسایشی هەرێمى كوردستان شیعە لایەنگرەکانى ئێران و خودى حکومەتی تارانە، بۆیەشە سەقامگیریی و مانەوەى قەوارەى هەرێمى كوردستان دەكاتە ئامانج.

پەلامار و بۆردومانەكانى توركیا لە باشوورى كورستان لەبەر ئەم هۆكارانەى خوارەوە ڕەهەندى جیاوازترى هەیە لەوەى ئێران  :

یەكەم: پە*كە*كە لە هەرێمى كوردستان بێڕەزامەندى خەڵك و پەرلەمان و حكومەتى هەرێم ناوچەیەكى فراوانى كۆنترۆڵ كردووە، كە ٥٠٠ گوند زیاترە و لەبارترین ناوچەیە بۆ گەشتوگوزار و باخدارى و ئاژەڵدارى، کە ناوى ناوە هەرێمەكانى پاراستنى میدیا! پە*كە*كە ڕێگە نادات پۆلیسێكى حكومەتى هەرێم لەو ناوچانە هەبێ و هیچ نرخێک بۆ دامەزراوەكانى حکومەتی هەرێم دانانێت. حكومەتى هەرێم بوونی لە ناوچەیەك نەبێت، سوپاى  توركى پێشڕەوى بکات چۆن دەتوانێت ڕێگرى لێ بكات؟ هێزەکانی پە*كە*كەه لەگەل توركیا لە شەڕ دان و بۆ هەموو لایەك و بۆ توركیاش زانراوە كە پە*كە*كە ئەو ناوچانە بۆ مەشق و خۆئامادەكردن و پەیداكردنى چەك و جبەخانە بەكار دێنێت. ئەگەر بۆ پە*كە*كە ئاسایی بێت كە ناوچە سنووریەكانى هەرێم وەك پێگەیەك بۆ خۆی بەكار بێنێت، بێگومان توركیاش بە ئاسایی دەبینێت لەو پێگانە بدات.

دووەم: توركیا بە پلەى یەكەم چ لە ناوچە سنووریەكان بێت چ لە قوڵایی هەرێم بێت، ئەوا بارەگا و ئۆتۆمبێل و جموجۆڵى كادیرانى پە*كە*كە بە ئامانج دەگرێت. توركیا وەک ئێران نەهاتووە  هەژموونى خۆى لە دادگاى فیدڕاڵى بخاتەگەڕ تا بڕیار لە دژى هەرێمى كوردستان دەر بكات یان بە زیانى كورد پڕۆسەی سیاسى عێراق ئاراستە بكات. بێگومان ئەوە بە مانایە نییە كە توركیا دۆستى هەرێمى كوردستانە، چونکە ئەویش لە ڕۆژاڤاى كوردستان دژى كوردستانیان هەرچى لە دەستى هاتبێت قسورى نەكردوە، لە پەیوەند بە باشووریش ئێستا دەنگۆ هەیە کە تورکیا گوشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراق ئەگەر پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک دابنێن ئەوا ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەرناداتەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، لەم بەراوردەدا مەبەستمانە قسە لەسەر ئەوە بکەین کە كامەیان مەترسى زیاترن لەسەر ئاسایشى باشوورى كوردستان .

پەرلەمان و حكومەتى هەرێمى كوردستان هەم بەپێی یاسا هەم بەپێی پابەندیی مرۆیی و نەتەوەیی، لە خاك و خەڵكى هەرێم بەرپرسە كە سەلامەتیان بپارێزێت و زەمانەتی مانەوە و بەهێزكردنى بكات. بە گوێرەى ئەوەش ئەو هێز و گرووپ و دەوڵەتانە دیارى بكات كە هەڕەشەن لەسەرى. بێگومان لە بارودۆخی ئێستادا گرووپەكانى نزیك لە ئێران و خودى ئێران هەڕەشەى گەورەترن، نەك تەنها بۆ سەر هەرێمى كوردستان بگرە بۆ سەر تەواوى عێراقیش. باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاڤاى كوردستان تایبەتمەندى و حیزب و سەركردە و خاوەنى خۆى هەیە و ئەوانیش مافى خۆیانە بەپێی بەرژەوەندى خۆیان سیاسەت و دیپلۆماسی خۆیان بەڕێوەببەن. بێگومان نابێت بەرژەوەندى هیچ بەشێكى كوردستان لەسەر حیسابى بەرژەوەندى بەشەكانى دیكە بێت .

حكومەتى هەرێم وەك قەوارەیەكى دەستووریى لە عێراق كە دراوسێی ئێران و توركیایە ئاساییە بگرە پێویستیشە پەیوەندى باشى لەگەڵ هەردوو دەوڵەت هەبێت، بەڵام كاتێك ئەو پەیوەندییە باش و ئاساییە كە تاران و ئەنقەرە ڕێز لە سەروەرى و بەرژەوەندیەكان و دامەزراوەكان  و کوردستانیان لە هەرێم بگرن. ناكرێت هەرێمى كوردستان بە هەمان لۆجیك و ڕوانینی حیزبى دیموكراتی کوردستان-ئێران و پە^كە^كە مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتەدا بكات. ئاساییە پە^كە^كە بە توركیا بڵێت داگیركەر، حیزبى دیموكراتیش بە ئێران بڵێت كۆمارى سێدارە، بەڵام حكومەتى هەرێم ناچارە بەپێی یاسا و عورفی دیپلۆماسی ڕەفتار بكات و وەك درواسێ بجوڵێتەوە تاوەکوو ئەوانیش ڕەچاوى هەمان شت بكەن.

پەیوەندى حیزبەكانى باشوور لەگەڵ  هێزە سیاسیەكانى عێراق و دەوڵەتانى هەرێمایەتى بە تایبەت ئێران و توركیا، ئەگەر بۆ بەهێزكردن و سەقامگیرى قەوارەى هەرێم و بەدەست هێنانى شایستە دەستووریەكان بێت‌، ئەوا كارێكى دروست و پێویستە، بەڵام ئەگەر  ببێتە پارسەنگ بۆ ئەو هێزانەى كە هەوڵى ڵاوازكردن و دواجار هەڵوەشاندنەوەى هەرێم دەدەن! ئەوا سنوورى پەیوەندی ئاسایی دەرباز دەكات و دەچێتە خانەیەكى دیكە!

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO