لەگەڵ تەوژمی جیهانگیری (عەولەمە) سنووری سیاسیی و ئیداریی نێوان وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی پێشکەوتوو، کاڵ بۆتەوە. یەکێتیی ئەوروپا دروست بوو، سنووری نێوان بیست و هەشت وڵاتی ئەوروپی بووە بە یەک. بە ڤیزای شینگن دکاری سەردانی هەموویان بکەیت. ئەنجوومەنی هەرەوەزیی کەنداو دروست بوو کە پێک هاتووە لە شەش وڵات: بەحرەین، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات. هاووڵاتیی هەر یەک لەم وڵاتانە بە ئاسانی دەپەڕێتەوە بۆ ئەوانی دیکە. دەستە و تاقمی دیکەش لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا و شوێنەیلی دیکەش دروست بوون، بەڵام سنووری کلتوری هەر ماوە، بگرە تۆختریش بووە.
سنووری کلتوری واتە جیاوازیی نێوان نەتەوەکان لە ڕووی کلتورەوە. واتە سنووری کلتوری نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی دی جیا دەکاتەوە، نەک سنووری سیاسی و ئیداری. ئەو قوڕەی بۆ کوردستان گیراوەتەوە و دەگیرێتەوە ئەوەیە، دوژمنان هەر تەنیا سنووری سیاسی و ئیداریمان ڕەت ناکەنەوە، بگرە چاویان دێتە دەرێ بە سنووری کلتوریشمان. بە هەموو شێوەیەک پیلانیان هەیە بۆ تێکدانی سنووری کلتوریی کوردستان. بۆیە دەبێت، لەپاڵ کۆششی مسۆگەرکردنی سنووری سیاسی و ئیداری، دەبێت وردتر و ژیرانەتر دەست بە سنووری کلتوریمانەوە بگرین و بیپارێزین. لە بابەتی پێشوومدا (شانازییەکانمان)، باسی کۆمەڵێک لایەنی کلتوریی کوردستانیم کردووە کە پێویستە ئیشی زیاتریان لەسەر بکەین، برەویان پێ بدەین و بیانپارێزین.
بنۆڕە وڵاتان چۆن سنووری کلتوری خۆیان دەپارێزن. ئەگەر بە وردی سەیری وڵاتەیلی یەکێتیی ئەوروپا بکەین، دەبینین زۆر لێک نزیکن، بەڵام هەر وڵاتە و سنووری کلتوریی خۆی زۆر بە باشی دەپارێزێت. بۆ نموونە، ناتوانیت باڵەخانەیەک بە تەلارسازیی ئەڵمانیا لە هۆڵەندا دروست بکەیت. ناتوانیت پەنیرێکی فەرەنسی بە شێوازی هۆڵەندی بەرهەم بهێنیت. ناتوانیت دیزاینی هەر شتێک لەسەر هیچ وڵاتێکی دی بسەپێنیت. ئەگەر ئەم جارە چوویتە هەر وڵاتێک، بڕوانە شێوازی خانوویان، شەقامیان، ڕۆیشتنیان، زبڵدانیان هتد. بزانە چی بەدی دەکەیت.
بەداخەوە لە کوردستان، هیچ حیسابمان بۆ ئەو بابەتانە نەکردووە. ماڵباتی کوردستانی شانازی بە سەقفی مەغریبی و ناوماڵی تورکی و دیزاینی ئیتاڵی و هتد دەکات، ئەمە کارەساتە. ماڵباتی کوردی ئامادەیە، هەشتا وەرەقە بە کەوەنتەری تورکی بدات، بەڵام عەقڵی بەوە ناشکێت تابلۆی نیگارکێشێکی خۆماڵی بکڕێت بە دوو وەرەقە. نەک پێی زۆرە، پێی کفرە. پار، چەند تابلۆیەکم لە نیگارکێشانی بە توانا پۆڵا کەریم، هۆشەنگ شێخ محەممەد و ڕێزان محەممەد کڕی. هەرچی میوان هەیە پێی سەیرە من پارەم بەو تابلۆیانە داوە، بەڵام لای ئاسایییە یەک تاخم قەنەفەی تورکی بە بیست وەرەقە بکڕێت، کە ڕەنگە دوای ساڵێک یان دوان بیگۆڕێت. ناتوانین دانیشین باسی دەوڵەتی کوردستانی بکەین و تاکی کوردستانی ئامادە نەبێت ڕێز لە هونەر و کلتور و خاک و خۆڵی خۆی بگرێت.
حکومەت و میدیاکانیش دەتوانن ئیش لەسەر ڕای گشتی بکەن بۆ کڕینی تابلۆی خۆمانە. ئەو چەند کەسەی حەزی لە تابلۆیە و سەری لێ دەردەچێت، ئەوانیش دەچن تابلۆی چینی یان بیانی دەکڕن، کە کۆپییە و کەس نازانێت کێ دروست کردووە. مامۆستایانی وانەی هونەر لە قوتابخانەکان ئیشیان چییە؟ لە وانەی وێنەکێشاندا، هەر هەفتەی نیگارکێشێکی خۆماڵی بە قوتابییەکان دەناسێنم. تاک و تەرا مامۆستا دەناسم ئەو کارە دەکەن، دەستیان خۆش بێت، بەڵام دەبێت بکرێتە فەرمان و بەسەر هەموو مامۆستایانی وانەی هونەردا بێتە سەپاندن.
ئەگەر شۆڕشی گۆرانی و میوزیکی زەکەریا نەبا، ئێستاش گەنجانی کورد گوێیان لە فارسی و تورکی و عەرەبی و بیانی دەگرت. وەرە سەیری کلیپی گۆرانییە کوردییەکان بکە. بێز لە زۆربەیان دەکەیتەوە. ناسنامەی کلتوریمان لەو کلیپە کرێتانەدا دۆڕاندووە، ون کردووە. ئەمن نازانم وەزارەتی ڕۆشنبیری خەریکی چییە؟ زۆربەی گۆرانیبێژانی مە ڕوویان لە ڕۆژئاوایە، لاسایی کلیپ و ڕەفتار و جووڵەی ئەوان دەکەنەوە. دەبێت ئەمە ئیشی لەسەر بکرێت و ئەو فەوزایە نەمێنێت.
لەگەڵ کۆمەڵێک گەشتیار لە بازاڕی دهۆک چووینە چەند دووکانێک. هەموویان گۆرانی تورکیان لێ دەدا. تا دوا جار خۆم پێ نەگیرا و بە خاوەنی دووکانێکم گوت، تکایە گۆرانییەکی کاروان کاملم بۆ لێ بدە، بێزار بووم لەو گۆرانییە تورکییانە. ئەویش سەرسام بوو و گوتی، “ئەز چ بکەم، ئەڤە نە حەزی منە، حەزی موشتەرییانە”. گەلێک خۆشحاڵ بوو و گۆرانییەکی کاروانی هاویشتە سەری. دەبێت ورد بین لەم شتانە، خەریکە سنووری کلتوریمان لەدەست دەدەین. سنووری کلتوریی مە، پێناسە و شانازی و شکۆمانە، دەبێت وەک سنوورە سیاسییەکە بۆی بسووتێین.
زۆر شار گەڕاوم لە دونیا. ئەوەی ئەمن بەدی دەکەم ئەوەیە چۆن سنووری کلتوریی خۆیان پاراستییە. هیچ شتێکیان بە هەڕەمەکی نە کردییە، هەموو شتێک ڕێک و فیتە. شەقام و پارک و زبڵدان و شوێنی پایسکل و شوێنی ماتۆڕ و شوێنی پیادە و هێڵی ترام و شەمەندەفەر. ئەمانە هەمووی دەچنە خانەی سنووری کلتورییەوە. ئەدی لای خۆمان؟ بریا هەر هەڕەمەکی بایە، خراپترە، فەوزایە.
فەوزا خراپترە لە هەڕەمەکی. هەڕەمەکی دەلیڤەی چاکبوونەوەی هێشتا ماوە، بەڵام لە فەوزادا هەموو شتێک ون دەبێت و لەدەست دەر دەچێت و قەت نایەتەوە جێی خۆی. قەت ناپرسیت بۆ چی تاکی کوردستانی هێندە مڕومۆچ و خەمناک و تووشە؟ هۆیەل زۆرن. با باسی یەکێکیان بکەم کە هەموومان پێوەی گیرۆدەین، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین. بۆ نموونە، سبەینێ بە پێ دەچیت هەندێک سەموون بکڕیت. هەر ئەوەندەی تا دەگەیە لای نانەواخانەکە، دونیایەک فشارت لەسەر دروست دەبێت تەنیا بە دیتنی ئەو دیمەنانەی سەر ڕێت، ئەو فەوزایەی دەیبینی: زبڵ و خاشاک، ڕەسیفی ناڕێک، خانووی ناڕێک، دیزاینی ناشیرین، تەونی وایەر بە عامودەکانەوە (وایەری مۆلیدە)، نەبوونی تەنسیقی ڕەنگەکان، هتد. بێ ئەوەی هەست بکەیت، ئەمانە دڵت دەگوشن و مڕومۆچ دەبیت و زۆر بەئاسانی لە بچووکترین شت تووڕە دەبین و دەکەینە هەرا لەگەڵ خۆمان و و ئەندامانی ماڵەوە و دەوروبەریشمان.
یەکەم شت من دەیبینم سبەینان، تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی وایەری مۆلیدەی بەردەمی ماڵمانە. ئای کە ناشیرین و دڵگوشە. بە دیتنی ئەمە، یەکسەر تا ئێوارە جەوم تێک دەچێت. ڕۆژانە، تاکی کوردستانی، بێ ئەوەی ئاگای لێ بێت، بەر سەدان دیمەنی فەوزەوی وا دەکەوێت. ئەی دەنگ؟ هەر مەپرسە لەوەیان. جارێک دەنگی ماتۆڕ مێشکی سەرت دەبات. چاو بدەنە مالیزیا. لەسەر شەقام، هێندەی ماتۆڕ هەیە، هێندە ئۆتۆمبێل نییە. لە ترافیک، کاتێک بەر دەبن، دەڵێیت شانەی مێرووستان دەر بووەتەوە، هێندە زۆرن، کەچی یەک ماتۆڕ دەنگی لێوە نایەت. ئاخۆ دەنگی ماتۆڕ پەیوەندیی چییە بە سنووری کلتوریی مالیزیاوە؟ پەیوەندی زۆرە. دەنگی ناخۆشی ماتۆڕ ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر زەوق و چەشەی کلتوری ئەم وڵاتە. دەبێت حکومەت بە زووترین کات بێتە سەر خەت و دەنگی ماتۆڕ لە کوردستان چارەسەر بکات. ئەی نەڕەی مۆلیدەکان؟
ئێمەی کوردستانیان چەندان جۆر دوژمنمان هەس. بەڵام ئەوەی مۆلیدەکان بە تاکی کوردستانی دەکەن، هیچی کەمتر نییە لە پیلانەیلی دوژمن. نەڕەی مۆلیدە سنووری کلتوریی کوردستانی شێواندووە. بێ لە دیمەنی مۆلیدەکان، خۆ تام لە یەک پارک، شوێنی گشتی یان شەقام ناکەم، لەبەر نەڕەی مۆلیدەکان. پیاسەکردن کلتورە. پیاسەکردنی مە تێکەڵ بە نەڕەی مۆلیدەکان بۆمان دەبێتە زەقنەبووت. پێم سەیرە “ئیش لەسەر دەوڵەت دەکەین” و ئەو هەموو مۆلیدەیە هەیە لە گەڕەکەکان. خۆ دەوڵەت ئەوها دروست ناکرێت؟ ئەی لایەنی تەندروستیی؟ هەر مەپرسە، ژەهری ئەو مۆلیدانە وای کردووە ڕێژەی شێرپەنجە بەرز بێتەوە لە کوردستان. ڕەنگە بابایەک بڵێت، ئەوە چ پەیوەندی بە کلتور و بنیاتنانی دەوڵەتەوە هەیە؟ پەیوەندی گەلێک زۆرە. نەڕەی مۆلیدە و ماتۆڕی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ناخ و دەروونی تاکی کوردستانی هەیە و زۆر بە نەرێنی کاریان تێ دەکات. تاکی کوردستانی، ئەگەر لایەنی دەروونی تەواو نەبێت، بێ شک، لایەنی کلتوریشی شەپڕێو دەبێت، تاقەتی دەچێت و لایەنی کلتوری بیر دەچێتەوە، یان بۆی گرنگ نییە چونکە کێشەی گەورەتری هەس.
بڕوانە دیزاینی ناوەوەی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی. هەر کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی ئیفلاس بکات و یەکێکی غەیرە ژاپۆنی بیکڕێت، دەبێت دیزاینی ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە هەر ژاپۆنی بێت. کاتێک نیسان ئیفلاسی کرد لە ١٩٩٨ و لەگەڵ ڕینۆڵتی فەرەنسی یەکی گرت، نیسان بە ئەقڵ و ئیدارەی فەرەنسایی دەهاتە بەرهەم، بەڵام ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە هەر ژاپۆنی بوو. ئەوەیە پاراستنی سنووری کلتوری. لای خۆشمان، زۆر بە ئاسانی شا گەشکە دەبین بە شتەیلی بیانی، لە دەرزییەوە بگرە تا دەگاتە گەورەترین شت. بزانە ئەو شتەیلە بیانییە چەند کاریگەری هەیە لەسەر سنووری کلتوریمان، لەسەر ناسنامەی کلتوریمان. هەرچی بەرهەمەیلی ژاپۆنییە، مۆرکی کلتوریی ژاپۆنی بەسەرەوە دیارە. ڕەنگە یەکێک بڵێ، ئەم بەراوردەی نێوان ژاپۆن و ئێمە دادوەرانە نییە. بۆ؟ مەگەر ئێمە نەتەوە نین؟ لەوان کۆنتر نین؟ تا کەی دانیشین و بڵێین ناکرێت بەراورد بکەین؟ تا کەی دانیشین و پاساوی بێبنەما بهێنینەوە بۆ کارە سەقەتەکانمان؟ ڕەنگە یەکێک بڵێ، ئێمە جارێک دەوڵەتمان نییە بۆیە ناپەڕژێینە سەر ئەم شتانە. ئەمە بێماناترین ڕستەیە و دەبێت وازی لێ بهێنین و چی دیکە دووبارەی نەکەینەوە. ئەوانەی من لێرە و لە وتارەیلی پێشوو باسیان دەکەم، دەبێت ئەنجام بدرێت پێش ئەوەی ببینە دەوڵەت. حەیفە دەوڵەتت هەبێت و سنووری کلتوریت نەبێت یان شێواو بێت. وەک باسم کرد، لەبەر ڕاکەڕاکی دەوڵەت، زۆر شتمان لە بیر چووە کە پێش بوونی دەوڵەت دەبێت کاریان لەسەر بکەین. بە دەیان بڕیار هەیە دەبێت بە زووترین کات بدرێن لەپێناو دەوڵەتی کوردستانی، بەڵام نازانم بۆ چی ئەو بڕیارانە لە بیر کراون و ئیشیان لەسەر ناکرێت. لە وتاری دادێ، باسی ئەو بڕیارانە دەکەم. هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار بە هەندیان وەربگرێت.
جاران خەنەبەندان مۆرکی کوردەواری پێوە دیار بوو. ئێستا خەنەبەندان بە ئێرانی و تورکی و عارەبان دەچێت. ئەوە کفری کلتورییە. وەرە بەراوردێک بکە لە نێوان ئاهەنگی هاوسەرگیریی جاران و ئێستا. ئیی جاران کوردەواری و خۆمانە بوو. دەکرێت برەوی پێ بدرێت، ئاسایییە. بەڵام ناکرێت تەواوی پرۆسەکە بێتە گۆڕین. ئەگەر لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئەم سەردەمە ورد ببیتەوە، بە دەگمەن ئاهەنگ هەیە بە ئیی کوردان بچێت. تێکەڵەیەکە لە عەرەبی و تورکی و فارسی و ئەوروپی. لەوەش سنووری کلتوریمان هاتووەتە بەزاندن. بێ و قسانیش بکەیت، دەڵێن بابە لە کوێ خەوتووی، دنیا پێشکەوتووە و خەڵک وەک جاران بیر ناکاتەوە. من بەوە ناڵێم پێشکەوتن، ئەوە ئەوپەڕی دواکەوتنە. خەمەکە لەوەدایە، بابای خاوەن ئاهەنگ پۆزی پێ لێ دەدات و شانازە بەوەی ئاهەنگەکەی دەنگی داوەتەوە.
وەرە سەیری پشت سەیتەرە، دڵۆپە و شوێنە گەشتیارییەکان بکە. جاران سەیرانی کوردەواری چەند جوان و خۆش بوو. چەند کوردی بوو. ئێستا هەرچی هەیە نێرگەلەیەکی لە پێش خۆی داناوە، یەک تۆپە میکیاج و بە جلی ناشیرینی بیانی بە دەم تیکتۆکەوە لێی دادەنیشێت. پێی وایە موسەقەف بووە و پێشکەوتووە. ئای کە چەند ناشیرینە دیمەنی نێرگەلەکێشەکان. تەنانەت لە ناو بازاڕ و کافتریاکانیش. نێرگەلەکێشان کلتوری کوردان نییە و لێشمان نایەت. گەلێک کرێتە کاتێک ئافرەتێک دەبینم بۆڕی نێرگەلەی خستووەتە ناو دەمی و دەیمژێت و دەیکاتە فڕوهۆڕ و چوار دەوری دەکاتە کوورە. بزانە چەند ئازاین لە وەرگرتنی کلتوری ئەوانی دیکە و پشتکردن لە کلتوری خۆمان. دەڵێن حکومەت ڤێیپی قەدەغە کردووە. جێی دەستخۆشییە و دەبێت نێرگەلەیش بێتە قەدەغەکردن.
زمان بڕبڕەی سنووری کلتورییە. بووەتە مۆدێل منداڵمان ئینگلیزی بزانێت. نەک مۆدێل، بگرە بووەتە شانازی و پۆز لێدان. ئەوێ ڕۆژێ باسی منداڵێکیان دەکرد گوایە لاڵە و قسە فێر نەبووە. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا، دیسان دەیبەنەوە لای دکتۆرێکی دیکە. دوای پشکنین، دکتۆرەکە بە ئینگلیزی قسە لەگەڵ منداڵەکە دەکات و ئەویش وەڵامی دەداتەوە، بە ئینگلیزییەکی باش. دایباب دەتاسێن کاتێک دەبینن منداڵەکەیان بۆ جاری یەکەمە قسان دەکات. لە خۆشیان دەست دەکەن بە گریان. دکتۆرەکە پێیان دەڵێت، بەردەوام لە دیار سکرین بووە و هەر گوێی داوەتە شتەیلی ئینگلیزی، بۆیە کوردی فێر نەبووە، بەڵام ئینگلیزییەکی چاک فێر بووە. ئەمە کارەساتە. دوای دە ساڵ ژیان لە ئەمریکا، کاتێک گەڕاینەوە، منداڵەکانم کوردیان باش نەبوو، بەزووترین کات چووم کتێبی “ئەلف و بێی کوردی”ی باڵدارم کڕی و ڕۆژانە لەگەڵیان پێدا هاتم، تا بە تەواوی فێرم کردن. لە قوتابخانە، منداڵەکانم کوردیان لەو منداڵانە باشترە کە دەرەوەیان نەبینیوە و هەر لە کوردستان بە کوردی خوێندوویانە. بۆ؟ لەبەرئەوەی نە قوتابخانە، نە دایباب، بایەخ بە زمانی کوردی نادەن.
ڕۆشنبیرانی مە بوونەتە چەندان لەت لەسەر زمانی کوردی. هەر لەتەی، بەپێی ڕبەی خۆی، بانگەشە بۆ ڕێنووس و زمانی ستانداردی کوردی دەکات. بابەتی زمان بە ڕۆشنبیران یەکلایی نابێتەوە. دەبێت بە بڕیارێکی سیاسی پرسی زمانی کوردی بێتە چارەسەرکردن. ئەگەر بە بڕیارێکی وا زمانی کوردی یەکلایی کرایەوە، هیچ میدیا و چاپخانە و ڕۆشنبیر و لایەنێک ناتوانن خۆیانی لێ نەبان بکەن و بە کەیفی خۆیان بە ناو زمان بکەون، وەک ئەوەی ئێستا دەیکەن. ئەمن لێرە زۆر لەسەر پرسی زمانی کوردی ناوەستم، چونکە مەبەستی من لێرە باسکردن و ئاماژەدانە بە شتە بچووکەکان. زمان پرسێکی گەورەیە. هەندێک هەوڵ هەن، بەڵام لەسەر ئاستی تاکە کەسین. دەبێت هەوڵەکان فراوانتر بکرێن و لەسەر ئاستی نەتەوەییدا بن.