سەرهەد شێخە
بێگومان باسکردن لە “نیگەرانییەکانی” ئێران وەک یەکێک لە وڵاتە زلهێزە هەرێمیەکان و دراوسێیەک نە بەمانای بەرگری کردنە لێی و نە ڕەوایەتی دانە بە هێرشە درۆن و موشەکییەکانی بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام وەک وڵاتێکی دراوسێ، ئێران چاوەڕێی زیاتری لە هەرێمی کوردستان هەبوو چونکە دەڵێن لە کاتی تەنگانە و ناڕەحەتییەکانی سەر هەرێم، ئەوە ئێمە، ئێران، بووین بەهانای هەولێر و خەڵکی کوردستان هاتین، بەتایبەت لە سەردەمی کۆڕەوەکە و شەڕی داعش. لەم کورتە بابەتەدا هەوڵ دەدەم کە “نیگەرانییەکانی” ئێران بە کورتی لە چەند خاڵێکدا بخەمەڕوو.
یەکەم، ئێران “نیگەرانە” لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) وەک گەورەترین حیزبی پێکهێنەری حکومەت لە هەرێم کە نیازی بوو ڕێککەوتن لەگەڵ کوتلەی سەدری شیعیی و حەلبوسی سوننی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە لە عێراق بکات. ئێران وای دەبینێت کە پارتی لە هەوڵی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئێرانە لە عێراق.
دووەم، ئێران “نیگەرانە” لە بوونی بارەگای حزبیە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت لە کاتی بوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەگومانی یارمەتی و هاندانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایان حزبیەکانی ڕۆژهەڵات و سەرۆکی. ئێران ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆ، بەتایبەت ئەوانەی شارەکانی ڕۆژهەڵات، وەک هەوڵی ئەو حیزبانە دەبینێت بۆ بنکۆڵکردنی ڕژێمی ئێران. ئەمە زیاتر جێگەی نیگەرانییە بۆ ئێران کاتێک دەبینێت حیزبە کوردستانییەکان لە باشوور بنە و بارەگایان هەیە.
سێیەم، ئێران پێیوایە کە دەزگای موساد،ی ئیسرائیلی، یان لانیکەم سیخوڕەکانی موساد، لە هەرێم بوونیان هەیە و لە پلانڕشتنن دژی جمهوری ئیسلامی. فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل ئەم گومانانەی ئێرانی تۆخ کردۆتەوە.
چوارەم. ئێران ئاگاداری بوونی بارەگا و سەربازگەی هاوپەیمانانە، بەتایبەت ئەمریکا، لە هەولێر و حەریر. ئەمەیان نەک هەر جێگەی گومان نییە بەڵکو بۆ ئێران سەرچاوەی هەڕەشەشە.
پێنجەم، ئێران هەرێمی کوردستان، یان پارتی، وەک بەربەست دەبینێت لەبەردەم ئەو هیلالە شیعییەی کە دەیەوێت لە ناوچەکەدا دروستی بکات کە لە ئێرانەوە بە عێراق و سوریا دا درێژ دەبێتەوە بۆ لوبنان. ئەنجامدان و سەرکەوتنی ڕیفراندۆم لەوانەبوو ئەو نیگەرانییە بەرجەستە بکات.
شەشەم، ئێران نیگەرانە لە بوونی بنکە و بارەگای سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان. ئێران ئەوە بە تێکچوونی هاوسەنگی هێز دەبینێت لە عێراق بە قازانجی تورکیا.
هەموو ئەو خاڵانە و چەندین خاڵی دیکە وای کردووە ئێران لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی نیگەران بێت و حەق بەخۆی بدا بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی خۆی هێرش بکاتە سەر هەرێم.
بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە بەگشتی نیگەرانی نین بەڵکو پاساون و ئێران وەک نیگەرانی ناویان دەبات تاوەکوو شەرعیەت بە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم بدات. بۆ نموونە، تاکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە بارەگای دەزگای موسادی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەبێت. هاوکات، بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر سنوورەکان نەماون دەتوانم بڵێم هیچ چالاکییەکیان نەماوە تاکو زیان بن بۆ ئێران. بوونی بنکەی هاوپەیمانان و ئەمریکاش لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە نەک هەرێمی کوردستان کە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕێکخراوە و مانەوەشیان لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دا نییە بەڵکو عێراقە.
ئەوانە پێمان دەڵێن، ئێران دەکرا و دەکرێت بۆ داهاتووش لە بری چالاکی سەربازی موشەک و درۆن بیر لە ڕێگای دیکە بکاتەوە، بە تایبەت ڕێگای دیپلۆماسی و گفتوگۆ چونکە پەیوەندیەکی مێژووی و بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەر دوولادا هەیە. بۆیە دەکرا و دەکرێت بیر لەڕێگای دیکە بکرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی یان نەهێشتنی نیگەرانی و گلەییەکان کە لە پەیوەندی هەر دوو لادا هەیە.
گرنگە و پێویستە هەرێمی کوردستان باشتر و لێزانانە تر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات و لە ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بەتایبەتی لە عێراق تێ بگات، هاوسەنگی لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لەبەرچاو بگرێت. هاوکات، پەند لە مێژوو، لانیکەم، مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو وەربگرێت تاوەکو هەرێمی کوردستان نەبێتە سووتەمەنی ململانێ و جەنگی نێوان وڵاتان کە جگە لە ماڵ وێرانی و ئاوارەی هیچ سوود و بەرژەوەندیی و قازانجی بۆ کوردستانیان نییە و نابێت.



