سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەڵپەڕکێی کوردەواریی، مانا دیار و شاردراوەکانی

کلتور چەمکێکە گوزارشت لە کۆی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و دامەزراوە و ئۆرگانەکانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ دەکات. هەموو زانین و بیروباوەڕ و ڕەفتاری باو و هونەر و یاسا و داب و نەریتی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەکان لەخۆدەگرێت. مرۆڤ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا لەگەڵ کلتوری کۆمەڵگەکەی ئاشنا دەبێت و پیادەی یاسا و ڕێساکانی دەکات. هەمەجۆرەی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، وایکردووە کلتوری هەمەجۆریش دەرکەوێت. کلتوریش ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرا و دیاری کۆمەڵگەکانە و هەر بە کلتور گەلان و نەتەوەکان خۆیان لەیەکدی جیادەکەنەوە. هەڵبەت بەشێکی ئاکاری هەر کلتورێکیش هونەرەکانە و لە ناو بەشی هونەرەکانیش سەما و گۆرانییە.

سەمای گەلان بەشێکی سەرەکیی کلتوریانە. هەیە بە تەنیا سەما دەکات و هەیە لەگەڵ میوزیک و گۆرانی تێکەڵ دەکرێت، هەر گەلەی بە شیوازێک و لە ڕوانگەی کلتورەکەی خۆیەوە، بنەمای سەمای خۆی داناوە. بێگومان تەواوی ئاکارەکانی کلتور و هەموو پەسەند و ناپەسەندەکانی کلتورێک پێناسەیان دەکات، هەڵقوڵاوی ژینگەی گەل و نەتەوەی خاوەن ئەو کلتورەن. مەبەستیشمان لە ژینگە هەموو ئەو هەلومەرجانەی ژیانی کۆمەڵگەی خاوەن کلتورەکەی تێدا بووە، ئەویشیان کەشوهەوا، بەرزیی و نزمیی لە ئاستی دەریا بە واتای ناوچەی ژینگەکەیان دەشت و بیابان بووە یان چیاو چۆڵ، لەدەم دەریا بووە یان دوور و زۆر هەلومەرجی دیکە دەگرێتەوە.

 سەرچاوە و بنەچەی زۆربەی هەرە زۆری سەما دێرینەکانی گەلان دیار نییە، چونکە لە کاتێکدا دەرکەوتوون جارێ مێژووی نووسراو نەبووە. بەڵام وەکو هەموو ئەفراندنەکانی دیکەی مرۆڤ، دەکرێتت لەگەڵ شۆرشی درککردن بەرەبەرە دەرکەوتبن، ڕای دیکە هەیە پێی وایە بەر لە دەرکەوتنی مرۆڤی هۆشمەند، سەما لە ناو باپیرە گەورەی مرۆڤدا هەر هەبووە. پێش دەرکەوتنی شارستانییەتە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتییەوە بەشێکی گرنگی ڕێوڕەسم و ئاهەنگ و کات بەسەربردن بووە. ئەوەی جێی سەرنجە بەشێکی زۆری ئەو سەما میللیانەی گەلان بۆ دەربڕینی خۆشیی و ئاهەنگ گێڕانن. لەگەڵ ئەوەیشدا سەمای دیکە لە گەلاندا هەیە بۆ دەربڕینی خەم و پەژارەیە.

ئەگەر چەند هەزار ساڵێک بە مێژوودا بگەڕێینەوە، کۆنترین نیگاری سەماکردن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان بۆ ١٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و لە هیندستان کێشراوە. مرۆڤ لە نەبوونی مێژووی نووسراو هەموو سەمای گەلە دێرینەکانی وەکوو کورد و تەنیا لە بیر و ئەندێشەی گەلاندا هێشتووەتەوە. کوردیش سەمای خۆی کە بە هەڵپەڕکێی کوردەواری ناسراوە، وەکوو بەشێک لە کلتور و فۆلکلۆری خۆی پاراستوویەتی و بەردەوام پیادەی دەکاتەوە. لە نەبوونی سەرچاوەی نووسراو و نەبوونی توێژینەوەی زانستیی، جگە لە پاراستنی هەڵپەڕکێی کوردی لەلایەن کۆمەڵگە جیاجیاکانی نەتەوەی کورد، شتێکی ئەوتۆی لەسەر زیاد نەکراوە.

سەما پڕە لە بەها جوانناسییەکان، جوانناسییش لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازە. سەماکان هێماسازییان تێدایە و بە کۆمەڵێك هێما و ئاماژە داپۆشراون و میراتی کلتوری کۆمەڵگەیەک دەردەبڕێت، بەو پێیەش لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە تایبەتە. سەما ئامرازێکی کلتوریی دەست گەلانە. بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێک و گەیاندنی هەست و سۆزەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە کەموێنەیە. لەوەیاندا هەڵپەڕکێی کوردەواری لە دەربڕینە هەرە بەهێز و پڕ واتا و هیماسازییەکانە و ئامرازێکی بەهێزی پاراستنی ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و بەگژداچوونی داگیرکەران و دوژمنانە. لە هەمان کاتدا دەربڕینێکی ئاشکرا و ڕوونی خۆشەویستیی ژیانە.

ئەگەر بە زمانی کوردیدا بگەڕێین، لەبەر دەوڵەمەندیی زمانی کوردی دەبینین چەند وشەیەک بۆ هەمان چالاکیی هەیە. شایی، هەڵپەڕکێ، هەڵپەڕگە، سەما، بازی، زەماوەند، ئەڵپەڕگە، چووپی، چۆپی، گۆڤەند، چەمک و دیلان، هەموویان یەکن. دەکرێت زۆر وشەی دیکە هەبن لێرە نەنووسراون. کلتوری کورد لە ناوچەکەدا دێرین و ڕەسەنە، هەر جووڵە و بزاوتێک، جیا لە چیرۆک و فەلەسەفەی پشتی و هۆکاری دروستبوونی، ناو و واتای تایبەت بە خۆی هەیە، زۆربەی هەرە زۆری ناوی نەزمەکانی هەڵپەڕکێی کوردی وەک هەڵپەڕکێی کار، شایی و شیوەن، خەبات و هێرش و هەستانەوە واتا و ماناکەیان لە ناوەکانیاندایە و دیارە. جووڵەیان لێک جیاوازن و بەشێکی زۆریان بە شێوەی ڕیزبەندی بەدوای یەکدا دێن.

بەڕای توێژەرانی فەرهەنگ و هونەری کوردی، هەڵپەڕکێی کوردی لە چوار بەش (جەنگ؛ کار و تێکۆشان؛ خەم و شیوەن؛ شادی) پێکهاتووە، ڕای دیکە هەیە دەڵێت هەندێک لەو هەڵپەڕکێیانە بۆ ڕێوڕەسمی ڕاوکردن بووە، لەبەرئەوەی ڕاوکردن بەشێکی دانەپچڕاوی مێژووی هەموو مرۆڤە، بەشێکی باشی کلتوری گەلان لەگەڵ ڕاوکردن تەبایە. بەپێی ئەو چوار تەوەرەی هەڵپەڕکێی کوردەواری، واتا و ماناکانی شێواز و نەزمە جیاجیاکانی هەڵپەڕکێی کوردی جیاوازن و چەند واتایەکیان داوەتێ، جیا لەو واتایانەی سەرەوە، لە کورتە باسێکی شەریف فەلاح  لە ماڵپەڕی کوردیا، ٣٩ جۆری نەزمەکان خراونەتە بەر باس.

فەلسەفەی جووڵەکانی هەڵپەڕکێی کوردەواری

سەرچۆپی هێمای ڕێبەری کۆمەڵەکەیە، دەستماڵی دەستیشی ئاڵای کۆمەڵەکەیە و دەکرێت هێمای ئاڵای کوردستان بێت و ئاماژەیە بۆ بەگژداچوونەوە و ڕاپەڕین. دەکرێت ڕەنگ و شێوەی ئەو ئاڵایەی دەستی سەرچۆپی گوزارشت لە فرەخێڵیی و فرەهۆزی کورد بووبێت و لەهەر ناوچەیەکدا بە جۆرێک دەرکەوتبێت. ئەوەی سەرچۆپی و گاوان دەستماڵیان لەدەستە واتای یەکسانیی ئەندامانی هەڵپەڕکێ دەدات. گرتنی دەستی  یەکدی و لێکئاڵانی دەستان، هێمای یەکگرتوویی و پێکەوەییە. تێکەڵبوونی نێر و مێ نیشانەی یەکسانیی ڕەگەزە لە ناو کلتوری دێرینی کورد دا. هات و هاوار و عیوعیوکردن لە ناو چۆپیکێشاندا بۆ ترساندنی دوژمن و ڕەواندنەوەی داگیرکەرە. نزمبوونی جووڵەکانی هەندێک شێوازی هەڵپەڕکێ بۆ بۆسە نانەوەیە بۆ داگیرکەر و بەرزبوونیشی ئاماژەیە بۆ دوژمن، نامە بۆ داگیرکەر دەنێرێت و پێی دەڵێت بۆت هەیە واز لە جەنگ بهێنیت و ڕزگارت ببێت، دەنا نەمان بەشتە.

بەکۆمەڵبوونی هەڵپەڕكێش هێمای یەکگرتوویی و بەهێزی لە کۆبوونەوەی پێکەوەییە. هەرچی شێوەی بازنەیی هەڵپەڕکێیە لەبەرئەوەیە بازنە سوچ و گۆشەی تێدانییە، هەموو خاڵێکی یەکسانە و بەهێزترین شێوەی ئەندازەییە و سووڕی ژیانی سروشتە.

لەبەرئەوەی خاکی کوردستان، بەر لە ١٠ هەزار ساڵ، لانکەی شۆڕشی کشتوکاڵیی بووە، توێژەرانی فەرهەنگی کوردی، هەڵپەڕکێی کوردی لەگەڵ ئەو شۆڕشە دەبەستنەوە. هەڵپەركێ بازنەیە، وەکوو هێما بۆ شۆڕشی کشتوکاڵ و بەرهەمی ماندووبوونیان و وەرزەکانی هەرەوەزە، پێ لە خاک دەکوتن و هیوای بەرهەمی باش و فرە بۆ وەرز و ساڵانی داهاتوو، دەخوازن. بەشێکی گرنگی کلتوری کشتوکاڵکردن و هەرەوەز ئەو نەزم و گۆرانییانەی وەرزی دروێنە و هەرەوەزە لە ناو کوردەکاندا باو بووە. داهێنانی ئامێرەکانی کشتوکاڵسازیی و ئاسانکردنی کارەکانی جووتیار، کەشی هەرەوەزیی و کلتوری هاوشانی هەرەوەزی، بەرەو نەمان بردووە. هەرەوەز کۆمەڵگەکانی کشتوکاڵسازی کوردستانی پتەو کردووە و پێوەندیی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی لە نێوان خێزان و ئەندامەکان، بەهێزکردووە.

لەبەرئەوەی هەڵپەڕکێی کوردەواری تەنیا بۆ خۆشیی و شادیی نەهاتووە و مەبەستەکانی تەنیا بۆ ئاهەنگ و زەماوەندگرتن نییە، بۆیە تەنانەت لە جەنگ و سەرکەوتنەکانیشدا، هەڵپەڕکێ ساز دەکرێت. تا ئێستا کورد لە جەنگەکاندا هەڵپەرکێ دەگێڕێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش چەندین جار پێشمەرگەکانمان هەڵپەڕیون و ئەو چالاکییە ڕەگ داکوتاوەی کوردەوارییان دووبارە کردووەتەوە. هەڵپەڕکێ، نەک تەنیا ورەی جەنگاوەران بەرزدەکاتەوە، بەڵکو نیشاندانی یەکگرتوویی و شانبەشانبوونی ئەندامەکانییەتی. هەڕەشەیە لە دوژمن و دەربڕینی هێزی کۆبوونەوەی کوردەکانە بە گژ دوژمناندا. زۆربەی زۆری جۆرەکان چەند هەنگاوێک بۆ پێش دەچن و پێ لە زەوی دەکوتن. کوتانی زەوی واتای بەرەنگاربوونەوەیە، هێرش و هەڵمەتبردنی کوردەکانە. لە دێر زەمانەوە هەڵپەڕكێ دوای سەرکەوتنەکان لە ناو کۆشکی پاشاکاندا، گێڕدراون.

لە سەروبەندی کوڵانی دڵی کوردانی ڕۆژهەڵات دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، لە سۆشیال میدیادا ئەوەی خوارەوەم بینی:

پێ داکوتانمان بە مانای پێداگریمانە و بۆ درێژەدانی خەباتە

هەڵپەڕین و شادی نیشانەی بە ورەیی و بەهێزیمانە

دژایەتییە لەگەڵ فەرهەنگی لەخۆدان، خۆڕنین و قوڕپێوان

بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتەم، ئەوەندەی گەڕام بۆم دەرکەوت نزیکەی ١٠٠ جۆر هەڵپەڕکێ هەیە، دڵنیا نیم لەوەی کام جۆریان لە دوو شوێنی جیادا، دوو ناو یان زیاتری هەیە. جۆرەکان: چەپەیی موکریانی، چەپەیی مهابادی، سێ پێیی، سێپێ، گەڕیان، شێخانی، چەچەنۆ، کەچیکۆ، تەمبۆلێ، فەتاح پاشایی، لەبلان، خانانە، شەلایی، دەلیلۆ، بابلەکان، بازکی، هلندانی، سەمەدانی، چەپک، سنگسنگ، شەلان، سێجار، وەروەرە، کلیچە، دوودەسماڵە، سۆنە، خان ئەمیری، دەلیلۆ، چەپکی، کەچکی، دووزۆ، گرانی، دیکۆ، تەمر ئاغا، زراڤکی، توورا، دیارکی، کاکەیی، هەوشاری، دیمەن، زەندی، قەرەجۆر، تیرکەڤان، سینانی، بەھیە، سڤککی، یارخوەش تێ یان یارخۆش تێ، قەرتەل، جرید، شوندەکی یان پاشدەکی، خانە میری، سێ گاڤکی، کۆچەری، سەردەستان، ئایشوکێ، شامیرانێ، زێرین، بێریوکێ، بووکێ دەلالێ، ناڤ چەلیێ، لەیزوک یان ملانێ، سنجانێ، ڕەنی، حجروکێ، هەرێ بازۆ، تیلمەرجان، شرینێ لەیلانێ، چوخجانێ، هەرێ گولێ، بەینو، نالبەندانێ یان نالبەندانو، تەکنو، قڕەپیرەژن، گولشێنی، گێریلا، ڕۆینە، ڕکنە، بەرزی، ڕاستەی بانەیی، داغە، بە عینوانی، جەلەبە، میرانی یان عەبدیشو، شەمامێ، تالانە، هەرچەمە، عەمەر ئاغا، دمچە، سەردەستان، ئاسکانی، بەهار، ڕەوەندی، زازایی، سوێسکەیی، یاران و لەنجە.

لە هەڵپەڕکێی کوردیدا ژن و پیاو تێکەڵ دەبن، شەرم لە هەرشتێکدا هەبێت لە هەڵپەڕکێدا نەبووە و نییە، ئەوە ڕەگی دەرکەوتنی هەڵپەڕکێ بۆ پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێنێتەوە و دێرینیی ئەو جۆرە سەمایەی کوردەکان دەسەلمێنێت. ڕەشبەڵەکی کوردەواری کچێک و کوڕێک دەبێت لە تەنیشت یەک بن، هیچ کوڕێک دەستی کوڕێک ناگرێت و هیچ کچێک لە دەستی کچێکی دیکە هەڵناپەڕێت. دەرکەوتنی سەربەستانەی ئافرەتان لە هەڵپەڕکێی کوردەواریدا یەکسانی نێوان پیاوان و ژنان لە کۆمەڵگەکانی کوردەواری پێش ئیسلام، نیشان دەدات. تا کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە زۆربەی شار و لادێکانی کوردستان ڕەشبەڵەک لە ئاهەنگەکانی بووک گواستنەوەدا دەگیرا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسیی ئەو کلتورە دێرین و ڕەگ داکوتاوەی کوردان بەرەو نەمان دەچێت. بە شوورەییەوە لە هەندێکیان تەنانەت پەردە لە نێوان پیاوان و ژنان لێدەدرێت.

بێگومان ئەو جلوبەرگەی بۆ هەڵپەڕکێ لەبەر دەکرێت ڕازاوە و ڕەنگی ئاڵ و واڵە، سروشتی هەمەڕەنگی کوردستانە لە جلوبەرگی هەڵپەڕکێدا ڕەنگ دەداتەوە، سەوزایی دەشت و کێوی بناری چیا سەرکەشەکانە، ڕەنگی نێرگز و گوڵاڵە سوورەی کەژ و کێوەکانی کوردستانە لە جلوبەرگەکانماندا دیارن. ئەوە سروشتی خاکی کوردانە و ڕەنگدانەوەی ئەو سروشتەیە لە جلوبەرگ و فۆلکلۆرماندا دەردەکەوێت. چەندی ڕەنگەکان ئاڵ و واڵتر دەبن، ئەوەندە دەرخستەی جوانیی و ڕەنگدانەوەی سروشتی ناخی تاکی کوردە بۆ ئارەزووی ژیان. فۆلکلۆرمان بە ناخی مێژوودا هەرنەبێ بۆ ٥٠٠٠ ساڵ ڕەگی داکوتاوە. هەموو کەشی هەڵپەڕین و پۆشاکمان، خۆشەویستییە بۆ ژیان نەک چاوەڕوانی مردن.

هێمن موکریانی دەڵێ:

لادە چارشێوی ڕەشت با دەرکەوێ کوڵمی گەشت

چون لە قەرنی بیستەما زۆرعەیبە ئەو ڕووگرتنە

ئەو پەچە و ڕووبەند و چارشێوەی نەدیوە نەنکی تۆ

ئەو شڕوشاڵاتە دیاری دوژمنی دڵ چڵکنە

سەرچاوەکان:

فەرهەنگی ئەناهیتا، https://ferheng.info/alfba/%D9%87%DB%95%DA%B5%D9%BE%DB%95%DA%95-helper/

ماڵپەڕی کوردیا  https://www.kurdia.net/archives/6801

ماڵپەڕی های پێرشیا: https://www.hipersia.com/en/post/1282

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO