سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سیستەمی دامەزراوەکان و پڕۆسەی نیشتیمانسازی

ئەم پێوەرە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان ڕاستە چونکە بەبێ بوونی سیستەمێکی سیاسی بونیاتنراو لەسەر بناغەی دامەزراوەکان، دەوڵەتێک لەئارادا نییە. دەوڵەتی مۆدێرن گۆڕانکاریی بنچینەیی بەسەر بونیادی دەسەڵاتدارێتی میرنشین و ئیمپراتۆرەکاندا هێنا. خودی دەوڵەتی نیشتیمانیی (nation-state)؛ دایکی دامەزراوەکانە و بە دامەزراوەی دامەزراوەکانیش ناوزەدکراوە. هەڵبەت ئەم گۆڕانە ڕیشەییە لەناکاو ڕووینەداوە، بەڵکو بەرەنجامی گەشەکردنی پلە بە پلەی سیستەمی سیاسییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی نیشتیمانییدا.

چوار ڕەگەزی سەرەکی لە پێکهێنانی دەوڵەتدا ڕۆڵ دەبینن، یەکەمیان خاکە (سنووری سیاسی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی)، دووەمیان گەل، نەتەوە (دانیشتوان)، سێیەمیان دەسەڵاتی یاسایی و دەستوری ( حکومەت)، چوارەمیش سەروەری سیاسییە.

لەم چوار ڕەگەزەدا حکومەت یەکەی جێبەجێکاری دەسەڵاتە و دەتوانێ کار لەسەر پرۆسەی بەنیشتیمانییکردنی سیستەمی دامەزراوەکان بکات. هەڵبەت دەستور نەخشەی سیاسی و بنەماکانی بە دامەزراوەییکردن دادەڕێژێت. پرنسیپی دانانی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان سنووری دەسەڵاتەکان، هەنگاوی یەکەمی بە دامەزراوەییکردنە لە چوارچێوەی یاسادا. بۆیە تێکەڵبوونی ئەرک و دەسەڵاتەکان لەمپەرێکی بەردەم سیستەمی دامەزراوەییە. سەرۆکایەتی دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمان و دادگا، سێکوچکەی هێڵەکانی بەیەکگەیشتنی دەسەڵاتەکانە. لێرەوە ڕایەڵەی نێوان دامەزراوەکانی دیکە و جۆری دەسەڵاتەکانیان پێکدێت. لە سیستەمی دامەزراوەکاندا پەیوەندیەکی توندوتۆڵی ئاڵوگۆڕکارانە لەنێوان دەسەڵاتی دامەزراوەکاندا هەیە. بوونی پەرلەمانێکی چالاک، حکومەتێکی کارای لێدەکەوێتەوە. بیرۆکەی سیستەم لە بنەڕەتدا چەمکێکی نێو زانستی بایۆلۆجیا بووە و هێندراوەتە نێو زانستە سیاسییەکان.

ئەگەر سەرنجی پێکهاتەی جەستەی مرۆڤ بدەین، دەبینین لە چەندین ئەندام و شانە و خانە دروست بووە، ڕێکخستنێکی زۆر ورد لەنێو لاشەی مرۆڤدایە، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لەنێوان مێشک و دڵ و ئەندامەکانی دیکەی جەستەدا هەن و فەرمانەکان لەنێوانیاندا دەگوازرێتەوە. نەخۆشکەوتنی هەر ئەندامێکی جەستە، کاریگەریی بۆ سەر ئەندامەکانی دیکەی جەستە دەبێت. هەوکردنی خانەیەک و پەیدابوونی شێرپەنجە لە هەر بەشێکی لاشەی مرۆڤ کاریگەری دەکاتە سەر کۆی تەندروستی و بەرگری مرۆڤەکە. دەتوانین لێکچوواندنێکی بەراوردکارانەی ئەم سیستەمە بایۆلۆجییە لەگەڵ سیستەمی سیاسییدا بخەینەڕوو. دەوڵەتی بەهێز خاوەنی دەستورێکی پتەوە، دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمان، لەیەکدی هاوێرکراون، سوپا و هەواڵگری و ئاسایش و پۆلیس بە یاسا ڕێکخراون، وەزارەتەکان و فەرمانگە جۆراوجۆرەکان ئەرک و دەسەڵاتیان دیاری کراوە.                                                                                                   هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی دانپێدانراو لەبەر سێ هۆکار پێویستییەکی لەڕادەبەدەری بە سیستەمی دامەزراوەیی هەیە کە دەرکرێت بڵێین خۆی لەمانەدا دەبینێتەوە:

یەکەم، دانانی دەستورێکی هەمیشەیی و دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دادگا، بناغەیە بۆ کۆی سیستەمی سیاسی هەرێم. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حیزب و حکومەت لەیەکدی جیابکرێنەوە. سیستەم دەتوانێت بەم کارە هەڵبستێت. لەپێناو زاڵکردنی بەرژەوەندی باڵای هەرێم بەسەر بەرژەوەندی حیزبەکان، پێویستمان بە سیستەمی دامەزراوەییە. لە سیستەمی دامەزراوەکاندا، هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر و کۆماندۆ و دەزگا هەواڵگرییەکان، لە چوارچێوەی دامودەزگای نیشتیمانی و پیشەیی ڕێکدەخرێن و مۆرکی حیزبیبوونیان لێ دادەماڵرێت. ئەوکات ئەرکیان پارێزگاریکردن دەبێت لە ئاسایشی نیشتیمانی هەرێمی کوردستان، نەک بکرێن بە ئامرازی ململانێی نێوان حزبەکان.

دووەم، لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دا؛ پێویستمان بە پرۆسەی نیشتیمانسازی هەیە چونکە کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازەی دڕدۆنگی ناتەبامان هەیە. شوناسە لۆکاڵییەکانی شار و خێڵ و ناوچە و دەڤەر و شێوەزار و گوند زاڵبووە بەسەر شوناسی کوردستانییبوون. دیاردەی فرەحیزبی بە شێوازە هەرە کلاسیکییەکەی، خەڵکی کوردستانی لەناوخۆدا دابەشکردووە بۆ چەندین کۆمەڵگەی جیاواز و دژبەیەک. لە کوردستان دا بەرژەوەندی هاوبەش و سایکۆلۆجیای هاوبەش و خەمی هاوبەش و ئامانجی هاوبەش ونبووە، لە جێگەیدا پاشکۆیەتی بۆ ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستان چەسپێندراوە. ئەگەر سیستەمی دامەزراوەییمان هەبووایە، سیاسەتی نەتەوەیی و کوردستانیی بەسەر سیاسەتی حزبییدا سەردەکەوت و لە پرۆسەی نیشتیمانسازیدا دوانەدەکەوتین.

سێیەم، ئەگەر سیستەمی دامەزراوەییمان هەبووایە، بایەخ بە ژیان و ماف و پێداویستییەکانی سەرجەم هاونیشتیمانیانی کوردستان دەدرا و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەبوو. دیاردەی گەندەڵیی بە هەموو جۆرەکانیەوە، لێکەوتەی نەبوونی سیستەمی دامەزراوەکانە. دانانی کادیر و ئەندامانی حیزبەکان بە هاوڵاتی پلە یەک و ئەوانی تریش بە کۆیلە، دەرەنجامی نەبوونی کلتوری کاری دامەزراوەییە، کە لە شوێنیدا هەژموونی حیزبەکان ئەم دۆخە ناهەمووارەی خولقاندووە.

ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی قەوارەی سیاسی هەرێم بەفیڕۆچووە، هێشتا کوردستان بە واتا زانستی و مۆدێرنەکەی دەسەڵاتدارێتی، نەبووەتە خاوەنی سیستەمی دامەزراوەیی. بێگومان هۆکاری سەرجەم قەیرانەکانیش هەر بۆ دەسەڵاتی ڕەهای حیزبەکان دەگەڕێتەوە. هەرێم تەنها بە ڕووکەش دامەزراوەکانی پێکهیناوە، بەڵام چۆنیەتی کارکردن و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنیانی سیستەماتیک نەکردووە. دامەزراوە چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە فەرمییەکان. دامەزراوەکان جۆراوجۆرن، سیاسیی و یاسایی و کارگێریی و سەربازیی و مەدەنیی و چەندین جۆری دیکە لەخۆدەگرن.

هێزی هەر دامەزراوەیەک بەندە بە تواناکانی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ڕاپەڕاندنی ئەرکە فەرمییەکانی. دەبێت دامەزراوەکان بتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکان بگونجێنن و وەڵامیان بۆ پێشهاتەکان هەبێت. لەخۆگرتنی نەوە جیاوازەکانی تەمەن، یەکێکی دیکە لە پێوەرەکانی بەردەوامی دامەزراوەکان.

بۆ قۆناغی ئێستای هەرێم و بۆ گریمانەکانی داهاتووی قەوارەکەش، دەبێت هەرێم هەنگاوی گەورە بۆ ڕیفۆرمێکی گشتگیری سەرتاسەری بگیرێتەبەر. لە سەری سەرەوە بۆ دوا ئاستەکانی دامەزراوە کرچوکاڵەکان، پێویستیان بە پێداچوونەوەیەکی زانستی هەیە. ئەگەر ویست و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لەئارادا بێت، بواری گەیشتن بە سیستەمی دامەزراوەیی هەیە، بەو مەرجەی نەخشە ڕێگاکە دەستبەرداربوون بێت لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان. هەرێمی کوردستان پێویستی بە خۆنوێکردنەوە و گۆڕانکاری بنچینەیی هەیە، ئەم پڕۆسە نیشتیمانییەش نایەتە دی، گەر گەندەڵی سیاسی و ئابووری و دارایی و کارگێری بنبڕ نەکرێن.

هۆکارەکانی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان زۆرن، هەرە سەرەکیترینی هۆکارەکان بریتییە لە نەبوونی سیستەمی دامەزراوەیی. مانەوەی دۆخی دوو زۆنیش هەر پەیوەستە بەم هۆکارەوە.  بەرژەوەندی تایبەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکان ڕێگربووە لەبەردەم پڕۆسەی دامەزراندنی سیستەمی دامەزراوەیی، چونکە ئەوان نایانەوێت هەرێمی کوردستان بچێتە قۆناغی مۆدێرنێتەی دەسەڵاتی سیاسی. ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی خاوەن ئیرادەی درێژخایەن، دەتوانێت ڕەوتی گۆڕانکارییەکان خێرا بکات، بەڵام ئەمجۆرە ئۆپۆزسیۆنە کارایە بەردەوامە لە هەرێمی کوردستان دا زۆر کزولاوازە و خاوەنی پڕۆژەی کاری تایبەت بەخۆی نییە. ئەزموونی کاری ئۆپۆزسیۆن شکستی هێناوە و خودی خۆی لە قەیراندایە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO