ڕێبین فەتاح
یەکێک لە هەڵەکانی میدیای پارتی و میدیای حکومەت و میدیای پاڵپشتیکراو لەلایەن خودی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانەوە، ژێرپێنان و پێشێلکردنی حکومەت خۆیەتی، لەڕێگەی پەراوێزخستن تا ڕادەی نکۆڵیکردن لە هەبوونی حکومەت وەک بەرنامە و ڕووئیا چونکە حکومەت تەنیا بریتی نییە لە دامودەزگا، بەڵکوو کارنامەیەک کە دامودەزگا حکومییەکان جێبەجێی دەکەن.
لەو میدیایەدا، حکومەت نە وەک دامودەزگا ڕەچاو دەکرێت نە وەک کارنامەیەک، بەڵکوو بە دامودەزگا و کارنامەوە دەخرێتە خزمەتی کەسێکەوە لە پێگەی سەرۆکوەزیراندا.
ئەوان وا بیر دەکەنەوە، ئەگەر هەموو دامودەزگا و کارنامە و بڕیار و هەنگاوێکی حکومەتەکە لەسەر شەخسێک تاپۆ بکەن، ئەوا لەو ڕێگەیەوە هێز و گەورەیی بەو شەخسە دەدەن. ئەوان نازانن، پڕۆسەی بەشەخسەنەکردنی بڕیار و کارنامە و هەنگاوەکانی حکومەت، لە یەکەم لێکەوتدا پێگەی حکومەت وەک دامودەزگا و وەک کارنامە کەم دەکاتەوە، لەڕووی سیاسیشەوە هیچ بەهایەک بۆ لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی حکومەتەکە دانانێت.
لێکەوتی دووەم بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەوە کە پێی وایە لە بەشەخسەنەکردنی هەموو هەنگاو و بڕیارێکی حکومەتەکەدا، شەخسی دیاریکراو گەورە و بەهێز پیشان دەدات، بەپێچەوانەوە لێی کەم دەکاتەوە و لە هەر خەسڵەتێکی حوکمڕانی و دامەزراوەیی کە لە ئەنجامی پێگە فەرمییەکەی دروستبووە، دایدەبڕێت. ئەوان لەوە تێناگەن سەرۆکوەزیرانێکی بەهێز لە حکومەتێکی بەهێزەوە دێت، حکومەتێکی لەڕ و لاواز قەت لەگەڵ سەرۆک حکومەتێکی بەهێز نایەتەوە.
بەشەخسەنەکردنی حکومەت، لە ئاستی سیاسی و لە پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، دۆخێکی دیکە دروست دەکات، لەلایەک هێزە پێکهێنەرەکان ئەو هەست و تێگەیشتنەیان بۆ دروست نابێت کە ئەوانیش بەشێکن لە هەنگاو و بڕیار و بەرنامەی حکومەتەکە. بەم جۆرەیش نە دەرفەتیان هەیە چێژی دەستکەوتەکانی بکەن، نە ئامادەشن خاوەنداریەتی لە شکستەکانی بکەن.
مادام حکومەت بریتییە لە مەسرور بارزانی، گریمان لایەکی پارتی خاوەنداریەتی کرد، بەڵام بۆ دەبێت هێزە سیاسییەکانی دی خاوەنداریەتی بکەن؟ بۆ دەبێت میدیای یەکێتی بێت و بڵێ بە بڕیاری مەسرور بارزانی؟ بۆ دەبێت چاوەڕوان بین میدیای گۆڕان بێت و بڵێ بە بڕیاری مەسرور بارزانی؟ بەرئەنجام کەس خاوەنداریەتی لە حکومەتێک ناکات کە لەسەر شەخسێک تاپۆ کراوە.
لێکەوتێکی دیکەی ئەو بەشەخسەنەکردنە، دروستکردنی زەمینەیەکە، کە لە ڕووی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و بەرپرسزانینی هەر شکست و لاوازی، هەر کێشەیەک، شەخسی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران تێیدا دەکرێت بە ئامانج نەک حکومەتەکە و پێکهێنەرەکانی چونکە حکومەتەکە خراوەتە پاشەوە و مەسرور بارزانی خراوەتە پێش. کەواتە ئەو میدیایە، لەبری پاڵپشتی و پاراستنی خاوەنەکەی، لەڕێگەی بە سەرەڕمکردنییەوە، کردوویەتییە نیشان بۆ تیر و تانە!
لەڕاستیدا کابینەی حکومەت نەک هەر بریتی نییە لە سەرۆکوەزیران و لە هێزە پێکهێنەرەکانی، بەڵکوو لە هەموو ئەو کارمەند و فەرمانبەرانەیش لە هەر پلە و پۆست و لە هەر دامەزراوەیەکیدا هەن. هەموویان بەرپرسن لە سەرکەوتن و شکستەکانی.
میدیاکان دۆخێکیان دروستکردووە، ئەگەر پۆلیسێکی هاتوچۆ لە زەڕایەن بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، خەڵکەکە هەڵکوتنە سەر مەسرور بارزانی چونکە ئەوان پێشتر ئەو تێگەیشتنەیان دروستکردووە کە پۆلیسەکەی زەڕایەن بە فەرمانی مەسرور بارزانی ئێشکگری دەکات!
ئەگەر سەرنج لەم نموونە کارەی کوردستان24 بدەین کە هاوپێچم کردووە، ئێستا وا دەردەکەوێت مەسرور بارزانی بڕیار دەدات و کوێستان محەمەد وەک پەیامنێرێکی کەناڵەکە خەریکی ڕووماڵ و خستنەڕووی بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانە.
زۆرینەی دەرکەوتنەکانی کوێستان محەمەد وەزیری کار بەتایبەت لەماوەی ئەو کابینەیەدا و لەڕێگەی ئەو میدیایەوە، هەمان شێوە دەرکەوتنە و ئەو ڕۆژە باجی ئاسکەی جیرانمان دەیگوت گوێی لە کوێستان خان پەیامنێری کوردستان24 بووە باسی مووچەی کەمئەندامانی کردووە.



