سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ژمارە و ڕێژەی کورد و کاریگەریی لەسەر گرێبەستی کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆسەری

سولەیمان چوکەڵی

لە ڕێکەوتی ١٢ دیسەمبەری ٢٠٢٣ ئەنجومەنی گشتیی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد. گرێبەستەکە دەستورێکی ١٣٤ مادەییە بۆ چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوا و ئەو بەشە لە سووریا. لە بەشی دووەمی دەستوورەکە و لە دەستپێکی دەقی تایبەت بە مادەی ٩١ سەبارەت بە پانتای جوگرافیایی ئەو بەشە ئاوا هاتووە کە “ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا [ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە] لە حەوت کانتۆن پێکدێت: جەزیرە، دێرەزوور، ڕەققە، فورات/شەهبا، مەنبەج، عەفرین و تەبقا.

لەم بابەتەدا، بە سەرنجدان و پشتبەستن بە کۆمەڵێک بەڵگە، دۆکومێنت و سەرچاوەی کۆن و نوێ، لە پێکهاتە ئیتنیکییەکانی ئەو کانتۆنانە ورد بوومەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە ئەم نەخشەیەم سەبارەت بە پانتایی و ڕووبەری جوگرافیایی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە ئامادە کردووە. بەگشتی، تەنیا کورد نا، بەڵکو کورد، عەرەب، ئاشووری، سریانی، ئەرمەنی، تورکمان، چەرکەس و چێچێنی بە جیاوازییە ئایینییەکانیانەوە پێکهاتەکانی ئەو جوگرافیاییە پێک دێنن. بۆیە، پێشاندانێکی گرافیکیانەی جوگرافیایی، بۆ نموونە چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان پێویستی بە پسپۆرێکی بابەتیانە و کەم تا زۆر تێگەیشتنێک لە گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکانی ناوچەکە هەیە.

بەر لە تێکشانی داعش و فراوانبوونی جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پە^یە^دە بەرەو ناوچەکانی ڕەقە و مەنبەج و دێرەزوور، کە دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دێموکراتی (هە_سە_دە) لە ٢٠١٥ دا بەدوای خۆیدا هێنا، ڕۆژاڤای کوردستان پێکدەهات لە کانتۆنەکانی جزیرە و کۆبانی و عەفرین، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەیان کوردن. دوابەداوای ئەوە و بە بەرفراوانبوونەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هە*سە*دە و کۆنترۆڵکرانی بەشێک لە ناوچە عەرەبنشینەکان، نێوی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤا گۆڕدرا بۆ ئیدارەی خۆسەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. سەرەڕای ئەمە، لە نێو ڕای گشتی دا تاوەکوو ئێستاش کورد وەک ڕۆژاڤا نێوی ئەو بەشە دێنێت.

دیاری کردن و هەڵهێنجانی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کارێکی ئاسان نییە. سەرەڕای ئەمە، ئەو زانیاری و نەخشانەی لێرە خراونەتە بەردەست، ئەنجامی خوێندنەوەیەکی بنەڕەتی و وردبوونەوەیەکی مەیدانی نییە، بەڵکوو وردبوونەوە لە کۆمەڵیک بەڵگەی کۆن و سەرچاوەی نوێیە. لەوانە، پڕۆژەگەلێکی وەک چۆنییەتی دابەشبوونی ئیتنیکی و ئایینی سوریا و لوبنان، کە لە ١٩٣٥ فەڕەنسییەکان لەڕێگەی ئەفسەرانی پسپۆڕی خۆیان ئەنجامیان داوە. بۆ نموونە، “کوردستان و گرووپە کوردە گۆشەگیرەکان”، کە هەر بەم شێوەیە فەڕەنسییەکان لە چوارچێوەی نەخشەیەکدا لە ١٩٤٧ دا ئاماژەیان پێکردووە. هاوکات، زانیارییەکان پشت ئەستوورن بە دوو ڕاپۆرت کە یەکەمیان سکرتاریەتی دەوڵەت بۆ کۆچبەران لە سویسرا لە ٢٠١٨ ئامادەی کردووە، لەگەڵ ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی سویسری بۆ یارمەتیدانی پەنابەران لە ٢٠١٩ ئەنجامی داوە. هەردووک لێرە کەڵکیان لێ وەرگیراوە.

سەرەتا بابپرسین، داخۆ پێکهاتەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نەخشەکەی ١٩٣٥ دا چۆناوچۆن بینراون؟ لەو نەخشەیەدا، کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەتا باکووری ڕۆژئاوای ناوچەکانی عەفرین درێژبۆتەوە. لە بەشی ڕێنمایی نەخشەکەدا کورد بە سیمبۆلێکی ڕەنگ سووری تۆخی خاڵ خاڵ نیشان دراوە. هەر وەک دەبینرێت، کورد لە چەند کۆڵۆنییەکی جیاواز و لەیەکدی دابڕاو پێکهاتووە، بێ ئەوەی کە لە هیچ شوێنێک لێک گرێ درابنەوە. هاوکات، لە نەخشەکەدا ئەوەش دەبیندرێت کە عەرەب لە چواردەوری زۆربەی ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێن.

چەند شوێنێکی سەرنجڕاکێش لەو نەخشەیەدا بەدی دەکرێن. لەوانە، مەودای نێوان “سەرێ کانی” و “گرێ سپی”یە، کە بە درێژایی سنوورەکە کورد دەبینرێت. هاوکات، ناوچەکانی دەوروپشتی “دێرک”، “گرکێ لەکێ” و ‘باشووری شاری قامیشلۆ”.

حکومەتی سوریا بۆ تێکدانی دۆخی دێموگرافی ناوچە کوردییەکان کە درێژکراوەیەکی سروشتی دیمۆگرافی کوردیی باشوور و باکووری کوردستانە، تەعریبی دەست پێ کرد. پشتێنەی عەرەبی (الحزام العربي) وەک پڕۆژەیەک داڕێژرا تاوەکوو ئەو دۆخە سروشتییە تێک بدات.

بۆ ئەو مەبەستە لە ١٩٦٠ دا، حکومەتی ئەوکاتی سوریا هێندێک لە هاووڵاتیانی عەرەبی ناوچەکانی دەرعا و حەمما و ئیدلیب بۆ ناوچەکانی باشووری قامیشلی و ناوچەکانی دیکەی باکووری سوریا گواستەوە. لە قۆناغێکی دیکەدا و هاوکات دەگەڵ دروستکردنی بەنداوی تەبقە لە ١٩٧٣ دا هەزاران بنەماڵەی عەرەب کە خانوو و زەوی و زاریان کەوتە ژێر ئاو و لە دەوروپشتی بەنداوەکە گوێزرانەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکان و لە سەر زەوی و زار و موڵک و ماڵی کورد نیشتەجێیان کردن. ئەو عەرەبانە وەک “عەرەبە ژێرئاوکەوتووەکان” (عرب الغمر) ناسراون. کوردکانیش ناچار کران بەرەو باکووری شاری حەسەکە یان ناوچەکانی دیکە لە باشوور (جنوب الرد) کۆچ بکەن. بەم شێوەیە، بە پڕۆژەی “لە نێوان دوو گوندی کورد گوندێکی عەرەبیان دروست کرد و کوردێکی زۆریان دەرپەڕاند و باری دیمۆگرافی زۆربەی ناوچەکانیان گۆڕی، لەوانە: دێرک، گرکێ لەکێ، چل ئاغا، ترپەسپێیە، قامیشلۆ هتد.

ژمارەی خێزانە “عەرەبە ژێرئاوکەوتووەکان” ٤٠٩٠ بنەماڵە دەبوون، کە زۆربەیان بۆ ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا و سەر سنوور گواسترانەوە، بە جۆرێک کە ٣٣٥ گوندی کورد وەبەر ئەو هەڵمەتەی پشتێنەی عەرەبی کەوتوون.

نەخشە و ڕێژەکان

بەراوردکردنی نەخشە و زانیارییە نوێکان لەگەڵ نەخشەکەی ۱۹۳٥ دا، گۆڕانکارییەکانی ئەو ناوچانەمان بە باشی و بە زەقی پێشان دەدات. ئەوەش دەکرێت دەرخەری ئەو ڕاستییە بێت کە سیمای ئەنجامی پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی چۆناوچۆن بووە. بۆ نموونە، بە ئاسانی دەبیندرێت کە دەوروبەری دێرک و گرکێ لەکێ و چل ئاغا و ترپە سپێ و قامیشلۆ زۆر بە ئاشکرا گۆڕانکاریی دیموگرافیان بەسەردا هاتووە و مەودای نێوان سەری کانی و گرێ سپی بەتەواوی لە کورد چۆڵ کراوە. پڕۆسەی تەعریب و پشتێنەی عەرەبی کەم تا زۆر بەردەوام بوو تا گۆڕانکارییە خێراکانی ناو سوریا کە لە ئاکامی بەهاری عەرەبی، کە ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆی بەدوای خۆیدا هێنا و شۆڕشی ڕۆژاڤای لێکەوتەوە، بەردەوام بوو، بەڵام سەرکەوتنی گەلی کورد لە ڕۆژاڤا و دروستبوونی ئەزموونەکە پڕۆسەی تەعریبی وەستاند.

 فراوانبوونی ڕووبەر و پانتایی جوگرافیای ڕۆژاڤا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەسەدە بارودۆخ و هەلێکی بۆ کورد ڕەخساند تاوەکوو بتوانێت دەسەڵاتێکی خۆجێیی بۆ خۆی دەستەبەر بکات. ئیدی لە ماوەیەکی کورتدا ناوچە کوردنشینەکانی دەوروبەری قامیشلۆ و کۆبانی و “عەفرین”یان کۆنترۆڵ کرد. دواتریش، لەپاش شکستپێهێنانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی داعش بە هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، لەگەڵ کۆمەکی کۆمەڵێک هێزی میانڕۆی عەرەبی و بەرهەڵستکاری حکومەتی سوریا هە”سە”دە توانی دەست بەسەر ناوچەیەکی بەرفراواندا بگرێت، کە بەشی هەرە زۆری ناوچەی ناکوردی بوون.

ڕووبەری ئەو ناوچانەی کە ئەمڕۆ بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناسراوە، بێجگە لە عەفرین و دەوروبەری، نزیک بە ٥٥٠٠٠ کیلۆمەتری چوار گۆشەیە. وەک چۆن لە نەخشە نوێیەکەدا دەردەکەوێت عەرەب لە چاو کورد لە ڕووبەرێکی ئێجگار زۆردا نیشتەجێن. بە دوای عەرەب، کورد و پێکهاتەکانی دیکەن. بەجۆرێک کە کورد تەنیا لە ١٦٪ (واتە ٩٠٠٠ کیلۆمەتری چوار گۆشە) لەو ڕووبەرە نیشتەجێن. لەبەرابەردا عەرەب و ئەوانی دیکە لە ٨٤٪ ئەو ناوچەیە نیشتەجێن. واتە ڕووبەڕی ناوچە کوردییەکان تەنیا بە ئەندازەی کۆی گشتی ڕووبەڕی هەر چوار شارستانی مهاباد، بۆکان، خانێ و سەردەشت دەبێت.

ژمارە و ڕێژەی دانیشتوان

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی سویسری بۆ یارمەتیدانی پەنابەران لە ٢٠١٩ دا ئامادەی کردووە، کە تێیدا ژمارەی دانیشتوانی کورد و عەرەبی مەزندە کردووە، دەردەکەوێت کە دوو ملیۆن و حەفت سەد هەزار (٢٧٠٠٠٠٠) کەس لەو ناوچانەی کە ئەمڕۆ پێیان دەگوترێت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە دان، دەژین. لەو ژمارەیە، تەنیا ملیۆنێک و سەد و پەنجا و پێنج هەزار (١١٥٥٠٠٠) واتە لە ٤٣٪ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن. بە مانایەکی دیکە، زۆرینە عەرەبن ڕێژەیان دەگاتە سەروی ٥٠٪. ڕێژەیەکیش بۆ گرووپە ئیتنیەکانی دیکەن.

لە هەمان ڕاپۆرتدا، ژمارە و ڕێژەی کورد لە بەرابەر گرووپەکانی دیکە لە هەموو هەرێمەکانی ئەو ناوچەیەدا دیاری کراون، وەک خوارەوە:

کانتۆنی جزیرە، کە دانیشتوانەکەی  یەک ملیۆن دەبێت،  ژمارەی کورد ٦٠٠ هەزارە، واتە ٦٠٪ ی کانتۆنی جەزیرە کوردن.

کانتۆنی عەفرین و شەهبا، لە حەشیمەتێکی ٣٠٠ هەزار کەسی،  کورد ٢٧٠ هەزارە، واتا لە ٩٠٪ ی دانیشتوانی ئەم کانتۆنە پێک دێنێت.

کانتۆنی کۆبانی، حەشیمەتەکەی تەنیا ٢٥٠ هەزار کەسە، لەوێدا کورد ١٧٥ هەزارە، واتە لە ٧٠٪ ی دانیشتوانەکەی پێک دێنێت.

کانتۆنی مەنبەج، دانیشتوانەکەی ٤٠٠ هەزار کەس دەبێت،  لەو ژمارەیە ٦٠ هەزاری کوردە، واتە لە ١٥٪  ی دانیشتوانی ئەم کانتۆنە کوردن.

کانتۆنی ڕەقە و تەبقە، کە دووەمین کانتۆنە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، ٥٠٠ هەزار کەسی لێ دەژی، لەوێدا کورد زۆر کەمە و تەنیا ٥٠ هەزار کەسێک دەبن، واتە لە ١٠٪ ی دانیشتوانی ئەوێ پێک دێنن.

کانتۆنی دێرەزوور، وەک کانتۆنی کۆبانی ژمارەی دانیشتوانی کەمە و ڕێژەی کورد لەو ٢٥٠ هەزار حەشیمەتەی کە تێیدا دەژی نزیک بە سفرە. 

وەک پێشتر خرایە ڕوو، ڕاستە کە پێکهاتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لە ڕابردووشدا زۆرینەی عەرەب بووە بەڵام پڕۆسە و پڕۆژەکانی تەعریب و تواندنەوە و ئاوارەکردنی کورد و کۆچی پێکهاتەکانی دیکەی ئایینی و ئیتنیکی بۆ ناوەندی شارە گەورەکان و دەرەوەی وڵات، هێندەی دیکە ڕێژەی عەرەبی لەو ناوچەیەدا زیاد کردووە. ئەمەش دیموگرافی ناوچە کوردییەکانی بەتایبەتی دەوروبەری شارە گەورەکان زۆر گۆڕیوە.

بۆیە، ڕەچاوکردنی جوگرافیای لێکداپچڕاوی کورد لە ڕۆژاڤا، هاوکات، ڕووبەری بەرفراوانی دەڤەرە عەرەبییەکان بە گشتی و پشتێنەی عەرەبی بە تایبەتی و میکانیزمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکان، هێز و ئیرادەیەکی لە ڕادەبەدەری پێویستە تاوەکوو بتوانێت ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە بگەیەنێتە ئەنجام.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO