سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خۆشباوەڕی کورد لە پڕۆسەی سیاسیدا

نیاز حەسەن

نەک هەر سیاسەتمەدارانی کورد، بەڵکوو ڕووناکبیر و شڕۆڤەکاران و تەنانەت هاووڵاتیانی کوردستانیش، لە وێستگە و قۆناغەکانی دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، خۆشباوەڕ بوون. زۆربەیان پێیان وابوو عێراق دەبێتە دەوڵەوتێکی دیموکراتی فیدراڵ و مافە نەتەوەییەکانی کوردستانیانیش دەستەبەر دەبن.

ئەگەر سەرنج لە سیاسەتی حکومەتی ناوەندی بدەین، دەبینین لە ماوەی هەژدە ساڵی ڕابردوودا، هەموو جۆرە فشار و هەڕەشەیەکی لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار هێناوە، لەنێویشیاندا هێزی سەربازی و ئابڵوقەی ئابووری.

لە هیچ دەوڵەتێکی فیدراڵی ئەم جیهانەدا، حکومەتی فیدراڵی بە زمان و لۆجیکی چەک و گوشاری ئابووری، ململانێ لەگەڵ کانتۆن و ویلایەت و هەرێمەکانی چوارچێوەی دەوڵەتەکەی ناکات. لە پڕۆسەی سیاسی هیچ دەوڵەتێکی فیدراڵدا، ناکۆکی لەسەر بودجە و مووچە نابینرێت و سوپای دەوڵەتی فیدراڵی شەڕ لەگەڵ هێزی نیزامی هەرێمەکان ناکات. مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم، وەکوو بارگرژی نێوان دوو دەوڵەت وایە. سەرەنجام ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و هەندێکجار سەربازیش لەنێوان بەغدا و هەولێری لێدەکەوێتەوە و ئەمەش بۆتە مایەی قەیرانێکی بەردەوام. داخۆ هۆکارەکان دەبێ چی بن؟ بۆچی عێراق بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات؟ بێگومان بە تەنها یەک هۆکار لەپشت گرژی و قەیرانەکاند نییە، بەڵکو چەندین هۆکار کاریگەرییان بەسەر جۆری ڕەفتاری سیاسی حکومەتەکانی بەغداوە هەیە، لەوانە:

یەکەم، هێزە سیاسییە عەرەبییەکانی عێراق، پێکهاتوون لە ڕەوتی توندڕەوی ئاینی و مەزهەبی و ناسیۆنالیستی پەڕگیر، کە پرنسیپە دیموکراتییەکان ڕەتدەکەنەوە و بڕوایان بە مافەکانی کوردستانیان نییە.

دووەم، دەستتێوەردانی هەرێمایەتی لە کاروبارە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و دابەشبوونی حیزبەکان و سێ پێکهاتە سەرەکییەکە بەسەر ئەجێندای دەوڵەتانی ناوچەکە، سەرەنجام عێراق سەروەری سیاسی خۆی لەدەستداوە.

سێیەم، لاوازی کلتوری دیموکراتی لە ژینگەی سیاسی و ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی لە عێراق. هێشتا کاریگەریی دیکتاتۆریەت و شۆڤێنیزم، بە ڕەفتاری سیاسی کاراکتەرە سیاسیەکانەوە دیارە.

چوارەم، گۆڕەپانی سیاسی عێراق، شوێنی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکانە.

پێنجەم، سیستەمی دامەزراوەیی عێراق لە ئاستی پێویست نییە و میزاج و ئاراستەی تێڕوانینی کەسەکان بەسەر بڕیاری سیاسیدا زاڵە.

شەشەم، تاکو ئێستا کۆمەڵگەی عەرەبی و شەقامی عێراقی، وەک دوژمن سەیری نەتەوەی کوردستانیان دەکەن و بۆیان بلوێ لە ڕژێمی بەعس خراپتر کوردستانیان قڕ دەکەن.

ئەمانە گرنگترین ئەو هۆکارانەن، کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ململانێی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانن. ئەم پاشخانە ئاڵۆزەی نێوان هەردوولا، کێشەیەکی بنەڕەتییە و ناکرێت بە ئاسایی سەیر بکرێت.

ئەزموونی گرژییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی نێوان هەرێم و عێراق، پڕۆسەی سیاسی خستۆتە بەردەم دەیان ئەگەر و هاوکێشەی ئاڵۆز و داخراو. بەواتایەکی دی، هێشتا ژیانی سیاسی لە عێراق دا نەکەوتۆتە سەر ڕێچکەی ئاسایی خۆی و لە هەموو ئان و ساتێکدا، ئەگەری قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە ئارادایە.

گەشبینی کوردستانیان بۆ ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی عێراق، فێڵ لە خۆ کردنە. نابێت کوردستانیان خۆشباوەڕ بن و متمانە بە بەڵێنە سەرپێییەکان بکات. کوردستانیان پێویستیان بە ئەقڵانییەت هەیە لە بڕیاری سیاسی. دەستپێکی هەنگاوە ئەرێنیەکان بریتییە لە یەکخستن و ڕێکخستنی گوتار و بڕیاری سیاسی هەرێمی کوردستان.

تاکو کوردستانیان بە ئەجێندای حیزبییەوە ڕووبەڕووی بەغدا ببنەوە، هەر شکست دێنن. پێویستە یارییەکە لە چوارچێوەی بەرنامە و پلانی حیزبی دەربهێندرێت و لە ئاستی فەرمی و دامەزراوەییدا، جیاوازیەکانی ناوماڵی کوردستانیی کۆبکرێتەوە، چونکە  هەر جۆرە پەرتەوازەییەک لە بواری سیاسی و کارگێڕی و ئابووریدا، زیانی گەورە بە دەرەنجامەکان دەگەیەنێت. چەندین ڕووداو و وێستگە و قۆناغی ڕابردوو پێوەرن، ئەوان پێمان دەڵێن کە نابێت خۆشباوەڕ بین.

هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی لە نێو چەند قەیرانێکی قووڵدایە. ئەم قەیرانانە کاریگەرییان کردۆتە سار هێز و پێگە و توانای کوردستانیان لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دا. خۆ ئەگەر بێت و کوردستانیان بەم فرە ئەجێنداییەوە بچنە نێو یاریگای سیاسی عێراق، نە دەرەقەتی فشارەکانی بەغدا دێن، نە توانای بەدەستهێنانی مافەکانیشیان هەیە.

دەبێت ئەو ڕاستییە بێنینەوە یادمان، کە لایەنە عێراقییەکان لەکاتی ئەوپەڕی لاوازیاندا هەموو مافەکانی کوردستانیان نەسەلماند، ئێستا خاوەنی هێزی ئابووری و سەربازین، پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ دەرەوە پتەوکردووە، چۆن ئێستا مل دەدەن بۆ خواست و مافەکانی کوردستانیان؟

خۆشباوەڕی جۆرێکە لە لاوازی و بێئاگایی لە مەرامی سیاسی بەرامبەر، هاوکات بەهەڵە تێگەیشتنە لە هاوکێشەکان.

ئەو شڕۆڤەکار و پەرلەمانتارە کوردانەی پێشبینی چارەسەربوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان دەکرد و پێیان وابوو عێراق دەیەوێت کۆتایی بە ململانێیەکانی لەگەڵ هەرێم بهێنێت و سەرجەم مافە یاسایی و شایستە داراییەکانی کوردستان بەڕەوا ببینێت، دواتر خۆیان پاشگەز بوونەوە و پێچەوانەی ئەم قسانەیان دەکرد و ڕەخنەیان لە سیاسەتی ناڕاستی عێراق دەگرت و ڕایانگەیاند، کە بابەتی بودجە و مووچە بە سیاسی کراوە و وەکوو کارتی فشار لەلایەن عێراقەوە بەکاردەهێندرێت.

ئەو کوردانەی هەمیشە وای بۆدەچوون، کە دەرفەتی چارەسەری کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان لە ئارادایە، لەم ڕۆژانە ڕەفتاری ناشارستانی و نادیموکراتی شەقامی عەرەبیان بینی، کە سووکایەتی بە کورد و ئاڵای کوردستان دەکەن، لە کاتێکدا هەموویان لە میانەی سیاسەتی تەعریبەوە نیشتەجێی ناوچە کوردستانییەکان کراون.

هاوکات، بینیمان لەسەر جێگۆڕکێی یەکەکانی سوپا و پێشمەرگە شەڕ ڕوویداو و چەند پێشمەرگەیەک شەهید بوون، لەنێو یاریگای وەرزشیدا ئاڵای کوردستانیان لەدەست هاندەری کوردستانی دەرهێنا. لەوانەش ترسناکتر، تاکو ئێستا لەسەر شەقام دروشمی پاشماوەکانی بەعس دەگوترێنەوە. هێشتان جوتیاری کوردستانی لەسەر زەویەکەی دەردەکرێت؛ لە ناوچە دابڕێنراوەکان خوێندنی کوردی فەرامۆش دەکرێت و بایەخ بە خوێندنگە کوردییەکان نادرێت. ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە “شیمالی حەبیب” ناوی کوردستان دەهێنن و پڕۆسەی تەعریبش هەر بەردەوامە.

کەواتە نابێت کوردستانیان لە مامەڵە و هەنگاو و ڕەفتاری سیاسیدا، ساویلکە و خۆشباوەڕ بن چونکە پڕۆسەی سیاسی عێراق و بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت زۆری ماوە بخرێتە چوارچێوەی سیستمی دامەزراوەیی و ڕێکارە یاساییەکان. تاکو ئەو کاتەی کلتوری دیموکراتی لە عێراق دەچەسپێت و بیری شۆڤێنی و تایەفی لاواز دەبن، دەبێت کوردستانیان وەکو ئەوان ڕەفتار بکەن و هێز و تواناکانی خۆیان لە چوارچێوەی گوتارێکی ناسیۆنالیستی سەردەمیدا ڕێک بخەن. 

کوردستانیان ئەو کاتە دەتوانن خۆشباوەڕ بن، کە دەستەبژێری سیاسەتمەدارانی عەرەبی شیعە و سوننە، ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە بڕوایان بە مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان هەبێت و شەقامی عێراقیش لەو ڕاستییە تێبگەن کە نەتەوەی کوردستان خاوەنی خاک و زمان و کلتور و مێژووێکی دێرینە و کۆیلەی عەرەب نییە. هەر کاتێک عێراق بووە دەوڵەتێکی فیدراڵی دیموکراتی سەقامگیر و مەرامی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات، خۆشباوەڕی کورد دەبێتە بابەتێکی ئاسایی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO