لە هیندستان به‌ره‌همه‌نه‌كان به‌جۆرێك یاسا و ڕێساكانیان داڕشتووه به‌درێژایی مێژووی كۆن و نوێ و داهاتوش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانی پێ بپارێزن. ئەوان ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر پێگه به‌رزه‌كانی حوكمڕانیدا، به‌جۆرێك هاووڵاتیان نه‌توانن سه‌رپێچی له‌و یاسایانه‌دا بكه‌ن.
سیستەمه‌كه له شێوه‌ی هه‌ڕه‌مێك داڕێژراوه له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، به‌جۆرێك له سه‌ره‌وه‌ی لوتكه‌ی هه‌رڕ‌مه‌كه‌دا کاستی (چینی) یه‌كه‌م و باڵای كۆمه‌ڵگه‌یه كه به‌ره‌همه‌نه‌كانن، باوه‌ڕیان وایه ئه‌م چینه له سه‌ری خوای براهماوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. زیاتر له‌شێوه‌ی گرووپی ئایینی خۆی نمایش ده‌كات. كاستی دووه‌م “كشاتاریا” کە له جه‌نگاوه‌ر و دادوه‌ر و ئیدارییه‌كان پێكدێن. ئه‌م کاستە خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به‌رهمه‌نه‌كان ده‌پارێزن، ئەمانەخاوەنی سه‌روه‌رت و سامانێکی زۆرن. کاستی سێیه‌م “فایشیا”یە، کە له بازرگان و جوتیاره‌كان پێكدێن. ژیانی ئه‌م کاستەش تاڕاده‌یه‌كی باش له‌خۆشیدایه. کاستی چوارەم”شودرا”یە کە چینی خزمه‌تگوزار پێکدێن، نزمترین چینن.
یاسا و ڕێسایه‌كی توند له نێوان ئه‌م كاستانه‌دا هه‌یه و پێڕه‌وكردنی ناچارییه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه ١٦٥ ملیۆن كه‌س له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م كاستانه ده‌ژین! پێیان ده‌ڵین دالیت (ده‌ركراوه‌كان). به‌چاوێكی زۆر نزم سه‌یر ده‌كرێن. خراپترین كاره‌كان به‌و خه‌ڵكانه ده‌كرێن. هیندوسەکان پێیان وایه ته‌نها به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سانه مرۆڤ پیس ده‌كات.
به‌ره‌همه‌نه‌كان ئه‌وه‌نده ڕۆچوون له كۆنترۆڵكردنی بیركردنه‌وه‌ی تاكدا، چینه‌كانیتر ته‌مه‌نا ده‌كه‌ن و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن له ژیانیاندا چاكه‌كاربن تاكو بتوانن له‌كاتی مردنیان و گواستنه‌وه‌ی ڕۆحیان بۆجه‌سته‌ی گیاندارێكی دیکە(تناسخ الارواح) ڕۆحیان له جه‌سته‌ی به‌ره‌ه‌مه‌نێكدا درێژه به ژیان بدات بۆ ئه‌وه‌ی خۆش بژی، نه‌ك بچێته جه‌سته‌ی ئاژه‌ڵێك و سزابچێژێت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له هه‌ندێك ناوچه‌ی هیندستان مرۆڤ تووشی شۆك ده‌بێت به‌هۆی سه‌ختی ژیانی مرۆڤه‌كان و نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژارییه‌كی كوشنده منداڵ به‌بێ هیچ چاودێرییه‌كی ته‌ندروستی و ئاوی خاوێن و كاره‌با، كه‌چی ده‌وڵه‌مه‌نترینه‌كانی ئاسیا له‌و وڵاته‌دان و خاوه‌نی سه‌دان ملیار دۆلارن. به‌داخه‌وه سیاسییه‌كانیان ئه‌م جیاكاری و چینایه‌تییه به باشترین خه‌ڵات بۆ خۆیان ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ی به باشترین شێوه قۆرخی بكه‌ن!
ئه‌وه‌ی كه ئێستا له كوردستان و عێراق ده‌گوزه‌رێت ڕه‌نگه به‌دیوێكی هه‌مان ئه‌و سیستەمه بێت كه سیاسییه‌كان به خه‌ڵاتی خوای بزانن بۆ خۆیان. سیاسییه‌كانی عێراق له دوای پرۆسه‌ی داگیركردن له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، به‌دڵی خۆیان یاساكانیان داڕشت كه به‌ته‌واوی خزمه‌تی چینێكی بچوكی كۆمه‌ڵگه بكات كه خۆیانن.
له كوردستان له دوای دروستكردنی په‌رله‌مانی كوردستان، دامه‌زارندنی حكومه‌تی هه‌رێم ڕێسا و یاساكانی تایبه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی و مووچه و جیاوكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران و په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و هاووێنه‌كانیان (مووچه به‌رزه‌كان) به‌جۆرێك داڕێژراوه كه مووچه‌ی زه‌به‌لاح و بێ ئاره‌قه‌یان بۆ ببڕێته‌وه به درێژایی ته‌مه‌ن!
له‌لایه‌كی دیکە‌وه چینی ده‌ستڕۆیشتوو و ده‌سه‌ڵاتداران، له جیاتی ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان به‌هێز بكه‌ن و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و كاره‌با و ئاو و بژێوییه‌كی شایسته و دادپه‌روه‌ر بۆ هاووڵاتیان فه‌راهه‌م بكه‌ن، كه‌چی له خه‌می جێگیركردنی پێگه‌ی كه‌سی خۆیان و كۆكردنه‌وه‌ی سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی بنه‌ماڵه ده‌ستڕۆیشتووه‌كان و حیزبه‌كانیانن. هاوته‌ریب چینێكی خۆباده‌ر و مفته‌چیان دروست كردووه به ده‌وری خۆیاندا بۆ پارێزگاری له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان و به‌رده‌وامیدان به‌و سته‌مكارییه و مووچه‌ی زه‌به‌لاح و بێ ئاره‌قه‌یان.
له‌به‌رامبه‌ردا زۆرینه‌ی چینی مافخوراو و مووچه‌خوراویش به‌وپه‌ڕی ئه‌سه‌فه‌وه له ڕابوردویه‌كی ماندو و ئاینده‌یه‌كی تاریك ده‌ڕوانن و ئه‌سه‌ف بۆ ڕه‌نجی بێبه‌رهه‌میان ده‌خۆن، ئه‌م چینه له لێواری خنكان و له بارودۆخێكی زۆر خراپ و ناهه‌مواردا ده‌ژین.
فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی رۆسۆ پێی وابوو ئەو هەژاری و نەدارییەی زۆرینه‌ی خەڵك دووچاری بوون ئه‌نجامی ئەو ته‌ره‌ف و ته‌خشان و په‌خشانه‌یه كە چینێكی مشەخۆری دی لەسەری دەژی. ڕۆچوونی ئەو خەڵكانە لە تەرەف و كەیف و سەفا و زیادەڕۆیی له خه‌رجی لەسەر ژیان و ماف و كۆت و بەندكردنی مرۆڤەكانی دی، لە ڕێگەی پێدانی ئیمتیازاتی فراوان بۆ ڕێژەیەكی كەمی خەڵكی و بێ‌دەنگ كردنیان لە ئاست هەموو ئەو نادادییه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
له‌كۆتاییدا، له سیستەمێكی له‌م شێوه‌یه كۆمه‌ڵگه وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی بیماری لێدێت هه‌ر ڕۆژه و دووچاری ده‌ردێكی كوشنده ده‌بێته‌وه، چه‌نده باسی چاكسازی بكرێت هێنده زیاتر به گه‌نده‌ڵیدا ڕۆده‌چن! هۆكاره‌كه‌شی خۆپه‌رستی به‌شێكی زۆری به‌رپرسانی وڵات و داروده‌سته‌كانیانن، له‌ژێر ناوی جۆراوجۆردا تاك و كۆمه‌ڵگه ده‌ڕوتێننه‌وه و كۆمپانیای كه‌سی و حیزبی تایبه‌ت داده‌مه‌زرێنن و هه‌موو كایه‌كانی ژیان قۆرخ ده‌كه‌ن.
له‌م جۆره كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ناوبانگ ده‌بێته هێمایه‌كی بێ ناوه‌ڕۆك و پێشكه‌شی كه‌سانی بوده‌ڵه و پوچگه‌را ده‌كرێت و ناو و ناوبانگیان پێده‌به‌خشرێت. پێوه‌ری بوونی تاك به‌ستراوه‌ته‌وه به قه‌باره‌ی بوونی ماڵ و سامان و ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها و هێز و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازییه‌وه، نه‌ك بیر و توانای مه‌عریفی و دڵسۆزی بۆ خاك و نیشتیمان.