سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سیستەمی پەروەردە و بنیاتنانی دەوڵەت

لای تاکی کوردستانی میتۆدی گلەیی و گازندە و ورتەورت بووەتە کلتورێکی قێزەوەن، هەرچی دڕکێکی لە پەنجەی ڕابچێت گلەیی لە حکومەت و دەسەڵات و دار و بەرد دەکات. ئەو خەڵکە لە هەموو شتێک بە گلەیییە، نە چارەسەری پێیە و نە بە چارەسەریش ڕازییە. لەسەر شەقامی گشتی، لە تاسەیەک دەدات، هەموو لایەک بە جنێو دەشواتەوە. لە کامێرا دەدات، زمانێکی درێژ لە هەموو لایەک دەکاتەوە.

تاکی کوردستانی خۆی بە نەرێنی پەروەردە کراوە، ڕەخنە لە سیستەمی پەروەردەش دەگرێت. خۆی پیس و پڵتۆخە، ڕەخنە لە پیسیی و پڵتۆخی شار دەگرێت. سەیرانگا پیس دەکات، جنێو بە وانەش دەدات سەیرانگا پیس دەکەن. نازانێت ئۆتۆمبێل لێخۆڕێت، جنێو بە هەموو شۆفێران دەدات. گاڵتەی بە پەروەردەی منداڵانی دراوسێ و خزم دێت، کەچی خۆی منداڵەکانی بە خراپترین شێوە پەروەردە دەکات. چەند سەیرە خەڵک!

تاکی کوردستانی بۆ وای لێهاتووە؟

پەروەردەی سەقەت وای لەو خەڵکە کردووە. گرفت ئەوەیە، هەموومان ئەم ڕاستییە دەزانین، بەڵام کەس چارەسەری پێ نییە. هەرچی دەمی دەکاتەوە، دەڵێت هەموو شتێک خەتای سیستەمی پەروەردەیە. هەمووان دەڵێن سیستەمی پەروەردە سەقەتە. ڕۆشنبیرانی مە فێرن بە ڕەخنە، بەڵام ڕۆژێک نەمان دیت یەکێکیان بەکردەنی چارەسەرێکی ڕاستەقینە پێشکەش بکات. ئازان لە قسەی زل و بریقەدار، ئازان لە نەقلی سەقەتی بیرمەندانی بیانی، ئازان لە خۆهەڵواسین پێیان، لەگەڵ ئەوەشدا، هەر چارەیەکیان پێشکەش بکەیت، ڕەتی دەکەنەوە. با بچمە سەر کەرتی پەروەردە و چەند چارەسەرێکی ڕاستەقینە پێشنیاز بکەم.

تا بزانین وڵاتێک چەند پێشکەوتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان چەند پێوەرێکی داناوە. یەکەم، پەروەردە، دووەم، تەندروستی، سێیەم، کارەبا. باسی پێوەرەکانی دیکە ناکەم، چونکە هەر لەم سێ پێوەرەدا، ئێمە سفری پاش فاریزەین. خۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیشی ناوێت، هەر تاکێکی ژیر دەزانێت وڵاتەکەی چەند پێشکەوتووە. ئەم قسەیەمان زۆر بیستووە: “هەموو شتێک لە پەروەردەوە دەست پێ دەکات.” ئایا دروستکردنی دەوڵەت لە پەروەردەوە دەست پێ دەکات؟

دروستکردنی دەوڵەت لە پەروەردەوە دەست پێ ناکات. دەوڵەت بە هاووڵاتی بە ئەمەک و ئینتیما دروست دەکرێت. هاووڵاتی بە ئەمەک و ئینتیما سەرکردەی دڵسۆز دروست دەکات. ئاخۆ هاووڵاتییانی کوردستان ئینتیمایان بۆ کوردستان هەیە؟ زۆربەی خەڵک دەڵێن، نەخێر نییانە. من دەڵێم، بەڵێ هەیانە بەڵام لە ناخیاندا کپ بووە یان پووکاوەتەوە. بۆ؟ لەبەر تووڕەییان لە گەندەڵی، لە نەبوونی دادوەریی کۆمەڵایەتی و بێ مووچەیی. ئەو ئینتیمایە کپ نەبا، مامۆستایان بایکۆتی خوێندنیان نەدەکرد، بەر دەرکی ماڵ و دوکانی خۆیان پاک ڕا دەگرت، سەیرانگا و پارکەکانیان وا وێران نەدەکرد، هەر یەکە لە ڕاستە خۆی، خزمەتی نیشتیمانی دەکرد. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، چۆن ئینتیمای هاووڵاتییان ببووژێنینەوە؟

پێویستمان بە سیستەمێکی باشی پەروەردەیە لەگەڵ میدیایەکی لێزان. میدیاکانی مە لێزانن لە ڕازیکردنی بەرپرسەیلی حیزبی، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکی نیشتیمانییان پێ نییە. میدیاکانی مە لێزانن لە شکاندنی ئەوی دیکە، وەلی هیچ پڕۆژەیەکیان پێ نییە بۆ گێڕانەوەی شکۆ و ئینتیما بۆ هاووڵاتییان، بۆ گێڕانەوەی متمانە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا. دەبا میدیاکانی کوردستان کارێکی وایان کردبا، قەناعەتیان بە مامۆستایان کردبا دەرگای قوتابخانەکان بکەنەوە. با بە هەموو میدیاکانی کوردستان قەناعەت بە یەک گەنج بکەن کوردستان بەجێ نەهێڵێت و نەبێتە قاپشۆر لە هەندەران (قاپشۆری عەیب نییە، بەڵام دەبێت بپرسین، بۆ چی ئەو گەنجە لە کوردستان قاپشۆری ناکات، لە هەندەران دەیکات؟).

سیستەمی پەروەردە ئامرازێکی کاریگەرە بۆ دروستکردنی دەوڵەت. تا سیستەمی پەروەردە لە کوردستان بەم شێوەیە بێت، قەت نابینە دەوڵەت، بیست جاری دیکەیش ڕیفراندۆم بکرێت، هەر سەر ناگرێت. سیستەمی پەروەردە لە کوردستان لەو پەڕی خراپیدایە، سەقەتە، کەس بە کەس نییە، دەبێت سەر لە بەری بێتە داڕشتنەوە. بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ هیچ سیستەمێکی دیکە لە دونیا. ناشبێت ئەو بەراوردە بکەین. هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە دەبێت سیستەمی پەروەردە بێتە داڕشتنەوە. ئەدی کێ دای بڕێژێتەوە؟

داڕشتنەوەی سیستەمی پەروەردە

ئەوەی خوارەوە پێشنیازی منە بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی پەروەردە لە کوردستان. پێشنیازەیلی من زێتر لەسەر بەرنامەکانی خوێندن و مامۆستایە. هیوادارم پسپۆڕانی بواری پەروەردە بێنە دەنگ و ئەوانیش پێشنیازی خۆیان بدرکێنن. بەڵام، کاتێک قسە دەکەن، با واز لە قسەی زل و تیۆری و ئەکادیمی و (قال و قیل) بهێنن، دەبێت بۆچوونەکانیان ڕاست و ڕەوان و بێ پێچ و پەنا بن.

بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بڕیاری یەکلاکەرەوە دەبێت لە سەرەوە ڕا بێ، لە ناوەندی بڕیارەوە. هیچ شتێک بە بابایەکی وەک من ناکرێت، یان هەر پسپۆڕێکی دیکەی بوارەکە. ئێمە دەتوانین پێشنیاز بکەین، ناوەندی بڕیار دەتوانێت ئەم قسانە بکاتە کردار، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێت. لە خوارەوە، بە خاڵ باسی داڕشتنەوەکە دەکەم.

یەکەم: دەبێت دڕکەپەتکی پەروەردە لە هەناوی حیزب بپسێنین. بڕیار لە سەرەوە ڕا بێ، حیزب بە هیچ شێوەیەک خۆی لە سیستەمی پەروەردە هەڵنەقورتێنێت. بە یەک بڕیاری سەرێک، هەرچی بەرپرسی حیزبی هەیە لە وەزیرەوە تا گزیر، لە کەرتی پەروەردە لا بچێت. دەگەڕێم پسپۆڕی پەروەردەیی بێلایەن لە شوێنی شیاوی خۆی دادەنێم. پسپۆڕی پەروەردەیی کارامەمان هەس، گەنجن، بیرۆکەیان پێیە، بێلایەنن، پاکن، خەمخۆرن. ئەوانە دەهێنم دەیانکەم بە وەزیر و بەڕێوەبەر و بەرپرس. هەموو جۆرە پێداویستییەک دەخەمە بەردەستیان و ناهێڵم یەک کەسی نەشارەزا و حیزبی تخونیان بکەوێت. هەر دوو کەرتی پەروەردە و تەندروستی، کوفرە لە بن دەستی حیزبدا بن. دەبێت، سەرێک فەرمان بکات، لە کابینەی نوێ، وەزیر و پۆستە سەرەکییەکانی بواری پەروەردە حیزبی نەبن. دەبێت کەسانی خەمخۆر و پسپۆڕی بوارەکە بن. ئەگەر سەرێک نەیتوانی ئەم بڕیارە بدات، هەر هیچ نەبێت، با کەسانی لێهاتوو و دڵسۆز و پسپۆڕ بن لە بواری پەروەردە، قەیناکە ئەگەر حیزبیش بن. خەمخۆر و دڵسۆز و پسپۆڕ، ئەگەر حیزبیش بن، ئیشەکە بەباشی و پاکی ڕادەپەڕێنن، چونکە پێش ئەوەی حیزبی بن، کوردستانییەکی دڵسۆز و بە ئەمەک و بە ئینتیمان و زگیان بە خاک و وڵات دەسووتێ.

دووەم:  باشە ئەو وەزیر و بەرپرسە بێلایەنانە چی بکەن؟ پێش هەموو شتێک، دەبێت قوتابخانە ئەهلییەکان دابخەن. کێ زەرەر دەکات؟ دەوڵەمەند. با زەرەر بکات. نابێت لەبەر گیرفانی چەند دەوڵەمەندێک لەمپەر لەبەردەم دروستکردنی دەوڵەت چێ ببێت. نابێت وڵات ببێتە قوربانی دەوڵەمەندان، دەبێت هەرچی دەوڵەمەندە ببنە قوربانی وڵات. قوتابخانە ئەهلییەکان کەرتی پەروەردەیان کردە بازرگانی، بۆ قازانجی خۆیان هەموو شتێکی نا پەروەردەیی دەکەن. هەر کاتێک کەرتی پەروەردە و کەرتی تەندروستی بووە بازرگانی، ئاو بێنە و دەستان بشۆن. ئەمە خەم و کەسەرێکی گەورەیە، دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.

سێیەم:  بە داخستنی قوتابخانە ئەهلییەکان، بەرنامە سەقەتەکانی خوێندنی بیانیش لا دەدەم، وەک فینلاندی، سوێدی، کەنەدی، بەریتانی، ئەمریکی، هتد. چیمان دوورییەوە لەو سیستەمە بیانییانە؟ ئەو سیستەمانە سەریان لە مامۆستا و قوتابییانیش شێواندووە. سیستەمی فینلاندی بۆ فینلاندا باشە، هەر وڵاتە و سیستەمی خۆی بۆ خۆی. کوردستان دەبێت سیستەمی خۆی هەبێت. سیستەمێکی پەروەردەی خۆماڵی و کوردستانیانە.

چوارەم: سیستەمی پەروەردە دەبێت بێتە داڕشتنەوە، بەپێی پێداویستی کۆمەڵگەی کوردستانیی. واتە سیستەمێکی خۆماڵی بێت، لە هەناوی کۆمەڵگەی خۆمان بێتە دەرێ. بۆ نموونە، هەر لە باخچەی ساوایان و سەرەتایییەوە، گرنگی دەدەم بە کشتوکاڵ و کەرتی پیشەیی. بایەخ دەدەم بە هونەری چێشت لێنان چونکە ناندینی کوردەواری دەوڵەمەندترین ناندینە لە دنیا. سیستەمی پەروەردەی کوردستان دەبێت سیستەمێک بێت لەسەر بنچینەی کار و هەرەوەزی بێتە بنیاتنان. کار و هەرەوەزی هەناوی لادێکانی مەیە. گوندەکانی کوردستان واتە کارکردن و هەرەوەزی. تاکی ڕەسەنی کوردستانی لە کارکردن ناترسێت، حەزی لە هەرەوەزییە، دەبێت ئەمە ببێتە بناغەی سیستەمی پەروەردەی مە. لە سیستەمی نوێی پەروەردەدا، گرنگی بەمانە دەدەم: کشتوکاڵ و ئاودێریی، ئیدارەی ئاو، دروستکردنی بەنداو، بەرهەمی خۆماڵی، بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی، هتد؛ دەوڵتسازی، پیشەسازی، زانستە نوێیەکان، سۆشیاڵ میدیا، تەکنۆلۆژیا و ژینگە.

پێنجەم: ئایین لە مەنهەج لا دەدەم. ئەوە ئەرکی دای-بابەیە منداڵەکەی شارەزا بکات لە ئایین، ئەرکی دەوڵەت و کەرتی پەروەردە نییە. ئێستا مەلا و حیزبەیلی ئیسلامی تێک دەچن بەم بۆچوونەم، با بۆ خۆیان دوو جار بیربکەنەوە، با بزانن لە چوار دەیەی بووریدا چییان بە چی کرد؟ لە چل ساڵی بووریدا، کام منداڵ بەهۆی وانەی ئایینەوە، نوێژکەر و تاکێکی باشی لێ دەرچووە؟ هیچ منداڵێک. ئەسڵەن وانەی ئایین بووەتە مۆتەکەی ناخ و دەروونی هەموو منداڵێک. بۆ دەبێت منداڵ، لەم تەمەنەدا، ئایەتی قورئان یان حەدیس لەبەر بکات، کە هیچ لە ماناکەشیان تێ ناگات؟ دەیان منداڵ دەناسم، ئیسلامی لەبەر چاو کەتییە لەبەر وانەی ئایین. با لە منداڵییەوە فێر بکرێین ئایین شتێکی شەخسییە، پەیوەندیی نێوان کەسەکە و خودای خۆیەتی. باشم وە بیرە، برازاکەم لەبەر وانەی ئایین وازی لە قوتابخانە هێنا. جارێکیان بە هەموومان لەگەڵمان گوت، هەرچەندی هێنای و بردی، سورەتی ئیخلاسی پێ لەبەر نەکرا. ئەوە لە پۆلی یەکی سەرەتایی بوو. کاتێک لە قوتابخانە هاتە دەرێ، دواتر خۆی فێری سورەتە کە بوو. بنۆڕێ، بە زۆری نییە خۆ. گەورەترین خزمەت بە ئیسلام دەکەین، ئەگەر وانەی ئایین لە مەنهەج لا بدەین. خزمەت بە قوتابیانیش دەکەین، ئەو کاتەی بۆ لەبەرکردنی ئایەتی قورئان سەرفی دەکات، لە زمان سەرفی بکات، گەلێ چێترە. فێربوونی زمان بە کەڵکی دێ لە بازاڕ، نەک لەبەرکردنی ئایەتی قورئان.

شەشەم: گەورەترین گرفتی بەردەم خوێندن، مامۆستایە. مامۆستای باشمان نییە. زۆربەی مامۆستاکانی کوردستان بۆ مامۆستایەتی ناشێن. کوفرە منداڵ لە بن دەستی ئەوانە بێتە پەروەردەکردن. دێم هەرچی مامۆستای خراپ هەیە دەردەکەم. چۆن؟ مامۆستای خراپ خۆی ماندی ناکات، دێتە قوتابخانە باسی دۆڵمە و تازیە و ژنخوازی و ئەم و ئەو دەکات. لە پۆل، هیچ ناکات، تەنیا، بە قوتابی دەخوێنێتەوە، یان پێیان دەنووسێتەوە و پێیان دەرخ دەکات. بڕیارێک دەردەکەم، هەر مامۆستایەک شت بە قوتابی لەبەر بکات، دێتە فەسڵ کردن. ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت، هەر بۆ خۆی نیوەی مامۆستایان بەجێی دێڵن. شت لەبەرکردن (دەرخکردن) ناهێڵم. لە پۆلی دوازدەدا، کتێبی زیندەزانیم لە بەرگەوە بۆ بەرگ لەبەر کرد، ئێستا هیچم لە بیر نەماوە و یەک سوودیشم لێ نەدیت لە ژیانمدا. ئەدەبی عەرەبی و کوردیم هەمووی لەبەر کرد، هیچم لە بیر نەماوە. چی نەما بە ئێمەی دەرخ نەکەن؟ سەرەتای خوێندنی پار، خوشکەزایەکم هاتەوە ماڵ، تای هاتبوێ چونکە مامۆستای ئایین پێی گوتبوو دەبێ بۆ بەیانی هەر ٩٩ ناوە جوانەکانی خوای گەورە لەبەر بکەن. ئێ سوودی چییە ئەمە؟ ئەگەر ئەمن نەزانم وەهاب و وەدوود و واحید و بەدیع و موهەیمن واتەیان چییە، با هەتا ئێوارە لەبەریان بکەم، سوودیان چییە؟ بنۆڕە قوتابخانەکان، زۆربەی هەرە زۆری قوتابییەکان وانەکان لەبەر دەکەن، بێ ئەوەی یەک شتیش تێ بگەن. چی لەو هەموو دەڕاخە بێ ماریفەتە بکەین؟

حەفتەم: حکومەت بودجەیەکی باش تەرخان بکات بۆ دروستکردنی قوتابخانەی باش. بە دەوڵەمەندەکانیش دەڵێم، لەباتی باج بدەن، با بێن قوتابخانە دروست بکەن. هەر تەنیا دیواری ساردوسڕ نا. قوتابخانە بە واتەی وشە، هەموو پێداویستییەکی لەگەڵدا بێت. هەر قوتابخانەیەک دەبێت کتێبخانە و تاقیگە و وەرشەی لەگەڵدا بێت. ڕەنگە بڵێن شوێن نییە، پارە نییە. ئەوەی دروستکردنی دەوڵەت لە ئەستۆ دەگرێت، نابێت بڵێت پارە نییە، دەبێت پەیدای بکات، ئەگەر لە گیرفانی خۆشی بێت. شوێن نییە؟ ئەدی بۆ شوێن هەیە بۆ مزگەفت؟ (من دژی مزگەفت نیم و خۆم ئەهلی مزگەفتم). هەر بەڕاستی نوێژکەری ڕیاچی و تەمبەڵ و پیسوپۆخڵی مە شایەنی ئەو هەموو مزگەفتە خۆشە نین. دەکرێت سوود لە باڵەخانەی فرەقاتی وەرگرین. دەکرێت باڵەخانەی قوتابخانەیەک پازدە قات بێت، ئەگەر بێت و بە باشی و بێ فڕوفێڵ بێنە دروستکردن، جێی چەندان هەزار قوتابی دەبێتەوە. نابێت هیچ پۆلێک لە پازدە قوتابی زێتری تێدا بێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە قوتابخانە هەیە. ئێستا، پۆلی وا هەیە لە هەندێک قوتابخانە، زێتر لە پەنجا قوتابی تێدایە. ئەمە کارەساتە، نابێت ئەوها بێت. بۆیە دەبێت، قوتابخانەیەکی زۆر دروست بکەین.

هەشتەم: لەباتی وانەی ئایین، وانەی خۆبەخشی دادەنێم. لەم وانەیەدا، تۆوی خۆبەخشی، کارکردن وەک خۆبەخش، خۆبەختکردن لەپێناو وڵات دادەنێم. منداڵ فێری ئەوە دەکەم ناو پۆلی خۆی پاک بکاتەوە، هەست بە بەرپرسیارەتی بکات و شەقام و بەردەرکە و شوێنی گەشتیاری پیس نەکات. فێری دەکەم چۆن ئیش بکات. بەهۆی ئەو سیستەمە پەروەردەییە سەقەتەی ئێستا هەمانە، تاکی کوردستانی تەمبەڵ بووە. دێم لەم وانەیە، تۆوی ئیشکردنی تێدا دەچێنم. لەباتی وانەی مێژوو، وانەی نیشتیمانسازی دادەنێم. لەم وانەیە فێرە ئینتیمای دەکەم، فێری دەکەم وڵاتی خۆش بوێت. ڕەنگە بڵێن، ئەو وانانەمان هەیە، منیش دەزانم هەن، بەڵام سەقەتن. قسەی گەورە گەورەی تیۆری تێدایە. مامۆستا هەمووی کردووەتە پێناسە و قوتابییان لەبەریان دەکەن. ئەوە نابێت بمێنێت. لەباتی وانەی جوگرافیا، وانەی شاخەوانی دادەنێم. لە پەنای پەروەردەی شاخەوانی، جوگرافیا بە قوتابی دەڵێم و مانگی جارێکیش پۆل دەبەمە ناو شاخ.

نۆیەم: بە قەد وانە سەرەکییەکان، بایەخ بە وانەی هونەر و وەرزش دەدەم. دەبێت ئەم دوو وانەیە، وەک وانەی زانست و زمان و بیرکاری، لانیکەم، هەفتەی چار جار بێنە خوێندن.

دەیەم: خوێندنی پیشەیی زیندوو دەکەمەوە. چۆن؟ لە پۆلی یەکەوە تا پۆلی نۆ، قوتابی ئامادە دەکەم بۆ خوێندنی پیشەیی. هەموو بەشەکان چالاک دەکەمەوە، پێویستمان بە دارتاش، بۆڕیچی، کارەباچی، لەحیمچی، سپلیتچی و هتد هەیە. چی لەو هەموو دەرچووە بێ ماریفەتانەی زانکۆ بکەین؟ دەرچووی زانکۆ وەهمێکی بۆ دروست بووە، پێی وایە شتە، بۆیە هەموو ئیشێک ناکات. نیوەی زێتری قوتابیانی زانکۆ ئێستا، شایەنی ئەوە نین لە زانکۆ بن. دەبێت لە خوێندنی پیشەیی بن. هاوکات، هەموو زانکۆ ئەهلییەکان و نیوەی زانکۆ حکومییەکان دادەخەم. وەرگیران لە زانکۆ زۆر قورس دەکەم، نابێت هێندە بە ئاسانی قوتابی لە زانکۆ بێتە وەرگرتن. بەشی ماستەر و دکتۆرا بۆ ماوەی پەنجا ساڵ ڕادەگرم. هێندە ماستەر و دکتۆرامان هەیە، بەشی یەک سەدەمان دەکات. بەس بزانم کوردستان ئەو هەموو دەرچووی زانکۆ و ماستەر و دکتۆرایەی بۆ چییە؟

یازدەم: وانەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بیرکردنەوەی داهێنەرانە زیاد دەکەم، یانیش هەر لەگەڵ وانەی هونەر و وانەی خۆبەخشی دایان دەنێم.

دوازدە: ڕێزمان و ئەدەب لە وانەی زمانی عارەبی و کوردی و ئینگلیزی لا دەدەم. دەبێت قوتابی فێری عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی بێت، قسەی پێ بکات، نەک ڕێزمان و ئەدەبم بۆ لەبەر بکات. دەمهێشی کاتێ ئاوڕ دەدەمەوە و دەبینم ئەو هەموو ساڵە وانەی عەرەبییم خوێند کەچی فێری عەرەبی نەبووم، دوای کۆلێج، خۆم فێری عەرەبی کرد. وانەی زمانی فارسی و تورکی زیاد دەکەم. هەموو تاکێکی کوردستانی دەبێت، تا پۆلی دوازدە، زمانی عەرەبی، تورکی، فارسی و ئینگلیزی بە باشی قسە بکات.

بەکورتی، سیستەمی پەروەردە لە کوردستان نابێت لە هیچ سیستەمێکی دیکەی پەروەردەیی بچێت لە دنیا. ئێمە نەتەوەیەکی دەوڵەمەندین لە هەموو شتێک: زمان، کلتور، مێژوو، خاک، ئاو و هتد. دەبێت نەتەوەی دیکە چاو لە ئەزموونی ئێمە بکەن. ئەمەش تەنیا ئیرادە و بڕیاری دەوێت. هیچ سیستەمێکی پەروەردەیی بیانی خزمەتی مە ناکات. بە پێچەوانەوە، لێمان تێک دەدات، سەرمان لێ دەشێوێنێت. ئەدی وایان لێ نەکردوینە؟ سیستەمێکی پەروەردەیی خۆماڵی دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانە لای تاکی کوردستانی، ناهێڵێت بێگانە و نەیار و دوژمن وا بە ئاسانی زەفەر بە تاکی کوردستانی ببەن.

سیستەمێکی باشی پەروەردەیی، وەک ئەوەی سەرەوە، کاتی دەوێت. ئەو سیستەمە پەروەردەییەی ئێستا، نەبێت باشترە. بوونی کارەساتە. یەک یان دوو ساڵ خوێندن بە پاش بکەوێت، باشترە لەوەی هەروا بە سەقەتی بڕوات. چاودەنێ، ئەوانەی من لە سەرەوە باسیان دەکەم، ڕەنگە بە شتی بچووک حسێبیان بکەن، بەڵام دەوڵەت بەو چشتە بچووکانە چێ دەبێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO