زمانی جه‌سته (body language) به هه‌موو ئه‌و جووڵه و ده‌ربڕینه نازمانیانه ده‌گوترێت كه مرۆڤه‌كان له‌كاتی په‌یوه‌ندی كردن‌دا له پاڵ زمانی ئاخاوتن له‌گه‌ڵ كه‌سی به‌رامبه‌ر به به‌كارهێنانی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته خۆویستانه و خۆنه‌ویستانه ئه‌نجامی ده‌دەن، کە په‌یڕه‌وی هیچ یاسایه‌كی ڕێزمانی ناكات. واته جۆرێكه له زمانه بێده‌نگه‌كان و هیچ وشه‌یه‌ك تێیدا گۆناكرێت.
زمانی جه‌سته یه‌كێكه له ئامرازه ساكاره‌كان بۆ ته‌واوكردنی كرده‌ی په‌یوه‌ندیكردن و لێكتێگه‌یشتن، ئامانجیش له به‌كارهێنانی زمانی جه‌سته له پاڵ كرده‌ی ئاخاوتندا، بریتییه له خێرا گه‌یاندنی په‌یامه‌كه. به‌مه‌ش كرده‌ی وه‌رگرتن و تێگه‌یشتن له‌لایه‌ن گوێگره‌وه خێراتر دەبێت، چونكه هه‌موو ئه‌و جووڵه جه‌سته‌ییانه‌ی، كه به ده‌ست، پێ، شان هه‌ڵته‌كاندن، سه‌ر له‌قاندن، كرانه‌وه و داخستنی چاو له پاڵ كرده‌ی قسه‌كردندا ئه‌نجامده‌درێن. هەمووی به ته‌واوكه‌ری یه‌كدت هه‌ژمار ده‌كرێن، كه‌واته ده‌كرێت بگوترێت زمانی جه‌سته به ئه‌ندازه‌ی زمانی قسه‌كردن گرنگه.
ناكریت زمانی جه‌سته تێكه‌ڵ به زمانی ئاماژه بكرێت، چونكه زمانی ئاماژه پڕه له ڕێزمان وه‌كو زمانی قسه‌كردن، هه‌روه‌ها بوونی سیسته‌مێكی ڕێزمانی ئاڵۆز، به‌ڵام زمانی جه‌سته به پێچه‌وانه‌وه هیچ یاسایه‌كی ڕێزمانی تێدا نییه، به‌ڵكو به جه‌سته ڕوون ده‌كرێته‌وه. زمانی جه‌سته، له‌ڕووی مێژووییه‌وه، به‌كارهێنانه‌كه‌ی شتێكی نوێ نییه، به‌ڵكو مێژووێكی دێرین و درێژی هه‌یه، لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی زمانی جه‌سته ده‌شێت جیاوازبن له كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیکە، یاخود له كلتورێكه‌وه بۆ كلتورێكی دیکە. هه‌روه‌ها بۆچوونی جیاواز هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه زمانی جه‌سته زمانێكی جیهانییه یاخود نا. زمانی جه‌سته ته‌واوكه‌ری په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه زاره‌كییه‌كان، ده‌شگوترێت كه زمانی جه‌سته باوه‌ڕپێكراوتره له زمانی قسه‌كردن، چونكه له‌م جۆره ده‌ربڕینه‌دا، هه‌ست و سۆز و ناخی قسه‌كه‌ره‌كه تێكه‌ڵی ده‌بێت، به‌ڵام له زمانی قسه‌كردندا تیكه‌ڵبوونه‌كه به‌و ئه‌ندازه‌یه نییه.
جووڵه و ئاماژه جه‌سته‌ییه‌كان له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌موو كرده ئاخاوتنییه‌كاندا به‌شداری ده‌كات، به‌ڵام ڕێژه‌ی به‌شداری كردنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته شتێكی ڕێژه‌ییه، واته ته‌وه‌ری گفتوگۆ و گرنگی و تازه‌گه‌ری زانیارییه ده‌ربڕاوه‌كان ڕێژه‌ی به‌كارهێنانی جووڵه جه‌سته‌ییه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، به‌ڵام مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێت كرده قسه‌ییه‌كان و جووڵه جه‌سته‌ییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا هاوته‌ریب بن، تاوەکو به ئاسانترین شێوه كرده‌ی تێگه‌یشتن بێته ئاراوه. واته زمانی جه‌سته درۆكردن نازانێت و ڕاسته‌وخۆ وێنای هه‌ست و نه‌ست و نھێنییه شاراوه‌كانی كه‌سی به‌رامبه‌ر ده‌كات. هه‌ر له ڕێگای زمانی جه‌سته‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه عه‌قڵ بیر له‌چی ده‌كاته‌وه، كه له به‌رامبه‌ردا زمانی ده‌ربڕین دانی پێدا نانێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ڕبڕینه‌كان و جووڵه جه‌سته‌ییه‌كان هاوته‌ریب نه‌بوون، واته پێچه‌وانه‌ی یه‌كتربوون، ئەوا لەوکاتەدا وەک“ئالان بیز“ ده‌ڵێت: كه‌سی گوێگر زیاتر حه‌زده‌كات متمانه به زمانی جه‌سته بكات.
له یه‌كێك له توێژینه‌وه‌كاندا، “ئه‌لبێرت میهرا‌بین“ گه‌یشته ئه‌و ڕاستییه‌ی كه به گشتی كاریگه‌ری په‌یامه‌كان له‌سه‌ر گوێگر دابه‌ش ده‌بن بۆ: 07% وشه‌كانن، 38% ئاوازه‌ن و 55% نازه‌ره‌كین. واته مرۆڤ به‌گشتی بۆ جێبه‌جێكردنی كرده‌ی په‌یوه‌ندی به ڕێژه‌ی 55% زمانی جه‌سته به‌كارده‌هێنێت. كۆی پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندیكردنیش له ڕێگای سێ میكانیزمی سه‌ره‌كییه‌وه جێبه‌جی ده‌كرێت، كه بریتین له: گفتوگۆكردن و ده‌نگ و جووڵه جه‌سته‌ییه‌كان. هه‌ردوو میكانزمی وشه و ده‌نگ له پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندیكردندا به ئه‌ندامی “گوێ” ده‌بیسترێت، به‌ڵام جووڵه جه‌سته‌ییه‌كان به ئه‌ندامی چاو ده‌بینرێن و له ڕێگای چاو و مێشكه‌وه لێكدانه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێت.
له دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا، گرنگه بۆ كه‌سی پیشكه‌شكار شاره‌زایی ته‌واوی هه‌بێت له زانست و شیكردنه‌وه‌ی زمانی جه‌سته، چونكه كاتێك میوان یاخود كه‌سی پرسیارلێكراو پرسیاره‌كه‌ی ئاراسته ده‌كرێت، له پاڵ هه‌موو ئه‌و ده‌ربڕینه زمانیانه‌ی، كه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌كاری ده‌هێنێت، واته له‌پاڵ ده‌ربڕینه زمانییه‌كان زمانی جه‌سته‌شی به‌كارده‌هێنێت. له دیمانه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێز و كورسی بۆ پیشكه‌شكار و میوان دانراوه، بۆیه لێره‌دا زیاتر ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له كه‌مه‌ر به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ن زیاتر ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنیان هه‌یه و ده‌كه‌ونه به‌ر تێبینی ورد و لێكۆڵینه‌وه، كه زۆربه‌ی جار به‌بێ ئاگایی و خۆنه‌ویستانه به‌كاریان ده‌هێنیت. لێره‌دا پێشكه‌شكاری شاره‌زا و ئه‌كادیمی له پاڵ وه‌ڵامه ده‌ربڕاوه‌كاندا، زۆر ورد و ژیرانه چاودێری جووڵه و ئاماژه جه‌سته‌ییه‌كانی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات و به‌راوردی ده‌بڕین و جووڵه‌كانی ده‌كات. لەوێدا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه میوانه‌كه‌ی تا چ ڕاده‌یه‌ك وه‌ڵامه‌كه‌ی ڕاسته و له‌كوێشدا زانیاری فلته‌ركردووه. زۆرجاریش ده‌بینرێت، به‌تایبه‌ت له‌كاتی دیمانه‌كردن له‌گه‌ڵ سیاسه‌توان و به‌رپرسەکان و كه‌سایه‌تییه ئاینییه‌كان، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌كاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره گرنگ و هه‌ستیاره‌كاندا، كۆنتڕۆڵی هه‌موو جووڵه جه‌سته‌ییه‌كانی خۆیان بكه‌ن، بەڕاده‌یه‌ك کە كۆنتڕۆڵی باری ده‌روونی خۆشیان ده‌كه‌ن. له‌وكاته‌دا كه‌سی پێشكه‌شكار ڕه‌نگه نه‌توانێت به وردی شیكردنه‌وه و به‌راوردی ده‌ربڕینه زمانییه‌كان و جووڵه و بزاوتنه‌كانی میواكه‌ی بكات.
پێشكه‌شكاری سه‌ركه‌وتوو تاكه ئاماژه‌یه‌ك یاخود جووڵه‌یه‌كی جه‌سته‌یی به‌ته‌نیا ناكاته بناغه بۆ لێكدانه‌وه و شرۆڤه‌كردنی جووڵانه‌وه جه‌سته‌ییه‌كان، واتە زانیارییه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر تاكه جووڵه‌یه‌ك بنیات نانیێت، به‌ڵكو ده‌بێت بناغه‌ی لێكدانه‌وه‌كه‌ی بریتی بێت له كۆی جووڵه ئه‌نجامدراوه‌كانی میوانه‌كه‌ی، كه یه‌ك له‌دوای یه‌ك له كاتی دركاندنی كرده قسه‌ییه‌كانیدا جێبه‌جێی كردووه، چاودێری كردنی جووڵه‌كانی میوان (پرسیارلێكراو) له هه‌مووكاتێكدا ئاسان نییه، به‌تایبه‌ت كاتێك د‌رك به‌وه ده‌كات، كه پێشكه‌شكار به وردی چاودێری جووڵه‌كانی ده‌كات. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، كاتێك مرۆڤ به‌بێ ئاگایی خۆی تێبینی جووڵه‌كانی ده‌كرێت، هه‌موو جووڵه و ده‌ربڕینه‌كانی سروشتی ده‌بێت و ده‌توانرێت لێكدانه‌وه‌یه‌كی ورد و باشتری لێ هه‌ڵبهێنجرێت. كه‌واته ده‌كرێت بڵێین لێكدانه‌وه‌ی جووڵه‌كانی میوان بریتییه له كۆمه‌ڵێك جووڵه‌ی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و ته‌واوكەر و به‌دوایه‌كداهاتوو و په‌یوه‌ست به هه‌ڵوێستە دیاریكراوەکانی میوانه‌كه، كه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ گوزارشت له هه‌ڵویسته‌كه ده‌كات.
هه‌ندێك له‌و ئه‌ندامانه‌ی مرۆڤ كه به‌شداری ده‌كه‌ن له كرده‌ی جووڵه جه‌سته‌ییه‌كان وه‌كو ته‌واوكارییه‌ك بۆ كرده قسه‌ییه‌كان بریتین له:
چاو و برۆ، ئه‌م دوو به‌شه‌ی ڕووخسار بریتین له كلیلی كه‌سێتی مرۆڤه‌كان، واته بۆت ڕوون ده‌كاته‌وه، كه چ شتێك له مێشكی میوانه‌كه‌تدا ده‌خولێته‌وه، به جۆرێك، ئه‌گه‌ر گلێنه‌ی چاو فراوانبوو، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، كه شتێكی له تۆ بیستووه و دڵخۆشی كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوه‌كانی كزبوو ڕێك به پێچه‌وانه‌ی دۆخی یه‌كه‌مه. خۆ ئه‌گه‌ر برۆكانی بۆ سه‌ره‌وه به‌رزكرده‌وه، مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و شته‌ی له تۆ ده‌یبیستێت باوه‌ڕی پێ ناكات یان گومانی له زانیارییه‌كه‌ت هه‌یه. ئه‌گه‌ر دووباره به‌خێرایی هه‌ردوو ئه‌برۆی به‌رزكرده‌وه ئاماژه‌یه بۆ موفاجه‌ئه‌یه‌ك.
لووت، كاتێك ده‌ست له لووتی ده‌دات، مانای وایه ڕاستییه‌كان نادركێنێت، واته درۆ ده‌كات.
گوێچكه، ئه‌گه‌ر ده‌ستی به گوێچكه‌ی داهێنا و ڕای كێشا، مانای وایه ئه‌و شتانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت، جوان تێده‌گات و سه‌ری سووڕماوه.
نێوچه‌وان، گرژكردنی نێوچەوان و سه‌یركردنی زه‌وی له‌یه‌ك كاتدا، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، كه نایه‌وێت گوێ له قسه‌كانت بگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نێوچه‌وانی گرژ كرد و سه‌یری سه‌ره‌وه‌ی كرد، مانای ئه‌وه‌یه سه‌ری له قسه‌كانت سووڕماوه.
شان، هه‌ڵته‌كاندنی شانه‌كان له‌كاتی قسه‌كردندا، مانای ئه‌وه‌یه، كه نازانێت له‌باره‌ی چییه‌وه قسه ده‌كات.
جگه له‌و به‌شانه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ، كه ئاماژه‌مان پێكردن، ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر له ئه‌ندام و جووڵه‌ی جۆراوجۆری دیکە هه‌یه، كه هه‌ریه‌كه‌یان واتا و مه‌به‌ستی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت.
له دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌وانیشدا به‌ده‌ر له‌م جووڵه و ئاماژانه‌ی سه‌ره‌وه، ژماره‌یه‌ك جووڵه‌ی تری گرنگ هه‌یه، كه ده‌بێت پێشكه‌شكار به وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات، وه‌ك:
- ئه‌گه‌ر میوانه‌كه قاچه‌كانی له‌سه‌ر یه‌كتر دانا به به‌رده‌وامی جووڵه‌ی پێ كرد، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌ست به بێزاری ده‌كات.
- ئه‌گه‌ر پێشكه‌شكار بینی میوانه‌كه‌ی باوێشك ده‌دات، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، كه ده‌یه‌وێت كۆتایی به قسه‌كان بهێنێت.
- ئه‌گه‌ر میوان سه‌ری خوراند، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه بیر له شتێكی گرنگ ده‌كاته‌وه.
- كاتێك به‌ناو له‌پی ده‌می خۆی ده‌شارێته‌وه، باوه‌ڕی وه‌هایه، كه گوێی له درۆیه‌ك گرتووه.
- ئه‌گه‌ر میوانه‌كه له‌كاتی دانیشتن‌دا پێ و ئه‌ژنۆی كۆكرده‌وه، نیشانه‌ی گرژبوونیه‌تی.
- وشكردنه‌وه‌ی ئاره‌قه‌ی وه‌همی یان لێكردنه‌وه‌ی شت له پۆشاكه‌كانی، نیشانه‌یه بۆ شڵه‌ژانی.
- گرتن و داپۆشینی ده‌م به ده‌سته‌كانی یان به مشتی، نیشانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، كه قسه‌یه‌كی گرنگی پێیه و كه‌سێك قسه‌كانی پێده‌بڕێت یاخود ناهێڵێت قسه‌كانی بكات.
ده‌كرێت هه‌موو ئه‌م نیشانانه له جه‌سته‌ی میوانه‌كه له كات و شوێنی خۆیدا ده‌ربكه‌وێت. ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌رنج و په‌ی پێ بردنی پێشكه‌شكاره، بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری و داتاكانی ورد و گومان لێ نه‌كراو بێت، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی یه‌ك نیشانه‌دا پێشكه‌شكاری سه‌ركه‌وتوو تیبینی كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ی دیکە ده‌كات، كه هه‌موویان یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن. بۆ نموونه، له‌كاتی دركردن به توڕه‌یی میوانه‌كه، ده‌شێت ژمارەیەک نیشانەی لێ دەرکەوێت، لەوانە: لووت ئه‌ستووربوون؛ لێو له‌رزین. سوور هه‌ڵگه‌ڕان؛ بەرزبوونەوەی برۆكان بۆ سه‌ره‌وه؛ بەرزکردنەوەی سینگی به ئاراسته‌ی سه‌ره‌وه؛ خێربوونی لێدانی دڵ؛ دەستەکانی مشته‌كۆڵه بکات.
ئه‌و نیشانانە ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی، كه كه‌سه‌كه له لوتكه‌ی توڕه‌بووندایه، به‌ڵام هەر یه‌كێك له‌مانە به‌ته‌نیا ناکرێت وەک نیشانەی تووڕه‌یی كه‌سه‌كه ببینرێت. واته ته‌نیا یه‌ك ئاماژه یان دوو ئاماژه پێوه‌ر نییه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی كه میوانه‌كه تێیكه‌وتووه.
زۆر جار ده‌بینین جووڵه و ئاماژه‌كانی كه‌سێك ڕێك دژ و پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانییه‌تی، به‌تایبه‌ت له كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان و كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردن. بۆنموونه: سیاسه‌تمه‌دارێك یان به‌رپرسێك له دیمانه‌یكدا ده‌ڵێت: “من له خزمه‌تی چینی هه‌ژاران و لێقه‌وماواندام”، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌ربڕینه‌دا ده‌سته‌كانی له شێوه‌ی مشته‌كۆڵه‌ن و په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌ی ڕووبه‌ڕووی كامێرای به‌رنامه‌كه ده‌له‌رزێنێت و چاوه‌كانیشی داخراون. هه‌موو ئه‌مانه نیشانه‌ن بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن نه‌ك دڵسۆزی سیاسه‌تمه‌داره‌كه. یان کەسێکی دیکە ده‌ڵێت: “من ده‌مه‌وێت خۆشه‌ویستی و ڕێز و ئاسایش بۆ گه‌له‌كه‌م به‌رقه‌رار بكه‌م”، كه‌چی به‌ناو له‌پی ده‌كێشێت به مێزه‌كه‌ی به‌رده‌میدا، كه له زانستی زمانی جه‌سته‌دا ئه‌م جۆره جووڵه‌یه ئاماژەیە بۆ دۆخی توندوتیژیی نه‌ك ده‌ربڕینی ڕێز و خۆشه‌ویستی.
سوود وه‌رگرتن له زمانی جه‌سته ته‌نیا له بواری ڕاگه‌یاندندا گرنگی پێنه‌دراوه، به‌ڵكو ته‌شه‌نه‌ی كردووه و لقێكی زۆری لێ بۆته‌وه و به گوێره‌ی شوێن و كاتی گونجاو و بواره‌كه ڕێژه‌ی به‌كارهێنان و سوود وه‌رگرتنه‌كه دیاری ده‌كرێت. به‌ڵام له هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی ڕاگه‌یاندن، لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوان، دادگا، ناوه‌نده‌كانی خوێندن …هتد، سوودی لێوه‌رگیراوه. هه‌رچه‌نده ئه‌م زانسته گه‌وره‌یه له ڕاگه‌یاندنی كوردیدا زۆر كه‌م سوودی لێ بینراوه، ته‌نانه‌ت ده‌شێت بڵێین پشتگوێ خراوه و لێكۆڵینه‌وه‌ی پێویستی له‌سه‌ر نه‌كراوه.