هێرەشەکانی تورکيا بۆ سەر ڕۆژڤای کوردستان بە بێ پاساو و هۆکاريش هەر بەردەوام بووە و بەردەواميش دەبێت. بەڵام هەبوونی پاساو و هۆکار کار دەکاتە سەر چۆنيەتی و چەندێتی هێرشەکانی تورکيا بۆ سەر ڕۆژاڤا. لەم ساڵدا تورکيا دوو جار هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان، زۆر توند و کاريگەر بوون. جارێکیان لە دوای چالاکييەکەی پەکەکە بوو کە لە ناو ئەنقەرە ئەنجامیدا، جاری دووەم لە دوای کوشتنی چەند سەربازێکی تورک لە لایەن پەکەکەوە بوو، کە دوو ڤيديۆ لەو بارەیەوە بڵاوبووەوە لەم ماوەیەدا. ئەم جۆرە چالاکييانە نەک هەر پاساو دەداتە تورکيا، بەڵکو فشارێکی ناوخۆیی لە تورکيا دروست دەکات بۆ سەر حکومەت و سوپا کە وەڵامی توند بدەنەوە.
بە پێی بەدواداچوونێکم لەم چەند ڕۆژەدا، هێرشەکانی تورکيا بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان کەمەرشکێن بوون. تورکیا گرنگترين ژێرخانە مەدەنیيەکانی کردۆتە ئامانج، لەوانە کێڵگە نەوتييەکان و وێستگەکانی کارەبا و ئاو و نەخۆشخانەکان. ئەم جۆرە هێرشانە کاريگەریی زۆر ترسناکی دەبێت، ژیان دەوەستێنێت، شارەکان لە شاربوون دەخات، وەزيفەکانی حکومەت لەناو دەبات. دەبێتە هۆکاری کەمی خزمەتگوزاری، پاشان دەبێتە مایەی ناڕەزایەتی هاووڵاتييان کە بۆ دوورمەودا کاريگەریی زۆر خەراپی دەبێت لەسەر کۆی ئەوەی لە ڕۆژاڤا بەدەستهاتووە.
لێرەدا دەبێت دوو جياوازی بکەين، پەکەکە لە قەنديل و شاخەکان، شەڕی پارتيزانی دەکات. شار و حکومەتی بە دەست نييە. چالاکی سەربازی لە ناو تورکيا و کوشتنی سەربازی تورک، بۆ گرووپێکی پارتيزان دەستکەوت و گرنگە. بەڵام ئەم چالاکيیانە نەک دەستکەوت نين بۆ لایەنێک کە شار و حکومەتی بەدەستە، بەڵکو زیان و هەڵەیە. واتە کوشتنی یەک سەربازی تورک دەستکەوتە بۆ پەکەکەی قەنديل، بەڵام بۆ ڕۆژاڤای کوردستان ئەو کارە هەڵەیە، هەڵەیەکی زۆر گەورەشە. بۆ ڕۆژاڤا دروستکردنی یەک شەقام، دابينکردنی یەک سەعات زیاتر لە کارەبا بۆ شارەکان، کردنەوەی یەک نەخۆشخانە و قوتابخانە، ڕەخساندنی چەند هەلێکی کار، یەک هەنگاو بەرەوپێشچوونی سووپاکەی لە ڕووی تەکنەلۆجی و دەزگاییەوە. سەدان جار بەسوودتر و باشتر و گرنگترە لە کوشتنی سەدان سەربازی تورک. بەپێچەوانەوە، سەرکەوتنە مەدەنی و ئیدارییەکان و ژێرخانییەکانی ڕۆژاڤا گورزی کوشندەترن بۆ سەر تورکيا لە کوشتنی چەند سەربازێک. ڕۆژاڤا دەبێت بەو شێوەیە لە تورکيا بدات، نەک بەو شێوەیەی کە پەکەکە دەيکات.
پەکەکە و ڕۆژاڤای کوردستان دوو دۆخ و دوو سيستەم و دوو هاوکێشەی تەواو جياوازن. دەبێت کارکردن و سياسەتيان بەرامبەر بە تورکياش تەواو جياواز بێت. تورکيا بۆ هەردوولا دوژمن و داگيرکەرە، بەڵام شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو داگيرکەرە، دەبێت دوو شێوازی جياواز بێت، دانەیەکی لەگەڵ بارودۆخ و سروشتی پەکەکە بگونجێت، ئەوی تر لەگەڵ بارودۆخ و سروشتی ڕۆژاڤای کوردستان بگونجێت.
ئەگەر تا چەند ساڵێک پێش ئێستاش گورزوەشاندنی لەو شێوەیە سوودی هەبووبێت یان ئاسایی بووبێت بۆ ڕۆژاڤا، ئەوە لە ئێستادا زیانی هەیە. چونکە ئەو پارچەیەی کوردستان وردەوردە بەرەو ئەوە دەچێت کە حکومەت و سوپا و دەستوری خۆی هەبێت. ئيتر دەبێت هەوڵی بەهێزبوون و گەشەکردن بدات لەسەر ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سەربازیی. ئەمەش پێويستی بە سەقامگيری و ئارامييەکی ڕێژەیی هەیە لەناوخۆدا. ئەم ئامانجانە مەحاڵە بەدی بێن کە هەر ماوەی جارێک تورکيا بەو شێوە توند و نایاساییە ژێرخانی شارەکانی ڕۆژاڤا وێران بکات و لەناو بەرێت.
هاوکێشەکە سادەیە، کاتێک تورکيا ئەو جۆرە هێرشانە دەکات، بە هۆی ناهاوسەنگی لە هێز، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) توانای نييە شارەکان و ژێرخان و خەڵک بپارێزێت، توانای ئەوەشی نييە بە هەمان شێوەی تورکيا وەڵامبداتەوە و شارەکانی ئەوانيش بەو شێوەیە وێران بکات تا تورکيا بوەستێت و سڵ بکاتەوە. کەواتە چارەسەر چييە؟ هەموو هەوڵێک بدرێت تورکيا هيچ پاساوێکی نەبێت بۆ ئەو جۆرە هێرشە وێرانکەرانە. ئەمە چۆن دەکرێت؟ ئەمەش بە دوو شێواز یان ڕێگا دەکرێت:
یەکەم، بە شێوەیەکی فەرمی و فيعلی بە تەواوی پەکەکە و ڕۆژاڤا لە یەکتر جيابکرێنەوە. پەکەکە و بڕياربەدەستانی ڕۆژاڤا بە ويست و پلان و باوەڕەوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کورد و کوردستان، ئەو بڕيارە بدەن. بۆ نموونە، بە بەياننامەیەکی فەرمی لە لایەن پەکەکە و هەسەدەوە بە ئاشکرا و بەڕوونی ڕابگەێنرێت کە پەيوەندييان بە یەکەوە نييە. بەرزکردنەوەی ئاڵای پەکەکە و وێنەی ئۆجەلان لە ڕۆژاڤای کوردستان ڕابگیرێت. هاتوچۆی ئەندامانی پەکەکە بۆ ڕۆژاڤا بە فەرمی و ئاشکرایی کۆتایی پێبێت. زۆر کات دەگوترێت ئەم کارە ناکرێت، چونکە پەکەکە و پەیەدە یەک گرووپ و بزووتنەوەن. ئەمە پاساو نييە، چونکە ئاشکرایە کە چەندين نموونە هەیە لە حيزبێکەوە چەند حيزبێکی دیکە دروست بوونە. لێرەدا مەبەستم ئەوە نييە کە پەکەکە و پەیەدە، هاوشێوەی هەندێک نموونە ببنە ڕکابەر و نەياری یەکدی، بەڵکو تەنيا لەیەکتر جياببنەوە و پەيوەندی سەربازیی و سياسی و فەرميان نەمێنێت، هەردوولا سەربەخۆیی خۆیان هەبێت.
دووەم، ئەگەر هەردوولا ناتوانن یان ڕەزامەند نين بە چارەسەری یەکەم، ئەوا دەتوانن ئەو پەيوەندييە بهێڵێنەوە بەو مەرجەی پەکەکە بە فيعلی و فەرمی کۆتایی بەو جۆرە چالاکييە سەربازييانە بهێنێت. لەبری گورزوەشاندنی سەربازی لە تورکيا، دەتوانێت گورزی ستراتيجی و بەهێزتری لێبدات لە ڕێگای دروستکردنی جۆرێک لە سەقامگيری و ئارامی لە ڕۆژاڤا کە ببێتە مایەی بەهێزبوونی ئابووری و سوپا و حکومەتەکەی، کە زۆرينەی دانيشتووانەکەی ئينتيما و پشتگيریيەکی گەورەیان هەبێت بۆ دەزگا و حکومەتەکەیان نەک حیزب و ئایدیۆلۆجیایەک. ئەمە دەکرێت ببێتە مایەی پشتگيری زیاتری ئەمريکا و ئەوروپا لەو قەوارەیە.
هەموو ئەمانەش بکرێت، هێشتان ئەگەری ئەوە هەیە کە تورکيا هەر بەردەوام بێت لە هێرش و تاوانەکانی، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتييەوە کەمتر و جياوازتر دەبێت.
ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، مانای ئەوە نييە کە ڕۆژاڤای کوردستان بژاردەی جەنگ و سەربازی بەرامبەر بە تورکيا لە ناوببات. بە پێچەوانەوە، هەرگيز نابێت کورد بگاتە ئەو باوەڕەی کە ئيتر جەنگ و شەڕ بەرامبەر بەو داگيرکەرە کۆتایی پێ بهێنرێت. بەڵام چ جەنگ و چ جۆرە ئامرازێکی سەربازیی؟ ڕۆژاڤای کوردستان دەبێت سەرەتا هەوڵ بدات سوپایەکی بەهێز و پێشکەوتوو و نيشتيمانی دروست بکات، کە بتوانێت هيچ نەبێت لە کاتی هێرشەکانی تورکيا خەڵک و شار و ژێرخانی ئابووری و مەدەنی خۆی بپارێزێت. بتوانێت وەک سوپایەک بەرامبەر بە لەشکرکێشی تورکيا بوەستێت، نەک فڕۆکەی تورکيا بێتە سەر شارەکانی کوردستان بە ئارەزوی خۆی خەڵک بکوژێت و ژێرخانی شارەکە وێران بکات، هەسەدەش تەنيا تەماشاکەر بێت. بۆ گەيشتن بەم قۆناغە لە هێز، کاتێکی دوور و درێژ پێويستە، کاتێکی درێژ لە ئارامی و سەقامگيرييەکی ڕێژەیی.
لە جەنگی ناهاوسەنگی لەو شێوەیەدا، کە ناهاوسەنگييەکە لە ڕووی توانا و تەکنەلۆجیا و ئابووری، لە ڕووی چەندایەتی و چۆنايەتی، نەک زۆر گەورەیە، بەڵکو بەراورد ناکرێت.
لە دۆخێکی وادا دەکرێت گرووپێکی چەکدار بە شەڕی پارتيزانی ڕووبەڕووی سوپایەکی نيزامی گەورە ببێتەوە. گرووپە پارتيزانەکە دەبێت لە بيابان و دەشت و شاخ، لە دەرەوەی شارەکان بێت، بۆ ئەوەی کە سوپاکە وەڵامدەداتەوە شار و خەڵکی سڤيل و ژێرخانی وڵاتەکە وێران نەکات، دەزگا حکومييەکان لەناونەبات. بۆ نموونە، کاتێک پەکەکە لە هەرێمی کوردستانەوە چالاکی ئەنجام دەدات بەرامبەر بە سوپای تورکيا، تا ئەمڕۆش وەڵامەکانی تورکيا نەگەيشتووەتە ئەوەی کە لە ناو شاری سلێمانی و هەولێر بدات و قوتابخانە و کێڵگەی نەوت و نەخۆشخانەکان وێران بکات. بەڵکو زیاتر هێرشەکان ئاراستەی شاخ و دەشتەکان و هەندێک کات گوندەکان دەکرێت، بە کورتی، هێرشەکانی تورکیا بۆ ناو شاری سلێمانی زیانێکی زۆر گەورەی نەبووە، تا ئێستا. هەر کاتێک وەڵامەکانی تورکيا گەيشتە ئەوەی کە ژێرخانی سلێمانی و دەزگا و باڵەخانە گرنگەکانی سلێمانی بکاتە ئامانج، دەبێت دەسەڵاتدارانی سلێمانی سنوورێک بۆ چالاکييەکانی پەکەکە دابنێن. ئەگەر نا، دەبێت بتوانن خەڵک و ژێرخانی سلێمانی بپارێزن بەرامبەر بە درۆن و مووشەکەکان. ئەوەی دووەم مەحاڵە لە ئێستادا. ئاشکرایە کاتێک پەکەکە چالاکیيەکی سەربازی ئەنجامدەدات، ئەوا تورکيا وەڵامەکانی بۆ ڕۆژاڤای کوردستان جياوازە لەوەی هەرێمی کوردستان، لەوێ بە شێوەیەکی زۆر ترسناک ژێرخانی مەدەنی و ئابووری وێران دەکات.
هەڵەی حەماس لە غەززە ئەوە نييە کە هێرش دەکاتە سەر ئيسرائيل و ئامرازی سەربازی و پارتيزانی بەکاردەهێنێت، هەڵە گەورەکەی، کە دەگاتە ئاستی تاوان، ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوەیە ئامادە نييە دەستبەرداری کاری پارتيزانی بێت و کەچی دەيەوێت شار و زیاد لە دوو مليۆن هاووڵاتی بەڕێوە ببات و حوکمداری بکات. کاتێک دەيەوێت حوکمداری بکات ئەوا دەبێت دەستبەرداری کاری پارتيزانی بێت، ئەگەر ويستی جەنگ بەرپا بکات دژ بە ئيسرائيل، ئەوا دەبێت سەرەتا سوپایەکی نيشتيمانی و بەهێز دروست بکات، کە بتوانێت کەمترين پارێزگاری لە شار و ژێرخان و زیاد لە دوو مليۆن مرۆڤ بکات. ئەگەر ئامادە نييە دەستبەرداری کاری پارتيزانی بێت، ئەوا دەبێت لە دەرەوەی شارەکانەوە، بۆ نموونە لە بيابانی سينا، بارەگا دانێت و چالاکی بکات، بۆ ئەوەی کاردانەوەکانی ئيسرائيل بۆ دەرەوەی شارەکان بێت، نەک شارێک وێران بکات و نزيکەی دوو مليۆن هاووڵاتی ئاوارە بن، حەماس ئەمە لە کاتێکدا دەکات کە هيچ توانایەکی نييە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی کارەسات. هاوکات، لەگەڵ ئەو هەموو قوربانی و زەرەرە، بستێک لە خاک ئازاد نەکرێت بەڵکو خاکيش لەدەست بدرێت. لەوانەیە ئەوە ڕاست بێت کە هەندێک لە لایەنگرانی حەماس دەڵێن ئەگەر ئەو هێرشەی ٧ی ئۆکتۆبەریش نەکرایە، ئەوا ئيسرائيل بەردەوام هێرش دەکاتە سەر فەڵەستينييەکان. یاخود دەڵێن ئەمە پێنجەم جەنگی ئيسرائيلە دژ بە غەززە، لە کاتێکدا هێرشێکی هاوشێوەی ئەوەی حەوتی ئۆکتۆبەر تەنيا لە پێنجەم جەنگ ئەنجامدراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێويستە ئاماژە بەوە بکریت، کە بە هەر چوار جەنگەکەی پێشووی ئيسرائيل لە غەززە، قوربانی وکووژراو و وێرانييەکەیان بە هەموویەوە نەگەيشتووەتە نيوەی ئەم جەنگەی دوایی، چونکە پاساوەکە زۆر بەهێزتر و ئاشکراتر بوو.
چالاکييەکانی پەکەکە، کاتێک ئاساییە کە تەنيا قەنديل و شاخەکان ببنە گۆڕەپانی شەڕ، نەک شارەکان. چونکە دواجار کوشتنی سەدان سەربازی تورک نابێتە مایەی ئازادکردنی گوندێک، بەڵکو دەبێتە مایەی وێرانبوونی چەندين باڵەخانە و شوێنی گرنگ و هەستياری شارەکانی ڕۆژاڤا. بۆ دۆخی ڕۆژاڤای کوردستان، ئەوە گرنگ نييە چەند سەربازی تورک دەکوژرێت، ئەوە گرنگە کە دۆخێکی ئارام و سەقامگيری هەبێت ببێتە هۆکاری وەبەرهێنان و گەشەکردنی ئابووری و سياسی، کە دواجار دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی سوپا و لایەنی سەربازيش. ئەمە گەورەترين لێدانە لە تورکيا. بە کورتی، چالاکييەکانی پەکەکە ئاساییە و دەکرێت پێويستيش بێت کە بەردەوام بن، بەو مەرجەی زیان و قوربانيدانەکەی بۆ کورد و کوردستان زۆر زیاتر و گەورەتر نەبێت لە سوودەکانی. ئەمەش تەنيا بەوە دەکرێت کە کاردانەوەی تورکيا بۆ چالاکييەکانی پەکەکە ئاراستەی ڕۆژاڤا نەکرێت، بەڵکو تەنيا ئاڕاستەی قەنديل و شاخەکان بکرێت.



