كۆمەڵانی دیاسپۆرا هەمیشە هێزێکی گەورەی نەتەوەیی و کاریگەرن بۆ گەل و نیشتیمانەکەیان لە وڵاتانی دووەمیان، كە دەتوانرێت لە هەموو کاتێکدا لە سەرجەم ئاستەکانی ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسی و کلتوری هاوکار و پشتیوانی نەتەوەکەمان بن. دیاسپۆرای نەتەوەکانی خاوەن دەوڵەتی وەک یۆنانی، ئیتالی، ئەرمەنی، جوو، تورک و لوبنانی، هەروەها نەتەوە بێدەوڵەتەکانی وەک باسک، کەتەلۆنیا، سکۆتلەندا، تامیل) نموونەی دیار و بەرچاوی ئەم بۆچوونەن.
بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار و قەیرانی مەزن، بەتایبەتی سیاسەتی داپڵۆسێنەری دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە، سەدان هەزار کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بە ناچاری نیشتیمانی ڕەسەنی خۆیان جێهێشتووە و بوونەتە پەنابەر لە سەرتاپای جیهان، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، کەندا، ئوسترالیا. وڵات هەیە دەیان و بگرە سەدان هەزار هاونیشتیمانی كوردستانی لێگیرساوەتەوە، بەمەش ڕەوەندی کوردستانی لە ڕووی ژمارەوە، بە تایبەتی لەو سی تا چل ساڵەی دواییدا، گەشەکردنێکی فراوانی بەخۆییەوە بینیوە.
دیاردەیەكی ئاساییە كە نەوەی یەکەمی دیاسپۆرای کوردستانی، وەك هی هەر نەتەوەیەکی دیكە كە بۆ یەكەمجار كۆچ دەكەن، تەرکیزیان بە پلەی یەكەم دەچێتە سەر جێگیربوون و زامینكردنی بژێوی ژیان و هاوكاریكردنی خانەوادەكانیان لە كوردستان، لەگەڵ خۆگونجاندن لەگەڵ یاسا و کلتوری وڵاتە نوێیەكە. ئەگەرچی توانای ئەو نەوەیە بۆ ئامێزان (integration) لەگەڵ كۆمەڵگا نوێیەكە سنووردارە و زاڵبوون بەسەر بەربەستەكانی سەركەوتندا، كارێكی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەكیان، ئەگەر كەمینەش بن، سەركەوتوو بوونە و توانیویانە خزمەت بە كۆمەڵگاكانیان لە هەردوو دیوی كوردستان و هەندەران بگەیەنن.
نەوەی یەكەمی دیاسپۆرای كوردستانی زادە و پەروەردەی كوردستانن و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەردەوام لە خەمی نیشتیمانەکەیاندا بوونە و لەکاتی کارەسات و ڕووداوە ناخۆشەکاندا هەوڵی بێوەچانیان داوە بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردستان بە ڕای گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکانی جیهان. بەڵام مخابن کاریگەرییەكانیان لەسەر پێشهاتە گرنگەكان و ڕاكێشانی سۆزی کۆمەڵگە نوێیەکانیان بۆ كوردستان و كارتێكردنی چارەنووسی نەتەوەکەیان هەر بە سنوورداری ماوەتەوە. ئەمەش بەشێكی پەیوەستە بە بەربەستە مەزنەكانی بەردەم پەناهەندەكانی نەوەی یەكەم لە وڵاتێكی بێگانەدا، یان بە تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی بڕیاردان لەنێو سیستەمی سیاسی و کارگێڕیی وڵاتانی ڕۆژئاوادا. بەشێكیشی پەیوەستە بە لێكدابڕان و پەرتەوازەیی كۆمەڵایەتی و سیاسی ڕەوەندی كوردستانی بەهۆی خۆبەستانەوەیان بە ڕەوتی ڕووداو و دینامیکیەتی سیاسی ناوەكی كوردستانەوە. ئەو ڕەوەندە وەك بڵێی درێژكراوەی كۆمەڵگاكانی ناوەوەیە، هەمیشە کێشە و ململانێ و جەمسەرگیریەکانی ناوخۆی وڵاتیان گواستووەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێبوون. ئەمەش وایکردووە هاوشێوەی ناوخۆی کوردستان، دیاسپۆرای کوردستانی لە وڵاتانی دەرەوەش دووچاری پەتای دابەشبوون و پەرتەوازەیی بن و بەهۆیەوە نەتوانن لە دەوری دۆزە مەزنە هاوبەشەكەی کوردستان كۆ ببنەوە و كاری لۆبی و هەرەوەزی لە چوارچێوەیەكی گشتگیردا ئەنجام بدەن. بۆیە سەرباری هەوڵ و چالاكی حیزبی یان ڕێكخراوەیی نێو كۆمەڵگای مەدەنی، كەچی كاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان و سیاسەتی وڵاتەكانیان لە ئاستی قەوارە و ژمارەی دیاسپۆراكەدا نەبووە.
جێگەی دڵخۆشییە کە ئێستا نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆرای کوردستانی پێگەیشتوون و زیاتر ئامێزانی کۆمەڵگەکانی خۆیان بوون و وەك هەر هاووڵاتیەك پەرە بە توانستەکانی خۆیان لە بواری فێربوون، خوێندن و پیشە و کارکردن بدەن. ئەوانە وەك خاوەنماڵ و بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگا و لەگەڵ کلتور و فەرهەنگی وڵاتەكەدا گەشەیان كردووە. زۆرینەیان لە ڕێگەی خوێندن، سیاسەت، هونەر، ئەدەب و بزنسەوە توانیویانە جێپەنجەیان دیاربێ و بگرە ڕۆڵی سەركردەیان تێدا ببینن.
بێگومان ئەوانە بە شێوازێکی جیاواز لە نەوەی یەکەم بیر دەکەنەوە، پێوەر و نۆرمی ئەو وڵاتانە شارەزاترن و توانای كارتێكردنیان لەسەر سیستەمی بڕیارداندا زیاترە. ئەوانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە لەمەڕ دۆزە مەزنەكەی كوردستاندا ببینن، بەتایبەتی ئەگەر توانستەکانیان کۆبکرێنەوە و ئاراستە بکرێن. ئەوەش پرسیارە مەزنەكەیە، ئایا چۆن ئەو توانا شاراوەی ڕەوەندی كوردستانی لە هەندەران بەدەربخرێت و بە دید و ستراتیژ و ڕێچكەیەكی نیشتیمانییەوە ئاراستە بكرێن.
دیارە پێشتر هەوڵدراوە كە لۆبی كوردستانی لە هەندەراندا ڕێكبخرێت یان هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە پچڕپچڕ بوونە و بەردەوامێتیان نەبووە. تا ئێستا هیچ لایەنێك نەیتوانیوە چوارچێوەیەك و بەرنامەیەكی هاوبەش بێنێتە كایەوە كە هەوڵە جیاوازەكان لەخۆ بگرێت یان گوڕێكی نوێ بداتە گەنجانی نەوەی دووەم و سێیەم کە لەو وڵاتانە لەدایکبوون و گەورەبوون. هاوكات بەحیزبیکردنی کارو چالاکییەکانی دیاسپۆرای کوردستانی هۆکارگەلی بەرچاون بۆ سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵانە.
بەو دواییە هەوڵێکی دیکە، بە هەستێكی نوێ هاتووەتە كایەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لۆبی كوردستانی و بۆ کۆکردنەوەی کوردستانیانی دەرەوە لە ژێر چەتری یەک دامەزراوەی نیشتیمانی بەهێز و کاریگەر ئەویش “کۆنفیدڕاسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانیی”ـە بەو ئامانجەی كە ببێتە هۆكارێك بۆ بەهێزکردنی لۆبی کوردستانی و باشتر ئاراستەکردنی دیاسپۆراكە.
بە گوتەی خۆیان، ئەم دامەزراوەیە هەوڵدەدات بە ڕووحیەتێکی بەهێزی نیشتیمانی و دوور لە ئینتیمای حیزبی و کەسیی کاربکات. بێگومان ئەو جۆرە هەوڵە دەرفەتێکی زێڕین دەڕخسێنێت بۆ بەگەڕخستنی توانستی دیاسپۆرای کوردستانی و دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز و کاریگەر بە ئاراستەی خزمەتکردنی خاک و گەلی کوردستان لە ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکاندا، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی ململانێکانی جیهان بێتە ئاراوە.
هیچ كاتێك درەنگ نییە کە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین هاونیشتیمانیی دیاسپۆرا لە ژێر چەتری ئەم جۆرە دامەزراوە نیشتیمانییانەدا و پێسپاردنی ئەركی پلاندانان و هەماهەنگی كردن تیایاندا بە کەسانی چالاك و کاریگەر و خاوەن ئەزموون. خەڵكانێك كە لەتوانایاندا بێت، دوور لە ئایدیۆلۆجیایەكی دیاریكراو یان جەمسەرگیری حیزبایەتی، ئەم دامەزراوەیە یان ئەوانی دیکە کە هەن بەنیشتیمانیی بكەن و بیانكەن بە پلاتفۆرم بۆ سەرجەم دیاسپۆرای کوردستانی بە هەموو گرووپە ئیتنی و ئایینی و سیاسی و ئایدۆلۆجیاكانەوە. بە دەستەجەمعی، هەوڵی زامینكردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بدەن، لە ڕێگەی كۆمەكی بێمەرجەوە، هەتا سەربەخۆیی ڕێكخراوەكە و بڕیارەكانی بپارێزن. لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە كوڕ و كچانی نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆرای کوردستانی ڕۆڵی كاریگەری تێدا بگێڕن و بۆندی ئەوانەش لەگەڵ نیشتیمانە گەورە هاوبەشەكەمان پتەوتر بكرێت.