سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لێکچوونێکی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڵەستين: پارتی-یەکێتی و فەتح-حەماس

هەر وەک چۆن جياوازی هەیە لە نێوان دۆزی کورد و دۆزی فەڵەستين، هاوکات، جیاوازی هەیە لە نێوان ئيسرائيل و داگيرکەرانی کوردستان، لێکچوونيش لەنێوانیاندا هەیە. بەراوردکردنی ئەو دوو پرسە بە یەکدی، دەکرێت سوودی هەبێت بۆ کورد، چ لەسەر ئاستی تيۆری و چ لەسەر ئاستی پراکتيک، بۆ بەرچاوڕوونی و ناسينەوەی هەندێک لە کێشە و ڕێگرييەکان. لێرەدا تەنيا ئاماژە بە یەک لایەن و ڕەهەندی ئەو لێکچوونە دەکەم کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەڵەستين هەیە، ئەم ڕەهەندە هەرێمی کوردستان و فەڵەستينی لاواز کردووە، ئەويش دابەشکردنی حکومەت و وڵاتە بەسەر دوو بەش و زۆن لەسەر بنەمای دوو گرووپی سياسی.

دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستينی (فەتح) لە ١٩٦٤، دوای هەوڵدانێکی زۆر لە لایەن بەشێک لە گرووپ و کەسايەتييە فەڵەستينييەکان و وڵاتە عەرەبييەکان، بە تايبەتی ميسر، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ گۆڕينی دۆزی فەڵەستينييەکان لە دۆزی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ دۆزێکی سياسی و نەتەوەیی و نيشتيمانیی. لە ١٩٧٤ وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکانيش فەتح وەک تاکە نوێنەری فەرمی و شەرعی فەڵەستينييەکان ناساند و، پلەی چاودێری نادەوڵەتی پێدرا لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ١٩٨٨ فەتح دەوڵەتی فەڵەستينی ڕادەگەيەنێت و لە هەمان ساڵدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی فەتح دەگۆڕدرێت بۆ “فەڵەستين”. لە ١٩٩٣ ئيسرائيل دان بە فەتح دەنێت وەک نوێنەری گەلی فەڵەستين. لە هەمان ساڵدا ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ لە نێوان فەتح و ئيسرائيل ئيمزا دەکرێت کە دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی چارەسەری دوو دەوڵەتیی و لەدايکبوونی دەسەڵاتی فەڵەستينی کە ئێستا لە کەناری ڕۆژئاوادا کاربەدەستە. ئەم دەسەڵاتە لە لایەن فەتح دامەزرا وەک حکومەت و تاکە نوێنەری فەرمی فەڵەستين کە دەبێت کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە حوکم بکات. پاشان لە ٢٠١٢ فەڵەستين پلەی دەوڵەتی چاودێری نائەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرێت. فەتح توانی دانپێدانانی زیاد لە ١٠٠ دەوڵەت بۆ دەوڵەتی فەڵەستين بەدەست بهێنێت.

ئەم کورتەیە ئەوە دەردەخات کە فەڵەستينييەکان دوای هەوڵ و کاتێکی زۆر توانیان ببنە خاوەن حکومەت و نوێنەرێکی فەرمی بۆ دۆزی فەڵەستين. ئەم نوێنەرە فەرمی و یاسایی و شەرعييە، دانپێنراوە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی عەرەبی و خودی ئيسرائيل. واتە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و یاسایی هەیە.

 بۆ ئيسرائيل، بە تايبەت بۆ باڵی توندڕەوەکان کە باوەڕيان بە دروستبوونی دەوڵەتێکی فەڵەستينی نييە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ ئيسرائيل بە فەرمی دانی بە چارەسەری “دوو دەوڵەتیی” ناوە، زۆر گرنگ بوو کە دۆزی فەڵەستين لە دەست فەتح (دەسەڵاتی فەڵەستينی لە ئێستادا) دەربێت و بدرێتە گرووپێکی دی، کە نە ئەندامە لە فەتح، نە پاڵپشتی و دانپێدانی نێودەوڵەتی و عەرەبی هەیە. بەمەش دۆزی فەڵەستين پاڵپشتی نێودەوڵەتی و یاسایی لاواز دەبێت. دەرکەوتن و بەهێزبوونی حەماس، لەم لایەنەوە، خزمەتێکی گەورە بوو بۆ ئەو ئامانجەی ئيسرائيل. هەر بۆیە نەتانياهو تا پێش هێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری حەماس، هەميشە پشتگيری ئەوەی کردووە  کە حەماس لە غەزە حوکم بکات نەک دەسەڵاتی فەڵەستينی.

حەماس (کە پێشووتر ئيخوانييەکانی فەڵەستين بوو) هەر لە سەرهەڵدانييەوە ئامادە نەبوو لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوە فەرمييە کار بکات و بەڵکو دژایەتيشی دەکرد. دوای کشانەوەی ئيسرائيل لە کەرتی غەزە لە ٢٠٠٥، دەرەفەتێک بوو بۆ دەسەڵاتی فەڵەستينی کە تەواوی کەرتەکە حوکم بکات و لەگەڵ بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا. بەڵام هەر زوو لە ٢٠٠٦ لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حەماس براوە دەبێت و شەڕی ناوخۆ لە نێوان حەماس و فەتح دروست دەبێت و کەرتەکە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستينی لەوێ دەردەکرێن. لەو کاتەوە دەسەڵاتی فەڵەستينی لە کەناری ڕۆژئاوا حوکم دەکات و حەماس لە غەزە. هەل و دەرەفەتەکەی کشانەوەی ئيسرائيل لە غەزە، گۆڕا بۆ دابەشبوونی فيعلی فەڵەستين و دۆزەکەی لە نێوان فەتح و حەماس. دوو حکومەت و زۆنی دژ بە یەکدی دروست دەبن. ئەمە خزمەتێکی گەورەی بە ئيسرائيل کرد و زیانێکی گەورەی لە دۆزی فەڵەستين دا.

کاتێک لەم لایەنەوە بەراوردی هەرێمی کوردستان دەکرێت بە فەڵەستين، لێکچوونێکی گەورە هەیە لە نێوانياندا. وەک چۆن لە دوای ١٩٩١ دەرەفەتێک دروست بوو بۆ باشوور کە حکومەتێکی کوردستانی دروست ببێت و ببێتە هەنگاوی یەکەم بۆ سەربەخۆیی پارچەیەکی کوردستان. کەچی ئەو دەرەفەتە گۆڕا بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیی. پاشان لەدوای ٢٠٠٣ ـەوە باشووری کوردستان دەرەفەتێکی دیکەی بۆ ڕەخسا، ئەويش بە یاسایی و دەستوورییکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. دانپێنانی عێراقی و نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی هەرێم، پاشان فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی، دەکرا بکرێن بە بەردی بناغەی سەربەخۆیی. بەڵام دابەشبوونی هەرێمی کوردستان، لە نێوان پارتی و یەکێتیی، کە لە واقعدا هاوشێوەی فەڵەستين، دوو حکومەت هەیە، حکومەتی زۆنی سەوز، حکومەتی زۆنی زەرد، گورزی گەورەی لەو دەرەفەتە مێژوویيە دا. هاوشێوەی فەتح لە فەڵەستين، پارتی خاوەنی حکومەتە فەرمی و دانپێنراوەکەیە. لەبەرابەردا هاوشێوەی حەماس، دەسەڵاتی یەکێتیی هيچ پاڵپشتييەکی نێودەوڵەتی و یاسایی نييە. چۆن خودی فەتح دەسەڵاتی فەڵەستينی بە حيزبی کردووە و هۆکارێکە بۆ ئەو دابەشبوونە، سەرکەوتووش نەبووە لەوەی حەماس و گرووپەکانی نزيک لە حەماس بهێنێتە ناو حکومەتە فەرمييەکە، یاخود ناچاريان بکات ببنە بەشێک لێی، پارتيش تا ڕادەیەکی زۆر حکومەتی هەرێمی بە حيزبی کردووە و سەرکەوتوو نەبووە لەوەی یەکێتیی و زۆنی سەوز بکاتە بەشێک لەو حکومەتە.

لەلایەکی دیکەوە، حەماس هاوشێوەی یەکێتیی، لەبەر مانەوەی دەسەڵاتی خۆی، ئامادە نييە لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و نيشتيمانی هەندێک سازش بکات و زۆنی سەوز بکاتە بەشێکی ڕاستەقينە لە حکومەتی هەرێم. ئەو لاوازييەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە عێراق و دەوڵەتە داگيرکەرەکانی دی، هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی واقع، دوو حکومەت و دوو دەسەڵاتی دژ بە یەکدی هەیە.

ئەو دابەشبوونەی نێوان حەماس و فەتح، فەڵەستينی کردووە بە زۆنی هەژموونی دوو بەرەی ئيقليمی. کەرتی ڕۆژئاوا (فەتح و دەسەڵاتی فەڵەستينی) لەژێر هەژموونی بەرەی سعودييە و ئيماڕات و ميسرە، کەچی غەزە (حەماس) لەژێر هەژموونی ئێران و قەتەرە. ململانێی ئەو دوو بەرە ئيقليمييە ڕەنگی داوەتەوە لەناو فەڵەستين. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆزی فەڵەستين جياوازە و بەشێک نييە لەو ململانێيە.

لە هەرێمی کوردستانيش ئەو دابەشبوونە هەرێمەکەی کردووە بە گۆڕەپانێکی ململانێی نێوان ئێران و تورکيا. هەر وەک چۆن حەماس بۆ مانەوەی خۆی پشت بە ئێران و فەتح پشت بە سعودييە دەبەستێت، پارتی بە تورکيا  ویەکێتیی بە ئێران. ئەمەش لە هەردوو نموونەکە، زیانی بۆ ناوخۆ هەیە و سوودەکەی تەنيا بۆ دەوڵەتە ئيقليمييەکانە. لەلایەکی دیکەوە، ئەو دابەشبوونەی حەماس و فەتح بووەتە مایەی ئەوەی کە فەڵەستين دوو سياسەتی دەرەوەی دژ بە یەک پەيڕەو بکات. سياسەتی دەرەوەی غەزە جياواز و دژە لەگەڵ سياسەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەڵەستينی لە کەناری ڕۆژئاوا. هەمان دۆخ لە هەرێمی کوردستان پەيرەو دەکرێت، پارتی، بەناوی حکومەتی هەرێم، سياسەتی دەرەوەی جیاوازە لە پەيوەندييەکانی یەکێتی لەگەڵ دەرەوە.

ئەو دژایەتييەی کە لە نێوان حەماس و فەتح دا هەیە، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی گەورەی هەیە. وەک دەبينين لە کاتێکدا کە غەزە کاول دەکرێت، کەناری ڕۆژئاوا تا ڕادەیەکی زۆر هەڵوێستی لاوازە و فەڵەستينييەکانی ئەوێ جەنگيان ڕانەگەياندووە و بەشێک نيين لەو جەنگە. تەنانەت دەنگۆ هەیە کە چەند ئەندامێکی دەسەڵاتی فەڵەستينی بە نهێنی پشتگيری خۆیان بۆ ئيسرائيل ڕاگەياندوە لەم جەنگەدا بۆ لەناوبردنی حەماس.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتيش، سەرەڕای ئەو هەموو کاولکاری و کوژراو و بريندارەی ناو غەزە، ئەو جەنگە وەک جەنگی نێوان ئيسرائيل و حەماس دەناسرێت، نەک جەنگی نێوان ئيسرائيل و فەڵەستين. هەمان دۆخ لە هەرێم هەیە، پارتی بە ناڕاستەوخۆ پشتگيری تورکيا دەکات لە هێرشەکانی بۆ سەر زۆنی سەوز و سزادانی فڕۆکەخانەی سلێمانی. یەکێتیی پشتگيری حەشد و عێراق دەکات لە ململانێکانی نێوان هەرێم و عێراق. یاخود هەڵوێستی ميدياکانی پارتی و یەکێتیی لە کاتی پەلاماری داعش بۆ شەنگال و مەخمور، هەروەها لە کاتی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا.

هاوکێشەی حەماس-فەتح وەک هاوکێشەی پارتی-یەکێتیی بووەتە مایەیی ئەوەی کە دوو هێزی چەکدار دروست بن و ڕێ لە دروستکردنی سوپایەکی نيشتيمانیی بگرن. ئەو دوو هێزە چەکدارە ئەوەندەی دژی یەکدین، ئەوەندەی زیانيان بۆ وڵات و نيشتيمان و نەتەوەکەی خۆیان هەیە، ئەوەندە دژی داگيرکەر نين. لە کاتێکدا چ کوردستان و چ فەڵەستين، بە پێی تەراوزی هێز، لە نەيار و داگيرکەرەکانيان لاوازترن. تاکە ئامرازی بەهێز ئەگەر هەبێت بۆ هەردوولا، ئەوا شەڕکردن و بەرخۆدانە لە ڕێگەی یەک هێزی نيشتيمانیيەوە، کە بتوانێت پاڵپشتی زۆرينەی کۆمەڵگا بەدەست بهێنێت.

کاتێک نەتەوەیەک یان وڵاتێک، لاوازە لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆجييەوە، ئەوا دابەشکردنی هێزە سەربازييەکەی بەسەر دوو گرووپدا، دەيان جار لاوازتری دەکات. چونکە ئەو دابەشبوونە تەنيا دابەشبوونێکی سەربازی نييە، بەڵکو دەبێتە دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئينتيمایی و سياسیی و ئابووریی. واتە لە هەموو ئەو ئاستانە، تواناکە نيوەی دەڕوات، کێشەکەش ئەوەیە کە ئەو نيوەیە بۆ دژایەتی یەکدی دەڕوات نەک دژایەتی داگيرکەر.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەو دۆخەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڵەستين و لێکچوونيان، ئەوا ئەم نموونەیە بەسوودە. گريمان غەزە زۆنی سەوزی هەرێمە، حەماس یەکێتييە. کەرتی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتی فەڵەستينی حکومەتی هەرێم و زۆنی زەردە. ئەوا یەکێتیی بە پلانی ئێران جەنگ دژ بە تورکيا بەرپا دەکات. تورکياش لە وەڵامدا بە فڕۆکە و مووشەک و تانک زۆنی سەوز وێران دەکات، زۆرينەی دانيشتوانەکەی ئاوارە دەکات و بە دەيان هەزار خەڵک دەکوژێت. بۆ وەستاندی ئەم دۆخە، یەکێتیی دەبێت ڕای بگەيەنێت کە ئيتر زۆنی سەوز حوکم ناکات و زۆنەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێم. بەڵام یەکێتیی ئامادەیە هەموو زۆنی سەوز کاول بکرێت و زۆرينەی خەڵکەکەی بە کوشت بدات و ئاوارە بکات، تەنيا دەسەڵاتی زۆنی سەوز ڕادەستی هەولێر نەکات، هەولێر نەک تورکيا. لە لایەکی دیەوە، حکومەتی هەرێم و پارتی (وەک فەتح) لە زۆنی زەرددا تەماشاکەرن و بەشداری جەنگەکە ناکەن دژ بە تورکيا بۆ بەرگری لە سلێمانی، بەڵکو بە نهێنی پشتگيری تورکيا دەکەن بۆ ئەو کاولکارييە تەنيا لەبەر ئەوەی یەکێتیی لاببرێت و خۆیان زۆنی سەوز حوکم بکەن. لەم دۆخەکەدا هەرێمی کوردستان و فەڵەستين، پارتی-یەکێتی و فەتح-حەماس دەکەونە لاوازترين دۆخ بەرامبەر بە داگيرکەر. وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە جەنگی ئيسرائيل لە غەزە، یاخود پێگەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە عێراق و تورکيا و ئێران.

وەک دەردەکەوێت، لەم ڕووەوە هەرێمی کوردستان و فەڵەستين، دۆزی کورد و دۆزی فەڵەستين لێکچوونێکی ديار و گەورەیان هەیە. هەردوو لا بە هۆی پێشخستنی بەرژەوەندی حيزبی پاشخستنی بەرژەوەندی نيشتيمانی و نەتەوەیی هەميشە خۆیان لە دۆخی لاواز دان و نەيارەکانيان لە دۆخی بەهێز. دواجار خودی حيزبەکانیش لاواز دەبن بەرامبەر بەداگيرکەر، واتە خۆیان و نەتەوە و نيشتيمانيان لاواز دەکەن. هەموویان ئەم هەقيقەتە دەزانن بەڵام ئامادە نين سنوورێک بۆ ئەو خۆکوژييە دابنێن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO