سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کوردستان نەک عێراق لانکەی سەرهەڵدانی کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانە

توێژینەوەکانی زانکۆی ساپیێنزا لە ڕۆمای ئیتاڵیا بۆ ماوەی ٥٨ ساڵ لە شوێنەواری ئەرسلان تەپە بەردەوام بووە. ئەرسەلان تەپە شوێنەوارێکی دەشتی مالاتیای باکووری کوردستانە، لە ڕۆژئاواوە، نزیک ڕووباری فوراتە. تەمەنی بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە.  بەرلەوەی کلتوری عوبێد لە میسۆپۆتامیای باشوور (عێراق) دەرکەوێت، ئەوێ نیشتەجێی مرۆڤی چاخی بەردینی نوێ بووە.

لە دۆزراوەکانی هەردوو چینی شەش و حەوت لە ئەرسلان تەپە، ئاڵۆزیی کۆمەڵگەی ئەو کاتەی باکووری میسۆپۆتامیا (کوردستان) بۆ توێژەرانی ئەو شوێنەوارە دەرکەوت. ئەو ڕێوشوێنانەی بەڕێوەبردن لەوێ دۆزرانەوە نیشانەی هەبوونی کۆمەڵگەی ئاڵۆزی بەر لە پێنج هەزار ساڵن. ئەگەر لە ڕوانگەیەکی واڵاترەوە لەو پێشکەوتنانەی ئەو کاتە بڕوانین، دەبینین هەنگاوی باش و یەک لە دوای یەک لە نێوان ٥٠٠٠ تا ٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، لە سێ شوێندا هەڵهێندراون.

یەکەم، ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا وەک ئەوەی لە ئەرسلان تەپە هەبوو

دووەم، باکووری میسۆپۆتامیا (کوردستان)

سێیەم، نموونەی دەرکەوتن و جێگیرکردنی یاسا لە میسۆپۆتامیای باشوور (عێراق).

ئایا چەند ئەو پێشکەوتنانە لەیەک دەچن و لێکبەستراون؟ هەر سێ ناوچە لە چاخی هۆلۆسیندا تێکەڵییەکیان هەبووە و لەیەکتری دەبڕاو نەبوون. چاخی جیۆلۆجی هۆلۆسین لە ٩٧٠٠ ساڵ پێش زایینەوە دەستپێدەکات، دوای بەسەرچوونی دوایین چاخی بەستەڵەک دێ. زۆرترین کاریگەرییش لە دوو سەردەمی کلتوری عوبێد (کە سەردەمێکی بەر لە مێژووی میسۆپۆتامیایە بە جۆری گڵسازییەکان و دەرکەوتنی بەڕێوەبردن دەناسرێتەوە) لە نێوان ٥٣٠٠ تا ٤٥٠٠ ساڵ و ناوەڕاست و کۆتایی ئوروک لە نێوان ٣٧٠٠ تا ٣١٠٠ ساڵ پێش زایین لە کلتوری میسۆپۆتامیای باشوور بۆ سەر میسۆپۆتامیای باکوور بووە. یەکەمیان کلتوریی بووە و دووەمیشیان تۆڕێکی داگیرکاریی بووە. بەڵام کۆمەڵگەی ئاڵۆز لە هەر سێ شوێندا تا ڕاددەیەک تەریبی یەکتری، دەرکەوتوون.

لە بەراوردێکی نێوان دوو شوێنەواردا، یەکەم، تەل زێدانی سەر خاڵی پێکگەیشتنی ڕووباری بەڵخ و فورات لە نزیک ڕەققەی سوریا، دووەم، تەپۆلکەی حاجی نەبی دەکەوێتە سەر فورات لە نێوان غازی عەنتاب و ڕوها، هەردوو شوێنەوار لە نێوان ٥٨٠٠ تا ٣٣٠٠ ساڵ پێش زایین دەرکەوتوون، لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێ ٤٢٠٠ تا ٣٨٥٠ ساڵ پێش زایین پێکەوە نیشتەجێ بوون. زانیارییەکانی شوێنەواری دیکەی وەکو تەل براک، هامۆکار، تەپە گەورە و گرێ ڕەش بەکاردەهێنین تا جیاوازییە ئابووری و سیاسییەکانی ئەو کاتەی باکووری میسۆپۆتامیا، تێبگەین.

دەرکەوتنی کۆمەڵگەی ئاڵۆز لە باکووری میسۆپۆتامیا دەبێت لەوەی باشوور جیابکرێتەوە و تیکەڵ نەکرێن. دەبێت لە چاخی بەردینی نوێی باکووری میسۆپۆتامیا وەک زنجیرە شوێنێکی جیاجیا، کە لە ڕووی کلتوری ماددی، ئایین و ئابووری سیاسیی هاوبەش و لێکبەستراون، بڕوانین. لە ئەنجامی پێشکەوتنی مرۆڤ لەو نیشتەجێیانەی میسۆپۆتامیای باکوور، چەند کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز لە هەریەکەیان دەرکەوتوون. جارێ ئارەزووی فراوانخوازیی لە میسۆپۆتامیای باشوور لە سەردەمی دوایین میرنشینانی ئوروک دەرنەکەوتبوو (لە نێوان ٣٧٠٠ تا ٣١٠٠ پێش زایین دەردەکەوێت) و ئەو شوێنەوارانەی باکووریان داگیر نەکردبوو و زۆر کەم کاریگەرییان لەسەر میسۆپۆتامیای باکوور هەبووە. کاتێک یەکەم کاریگەرییەکانی باشوور لە سەر باکوور دەرکەوتووە، کۆمەڵگەی ئاڵۆز لە میسۆپۆتامیای باکوور دەرکەوتبوو و هەندێک لەو نیشتەجێیانەی باکوور وەکو شار بوون.

ئەگەر کۆمەڵگەی ئاڵۆز بە هەبوونی سیستەمی بەڕێوەبردن و سیاسیی، چەقگریی لە دەسەڵاتدا، فەرمی بوونی سەرۆک و پاشا، چینبەندیی کۆمەڵگە و ئابووری کۆمەڵگە لێکبدەینەوە، ئەوا چەند شوێنەوارێکی میسۆپۆتامیای باکوور، لە سەردەمی کلتوری عوبێد تا کۆتایی چاخی بەردینی نوێ، هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەت بوون، لەوانە:

  • چینایەتیی ئابووریی و دەرکەوتنی دەستەبژێرێک، کە هێمای دەسەڵاتیان بەکارهێناوە.
  • چینایەتی کۆمەڵایەتیی، لە شێوازی خانووەکان و ڕێوڕەسمی ناشتنیان دەردەکەوێت و کەلوپەلی بەبایەخیان هەبووە.
  • تایبەتمەندیی لە کارەکانیاندا.
  • فەرمیبوونی سەرۆک و پاشا لە پێکهاتەی گشتیی بەڕێوەبردن، چەقگیری بەڕێوەبردن، هاوڵاتی پایەبەرز، ڕێورەسمی گەورە و واڵای بۆنە و کۆبوونەوەکان و ناشتنی ئەندامانی دەستەبژێر، دەردەکەوێت.
  • چەقگریی دامەزراوە ئایینییەکان.
  • سیستەمی ئاڵۆزی بەڕێوەبردن بۆ کۆکردنەوە و دابەشکردنی بابەت و کاڵا و بەرووبوومی زیادە و دەستی کار.
  • بازرگانییکردن لەگەڵ شوێنی دیکەی دوور بۆ ماددەی خاو و بەرهەمی نوێ.
  • دابەشکردنی شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە نێوان خەڵک و ئەندامانی پایەبەرزی کۆمەڵگە.

پشکنینی کاربۆن  ١٤ بۆ شوێنەوارەکانی تەل زێدان و ئەوانەی دیکەی ناوچەی خابوور، تەمەنی شوێنەوارەکانی میسۆپۆتامیای باکوور بۆ ٥٣٠٠ تا ٤٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگێڕێتەوە. تەل زێدان شوێنەوارێکی سەردەمی عوبێدە لە باکووری سوریای ئێستایە و لە نێوان ساڵانی ٥٥٠٠ تا ٤٠٠٠ پێش زایین نیشتەجێ بووە. بەهەرحاڵ، بڵاوبوونەوەی ئاشتییانەی کلتوری عوبێد هەڵگری شوناسی کلتوری باشوور بە باکووردا، جێی کلتوری حەلەفی گرتەوە، کە کلتورێکی دیکەی بەر لە مێژووی میسۆپۆتامیایە لە نێوان ٦١٠٠ تا ٥١٠٠ ساڵ پێش زایین هەبووە. لە دۆڵی باڵخ لە سووریای ئێستا لە ڕووبەری تەنیا ٢٥ دۆنمدا، دوو ئاستی نیشتەجێبوون هەیە. چەند گوندێکی حەوت دۆنمی دەوری تەل زێدانیان داوە. ئەوانە خەڵکی سادە و بێ پایەی کۆمەڵایەتی بوون. لە سەردەمی کلتوری عوبێد، تەل زێدان چەقی ناوچەکە بووە. زانیاری ئابووری ئەوکاتەی تەل زێدان پێمان دەڵێت، ئاژەڵداریی بەرەو بەخێوکردنی مەڕ چووە، ئەوەش نیشانەی پێشکەوتنی تایبەتمەندی بەرهەمهێنان نیشان دەدات. هەر لە نزیک ئەوێ و لە شوێنەواری گردی کۆسەکی باکوور، لە نێوان ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٧ تیمێکی شوێنەوارناسانی زانکۆی تۆکیۆ کنە و پشکنینیان لێ کردووە، قەبارەی تەشی بچووکترە لەچاو تەشی شوێنەواری دیکە، بە واتای ئەوەیە لە گردی کۆسەکی باکوور هەوڵی بەرهەمهێنانی چنراوەی وردتر، دەستی پێکردووە و پێشکەوتن ڕوویداوە.

بە هەمان شێوە، دۆزینەوەی کوورەی برژاندنی گڵسازیی و شوێنی تایبەتی بەرد شکاندن بۆ دەستکەوتنی ئامرازە بەردە لا تیژ و سەر تیژەکان لە شوێنەواری تەل زێدان نیشانەی تایبەتمەندییەتی کارەکانە. بابەتی تایبەتی وەکو دەفری بەردی تەخت، سەرە تێڵای بەرد، دەفری بەردی ناو هەڵکۆڵدراوی بە نەخش، تەوری مس و مورووی بەردی لازولی (بەردێکی شینی بە بەهایە) لە شوێنەوارەکانی تەل زێدان، تەپە گەورە و ئارپاچیا دۆزراونەتەوە. تەپە گەورە شوێنەوارێکی یەکجار بەبایەخی میسۆپۆتامیایە و ١٥ کیلۆمەتر لە باکووری مووسڵە. لە نێوان ٥٠٠٠ تا ١٥٠٠ ساڵ پیش زایین نیشتەجێ بووە.

ئەوانە هەموویان بەڵگەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕن لەگەڵ شوێنی دوور لە خۆیان و هەموویان بۆ کەسی پلە و پایە بەرزی کۆمەڵگە بووە. دۆزینەوەی پوولە قوڕینە، مۆری داخستنی لە قوڕ دروستکراو، پارچە قوڕی بەدەست گووشراوی سەر کۆگە و عەمبارە بچووکەکان لە تەپە گەورە، تەپەی دەگرمان، تەل زێدان و زۆری دیکە بەڵگەی کاروباری بەڕێوەبردنن. بەڵام پێچەوانەی میسۆپۆتامیای باشوور، لە باکوور بەڵگەی یەکلاکەرەوەمان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کاڵا و بابەتەکان لە لایەن پیاوانی دەستەبژێر و هەبوونی ڕێوڕەسمی ئایینی و ناشتن، دەستنەکەوتووە. لە هەمان کاتدا بەڵگەکان سەرەتای دەرکەوتنی کۆمەڵگەی ئاڵۆز، نیشان دەدەن، جارێ سەرۆک و کۆمەڵێکی دەستەبژێر دەرنەکەوتوون.

کاریگەریی عوبێد لە ٤٥٠٠ ساڵ پێش زایین لاواز دەبێت. بابەتەکانی گڵسازیی ڕەنگکراو زۆر کەم دەبنەوە. لە سەرەتای چاخی بەردینی نوێدا بابەتی بێنەخش و بێڕەنگ زۆر بوون، بەڵام ئەو بابەتانەی عوبێد کە شێوەیان وەکو بزمارە سەرێکی پانیان هەیە و لە ئاگردا سوورکراونەتەوە، زۆر بوون. ئەو بابەتە شێوە بزمارانە لە نزیک سەرەکەیان هێڵی ڕاست و چەپیان لەسەر بووە، بەڵام ئەوانەی عوبێد لوس بوون. هەرچی لە چینی ١٢ ی تەپە گەورەیە، چەند بابەتێکی بەردی لازورد و زێڕ دۆزرانەوە و نیشانەی دەسەڵات و خەڵکی پایە بەرزن. ژمارەیەکی زۆری مۆری داخستن و کاروباری بەڕێوەبردن لە زۆربەی خانووەکاندا دۆزرانەوە، پەرت و بڵاوبوون، هەموویان لە شوینێک یان ژوورێک هەڵنەگیرابوون. کەواتە لەو سەردەمەدا سەنتەریکی بەڕێوەبردن نەبووە، بەڵکو کارەکان بەش کراون.

لە ناوەڕاستی چاخی بەردینی نوێدا شوێنەوارەکانی حاجی نەبی، تەل زێدان، کەلاوەی فەخار، تەپە گەورە و چەند چینێکی گرێ ڕەش (هەموویان شوێنەواری دۆڵی بالخن) بەڵگەی ماددی باشیان تێدا دۆزراونەتەوە. یەکەم نیشانەکانی کۆبوونەوەی دەسەڵات لە تەپەگەورە لە دوایین چینی کاتێکی درەنگی چاخی بەردینی نوێ دەردەکەوێت. لەوێدا خانوویەکی زۆر گەورەی شێوە بازنەیی هەبووە لە چاو هەموو ئەوانی دیکەی چواردەورەی زۆر گەورەتر و پایە بەرزتر بووە. هەر لە نێژراوانی گۆڕی منداڵەکان لە تەپەگەورەدا دیارە چینێکی دەستەبژێری بەدەسەڵاتی کۆمەڵگە دەرکەوتوون. لە شوێنەواری تەل براکیش خانوویەک دیوارەکانی لە بەردی بازالت دروستکراوە و لەسەر تێکەڵەیەکی تەختی بەرد و قوڕ چەسپێندراوە بەڵگەی هەبوونی پێکهاتەیەکی گەورەی کاروباری گشتیی نیشان دەدات.

لە شوێنەواری حاجی نەبی لە دۆڵی فورات، لە چاو تەل براک شوێنەوارێکی بچووکترە، دیوارێکی سێ  مەتر پان بە سێ مەتر بەرزیی و چوار داڵانی ١٠ مەتر درێژ هەبوون، ئەوانە شوێنی هەڵگرتن و کۆگەکردنی بەروبوومی زیادەی کۆمەڵگەکەی ئەوێ بوون. لە دۆزراوەی گۆڕی مردووەکانیان سەرەتای دەرکەوتنی چینێکی بە دەسەڵات و خاوەن سەرمایەی تۆمار کردووە. لە یەکێک لە گۆڕەکانی منداڵێکی ساوا دا یەک بازنەی مس و دوو ئەڵقەی زیو دۆزرانەوە. لە ئەناتۆلیا ئەو بازنە مسە لە کۆنترین شوێنەوارەکانی مسە. لەوە کۆنتر هەندێک مورووی زێڕ، بەردی لازورد و کارنێل (عەقیق) لە شوێنەواری گرێ ڕەش لەوانەی حاجی نەبی کۆنترن.

دوو جۆر مۆر لە حاجی نەبی دۆزرانەوە، هەبوو شێوەی ئەندازەیی سادەی لەسەر هەڵکۆڵدراوە بەڵام هەیانبوو شێوەی ئاڵۆزە و کاری زۆری تێدا کراوە. ئەو دوو جۆرەی مۆر دەکرێت ڕەنگدانەوەی دوو چینی دەسەڵات و خەڵکی ئاسایی بێت. مۆرەکانی لە تەل زێدان دۆزرانەوە زۆر لەوانەی لە شوێنەوارەکانی دیکەی میسۆپۆتامیای باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا دەچن، وەکو ئەرسلان تەپە، تەل ئەلشێخ، نۆرسون تەپە و تەپەگەورە. دەکرێت لەو جۆرە ئاڵۆزییەی مۆر لە هەموو شوێنەوارەکاندا لەگەڵ دەرکەوتنی دەستەبژێری کۆمەڵگەکان لەو شوێنەوارانەدا سەلمێنەری هەبوونی پێوەندی نێوان ئەو دەستەبژێرانە، لە نێوان خۆیان بێت.

لە هەردوو شوێنەواری تەل براک و مەجنوونە بەڵگەی هەبوونی دەسەڵاتێکی چەقگر هەیە. مۆری تایبەت، بە جوانی سەری شێری لەسەر هەڵکۆڵدراوە یان شێرە و لە ناو قەفەسێک کراوە هێمای هەبوونی پاشایەتیە لە هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا. شتێكی هاوشێوەی ئەوانیش لە هاموکار دۆزرایەوە و هەر هەمان لێکدانەوەی دەرکەوتنی پاشایەتیی و دەسەڵاتێکی بەهێز نیشان دەدات. بەڵگەی باشیش لەبەردەستن، دەری دەخەن لەو سەردەمەدا پێکدادان و جەنگ لە تەل براک، تەل مەجنون و هاموکار هەبووە و لەگەڵ دەرکەوتنی پاشاکان لە ناوچەی خابوور، هاوتەریبە.

هەر لە درەنگانێکی چاخی بەردینی نوێدا بە تایبەتیش لە قۆناغی دوو، شوێنەوارەکانی حاجی نەبی، تەل زێدان، هاموکار، تەل براک و گرێ ڕەش بەڵگەی باشیان تێدا دۆزراونەتەوە،  پێوەندی توندی ئاڵوگۆڕی کاڵای خاو و بابەتی پڕ بەها دەسەلمێنێت، لەو کاڵایانە، قاوغی گیانداری ناو ئاو لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، بەردی کلۆرایت (بەردێکی ڕەنگ سەوزە سیلیکای ئەلەمنیۆمی تێدایە) لە ناوچەی دیاربەکر و مس لە ناوچەی ئەرخەنی (بە تورکی ئەرگەنی) لە نزیک دیاربەکر، کە ئەو شوێنانە لە ڕووبەرێکی واڵای جوگرافیدان. لە شوێنەواری حاجی نەبی، پیشەی مزگەریی فرە بەرهەم بووە، وادیارە ئەو پیشەیە چەقگر نەبووە، واتا لەلایەن چەند کەس و دەسەڵاتێکەوە کۆنترۆڵ نەکراوە. بەڵگەی دیکەی بازرگانیکردن لە نێوان ئەناتۆلیا و ناوچەی خابوور لەبەردەستن. بەردی لازوردیش لە هەردوو شوێنەواری تەپە گەورە و گرێ ڕەش سەرچاوەیان بۆ کانەکانی بەدەخشان لە ئەفگانستان، دەگەڕێتەوە. ئەو جۆرە بەردە لە تەواوی میسۆپۆتامیای باشوور خواستی لەسەر بووە و برەوی زۆری بە بازرگانی لەگەڵ شوێنە دوورەدەستەکان، داوە.

لە قۆناغی دووی درەنگانێکی چاخی بەردینی نوێدا نیشتەجێی گەورە لە ناوچەی موسڵی ئێستا و شوێنەواری تەل براک دەردەکەون، ئەوە یەکەمین جارە نیشتەجیی مرۆڤ بەو قەبارە و ڕووبەرە گەورە ببن و ئاراستەی دەرکەوتنی شار وەربگرن. دوای ئەو قۆناغە، واتا لە نێوان ساڵانی ٣٨٥٠ تا ٣٧٠٠ بەر لە زایین هەمان بەردەوامیی کلتوری ماددی قۆناغی دوو بەردەوام دەبێت، وەکو ئاڵۆزیی زۆرتری کۆمەڵگە، بەهێزبوونی سەرۆکایەتیی و پاشایەتیی، بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆجیای دەستەبژێر بوون، چەقگریی سیاسیی و سەرەتای دەرکەوتنی شار لە میسۆپۆتامیای باکوور دەردەکەون. قۆناغەکە لێرەدا هاوتەریبی کلتوری ئوروکی میسۆپۆتامیای باشوورە. کلتووری ئوروک لە میسۆپۆتامیای باشوور لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێ تا چاخی برۆنز هەبووە، واتا لە نێوان ٤٠٠٠ تا ٣١٠٠ پێش زایین و سۆمەرییەکان خاوەنی بوون.

هەر چۆنێک بێت، بەرەوپێشچوونی ئاڵۆزبوونی کۆمەڵگە لە هەموو نیشتەجێیەکانی باکوور وەکو یەک نەبووە، بۆیە لە دوایین قۆناغی چاخی بەردینی نوێ بەرەبەرە دۆڵی بەلخ چۆڵ دەبێ و نیشتەجێیەکانی ناوچەی خابوور گەورەدەبن. زنجیرەیەکی قووچەکی فرەئاست لە کۆمەڵگەکاندا دەردەکەون و پێوەندی توند و بەهێز لە نێوان نیشتەجێیەکانی فورات و دیجلەدا هەبووە. دۆزینەوەی ئەو جۆرە پەیکەرانەی چاو تییاندا زۆر گەورە و جیا نیشاندراون لە حاجی نەبی، هاموکار، تەل براک، تەپەگەورە و زۆری دیکەدا نیشانەی لێکچوونی باوەڕە ئایینییەکانی ئەو ناوچەیەن و لەوانەیە لە سەرەتای چاخی بەردینی نوێ دەرکەوتبن.

لە قۆناغی چوارەمی چاخی بەردینی نوێدا و لە نێوان ساڵانی ٣٧٠٠ تا ٣٣٠٠ پێش زایین، کە دەکاتە سەردەمێکی درەنگی ئوروکی ناوەڕاست، پێوەندییەکان لە نێوان میسۆپۆتامیای باکوور، میسۆپۆتامیای باشوور و ئەناتۆلیا زۆر بەهێز دەبن. لە چاو قۆناغی چوارەم، نیشتەجێیەکان زۆر فراوان دەبن. لەوەدەچێت پێوەندییەکان زۆرتر بۆ ئاڵوگۆڕ بووبێت تا دەستیان بگاتە سەرچاوە و بەرهەمەکانی باکوور. شێوازی ئەو پێوەندییەی باشوورلەگەڵ باکوور داگیرکردن، یان بازرگانییکردن لەگەڵ ناوچە دوورەکان و یانیش خۆگونجاندن لەگەڵ دەسەڵاتی میسۆپۆتامیای باکوور بووە. چەندی ئەو پێوەندییە لەگەڵ نیشتەجێی دوورتر بووبێت ئەوەندە مەرجەکانی میسپۆتامیای باشوور ئاسانتر بوون، چونکە بازرگانانی ئوروک نەگەیشتوونەتە شوێنە دوورەکان.

لە چینێکی حاجی نەبی هەبوونی ناوچەیەکی بچووکی بازرگانی دیارە، لەوانەی نیشتەجێی حاجی نەبی جیان و هەڵگری کلتوری ئوروک بوون. ئەوانە کۆمەڵێکی بچووکی میسۆپۆتامیای باشوور بوون، دەسەڵاتەکەی ئەو ناوچە بچووکە دەسەڵاتی بەسەر ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگ لە دۆڵی فوراتدا، هەبووە و بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵێک بەردەوام بووە و هیچ نیشانەیەکی ناکۆکی و پێکدادان لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی حاجی نەبی دیار نییە. ئەو کۆمەڵگە بچووکەی ئوروک کاروباری بەڕێوەبردنی خۆیان هەبووە و لەوەی حاجی نەبی جیا بوون. بەو ئارامییە دوورودرێژەی نێوان ئەو کۆمەڵگە بچووکەی ئوروک لەگەڵ میسۆپۆتامیای باکوور، وادەردەکەوێت بەڵێنێکی ئاشتی لە نێوانیاندا هەبووە، ئەو جۆرە بەڵێنانە بە ژنخوازی و تێکەڵبوون لەگەڵ دەستەی دەسەڵات، ڕێکخراوە. پیاوانی ئوروک و ئافرەتانی میسۆپۆتامیای باکوور خێزانی نوێیان پێکهێناوە و بەو شێوەیە باکوور و باشووریان لێک گرێداوە. ئەو جۆرە تێکەڵبوونە لە بابەتەکانی ژیانی ڕۆژانەدا دیارە کە هەموویان کلتوری ئوروکیان پێوە دیارە و دەگاتە ڕێژەی ٨٣٪، بە هەمان شێوە کۆگەکانی خواردن و دانەوێڵە هەڵگرتن، بەکارهێنانی مۆر و ئاکاری کارگێڕیی ئوروک بوون. بەڵام بابەتاکانی خواردن ئامادەکردن و چێشت لێنان تا ڕیژەی ٩٧٪ هەر کلتوری میسۆپۆتامیای باکوورە، بە واتای ئەوەی ئەو بەشەی ئافرەتی تێدا بووە وەکو خۆی ماوە، ئاوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئافرەتی باکوور لەگەڵ پیاوانی باشوور خێزانیان پێکهێناوە.

دەکرێت هەبوونی کلتوری ئوروک لە حاجی نەبی وەکو کونجێکی بازرگانی ناوچەکە بۆ چەند هۆیەک بگێڕینەوە، یەکەم: کلتوری ئوروک تەنیا گڵسازیی نییە، بەڵکو قوڕی لە ئاگر سوورکراوە، ڕێوشوێنی کارگێڕیی، کێشان و پێوانەکردن، بابەتی گران بەها و کەلوپەلی ژیانی ڕۆژانەی وەکو داسی لە قوڕ دروستکراوی برژاو. دووەم: قوڕی هەندێک بابەتی ژیانی ڕۆژانە لە حاجی نەبی لە قوڕی خوزستان و ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا نزیکە، واتا ئەو بابەتانە لەوێوە بۆ حاجی نەبی هێندراون، ئەوەش بەڵگەی بازرگانییکردنە. لە لایەکی دیکە، 80٪ ی  ئێسقانی ئاژەڵان لەو چینەی بابەتەکانی کلتوری ئوروکی تێدا دۆزرانەوە ئێسقانی مەڕ و بزنن و جۆری خواردنی ئەو ئاژەڵانە لەوانەی میسۆپۆتامیای باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا نزیک بووە. بەڵام ئێسقانی مەڕ وبزنی ئەو چینانەی کلتوری ناوچەی حاجی نەبی تێدا بەجێماوە، هەر وەکو ئەوانەی ئەو ناوچەیەیە. ئامرازەکانی وەکو بەردی تیژی بڕین و داماڵینی گۆشتی ئاژەڵان لە نێوان ئەوانەی هەڵگری کلتوری ئوروک بوون لەگەڵ ئەوانەی خەڵکی ناوچەکە بوون جیاوازە، تەنانەت شوێنی بڕینەکان و ئەو پاشماوەیەی لەسەر ئێسقانەکان بەجێیان هێشتووە جیاوازن.

لەگەڵ دۆزینەوە و توێژینەوەی زۆرتری شوێنەوارەکانی کوردستان، بەرەبەرە ڕۆڵی نیشتەجێیەکانی میسۆپۆتامیای باکوور (کوردستان) لە کۆی تەواوی پێشکەوتنی مرۆڤایەتییدا زۆرتر و زۆرتر دەردەکەوێت. لە سەدەی ڕابردوودا میسۆپۆتامیای باشوور (عێراق) بە لانکەی دەرکەوتنی شارستانییەت و کۆمەڵگەی ئاڵۆز دەزاندرا. بەڵام لیرەدا بۆمان دەرکەوت کە کۆمەڵگە ئاڵۆزەکان، هەرنەبێ هاوتەریبی باشوور، ئەگەر پێش ئەویش نەبووبێ، لە نیشتەجێیەکانی باکوور (کوردستان) دەرکەوتوون و رۆڵی مەزنیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە.

سەرچاوەکان

https://www.researchgate.net/publication/290164316_The_development_of_indigenous_social_complexity_in_Late_Chalcolithic_Upper_Mesopotamia_In_the_fifth-fourth_millennia_BC_An_initial_assessment

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO