ئەگەر چی کەرکووک ئێستا شارێکە لە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی عەرەبە شۆڤینیستەکانە…
ئەگەر چی شیعە و سوننە و ڕەگەزپەرستان لە کەرکووک، خەریکن پیلان دادەڕێژن، بۆ دابڕینی ئێجگارەکی کەرکووک لە کوردستان…
ئەگەرچی تورکیا و ئێران، هەر یەک بە جۆرێک، خەریکی دەستتێوەردان و دانانی قورسایی زیاترن، لەسەر شانی کوردستانیانی خاوەنی ڕەسەنی کەرکووک…
بەڵام، خۆ هەموو ئەمانە ناتوانن، دەنگی کورد و ڕەنگی کوردستانیان و پەنجەمۆریان، لەسەر مێژووی ئەو شارە بسڕنەوە، یان ژمارەی کوردستانیان لەو شارە بشارنەوە…
بۆیە هەر دەنگێکی کورد و کوردستانیان لە هەڵبژاردن لەو پارێزگایەدا، گەر بۆ لیستە کوردستانییەکان نەبێت، چاکترە هەر نەبێت.
ئەگەر چی ئەمڕۆ، لێرە و لەوێ نەبێت، بە ئاستەم ئاڵای کوردستان لە کەرکووکی کوردستانیان هەڵدراوە…
ئەگەر چی ئەمڕۆ بە ئاستەم نوزەی کورد لەو شارە کوردستانییە دەبیسترێت…
ئەگەر چی حیزبە کوردستانییەکان پەرتەوازە و ناتەبان ئەمڕۆ، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە کوردستانیان لە ٢٠٠٣ ـەوە، پاش ساڵانی دوورودرێژی لە ستەم و تەعریب و تەبعیس و تەرحیل و تەهجیر و پاکتاوی ڕەگەزیی و جینۆساید، هێشتان لە هەموو هەڵبژاردنەکان نیوە زیاتری کورسییەکانی پارێزگای کەرکووکی بردۆتەوە و ئەمجارەش هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێت.
ئەگەرچی ئەمڕۆ هەوڵدەدرێت کە مۆرک و ناسنامەی عەربییبوون و عێراقیبوونی بەسەر کەرکووکی کوردستانیاندا بسەپێنرێت و زاڵ بکرێت و ئاڵا عەرەبی و تۆرانییەکان لە کەرکووکدا هەڵدراون…
بەڵام هیچ کام لەمانە ناتوانن کەرکووکی پایتەختی ولایەتی شارەزووری دوێنێی مێژووی کوردستانیانمان، لەبیربەرنەوە.
هیچ کام لەم هەوڵە نەزۆکانە ناتوانن، ئەو ڕاستییە بسڕنەوە کە ئەوە شا ئیسماعیلی سەفەوی بوو کە تورکمانی شیعە مەزهەبی لەم شارەدا دژی کورد نیشتەجێ کرد.
هەموو ئەمانەش ناتوانن هەوڵی عوسمانییەکانیشمان بیر بەرنەوە، ئەمیش هەم دیسان، لە دوێنێی نزیکی مێژوودا، کاتێ هاوڕێیەتی کوردیان سەلماند، لە بەرژەوەندی خۆیان دژ بە سەفەوییەکان.
تۆ بڵێی سیاسەتی شۆڤینی و ڕەگەزپەرستی بەعسییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ، بەعسی سەدامی، باوکی بەچکە شۆڤێنی و ڕاکانەکانی ئەمڕۆ، لەبیر تاکی کورد لە کەرکووک چووبێتەوە!
تۆ بڵێی هەموو ئەم عیبرەتە مێژووییانە و هەڵخەڵتانە سیاسییانە، بتوانن بە مەرامی سیاسی و ئایینی، دەنگی کورد جارێکیتر بخەنە بەرژەوەندی تورکیا و ئێرانی داگیرکەر و عەرەبی شۆڤینی لە سندوقی دەنگداندا؟
ئەگەر چی ویستیان بە دەیان ساڵ تەعریب و تەبعیس و تەرحیل و تەهجیر ناوی باباگوڕگوڕ، گەرمکان، گەرمینی، کەرکینی کاری کۆک، گڕگڕ، گەرمیان و کەرکووک لە هۆش و زەین و بیری کورد و کوردستانیان بەرنەوە، بەڵام ئەوەتا دووباره بە هۆی ململانێی سەختی شێوێنەرانی مێژوو، لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکدا سەرهەڵدەدەنەوە. تۆ بڵێی کوردانی کەرکووک ئەو هەموو مێژووە ئاوا بە هاسانی، ڕادەستی ناوە سەپێنراوەکەی “تأمیم” بکەن!
سەرەڕای گلەیی و گازاندە و ڕەخنە نەرم و توندەکانمان لە حزب و لیستە کوردستانییەکان بەڵام نەکەی تۆی کورد دەنگت لە ماڵەوە زیندانی بکەیت و نەیدەیتە لیستێکی کوردستانی، بە ئارەزووی خۆت، بەڵام لیستێکی کاریگەر. هاوکات، نەکەی دەنگت بدەیتە لیستێکی ناکوردستانی.
دەنگی تۆی کورد و کوردستانی لە پارێزگای کەرکووک، هەمان دەنگی کورد نییە لە هەرێم، تا بڵێم بدرێت یان نەدرێت، دەنگی تۆ بەئیزفەی ئەوەی کە مافە، ئەرکیشە لە ئەستۆی تۆدا.
دەنگ نەدان لە هەڵبژاردنەکانی ١٨ ی مانگ، کەرکووک دەکات بە جەهەنەمی کوردی.
دەنگ دان لە هەڵبژاردنەکانی ١٨ ی مانگ، کەرکووک دەکاتە جەهەنەمی عەرەبە شۆڤێنیستەکان و تۆرانییە ڕەگەزپەرستەکان و شیعەگەرا پاوانخوازەکان.
ئەمەیە بژاردەکە، هەڵبژاردن نییە لە نێوان باشەکاندا، بەڵکو لەنێوان خراپ و خراپترە.
بڕۆن و دەنگ بدەن، با دەنگیشتان هەر بۆ لیستە کوردستانییەکان بێت، بە ئارەزووی خۆتان، بەڵام لیستێکی کاریگەر بێت.



