ده‌شێت تۆ وه‌كو كوردێك یان عه‌ره‌بێك یان سه‌ر به هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیکە بیت، شانازی به زمان و کلتور و جوانییه‌كانی نه‌ته‌وه و وڵاته‌كه‌ی خۆته‌وه بكه‌یت، به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ستیاری زۆرت بۆ شوناسی خۆت هه‌بێت. به شێوه‌یه‌كی دیکە ده‌كرێت بڵێین ئاساییه تۆ وه‌كو كوردێك دڵسۆز بیت بۆ زمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ت، جلێكی كوردی ڕه‌سه‌ن له‌به‌ربكه‌یت و جه‌مه‌دانی و پشتێنێكی كورده‌واری ببه‌ستیت، له هه‌مان كاتدا بچووككراوه‌یه‌كی ئاڵای كوردستان یاخود نه‌خشه‌ی كوردستان له‌سه‌ر سینگت جێگیر بكه‌یت و هه‌ستی كوردایه‌تی خۆت نیشانبده‌یت و بیسه‌لمێنیت، كه شوناسی خۆت هه‌یه. تا ئێره هه‌موو شته‌كان وه‌كو سیمایه و له ڕوواڵه‌تدا كوردبوونی تۆ نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام گرفته گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌گه‌ر له تاریكییه‌كی شه‌ودا بتبینین، یاخود له مه‌له‌وانگه‌یكدا بتبینین به جلی مه‌له‌كردنه‌وه، له‌وكاته‌دا، ڕه‌نگه وه‌كو پێویست نه‌ناسرێیته‌وه، داخۆ سه‌ر به چ نه‌ته‌وه و میلله‌تێكی، واته وه‌كو پێویست ناتوانرێت ناسنامه‌كه‌ت دیار و ئاشكرا بكرێت، كه مه‌به‌ست لێی زمانی دایكه.
لێره‌دا، پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئایا تۆ چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك بۆ به‌رانبه‌ره‌كه‌ت ده‌سه‌لمێنیت، كه تۆ كوردی یان سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیکەی؟ ئایا له ڕێگای سیما و جلوبه‌رگه‌كانته‌وه، یاخود ئایا له سینگت نووسراوه، كه تۆ سه‌ر به كام نه‌ته‌وه‌ی؟ بێگومان نه‌خێر، وه‌ڵامی ڕاست ئه‌وه‌یه، كه تۆ له‌ڕێگای زمانه‌كه‌ته‌وه ده‌ناسرێیته‌وه و ده‌زانرێت سه‌ر به كام نه‌ته‌وه‌ی، ته‌نانه‌ت له ڕێگای ده‌ربڕینی هه‌ندێك وشه و ده‌سته‌واژه‌وه ده‌توانرێت سنوور و شوێنێ له دایكبوونه‌كه‌شت دیاری بكرێت، چونكه مرۆڤ به‌شێك له‌و وشه و زاراوانەی ناو زمانی دایك، كه له قۆناغی منداڵی‌دا فێری بووه، هه‌رگیز به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌ی له‌یادیان ناكات و ده‌شێت له هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و بۆنه‌یه‌كدا به‌كاری بهێنێته‌وه، به‌بێ ویست و ئاگایی خۆی.
ده‌توانرێت بگوترێت قسه‌كردن، یاخود ئاخاوتن جیاوازییه‌كی مه‌زنه بۆ ناسینه‌وه و جیاكردنه‌وه‌ی شوناسه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا، كه‌واته ئه‌گه‌ر كه‌سێك له تاریكی‌دا تووشمان بێت، ده‌كرێت له ڕێگای زمانی قسه‌كردنییه‌وه بیناسینه‌وه و شوناسی دیاری بكه‌ین، واته له هه‌موو كات و شوێندا مرۆڤ زمانه‌كه‌ی ده‌بێته ناسنامه و شوناسی، كه مه‌به‌ست لێی زمانی دایكه. ئه‌و زمانه‌ی، كه بۆ یه‌كه‌مجار ده‌نگه‌كانی له‌ناو بێشكه و له ئامێزی دایكی‌دا به‌ر گوێی كه‌وتووه، بۆ ناسینه‌وه‌ی زار و شێوه‌زاری ئاخاوته‌نه‌كه‌ی و شوێنه جوگرافییه‌كه‌ی له‌ناو سنووری هه‌رێمه‌كه‌ی خۆیدا. دووباره ده‌بێت پشت به شێوه‌ی ئاخاوته‌نه‌كه‌ی ببه‌ستین له‌كاتی قسه‌كردندا، كه‌واته له ڕێگای قسه‌كردنه‌وه ده‌كرێت ناسنامه‌ی ڕه‌سه‌ن و شێوه‌ی ئاخاوتنی تاكه‌كان هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌ستنیشان بكرێت، سیما و ڕووخساری مرۆڤ نابێته هۆكارێك بۆ ده‌ستنیشان كردنی ناسنامه و شوناسی تاكه‌كان.
ئاساییه له بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیدا، یاخود هه‌ر بۆنه‌یه‌كی دیکەی تایبه‌ت، مرۆڤ له دڵسۆزی و نیشتیمانپه‌روه‌ری خۆیدا، جلی میللی و ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بپۆشێت و ئاڵایه‌كی وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر سینگی جێگیر بكات یاخود به‌ده‌ستییه‌وه بگرێت، یاخود له هه‌ندێك بۆنه‌ی تایبه‌تدا، به‌تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆیدا به‌شداری بكات به ئاماده‌كردنی و نمایشكردنی هه‌ندێک خواردن و خواردنه‌وه‌ی میللی نه‌ته‌وه‌كه‌ی. له‌و بۆنانە‌دا ده‌شێت كه‌سانی ده‌وروبه‌ری په‌ی به‌وه ببه‌ن، كه ئه‌م كه‌سه سه‌ر به چ نه‌ته‌وه و وڵاتێكه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه ڕێگایه‌كی مسۆگەر نییه بۆ ناساندنی خۆت و نه‌ته‌وه‌كه‌ت، به‌ڵگو ئاسانترین ڕێگا و كورترین ڕێگا بریتییه له زمانی قسه‌كردن و گفتوگۆ، كاتێك له بۆنه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و به‌شداربووانی بۆنه‌كه به‌كاری ده‌هێنیت، به كه‌مترین كات و به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ده‌كرێت ناسنامه و شوناسی خۆت نیشان بده‌یت.
پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆجیا هه‌موو سنووره‌كانی به‌زاندووه و هه‌نگاوه‌كانی فێربوونی زمانه‌كانی بۆ هه‌موو تاكێك ئاسان كردووه. پێشتر مرۆڤێک له پاڵ زمانی دایكی زمانێك یان زیاتری بزانیبا، ئه‌وا گومانمان نه‌بوو كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات فێربووه، یاخود له ئه‌نجامی تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ قسه‌پێكه‌ره ڕه‌سه‌نه‌كانی زمانه‌كه فێری بووه، یاخود له‌ڕێگای خوێندن و زانكۆوه فێری بووە. به‌ڵام به به‌راورد به ئه‌مڕۆ ڕه‌وشه‌كه به‌ته‌واوی جیاوازه، له دنیای ئه‌مڕۆدا مرۆڤ له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا، هه‌ر له‌به‌رده‌م شاشه‌ی مۆبایل و لاپتۆپه‌كه‌ی ده‌توانێت خۆی فێری زمانی دووه‌م و سێیه‌م و زیاتریش بكات، یاخود له‌ڕێگای زنجیره فلیمه‌كانه‌وه، یان خوله‌كانی فێربوونی زمان، كردنه‌وه‌ی قوتابخانه و زانكۆی تایبه‌ت به زمانی بێگانه. له‌به‌ر ئه‌وه له زۆربه‌ی وڵاته‌كاندا تاكه‌كان زیاتر له زمانێك ده‌زانن.
مرۆڤ ئه‌گه‌ر دوو زمان بزانێت پێیده‌گوترێت “دووانه‌زمان”، ئه‌گه‌ر سێ زمان بزانێت پێیده‌گوترێت “سیانه‌زمان”، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیاتر له سێ زمان بزانێت، ئه‌وا پێیده‌گوترێت “کەسی فره‌زمان”ی. زۆربه‌ی وڵاته‌كان فره‌زمانین و زیاتر له یه‌ك زمان بوونی هه‌یه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، زۆربه‌ی وڵاته‌كان زمانێك هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌یكه‌ن به زمانی فەرمی وڵاته‌كه. هەندێک وڵات زیاتر له زمانێك وه‌كو زمانی فەرمی لە وڵاتەکەدا به‌كارده‌هێنن.
له عێراقی فیدڕاڵ‌دا له پاڵ زمانی عه‌ره‌بی، كه زمانی زۆربه‌ی دانیشتوانی عێراقه، زمانه‌كانی كوردی و توركمانی و سوریانی بوونیان هه‌یه. بۆیه ده‌شێت بڵێین به‌شێك له تاكه‌كانی عێراقی دووانه‌زمانی و سیانه‌زمانین، ئه‌م دیارده‌ش له ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌ك، یاخود له شاریك بۆ شارێكی تر جیاوازه. بۆ نموونه، دانیشتوانی شاری كه‌ركووك، به‌شێكی زۆریان به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و كوردی و توركمانی قسه‌ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌شێك له دانیشتوانی هه‌ولێر زمانی كوردی و توركمانی و عه‌ره‌بی ده‌زانن، به‌و پێیه‌ی شاری هه‌ولێریش هاوشێوه‌ی شاری كه‌ركووك و زۆر ناوچه‌ی دیکەی عێراق شاری پێكه‌وه‌ژیان و ته‌باییه له ئێستادا.
كه‌واته دووانه‌زمانی دیارده‌یه‌كی ئاسایی و باوه بۆ دنیای ئه‌مڕۆ، واته شتێكی نامۆ نییه، منداڵ به ئاسانی فێری زمانه‌كان ده‌بێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه سێ له‌سه‌ر چواری دانیشتوانی جیهان تا ده‌گه‌نه قۆناغی پێگه‌یشتن دووانه‌زمانی بن. ته‌نانه‌ت كه‌سانێك هه‌ن چه‌ندین زمانی دیکە فێر بوونه، چونكه هه‌لومه‌رجی فێربوونیان بۆ گونجاوه و كاتیان به‌فیڕۆ نه‌داوه. بۆنموونه، ڕۆژنامه‌نووسێك هه‌بوو ناوی “هارۆڵد و‌لیامز” بوو، له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا په‌یامنێری نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژنامه‌ی “تایمز” بووه، له ١٩١٨ دا، چووه بۆ ڕووماڵكردنی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان (عصبة الامم)، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا دیداری له‌گه‌ڵ هه‌موو شانده‌كان كردووه، هه‌ریه‌كه و به زمانی خۆی چونكه ٥٨ زمانی زیندووی دونیای زانیوە. كه‌واته مرۆڤ ده‌توانێت فێری زمانی دووه‌م و چه‌ندین زمانی تریش ببێت.
زمانه‌كانی دونیا له‌ژێر سێبه‌ری چه‌ند مه‌رج و پێوه‌رێكی زانستی چه‌ندین جار دابه‌شكاریان بۆ كراوه و پۆلین كراون. زمانه‌كان به گشتی خاوه‌ن ڕۆنانێكی ئاڵۆزن، به‌ڵام بۆ پڕۆسه‌ی فێربوون به‌و ئه‌ندازه‌یه ئاڵۆز نین چونكه مرۆڤ به‌گشتی له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا به زمانێك قسه ده‌كات، دواتر كه ده‌چێته كار ڕه‌نگه پێوێست بكات به یه‌ك تا دوو زمانی دیکە قسه بكات له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانی، یاخود كه ده‌چێته بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كان ده‌شێت به‌ناچاری به چه‌ندین زمانی دیکە قسه بكات. له وڵاته فره‌نه‌ته‌وه و فره‌كلتورەکان، ناوه‌ندە ڕۆشنبیری و سیاسی و جاده و بانه‌كان پڕن له زمانی جۆراوجۆر. هه‌موو ئه‌مانه‌ش هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ببێته قسه‌پێكه‌رێكی دووانه‌زمانی و سیانه‌زمانی یاخود كه‌سێكی فره‌زمانی.
له هه‌ندێك وڵات‌دا، زۆرینه‌ی دانیشتوان به زمانێك ده‌دوێن، بۆنموونه، فه‌ڕه‌نسییه‌كان به فه‌ڕه‌نسی، ئه‌ڵمانه‌كان به ئه‌ڵمانی، سعودییه‌كان به عه‌ره‌بی …هتد. به‌ڵام له هەندێک وڵات، خەڵک فێری زمانی دیکە ده‌بن له‌ڕێگای به‌ریەکكه‌وتن و تێكه‌ڵبوونیان له‌گه‌ڵ خەڵکانی سەر بە نه‌ته‌وه و زمانی جیاواز. بۆ نموونه، كۆچی به لێشاوی خەڵکی به‌شێك له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا بۆ ڕۆژئاوای ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا، وا لە خەڵکی ئەم وڵاتانە دەکات کە بە زمانی دیکە قسە بکەن یان ئاشنا بن. كۆچبه‌رەکان له‌ناو خۆیاندا به زمانی خۆیان قسه ده‌كه‌ن به‌ڵام كه ده‌چنه ده‌ره‌وه ناچارن به زمانی فەرمی وڵاته‌كه قسه بكه‌ن. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی له كۆتاییدا كۆچبه‌ره‌كان ده‌بن به دووانه‌زمانی و سیانه‌زمانی، هه‌ندێكجاریش ده‌بن به كه‌سێكی فره‌زمانی. بۆ نموونه، له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا زۆر به زه‌قی د‌رك به فره زمانی ده‌كرێت، چونكه له ئه‌مریكادا سه‌دان زمانی جیاواز به‌كاردێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و پێكهاته گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه جۆربه‌جۆره‌كانی ئه‌و وڵاته.
زۆربەی وڵاتان بوون بە فره‌زمانی، به‌تایبه‌ت وڵاتانی ڕۆژئاوای ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی شه‌پۆڵه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی كۆچبه‌ره‌كان بۆ ئه‌و وڵاتانه. بۆ نموونه: له ١٩٩٩ دا، ڕووپێوێكی زمانی بۆ ٨٥٠ هه‌زار منداڵی قوتابخانه‌كانی له‌نده‌ن كرا، بۆیان ده‌ركه‌وت، كه له قوتابخانه‌كانی ئه‌م شاره‌دا ٣٠٠ زمانی جیاواز به‌كاردێت، زمانی فەرمی وڵاته‌كه له به‌رزترین پله‌دابوو، كه زمانی ئینگلیزییە. لە دوای ئینگلیزی، زمانەکانی ڕه‌وه‌ندی باشووری ئاسیا بوون، لەوانە به‌نگالی، هیندی، ئۆردۆ …هتد. هه‌ریه‌ك له زمانه‌كانی توركی و عه‌ره‌بیش له پله‌ی سێیه‌مدا بوون.
كاتێك ده‌گوترێت فڵانه وڵات وڵاتێكی فره‌زمانه، ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه هه‌موو ناوچه و هه‌رێمه جیاوازه‌كانی وڵاته‌كه فره‌زمانییان تێدا به‌دی ده‌كرێت، نه‌خێر، به‌ڵكو له هه‌ر وڵاتێك له بابه‌تی فره‌زمانی شارێك یاخود هه‌رێمێك ده‌بێته سه‌نته‌ری ئه‌م فره‌زمانییه. بۆ نموونه، له هه‌رێمی كوردستان شاری هه‌ولێر بۆته سه‌نته‌ری فره‌زمانی، له ئیمارات دوبه‌ی، له به‌ریتانیا له‌نده‌ن، له توركیا ئیستانبوڵ …هتد. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه فره‌زمانی هه‌موو گۆشه‌یه‌كی وڵاته‌كان داگیرناكات، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌و شار و ناوچانه ده‌گرێته‌وه، كه كاریان تێدا زۆره. هەندێکجاریش لادێكان ده‌بن به مه‌یدانی ئه‌م فره‌زمانییه، چونكه كاتێك كۆچبه‌ره‌كان ده‌چنه ناو وڵاتێك پێش هه‌موو شتێك به‌دوای دابینكردنی بژێوی ژیانیاندا ده‌گه‌ڕێن. له ئه‌وروپا لادێكان پڕن له باخی و میوه و سه‌وزه‌ی جۆراوجۆر، كۆچبه‌ره‌كان ده‌چنه ئه‌و لادێیانه به‌مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی كار، ماوه‌یه‌ك بۆ كاكردن له‌و لادێیانه ده‌مێننه‌وه و فێری زمانه‌كه ده‌بن. به‌م شێوه‌یه لادێكانیش بێ به‌ش نین له شه‌پۆڵی دووانەزمانی و سیانه‌زمانی یاخود فره‌زمانی.
لێره‌دا پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات، بۆچی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا پارێزگاری له زمانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت كاتێك ده‌چنه وڵاتێكی دیکە؟ به‌شێكی وه‌ڵامه‌كه ڕوونه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و زمانه‌ی، كه له ئامێزی نیشتیمان و باوه‌شی دایكتدا فێری بوویت هه‌رگیز ده‌ست به‌رداری نابێت، چونكه تۆ له وڵاتێكی جیاوازتر ده‌ژیت، ئه‌مه‌ش مانای وایه زمانه‌كه‌شیان جیاوازه به به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانی ڕه‌سه‌نی تۆ. بۆیه به ناچاری زمانی وڵاته‌كه به‌كارده‌هێنیت، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه تۆ بچیت پشت له زمانی دایكت بكه‌یت، چونكه تۆ ڕۆژانه له په‌یوه‌ندیدایت له‌گه‌ڵ خێزان و خزم و ئازیزانی وڵاته‌كه‌ی خۆت، یاخود له وڵاته بیگانه‌كه تۆ منداڵت هه‌یه و ده‌بێت فێری زمانی دایكیان بكه‌یت، چونكه زمانه‌كه‌یان ده‌بێته پردێك له نێوان خۆیان و ئازیز و نزیكه‌كانی نیشتیمانی ڕه‌سه‌نی خۆیان. كه‌واته ئه‌گه‌ر له وڵاتێكی بێگانه‌ش بژی بێگومان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌یت به‌لایه‌نی كه‌م له ماڵه‌كه‌ی خۆتدا زمانی دایكت به‌كاربهێنیت، بۆ ئه‌وه‌ی له بیری نه‌كه‌یت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی مێژووی به‌شێك له‌و وڵاتانه بكه‌ین، كه سیسته‌مێكی دیكتاتۆری ده‌سه‌ڵاتی گرتوه‌ته ده‌ست له ڕابردوو و ئێستاشدا، هه‌وڵیانداوه سه‌ره‌تا زمانی نەتەوە داگیرکراوەکان یان گرووپە نەتەوەییەکانی ناو وڵاته‌كه‌یان قه‌ده‌غه بكه‌ن، واته جگه له زمانی فه‌رمی ڕێگایان نه‌داوه زمانی دووه‌م و سێیه‌م به‌كاربهێنرێت بەڵكو ڕێگربوونه له دروستبوونی دووانه‌زمانی و سیانه‌زمانی یاخود فره‌زمانی. بۆ نموونه، له چل و په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له ئیسپانیا كاتێک “ژه‌نه‌ڕال فڕانكۆ” فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرد، هه‌موو زمانه نائیسپانییەکان. لەوانە كه‌ته‌لۆنی و باسك و گالیسیان قه‌ده‌غه كردبوو، ته‌نیا ئیسپانی ڕێگاپێدراوبوو. ئه‌مه‌ش ڕێگربوو له دروستبوونی دووانه‌زمانی و سیانه‌زمانی.
له توركیاش هه‌مان كێشه بوونی هه‌بووه و له ئێستاشدا بوونی هه‌ر هه‌یه. جگه له زمانی توركی ڕێگا به هیچ زمانێكی دیکە نادرێت، بۆ نموونه، كورده‌كان له‌م وڵاته‌دا دووه‌م گه‌وره پێكهاته‌ن، كه‌چی مافی ئه‌وه‌یان نییه زمانه‌كه‌یان وه‌كو زمانی فەرمی ئه‌و وڵاته بناسێنرێت و به‌كاربهێنرێت. له‌به‌رئه‌وە زۆر جار له گه‌لێك ناوچه‌ی جیهاندا ده‌بینین چینێك یاخود توێژێكی كۆمه‌ڵگا ده‌رژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای به‌كارهێنان و دانپێدانانی زمانه‌كه‌یان له حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڕاده‌یه‌ك كاردانه‌وه و گرژی زۆر و كوشتن و برینداریشی لێده‌كه‌ویته‌وه، بۆ نموونه، لە ٢١ ی شوباتی ١٩٥٢ له ده‌ككا، كه ئه‌وكات به پاكستانی ڕۆژهه‌ڵات ناوده‌برا، به‌نگلادێشی ئێستا، گرووپێك له خوێندكاره‌كان بۆ پشتیوانی كردن له زمانه‌كه‌یان، به‌نگالی، خۆپێشاندانێكیان ئه‌نجامدا و گرژی زۆری لێكه‌وته‌وه، پۆلیس ته‌قه‌ی لێ‌كردن و ژماره‌یه‌ك قوتابی کوژران. ئه‌م ڕووداوه له‌بیر نه‌كرا، به جۆرێك ساڵانه یادی ده‌كرایه‌وه. ئه‌وه‌بوو یونیسكۆ له ٢٠٠٠ دا، ڕۆژی ٢١ ی شوباتی كرده ڕۆژی جیهانی زمانی دایك، كه له‌و ڕۆژه‌دا له ته‌واوی وڵاته‌كانی جیهاندا یادی زمانی دایك ده‌كرێته‌وه و چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌درێت.
كه‌واته دووانه‌زمانی و سیانه‌زمانی و بوونی فره‌زمانی له هه‌ر وڵاتێكدا سووده‌كانی زیاتره له زیانه‌كانی، بۆیه وڵاتانی پێشكه‌وتوو له دونیای ئه‌مڕۆدا دژایه‌تی ئه‌م دیارده‌یه ناكه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه پشتگیریشی لێده‌كه‌ن و هانی دایكان و باوكان ده‌ده‌ن كه له‌پاڵ زمانی دایك منداڵه‌كانیان فێری زمانه بیانییه‌كان بكه‌ن.